باوکم و کوردبوون

Draw Media

2021-09-15 17:35:26



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

هه‌ركاتێك باوكم باسی جووه‌كانی ده‌كرد، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵده‌مژیی و حیكایه‌تی درواسێیه‌كی جووی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. ده‌یگوت پێشئه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل به‌جێبهێڵن، كه‌لوپه‌لی ماڵه‌كه‌یان بۆ فرۆشتن هه‌ڕاجكردبوو. منیش له‌ ماڵی خۆمانم قه‌ده‌غه‌كرد یه‌ك پارچه‌ شتیان لێبكڕن. ئه‌و دراوسێیه‌مان هه‌رچه‌ندی كردبوو و كۆشابوو، قه‌ناعه‌ت به‌ باوكم بكات هیچ نه‌بێت شتێك وه‌ك دیاریی له‌ ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵبگرنه‌وه‌، باوكم هه‌ر ڕه‌تیكردبووه‌. پێشئەوەی هاوڕێ جووه‌كه‌ی ماڵئاوایی لێبكات، سوپاس وپێزانینی بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی باوكم دەربڕیبوو، بە دەنگێکی غەمباریشەوە پێی گوتبوو: مام ئه‌حمه‌د، ئێمه‌ی جوو هیچ نه‌بێت كات و فرسه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بوو،  پێشئه‌وه‌ی عێراق به‌جێبهێڵین، ماڵه‌كه‌مان بفرۆشین، به‌ڵام ئێوه‌ی كورد رۆژێك دێت ده‌ربه‌ده‌رده‌كرێن و کات و شانسی ئه‌وه‌شتان نابێت یه‌ك پارچه‌ی ماڵه‌كه‌تان بفرۆشنه‌وه‌. 

له‌پاش نسكۆی شۆڕشی ساڵی 1974وه‌ باوكم له‌ خواداكه‌ی زۆر نائومێد بوو، چونكه‌ وایده‌بینی خودا له‌و جەنگە نابەرابەرەدا پاڵپشتی گه‌لێكی موسوڵمانی زوڵملێكراو نه‌بوو. دوای ئاشبه‌تاڵ و ئاوارەبوون له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ و بووین به‌ „العائدون“ و خانووه‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك داگیركرا و باوكمیان له‌ كرێكاریی كۆمپانیای نه‌وت ده‌ركرد و خێزاكه‌مانیان بۆ شاری سلێمانی تەسفیرکرد. باوكم ساڵانێكی درێژ ده‌ستبه‌رداری نوێژ و ڕۆژو و تەنانەت جه‌ژنیش بوو. دواتكاشی له‌ خوداكه‌ی بەم شێوەیە بوو: خودایە گەر جاڕێكی تر دونیایه‌كی ترت دروستكردەوە، تكاده‌كه‌م میللەتێک با ناوی کورده‌وه‌ دروستنه‌كه‌یت، چونکە پێناچێت تۆ میلله‌تانت له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ „لتعارفوا“ دروستكردبێت، به‌ڵكو „لتقاتلوا“. باوكم لە دوای ڕاپه‌ڕینەوە جارێكی تر كه‌وته‌وه‌ نوێژ و ڕۆژوگرتن، ئەمجارەیان تا لەژیاندا بوو دوعا و نزای بۆ سه‌رخستنی گه‌له‌ چه‌وساوه‌كه‌ی له‌ پارچه‌كانی تری کوردستان دەکرد.

باوکم کرێکارێکی موسڵمان بوو، بەڵام باوەڕی بە خەباتی چینایەتیش هەبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شویعییەکان بۆ ئه‌و کەسانی مولحیدبوون، به‌ڵام تێڕوانینی به‌رامبه‌ریان نێگه‌تیڤ نه‌بوو. ئه‌و ده‌یگوت شوعییەکان تاكه‌ هێز بوون كه‌ له‌ خزمەتی چینی کرێکاراندا خەباتیاندەکرد. کاتێک باوکم لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەناوبانگەکەی گاورباخیدا بەشدار بووبوو و له‌گه‌ڵ کرێکارە کوردەکانی تر دروشمیان بە کوردیی گوتبوەوە، یەکێک لە ڕێکخەرە شیوعییەکان هاتبوو و فه‌رمانی پێكردبوون كه‌ دروشمدان بە زمانی کوردیی قەدەغەیە و دەبێت تەنها بە زمانی عەرەبیی دروشم بگوترێت. لەو دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌وه‌ باوکم بۆ هه‌میشه‌ له‌ شيوعییه‌كان تۆرا و تا هەرەسی شۆڕشی حەفتاوچوار ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

باوکم ساڵانێکی زۆر ژێرزەمینەکەی ماڵمانی لە گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکوک، کردبوو بە شانەی رێکخستنەکانی پارتی. هەموو مانگێک لە سەدا دەی پارەکەی دەدا بە ئابوونەی حیزب، کاتێک دەستگیرکراو خرایە بەندیخانەوە، له‌ ماڵه‌كه‌ماندا جگه‌ له‌ نانە ڕەقە و ماست، هیچی تر نه‌بوو بیخۆین. ئه‌وكاته‌ی باوکم له‌ به‌ندیخانه‌ بوو، هاوڕێ حیزبییەکانی کە هەموو پێجشەممەیەک لە ژێرزەمینەکەمان کۆدەبوونەووە، ئاوڕیان لێنەداینەوە. له‌و رۆژه‌وه‌ دایكم به‌رده‌وام به‌ باوكمی ده‌گوت: تۆ ده‌تگوت حیزب و بارزانیی باوكی گەلە، به‌ڵام كه‌ تۆ سجن بوویت ئه‌و باوكه‌ نه‌ك هه‌ر نانێكی گه‌رمی بۆ منداڵه‌كان نەکڕی، بەڵکو تەنها جارێکیش نەهات بەسەریان بکاتەوە.

له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ شاری سلێمانیی، هه‌موو چه‌ند مه‌ترێك دوو قوات خاصه‌ دانرابوون بۆ پشكنینی خه‌ڵك. ڕۆژێك پێكه‌وه‌ له‌ بازاڕكردن بووین، دوو له‌و قوات خاصانه‌ ڕایانگرتین و داوای شوناسنامه‌یان لێكردین، من شوناسنامه‌ی زانكۆم پێبوو و باوكم هیچی پێنه‌بوو. یه‌كێك له‌ قوات خاصه‌‌كان لێیپرسیی بۆچی هیچت پێ نییه‌؟ ئه‌ویش پێی گوت، له‌به‌رئه‌وه‌ی من پیاوێكی ئه‌ختیارم و ماوه‌ی شەست ساڵه‌ له‌م وڵاته‌ی خۆمدا ده‌ژیم و غه‌ریب نیم، ئه‌وه‌ی لێره‌ غه‌ریبه‌ ئێوه‌ن نه‌ك من. 

هه‌موو خه‌ونی باوكم بریتیی بوو له‌ دروستبوونی كیانێك بۆ ئه‌م میلله‌ته‌، تاوه‌كو بتوانێت ژیان و كه‌رامه‌تمان بپارێزێت. جارێك له‌ نه‌وه‌ده‌كان گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ وڵات و پێكه‌وه‌ چوینە دەرەوە و ده‌مانویست له‌ شه‌قامێك بپه‌ڕینه‌وه‌. هیچ ئۆتۆمبیلێک نه‌وه‌ستا بۆئه‌وه‌ی بپه‌ڕینه‌وه‌، ناچار چاوه‌ڕوانمان كرد تاوه‌كو شه‌قامه‌كه‌ له‌ ئۆتۆمبیل خاڵیی بێت، بۆئه‌وه‌ی پێکەوە بپه‌ڕینه‌وه‌. ته‌ماشایه‌كی كردم و گوتی: باوكه گیان‌ گه‌ر دوای ڕاپه‌ڕین ئێوه‌ نه‌بوونایه‌، ئێمه‌ له‌ برسانا ده‌مردین و له‌وه‌ش ناخۆشتر بۆ منێكی ئه‌ختیار كه‌ هه‌موو تەمەن و ماڵی خۆم له‌سه‌ر كوردایه‌تیی دانا، به‌ندیخانه‌م بینی، ئه‌شكه‌جه‌ی زۆر، تەعریب و ته‌رحیل و ماڵوێرانیی و ئه‌نفالمان بینی، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی كوردستان رزگاری بووه‌ یه‌ك سه‌یاره‌ نه‌وه‌ستاوە،‌ بۆئه‌وه‌ی من له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌ کەرامەت و ڕێزه‌وه‌ بپه‌ڕێمه‌وه‌ و ترسی ئه‌وه‌م نه‌بێت سه‌یاره‌ لێمبدات و بمكوژێت.

من هیچ جارێك به‌ منداڵی باوكم نه‌بینیوه‌ بگری، تاكه‌ ساته‌وه‌ختێك کە بەنهێنیی دەگریا، ئه‌و كاتانه‌ بوو كه‌ گوێی له‌ گۆرانی كرمانجی ده‌گرت. ئەو سەردەمە، ئێمه‌ی منداڵ هیچ له‌و گۆرانییانه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتین و ته‌نانه‌ت دیالێکتەکەشمان پێ نامۆ بوو. کاتێک بۆ یەکمینجار باوكمم به‌دەم گوێگرتن لە لاوکێکی کرمانجیی بەگریانەوە بینی، لێمپرسیی: بابه‌گیان بۆ ده‌گریت؟ ئه‌و‌یش له‌ وه‌ڵامدا گوتی: كوڕم حاڵی گەلەکەمان خراپە، دوژمن ماڵی كوردانی وێرانكردووه‌، كه‌ گه‌وره‌بووی تێده‌گه‌یت بۆچی ده‌گریم.

ئێستاش بابه‌گیان دینەکەی تۆ نەک پارچەپارچەتر بووە، بەڵکو توندوتیژبووە و ئەمجارەیان بەناوی نوێنەرانی خوداوە جارێکی تر گەلەگەتیان ئەنفالکردەوە، شۆڕش و پارتییەکەت تەنها تۆیان نائومێد نەکرد و تەنها پارەی تۆیان نەخوارد، بەڵکو منداڵەکانی خۆشیان خوارد، نوێنەرانی کوردایەتیی کە تۆ لە ژێرزەمینەکەتەوە تا یەکەم هەڵبژاردن خەباتت بۆ کردن و دەنگت پێدان، سلێمانییان لە شارخست و کردیان بە شوێنێکی نیشتەجێبوون کە نە شۆستەی تێدایە بۆ پیاسەکردن، نە خەتی زێبراش بۆ پەڕینەوە، سلێمانیی هاوشانی هەولێر و دهۆک وەک جارانی لێهاتوەتەوە، جگە لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی، خاڵی پشکنینی زۆر، چەکداری زۆر و بێڕێزی زۆریان تێدادەکرێت، بابە گیان خەمت نەبێت تا ئێستا شيوعییەکان هەر خۆپیشاندان دەکەن و لەبەر کەمیی ژمارەشیان ئامادەن بە هەموو زمانی دونیا دروشم بدەن، لاوک و حەیرانە غه‌مگینه‌كانیش زۆرتر بوون، وێرانكردنی ماڵی كوردانیش هه‌ر به‌رده‌وامە و درێژەی هەیە‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand