ساڵح موسلیم: لە هەر شوێنێكی ئەوروپا بم پۆلیس پارێزگاریم لێدەكات

Draw Media

2018-04-28 13:24:11



 وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە" دەڵێ" لە چیك هەوڵی رفاندنی دراوە و ئێستاش لەلایەن پۆلیسەوە لە وڵاتانی ئەوروپا پارێزگاری لێدەكرێت".
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی "DW" موسلیم رایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای كانتۆنی عەفرین كە لەلایەن توركیاوە داگیركراوە وەك خۆی نامێنێتەوە و ئێستا  گوشاری زۆر خراوەتە سەر توركیا.
دەقی چاوپێكەوتنەكە:    
DW: بەڕێز موسلیم مانگی شوباتی رابردوو لە چیك دەستگیركران دوای ئەوەی توركیا لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە یاداشتێكی بۆ دەستگیركردنت دەركرد، بەڵام دوای دوو رۆژ دەسەڵاتدارانی چیك ئازادیان كردیت بۆچی؟
ساڵح موسلیم: پێش دەستگیركردن بە رۆژێك میدیاكانی توركیا وێنەی منیان لە پراگ بڵاوكردەوە و پۆلیسی چیكیش بەوەی دەزانی و لەگەڵمدا بوون لەو هەمان ئەو هۆتێلەی لێی بووم بۆ ئەوەی پارێزگاریم لێبكەن، لە رۆژی دەستگیركردنەكەمدا كاتژمێر 11 لە دەرگاكەم درا، و پێنج بۆ شەش پۆلیس و وەرگێڕێك بوون، بە زمانی ئینگلیزی ئاگاداریان كردم كە هاتوون بۆ دەستگیركردنم، پرسیارم لێكردن چی روودەدات؟ بەڵام وەڵامیاندایەوە كە تەنها فەرمانی دەستگیردنمیان پێیە و هەروەها وتیشیان ئەم فەرمانە بە ئارەزووی توركیا دەركراوە؟
DW: كاردانەوەی تۆ چی بوو؟
ساڵح موسلیم: وتم باشە كەلوپەلەكانم كۆكردەوە و لەو كاتەشدا بە تەلەفۆن پەیوەندیم كرد بە هاوڕێكانم و ئاگادارم كردنەوە تەنها كاتی ئەوەم نەبوو بڵێم لەسەر داوای توركیا ئێستا پۆلیس دەمبەن پاشان مۆبایلەكەیان لێی سەندم.
DW: لە بنكەی پۆلیس وتەیان لێوەرگرتیت؟
ساڵح موسلیم: نا، نەخێر لێپرسینەوەیان لەگەڵمدا نەكرد، تەنها دەستگیریانكردن و تۆماریانكردم و پشكنینی پزیشكیان بۆ كردم، پاشان ئەو كەلوپەلانەیان پشكنی كە پێم بوون و لە جانتاكەمدا بوون، هەموو ئەمە لە رۆژی دواتردا روویاندا و تەنها خۆم بووم لە گرتوخانەكەمدا، لەوێ‌ هیچ وتەیەكم لێ‌ وەرنەگیرا، پاشان وتیان دەبمەن بۆ دادگا، و دواتر چووینە دادگا و لەوێ‌ وەڵامی پرسیارەكانم دایە و دەمتوانی بڕۆم، و نەمدەزانی لەو ساتەدا چی لە دەرەوە روودەدات، بەڵام وادەركەوت كە پەیوەندیكردنم بە هاوڕێكانمەوە رۆڵی هەبووە.
DW: توركیا داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات تۆی رادەست بكەن، دەكرێت ئەمە رووبدات وڵاتێكی ئەوروپی وەڵامی ئەو داوایەی توركیا بداتەوە؟
ساڵح موسلیم: لە راستیدا بنەما یاساییەكان رێگە بەو كارە نادەن، بەڵام دەكرێت ئەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی رووبدات، هەروەك چۆن پێشتر لە كۆسۆڤۆ و شوێنی تر روویدا، لەبەر ئەوە پێویستە بە ئاگا بین.
DW: داوای پارێزگاریتان لە پۆلیسی ئەوروپا كردووە؟
ساڵح موسلیم: كاتێك دەگەمە هەر  وڵاتێك، پۆلیسی بەرپرسی ئەوێ‌ ئاگاداردەكەمەوە و ئەوان دەمپارێزن، لە دانیمارك و سویسرا یان لێرە لە فەرەنسا كە پۆلیس ئاگادارن لێرەم. 
DW: كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا دژی كورد لە عەفرین راگەیەنرا و ناوچكە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی توركیادایە، داهاتووی ناوچەكە چۆن دەبینن؟
ساڵح موسلیم: هیچ كەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بكات كە توركیا لە داهاتوودا چۆن رەفتاردەكات، من دڵنیام كە گوشاری نێودەوڵەتی لەدژی توركیا دەخرێتە سەر توركیا، 137 هەزار كەس لەسەر سنوری عەفرین چاوەڕوانن، ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەكەیان، ئەوەش دەكەن، ئەوان ئەوە قبوڵ ناكەن كە لە عەفرین روویدا، ئێمە دەمانەوێت ئەو خەڵكانە بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەكەیان، هەر كاتێكیش گەڕانەوە پێویستە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پارێزگارییان لێبكرێت، ئێستا خەڵكی تر دەبرێتە عەفرین كە خەڵكی شارەكە نین، ئەوەش سیاسەتێكی زۆر مەترسیدارە و پێویستە كۆتایی پێبێت و پێویستە لەسەر توركیا بكشێتەوە، ئەگەرنا شوێنكە دەبێتە خاڵێكی گەرمی نوێ.
DW: بڕوات وایە كە دەكرێت هێزەكانی توركیا پێش كۆتاییهاتنی قەیرانی سوریا بكشێنەوە؟
ساڵح موسلیم: ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە چەندین كۆنگرە لە جنێڤ یان ئەستانە لە كازاخستان دەبەسترێن، ئەمانە هەوڵن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام توركیا بە تایبەتی تەگەرە دەخاتە بەردەمیان، ئەو چارەسەری سیاسیی ناوێت و دەڵێت :"  ئەگەر كارتەكە لەدەستی ئێمەدا نەبێت، ئەوا چارەسەری سیاسی نابێت" ، جیهانیش نایەوێت ملكەچی ئەوە بێت و لە رێگادا بەرەو چارەسەر، دەكرێت عەفرین ببێتە هەنگاوی یەكەم و گەلی سوریا پێویستە لەسەری خۆی چارەسەر بۆخۆی بدۆزێتەوە و جێبەجێی بكات.
DW: توركیا بەردەوام باس لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خۆی دەكات بەوەی سەروەری خاكەكەی لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، دەكرێت ئێوە لەو نیگەرانییە تێبگەن؟
ساڵح موسلیم: ئەو مەترسیانە نین، ئێمە لەسەرتاوە رامانگەیاندووە ، هەتا ئەو هێزانەشی هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵدا دەكەین گەرەنتیان لە پێناوی ئەوەدا داوەن ئەمریكییەكان ئەوەیان وتووە ئێمەش گەرەنتی ئەوە دەدەین، یەكەم دەمەوێت بڵێم ئێمە لێرەین بۆئەوەی دۆخەكەیان بە شێوەیەكی دروست بۆ باس بكەین و پێشنیازیشمان هەیە، بۆ نمونە بۆچی نێردەی ئەوروپا نییە بۆئەوەی لە خودی شوێنەكە چاودێری هەموو شتێك بكات و تۆماریان بكات؟ بۆچی كەس سەردانی ناوچەكە ناكات؟ بۆچی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی راستییەكان و تۆماركردنیان پێكناهێنرێت؟ ئەمانە پێشنیازی ئێمەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand