مەڵبەندی گەرمیان هۆشداری توند بە سەركردایەتی دەدات

Draw Media

2019-07-10 19:46:46



درەو میدیا:
مەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هۆشداری توند دەداتە سەركردایەتی حزبەكەیان و ئاماژە بە ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیان دەدەن لە گەرمیان بەهۆی ناعەدالەتی زۆرو بردنی نەوت و سەروەت و سامانی ناوچەكە.
لە یاداشتێكدا بۆ جێگرانی سكرتێری گشتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن" گەرمیان قەڵای سەوزی یەكێتی بوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم قەڵایە نەك هەر سەوز نیە ئەگەر فریای نەكەوین دەبێتە بەشێك لە مێژوو"
لە یاداشتەكەدا كە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی یەكێتی واژویان كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن" نەوت و كۆمپانیاكانی نەوت لە گەرمیان گومانی گەورەی درووست كردووە، لە گەرمیاندا ( 2 هەزارو 754 ) تەنكەر نەوت هەناردە دەكەن و داهاتی مانگانەیان ( 400 ملیۆن و 40 هەزار دینار) داهاتی كۆمپانیای دڵنیایی جۆری ( 5 ملیار و 760 ملیۆن دینار9 بووە"
لە یاداشتەكەدا مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەكێتی ئاماژە بە داهاتی ئیدارەی گشتی یەكێتی دەكات لە ناوچەكەداو دەڵێن" لە 2019 دا پێنج پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا دراون كە 8%ی دراوە بە ئیدارەی گشتی یەكێتی، لە كاتێكدا كۆمپانیا هەیە ئامادەیە 50% بدات بە ئیدارەی گشتی"
لەو یاداشتەدا ئاماژە بەوەشكراوە" لەكۆی 70 پۆست لەعێراق كە پشكی یەكێتیەو 140 پۆستی هەرێم  پشكی یەكێتی هیچ پۆستێك بۆ ناوچەی گەرمیا دانەنراوە" 
بەپێی یاداشتەكە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی و ئۆرگانەكانی زیاتر لە ( 164 ملیۆن دینار) قەرزارن و بە 45 رۆژ جارێك تەنها 4 ملیۆن دینار دەنێرێت بۆ مەڵبەند.

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand