هەولێرو هەرێم بەجنێو ناپارێزرێ

Draw Media

2021-04-17 08:26:48



عەبدولرەزاق شەریف 
من نازانم پیاوانی ئاسایش‌و هەواڵگری هەرێم شەوی كەوتنی درۆنەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر چۆن‌و چەندیان ئاگادارو چەن لە خەمی هەولێرو هەرێمەكەدا بون، بەڵام رۆژانی دواتر دەركەوت كە هەمویان كەمتەرخەم‌و خەمساردن، وەك هەر روداوێكی تیرۆر یان تەقینەوەی ئاسایی وەریانگرت‌و وێڵیانكرد، حكومەت‌و حیزب‌و پەرلەمانیش بەچەند وتارو بەیاننامەیەكی سەركۆنەكردن تفی خۆیان كردو رۆیشتن، هەمو ئەوانەش كە لە بەرژەوەندیان بو بە بكەرەكانیشەوە بە كەریمی تێپەڕین. 
ئێمە چیمان خوێندەوە !؟ دوای ئەو روداوە چیتر !؟
-  هیچ كەس‌و دەزگاو شوێنێك لە هەرێم ئەمین نیەو ناتوانرێ لە هێرشی درۆنی دوژمنەكانمان بپارێزرێ.
-  ئاسایش‌و دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم نەیانتوانیوەو ناتوانن لە مەحكەمترین شوێنی هەولێر كە فڕۆكەخانەیە، رێگری لە كاری گروپەكانی هاوكارو پشتیوانی  دوژمن بگرن، بە كەماڵی ئیسراحەت لە چەندین شوێنی جیاوازەوە، لە ئان‌و ساتی تەقینەوەكەدا (وێنەی ڤیدیۆیی)یان گرتوەو بڵاوكردۆتەوە.
-  سەروەری‌و خاوەندارێتی هەرێمی كوردستان بەدەست هەر دەوڵەتێكەوەیە كە بیەوێت، كورد خۆی نەبێت.
-  سیستەمی خۆپارێزی لە موشەكی زەمینی‌و ئاسمانی لە هیچ شوێنێكی هەرێمدا نیە.
-  بیانییەكان، خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق وەك سەرزەمینی خۆیان‌و مەیدانی شەڕی دوژمنەكانی خۆیان ئەبینن‌و پێناسە ئەكەن.! هاوزەمان هیچ بیرو پرۆژەیەكیان بۆ پاراستنی كوردو زامنكردنی مافەكانی كورد لە عێراقدا نیە.
-  حەشدی شەعبی‌و چەكدارو بێ چەكی حیزب‌و لایەنە عێراقیەكان، لە جەنگ‌و شەڕی سەرزەمینی كوردستان چ دژی كورد بیكەن یان دژی هێزە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان بەشدارو ئاسودەو خۆشحاڵ ئەبن.
-  كۆماری ئیسلامی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە پلەیەكی باڵاو دەستی هەڕەشەی بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەستی گفتوگۆی توندترو بەهێزتر كردوە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەیان ئەمەی بەئاشكرا رایگەیاندوە. دەزگا دەوڵەتییەكانی تریشیان هەرێمی كوردستانیان لە سەرزەمینی برادەرو دۆستەكانیانەوە گۆڕیوە بۆ سەرزەمینی دوژمنەكانیان. 
-  توركیە، جگە لەو روبەرەی هێزەكانی خۆیان تیایدا، بە ئازادی جموجۆڵ ئەكەن، هەمو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بە مۆڵگەی تیرۆریستان پێناسە دەكات.
-  هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان، بیر لە یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان لەسەر خاكی عێراق‌و كوردستان ئەكەنەوە، نەخشەی خۆپارێزی‌و تەسفیەی نەیارەكانیان، سەرلەبەر گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و هەرگیز وەك هەفتەی پێش درۆنە ئاگراوییەكە نابن.
هەمو ئەوانەو چیتر ...؟
-  ئەبێت دڕدۆنگی‌و ئاگاداری‌و هەتا هەڕەشەكانی هەرێم لەمڕۆوە روو لە حوكمدارانی بەغدا بێت، نەك پەیوەندی‌و نامە گۆڕینەوەی موجامەلەو هاوسۆزی‌و پێكەوەیی ...
-  بە ئاشكراو راشكاوی لەگەڵ گشت هێزە بێگانەكان، هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان، لەسەر پاراستنی ماف‌و ژیانی خاك‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان قسە بكرێت‌و پەیامی رون‌و ئاشكرایان پێ بگەیەندرێ‌و دڵنیایی دەستەبەربكرێ، گەر نا .! داوایان لێبكرێت ئۆردوی سەربازی‌و هەواڵگریان بپێچنەوەو هەرێمی كوردستان جێبهێڵن. نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپاش لەم پەیامە ئاگادار بكەنەوە.
-  پرۆژەی نەخشەو پاراستنی سەربازی ئەم نیوە هەرێمەی كە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە كوردستانیەكاندا ماوە، بدرێتە دەست ئەفسەرەكانی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگەو بە پەلە دور لە دەستی حیزبەكان جێبەجێی بكەن.
-  بە یاداشتێك تەواوی ماف‌و داواكارییەكانی كورد لەعێراقدا، بە دیاریكردنی سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنیان، لە رێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە بدرێت بە حكومەتی عێراق.
-  تەواوی وەزیرو كاربەدەستەكانی نوێنەرایەتی هەرێم لە عێراقدا بكشێنەوە تا جێبەجێكردنی ئەو یاداشتەی پێشكەشی بەغدا ئەكرێت.
-  لە ناوخۆماندا، حوكمڕانی هەرێم لە دەستی گروپێكی گەمژەو نەزاندایە، لەسەریاندراوەو ئەژنۆیان لە گەچ ئەگرن..! بێ ئاگان تەنانەت لە روداوەكانی ناوخۆی كوردستانیش، كە بە ئاگایان ئەهێنیتەوە، لەجیاتی سوپاس، جنێو بارانت ئەكەن ..!! وەك ساڵانی پێشو، وەك دوێنێ‌و وەك ئەمڕۆش بە قسەو راوێژی چەند دەڵاڵێكی بازاڕی نەوت‌و هەواڵگری نێونەتەوەیی‌و بەرژەوەندیخوازی ناوخۆ ئەكەن .!
كاردانەوەی ئەم كارە بەوان ناكرێ، شەڕ لەبەر دەرگایەو گەر بەو تاس‌و حەمامەی پێشو بەردەوامبن، دیسان وەك بەڵاكانی پێشترو وەك شانزەی ئۆكتۆبەر لە ناوخۆدا، ئەكەونە جنێودان‌و پەلاماردانی یەكتری‌و دواجار ئەبێ بڵێین (بەڵا لەخۆتان).
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand