ئاڵا تاڵەبانی: بڕیاری سڕكردنم رەتدەكەمەوە و پابەندنابم پێیەوە

Draw Media

2018-04-18 14:09:11



چاوپێكەوتنی: درەومیدیا
ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەكێتی  كاندیدی ژمارە 5 ی لیستی 149 ی  هاوپەیمانی بەغدایە  لە پارێزگای بەغداد و دوای خۆكاندیدكردنی لە لیستێكی عێراقی ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە بڕیاری سڕكردنی بۆ دەرچووە،  ئاڵا تاڵەبانی ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت  بە پرسكردن خۆی  كاندید كردووە، بۆیە بڕیارەكە پێچەوانەی پەیڕەوی  ناوخۆی یەكێتییە و پەیوەست نابێت پێیەوە،.
ئاڵا تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا"  دەشپرسێت بۆچی یەكێتی كاندیدی هەیە لە لیستە عێراقییەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆچی كاندیدی حزبە عێراقی و عەرەبییەكانی هەیە لە لیستی خۆیدا لە پارێزگای كەركوك، دەشڵێت : " من نەچومەتە هیچ حزبێكەوە بەڵكو چومەتە لیستەوە". 
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
درەو : هەڵوێستی ئێوە چیە لەسەر بڕیاری سڕكردنتان، ئێوەش دەڵێن بە ئاگاداری و پرسكردن خۆتان كاندید كردووە؟  
ئاڵا تاڵەبانی : من دوو خاڵ بەلامەوە گرنگە: یەكەم، من لە لیستێكی عێراقی خۆم كاندید كردووە و بەڵگەشم هەیە كە پرسم كردووە، بۆیە من داوا ئەكەم ئەنجومەنی ناوەند لێكۆڵینەوە بكات و لیژنەیەك پێكبهێنێت بەڵگەكان پێشكەشی لیژنەكە ئەكەم، چونكە من بەڵگەم هەیە كە بەپرس ئەو كارەم كردووە و هێرۆخان ئاگاداربووە، ئەگەر لیژنەكە پێی باش بوو بەڵگەكان بڵاوبكاتەوە با بڵاوی بكاتەوە.
خاڵی دووەم: مەسەلەی سڕكردنەكە ئەوان سەرەتا باسی دەركردنی منیان كردووە كە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە، لە ئەنجامدا لە كۆی 38 كەس تەنیا (7) كەس دەنگیان پێداوە، كە هەوڵی دەركردن شكستیهێناوە دواتر باس لە هەوڵی سكڕدنم كراوە، دیارە سڕكردن لە دەسەڵاتی سەركردایەتیدایە، بەڵام دەبێت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە بێت، دوای سەڵماندنی ئەوەی كە ئەم هەڤاڵەی سەركردایەتی لە پەیڕەوی یەكێتی لایداوە، حەقی خۆیەتی باس لە سڕكردن بكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ لیژنەیەك دروستبكرێت و بەڵگە هەبێت پرسی سڕكردنیان خستوەتە دەنگدانەوە، ئەمجارەش لە كۆی 38 ئەندام كە ئامادەبوون تەنیا (11) ئەندام دەنگیانداوە بە سڕكردنم، بەڵام ئەوان دیسان بەدەر لە پەیڕەو و بە نایاسایی بە بڕیاری مەلا بەختیار بڕیاری سڕكردنی من دراوە.  


درەو: ئێوە پەیوەست دەبن بەو بڕیارەوە؟
ئاڵا تاڵەبانی : ئەو بڕیارە دەنگی پێویستی نەهێناوە و لەدەرەوەی پەیڕەوی ناخۆیە ئەو نوسراوەی مەلا بەختیار من بەهیچ شێوەیەك  پابەند نابم پێیەوە و قبوڵیشی ناكەم.


درەو: رێكەوتنێك هەیە لە نێوان تۆو ئەو لیستەی خۆت تیایدا هەڵبژاردووە؟
ئاڵا تاڵەبانی: بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ هەركەس بچێت بۆ حیزبێكی تر نابێت لەو حزبە بمێنێت، هەڤاڵان خۆیان باش دەزانن كە من نەچومەتە حزبی تر، من چومەتە ئیئتیلافێكەوە بۆ هەڵبژاردن بۆ نمونە ئێستا لیستی نیشتمان هەیە لە كەركوك كە گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵی تیایە و هیچ حزبێك نەتواوەتەوە تیایدا، منیش چومەتە هاوپەیمانێتیەك كە شەش حەوت حزبە كە خەڵكی سەربەخۆشی تیایە و هاوپەیمانێتییەكە بۆ هەڵبژاردن، لە حزبی دەعوەی ئیسلامی مالیكی ئەمینداری حزبەكەیە و حەیدەر عەبادی ئەندامی مەكتەبی سیاسیە، بە دوو لیستی جیا دابەزیون، مالیكی   عەبادی  دەركردووە لە حزبی دەعوە؟ د. سەلیم جبوری جێگری ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراقیە، سەلیم جبوری لە لیستی ئەیاد عەلاوی خۆی هەڵبژاردووە، نمونەیەكی تر دوور نەڕۆین یەكێتی لە خورماتوو لە سەڵاحەدین ، شەلال عەبدولی لە لیستێكی عێراقی عەرەبی هەڵبژاردووە، لە كەركوك كەسێك ناوی میقداد فەیزوڵا ئەحمەد  بەرپرسی لقی كەركوكی حزبی ئیسلامی عێراقیە، لەناو لیستی یەكێتی بە ژمارە 18 خۆی هەڵبژاردووە.


درەو: ئەی بۆچی سەركردایەتی یەكێتی ئەو هەنگاوەی بەرامبەر بەتۆ ناوە و بەرامبەر بەوانیش ئاساییە؟
ئاڵا تاڵەبانی: ئەو بڕیارەی یەكێتی تەنها لەگەڵ من و بەرامبەر بە منە، ئەمە ئەو شەڕەیە كە بەتایبەتی لەگەڵ ماڵی مام و بەتایبەت لەگەڵ ئاڵا دەیكەن، پەیوەستە بە قسەكانی من بەرامبەر بە كاك هوشیار زێباری، بەرامبەر د. نەجمەدین بەرامبەر بەو دزی  و گەندەڵییەی نەوت لە كەركوك دەكرێت ئەزانن من مەلەفەكانم لایە.

    ئاڵا تاڵەبانی:  بۆ خۆكاندیدكردنم پرسم بە هێرۆخان كردووە، بڕیاری سڕكردنم دەنگی زۆرینەی نەهێناوە و مەلا بەختیار داویەتی


درەو: پێشبینی دەرچونتان دەكەن لەو لیستە لە بەغداد؟
ئاڵا تاڵەبانی: جگە لەوانەی كە سەرۆكی لیستن هیچ كاندیدێك گرەنتی دەرچوونی نیە، من كاری خۆمم كردووە لەناو بەغداد كارم كردووە، پێشتریش كارمكردووە، چاوەڕوانم دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەیامی خۆمم دەبێت.


درەو: دەنگەدەری  تۆ لە كەركوك بووە، بۆچی لە بەغدا خۆت هەڵبژاردووە، بۆچی لە كەركوك خۆت هەڵنەبژارد؟
ئاڵا تاڵەبانی: من دوای هەڵبژاردن زۆر شتی دیكە هەیە باسی دەكەم و روونی دەكەمەوە كە بۆ لە كەركوك نەبوو لە شوێنی دیكە بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand