بەڕیوەبەری گشتی باج: دەتوانین داهاتی مانگەی باج بگەیەنینە 100 ملیار دینار

Draw Media

2021-03-14 11:45:34



درەو:
"ئەگەر هەموو رێوو شوێنەكانی باج رێكبخەینەوە ئەوا دەتوانین داهاتی مانگانەی باج لە 50 ملیار دینارەوە بگەیەنینە 100 ملیار دینار" ئەمە وتەی د. كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستانە.
 د. كەمال تەیب لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ (درەو) دەڵێت گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكانی نەوت زۆر سەیرو سەرەمەرەیەو نوسراوە ئەوان بەخشراون لە باج، بەڵام نزكیەی (600) كۆمپانیای ناوخۆیی هەیە كە لەبواری نەوتدا كاردەكەن ئێمە باجیان لێوەردەگرین.
بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتە روو: لە 99% كۆمپانیاكان لە پێدانی باج فێڵ لە حكومەت دەكەن، كۆمپانیا هەبوو هەموو ساڵێك هاتووە بۆ ئەوەی باج نەدات وتویەتی زەرەرم كردووە دواتر دەركەوت زیاتر (100) ملیار دینار قازانجی كردووەو ئێمەش بە كاش (17 ملیار) دینار باجمان لێسەند.

دەقی چاوپێكەوتنەكە

داهاتی باجمان گەیاندووەتە 600 ملیار دینار

من زۆر موكوڕم لەسەر ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك و كۆمپانیایەك بەخشینی بۆ ناكرێت و نابەخشرێت لە باج ئەوە بابەتێكی ستاندەرد و كۆنكرێتیە
رێژەی داهاتی باج زۆر زیادی كردووە لە (600 ملیار) دینار نزیك بووینەتەوە، لەگەڵ ئەوەی سێ بۆ چوار مانگ كەرەنتین بوو زۆرینەی شوێنە بازرگانیەكان داخران.
ساڵی 2019 داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان (600) ملیار دینار بووە، بەڵام لە 2020 داهاتی باج زۆر زیادی كرد سەرەرای ئەوەی سێ بۆ چوار مانگ لە كەرەنتینە بووین، داتا (30) ملیار دیناری كەمتر بوو لە (600 ملیار) دینارەكە، واتا بۆ هەر مانگانە داهاتی باج (50 ملیار) دیناری باجە، ئەگەر ئەو سێ مانگەی كەرەنتینەی لێدەربكەین ئەوا داهاتی باج زۆر زیاتر بووە لە ساڵی رابردوو.
ئەوەیش بەهۆی چاكسازیەوە، باج بە پێی یاسای رێكدەخرێت، بە بێ یاسا ناتوانرێت چاكسازی بكرێت، لە گەیاندن هیچ چاكسازیەكمان بۆ نەكراوە لەبەر ئەوەی وەزارەتی گەیاندن هیچ داتا و زانیارییەكی لەبەردەست نیە، لەبابەتی ئینتەرنێت، پەیوەندی مۆبایل، لەبەر ئەوەی ئەو كەرتە زۆرینەی گرێبەستەكان وەزارەتی گەیاندنی عێراق كردووە.

ژمارەی كۆمپانیا
بەشێكی زۆری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی تۆماركراون بەڵام لە بەرێوەبەرێتی گشتی باج تۆمار نەكراوە، ئەوەی تۆمار نەكرێت و كارنەكات ناتوانرێت باجی لێوەربگیرێت.
نزیكەی (30 هەزار ) كۆمپانیا هەیە لە كوردستان، بەڵام كۆمپانیا بە یاسا پابەند كراوە میزانیەی بكات، ژمێریاری هەبێت، پارێزەری هەبێت، مۆڵەتی ساڵانەی نوێ بكاتەوە، بە یاسا ئەگەر كۆمپانیایەك قازانجی نەبێت ناتوانرێت باجی لێوەربگیرێت، زۆرینەی كۆمپانیاكان مۆڵەت نوێ ناكەنەوە، كەسیش بەدوایدا ناچێت بڵێت بۆ نوێی ناكەیتەوە، 
لای ئێمە نزیكەی (22 هەزار) كۆمپانیا تۆماركراوە، لەو ژمارەیە بەشێكی زۆر كەمیان چالاكیان هەیە، نزیكەی (5) هەزاری بەڵێندەرایەتیە، موقاوەلاتیش لە كوردستان حكومی تەقریبەن نەماوە، ئەوانیش مۆڵەتی كۆمپانیا نوێ ناكەنەوە، مۆڵەتیش نوێ ناكرێتەوە تا باجی پاكنەكاتەوە.
لەو (22 هەزار) كۆمپانیایە كەمتر لە (10 هەزار) كۆمپانیای جوڵەی هەیەو چالاكی هەیە زۆربەی كۆمپانیاكان پێنج ساڵە مۆڵەتیان هەر نوێ نەكردووەتەوە.
ساڵی رابردوو زیاتر لە (500) كۆمپانیا غرامەی دارایی كراوە (100) كۆمپانیاشمان داوە بە دادگا، بەهۆی ئەم رێوشوێنانەوە داهاتی باجمان زیادكرد، ئەوەی ئێمە كردوومانە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
بە گوێرەی یاسای باج هەتا 30ی حوزەیران دەبێت هەموو كۆمپانیایەك بێت ژمێرەی كۆتایی خۆی پێشكەشبكات، ئەگەر نەیكرد ئەوا غرامە دەكرێت غرامەكەش بە پێی رێژەی (10%) قازانجی كە بۆی تەقدیركراوە، زیاتر لە (500) كۆمپانیا بەو شێوەیە بە چەندین ملیار دینار غرامە كراون، زیاتر لە (100) كۆمپانیاش هەیە تەزویری كردووە هەیە فێڵی كردووە و دراوەتە دادگا.


زۆرترین رێژەی باج
كۆمپانیایەك هەبوو لە بواری پەیوەندیەكان كاری دەكرد ئەو كۆمپانیە ساڵانە میزانیەی كردووە، هەموو ساڵێك هاتووەتە باج وتویەتی زەرەرم كردووە، لە باجیش لەبەر ئەوەی زانیاری لەبەردەست نەبووە، ناچار تەقدیرێكی كردووە ساڵانەو شتێكی رەمزی لێوەرگرتووە، دوای بەدواداچوونی وورد، بۆمان دەركەوت لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار كاری كردووە، زیاتر لە (100 ملیار) دینار قازانجی كردووە، ئێمە لە بەرێوەبەرێتی باج (17 ملیار) دینار باجمان لێوەرگرت،  بە نەقد.
لە (99%)ی كۆمپانیاكان بەسەرەوە فێڵ لە حكومەت دەكەن ئەگەر فێل نەكەن كاتێك كۆمپانیایەك حەوت ساڵ دەڵێت زیانم كردووە دەبێت حكومەت لێی بپرسێتەوە كە ئێوە حەوت ساڵ زیانتان كردووە ئەی چۆن ماون و ئیفلاستان نەكردووە.
ئێمە زیاتر تەركیزمان لەسەر كۆمپانیا گەورەكانە، ئەو كۆمپانیایەی باسم كرد كە (17ملیار) باجمان لێسەندووە، بەقەد (100 هەزار) باجدەری ئاسایی كاریگەری هەیە.
ئەوەی حەلاقێك یان فیتەرێك یان دوكاندارێكی ئاسایی ساڵانە دەیدات، ئەوە شتێكی زۆر رەمزیە ساڵانە (100 هەزار) دینار یان (150 هەزار) دینارە، بەڵام كۆمپانیایەك (15 بۆ 20 ملیار) دینار دەدات ئەگەر وەك خۆی باجی لێوەربگیرێت، واتا یەك كۆمپانیا بەقەد (100 هەزار) كەسی دیكەی ئاسایی باجی لێوەردەگریت.
بۆ كۆمپانیا بیانیەكانیش ئێمە لە (15%) لە قازانج وەردەگرین واتا ئەگەر (100 دینار) قازانجی كرد ئەوا (15 دینار) وەردەگرین، بەڵام گەیشتن بە راستی داهاتی ئەو كۆمپانیایانە قورسە، چۆن دەزانرێت ئەو كۆمپانیایانە چەند قازانجیان كردووە، نوسراو بۆ بانك دەكەیت هیچ رەقەم حسابێكی نیە، لە وەزارەت دەپرسیت هیچی لا نیە، بەهۆی بەهێز نەبوونی سیستەمی بانكەكانەوە، ناتوانرێت داهاتی راستەقینەیان بزانرێت، هەموویان فێل دەكەن.

باجی كۆمپانیای نەوتیەكان
كۆمپانیا نەوتیەكان دوو جۆرن لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا بیانیەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ئەو گرێبەستانەی كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوت كردوویەتی زۆر سەیرو سەمەرەن، ئەو كۆمپانیایانەی كە راستەوخۆ نەوت بەرهەم دەهێنن، وەك ( دی ئێن ئۆ ، شیفرۆن، ..) ئەوانە لە گرێبەستەكەیاندا نوسراوە كە باج نادەن، ئەوە پێچەوانەی یاسایە، دەسەڵاتی جێبەجێكردن ناتوانێت بە كۆمپانیایەك بڵێت ئەتۆ باج بدەو ئەتۆ مەیدە، بۆیە ئەگەر داوای باجیان لێبكەیت سكاڵات لەسەر تۆمار دەكەن لە دادگاكانی دەرەوە، گرێبەستەكەش وا رێكخراوە كە حكومەت دەیدۆڕێنێت.
بۆیە لە قۆناغی یەكەم وتمان كێشە نیە بۆ ئەوانەی بەرهەمهێنن ئەو كۆمپانیایانە ( 10 بۆ12) كۆمپانیان باج نەدەن، بەڵام بەڵام تۆ زیاتر لە ( 500 – 600) كۆمپانیای دیكەی خۆماڵیت هەیە لە بواری نەوتدا كاردەكەن، ئەوانەمان ناچار كردووە باج بدەن لەسەروبەندی رێكخستنەوەیین بەشێكیان باجیان داوە هەندێكیان (500 ملیۆن) هەندێكیان ( ملیارێك) باجیان داوە، پێشتر ئەوانیش باجیان نەداوە.

100% باج زیاد دەكەین
وەرگرتنی باجی راستەوخۆ بۆ ئێمە باشترە، ئەگەر باجی گەشتوگوزارو هۆتێلەكان و نەخۆشخانەكان و خاڵە سنوریەكان رێكبخەینەوە بەتەواوی داهاتی باج زیاد دەبێت.
 بۆ نمونە باجی خاڵە سنوریەكان لەبەر ئەوەی راستەوخۆ وەری دەگرێن ئەگەر پێشتر ملیارێك بووبێت ئەوا ئێستا بووەتە (20 ملیار) دینار بۆیە هەوڵەكانمان بە ئاراستەی وەرگرتنی باجی راستەوخۆیە. 
ئەگەر هەموو رێوشوێنەكانی باج رێكبخەینەوە ئەوا مانگانە دەتوانین داهاتی باج لە (50 ملیار) دینارەوە بگەیەنینە (100 ملیار) دینار، واتا بە رێژەی (100%).
بەڵام دەتوانرێت لە باجی راستەوخۆدا مانگانە تەخمینی داهاتی باج بكەیت، بەڵام ئەوانەی باجەكانیان ساڵانەیە فێڵی زۆری تێدا دەكرێت، بۆیە هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە كە باج بكەینە راستەوخۆ.
گەورەترین پرۆژە لە كوردستان وەبەرهێنانە، كە ئەویش هەتا (10) ساڵ باج نادات، لە هەولێرو  سلێمانی و دهۆك هەر پرۆژەیەكی گەورە ببینی وەبەرهێنانە ئەویش بە یاسای وەبەرهێنان هەتا (10) ساڵ باج نادات.

باجی كارمەندانی بیانی و ناوخۆیی
هەموو كارمەندێكی بیانی و ناوخۆیی ئەوانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتدان، باج دەیانگرێتەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە بە پێی یاسای ئەوانەی موچەی بنەڕەتیان لەسەرو ( ملیۆنێك) دینارەوە بێت باج دەیگرێتەوە، بەڵام لە عێراق لە (208) هەزار دینار موچەی بنەڕەتی دەدرێت باج دەیگرێتەوە، واتا لەرەو (208) هەزار دینارەوە (5%) باج لەو كارمەندە دەسەنرێت، بۆ هەرێمیش ئەگەر موچەی بنەڕەتیەكەی لەسەرو ( ملیۆنێك) دینارەوە بێت ئینجا (5%) باجی لێدەسنرێت، كە ئەمەش لە كوردستان زۆر كەمە تەنیا بەڕێوەبەرە گشتیەكان و هەندێك كەسی زۆر كەم شمول دەكات، لە بەغداد (95%) ی فەرمانبەران باج دەدەن، لە هەرێم لە (95%)ی فەرمانبەران شمولی باج ناكەن.
جگە لەوەش كارمەندی بیانی بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی كراوە لەگەڵیان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كارمەندی بیانی بەدەر كراوە لە باج دان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand