رەوتی حیكمە چاوی لە كورسییەكانی سلێمانییە

Draw Media

2018-04-29 14:30:46



گفتوگۆی: درەو میدیا 

"ئەگەر باسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكەم تیرێكی جەرگبڕ لە دڵی هەندێك لایەنی كوردستانی دەدەم" ئەمە قسەی شێخ عیسا بەرزنجی دامەزرێنەری رەوتی حیكمەیە لە پارێزگای سلێمانی كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (درەو میدا)، شێخ عیسا بەرزنجی كە كاندیدی ژمارە (2)ی لیستی حیكمەیە لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر بەڵێنی باشیان پێنەدرابێت ناتوانن لە سلێمانی بارەگا بكەنەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە 

درەو میدیا:  بۆچی لەسەر لیستێكی عەرەبی خۆتان كاندید كردووە؟ بۆ لەسەر لیستی كوردی خۆتان كاندید نەكرد؟
شێخ عیسا بەرزنجی: خۆی هەموو لیستەكان عێراقین، جیاوازییەك نیە بەناوی عەرەبی و كوردی، چونكە سەرئەنجام هەموومان كار بۆ یەك پارچەیی دەكەین و لەناو عێراقێكی یەكگرتووداین، بۆیە خزمەتكردن لەكوێ بێت ئێمە لەوێ خزمەت دەكەین، كەواتە گرفتمان لەسەر ئەوە نیە كە ئێمە لەسەر چ لیستێك خزمەت دەكەین، گرنگ ئەوەیە ئێمە چی دەكەین و توانامان بەیەكگرتووی چەندە.

درەو میدیا: چ پرۆژەیەكتان هەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد؟ 
شێخ عیسا بەرزنجی: ئێستا هەرچی بڵێین دەبێتە بانگەشەی هەڵبژاردن، دوای دەرچونمان دەبینرێت چیمان پێیە و چیمان پێدەكرێت، چونكە لەماوەی ڕابردوودا كاندیدەكانی هەرێممان بینیوە چیان كردووەو چیان بۆ هەرێم كوردستان هێناوەتەوە، ئێمە یەكگرتووی خاكی عێراق لە بەسرەوە تا زاخۆ دەخەینە ئەستۆی حكومەتی عێراق، بۆیە دەبێت لەگەڵ حكومەتی هەرێـم دوای هەڵبژاردنەكان گرفتەكان چارەسەر بكرێن، ئەویش بەهەوڵی دەنگدەران ئەنجامی دەبێت ئەمجارە كێ دەكەنە نوێنەری خۆیان، نوێنەرەكەیان چی دەكات لە پەرلەمانی عێراق بۆ كوردستان، ئێمە پرۆژەی چارەسەری قەیرانەكانی هەرێم و بەغدامان پێیە.. چەند ساڵە نوێنەرمان هەبووە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەمان نوێنەری حیزبی بوون نەك نوێنەری خەڵك.. خەڵك نان و موچەی نیە كام بەرپرس وایە ؟ ئەمانە  تەنها كاریان بۆ گیرفانی خۆیان و حیزب بووە لە بەغداد، تەنها (نعم) یان توانیوە بڵێن.

درەو میدیا: كەواتە ئێوە (نعم) ناڵێن ؟ یان ئێوە حیزبی نین؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بەڵی ئێمە حیزبین، بەڵام حیزب زۆر جیاوازە لای ئێمە، عەبدی حیزب نین، بەكردار كار ئەكەین، ئەو نەریتەی تەنها حیزب بڕیار دەدات لە پەرلەمانەوە تەنها (نعم) یان لەسەرە، بۆیە پرۆژەی ئێمە زۆرجار جیاواز دەبێت، خزمەت دەكەین بۆ ئەوەی ببینە بەدیل بۆ دۆڕانی ئەو پارتانەی تر كە متمانەیان لای خەڵك و تاك نەماوە.

درەو میدیا: تائێستا ڕوبەڕوی هیچ كێشەیەك بونەتەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانییەوە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: دەزگا ئەمنییەكان كێن؟ غەیری براو خوشكی ئێمە. ئێمە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هاوتەباین، بنەماڵەی سید عمار حەكیم لەگەڵ شەعبی عێراق و كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، نمونەی ئەوەی كە مەرجەعیەت خوێنڕشتنی كورد و عەرەبی بەدەستی یەكتر حەرام كرد. ئێمە تاكێكی شاری سلێمانی و كوردستانین پاراستنی ئێمە ئەركی سەرشانیانە و خزمەتكردنیان لای ئێمە ئەرك و واجبە، بۆیە شتێك نابینین لەوەی كە ناكۆكییەك هەبێ لەنێوانمان. ئێمە خزمەت دەكەین تا ئەو كاتەی بتوانین خزمەتی هەموو هەرێمی كوردستان بكەین نەك تەنها سلێمانی، بەڵكو هەموو هەرێمی كوردستانمان مەبەستە.

درەو میدیا: تائێستا لەلایەن سەركردایەتی ڕەوتی حیكمەوە بەڵێنتان پێدراوە بەوەی كار بۆ پارێزگای سلێمانی بكەن؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بەڵێ ئەگەر بەڵێنی باشمان پێنەدرابێت ناتوانین بارەگا بكەینەوە و كاندیدمان هەبێت، بەڵام ئەوە دوای 12/5 روندەكەینەوەو نامانەوێت ببێت بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

درەو میدیا: ئێوە ئەگەر دەرچن لە بەغداد ئەجێندای كوردو نوێنەری هاوڵاتیانی كوردتان پێیە، یان رەوتی حیكمە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئێمە نوێنەرو خزمەتكاری تەواوی هەرێمی كوردستانین لە زاخۆوە تا بەسرە و عێراق بەگشتی، چونكە ئەگەر ئێمە نەتوانین خۆمان وەك كوردو عێراقی بناسێنین چۆن دەتوانین دەنگی پەرلەمانتارێكی شیعەی بەسرە و سونەیەكی موسل بۆ خۆمان رابكێشین و دەنگ بدات لەسەر پرۆژەیەك كە خزمەتی كورد دەكات، ئیمە كوردو عێراقچیەتی دەكەین، نەك وەك خەڵك لێرە بەسپی و لە بە غداد بە رەشی ئیمزا دەكات لەسەر مافەكانی كورد.

درەو میدیا: ئەگەر لایەنە كوردییەكان تر بچێتە لایەك و رەوتی حیكمە بچێتە لایەكی تر، تۆ چی دەكەیت؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئەی ئەگەر من هەموو لیستەكانم بەوەی خۆشمەوە هێنامە بەرەی كوردستانییەوە ئێوە چێ دەڵێن، خەڵكی چی دەڵێن؟! ئەوەش ئامانجە، بۆیە شەڕی لەسەر دەكەین. ئێمە هەرشتێك لەژێر دەستورو قانون دابێت شەری لەسەر دەكەین.

درەو میدیا: سەركردەكانی ڕەوتی حیكمە بەدۆستی كورد ناسراون، بەڵام فشارەكانی سەر كوردستان و موچەی فەرمانبەراندا هەڵوێستی ڕونیان نەبوو؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئەگەر باسی مووچە بكەم تیرێكی جەرگبڕ دەدەمە هەندێك حیزبی كوردی، چونكە ئەوەی من دەیزانم لەسەر ئەو مەسەلەیە خەڵكی كوردستان نایزانن، بۆیە جوابی ئەو پرسیارەت دوای 12/5 دەدەمەوە، ئەگەر ئێستا باسی بكەم رەنگە هەندێك لایەن پێی قەڵس ببن، بەڕێز سەید عمار حكیم ڕێگەنادا بەكرژی و وەڵام و وەڵامدانەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببەین، چونكە ئەوە ئەتەكێتێكی سیاسی نیە.

درەو میدیا: دەوترێت ئێوە ئایدۆلۆژی زاڵە بەسەرتاندا كە لەبری حیزبی كوردی حیزبی عەرەبی هەڵدەبژێرن؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئەوە قسەی كۆمەڵێك كەسە خۆیان زۆر بە واقعی ئەو كارو بەرنامەیان هەیە، ئەوە ئێمەین بنەماڵەمان خەبات و خوێنی ڕشتووە بۆ كوردستان، ئێمە خاوەنی روبارێك خوێنین لەگەڵ پیاوانی گەورە، كەواتە پێویست ناكات كات بۆ ئەو قسانە تەرخان بكەین، چونكە ئەوانەی ئەو قسەیە دەكەن خۆیان بە كردار وەهان .

درەو میدیا: ئەگەر سەرپشك بكرێن لەنێوان كوردبون و شیعەبون كامیان هەڵدەبژێرن؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئێمە كوردین، دواتر عێراقین، بەشێك خەڵكی كوردستانیش شیعە مەزهەبن.


درەو میدیا:  ئێوە باسی ژمارەی گەورە دەكەن 44 كورسی واتە چی ؟ 
شێخ عیسا بەرزنجی: لە 12/5 وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە یانی چی وە بۆچی وا دەڵێم كە تەنیا خۆم بەرامبەر 44 كورسیم.


       
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand