چاوپێكەوتن لەگەڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان

Draw Media

2018-04-17 13:24:30



چاوپێكەوتنی/ فازل حەمە رەفعەت 
رزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت راستەوخۆ لە بەغداوە بە كامێر چاودێری سندوقەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن كە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا" رزگار حەمە محێدین راشیگەیاند 40 كاندید و قەوارەیان بەهۆی پێشێلكارییەوە سزاداوە و ئاشكراشیكرد كاردەكەن بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری بە رێژەی 100% و هەوڵیشدەدەن 15 بۆ 16 كاتژمێر دوای هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی رابگەیەنن.

ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:
درەو: باس لەوە دەكرێت كۆمسیۆن یاسایەكی هەیە و بەپێی ئەو یاسایە هەر كاندید و لیستێك ناچار دەكات بڕێكی دیاریكراوی پارە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج بكەن، ئەمە راستە ؟
رزگار حەمە: بەپێی یاسای حزبەكان ژمارە 36ی 2015 هەموو ئەو یاسای بڕیارانەی كە پێشتر دەرچوون هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها لە یاسای 45ی هەڵبژاردنەكانیش هەموو ئەو بابەتانە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەو بابەتە لەلای ئێمە نییە و شتێكی بێ بنەمایە.
درەو: تائێستا سزای چەند لیست دراوە لەسەر پێشێلكردنی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن ؟
رزگار حەمە: تائێستا نزیكەی 40 لیست و كاندید لەسەر پێشێلكاری سزادراون.
درەو: ئەوانەی سزادراون لیست و كاندیدی كوردیان تێدایە ؟
رزگار حەمە: لە راستیدا من چاودێری ئەو بابەتەم نەكردووە كە سزادراوەكان كێن، بەڵام ئێمە جیاوازی ناكەین هەر كەسێك پێشێلكاری بكات سزای دەدەین.
درەو: لەم هەڵبژاردنەدا ئێوە وەكو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا چەند گرەنتی رێگرتنتان كردووە لە رودانی ساختەكاری ؟
رزگار حەمە: ئێمە ئەمانەوێت بە رێژەی 100% رێگری لە ساختەكاری بكەین، خۆتان ئەزانن ئێمە لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەی كە گرتومانەتە بەر لە هێنانی ئامێر و هەڵگرتنی ئامێرەكان لە كۆگاكان، با نمونەیەكت بۆ بهێنمەوە، من خۆم یاداشتێكم نوسی و ترسمان هەبوو كێشە لە بیناكاندا هەبێت، داواماكردووە لە هەموو مەخزەنەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق كامێرا دابنرێت، لە بەغدا راستەوخۆ ژووری چاودێریمان دروستكردووە و هەموو مەخزەكانەكان دەكەونە ژێر چاودێری خۆمانەوە.
درەو: لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا كۆمسیۆن هیچ تایبەتمەندییەكی بە هەرێمی كوردستان داوە ؟
رزگار حەمە: نەخێر، ئێمە هەر یاساو رێسایەك دەربكەین چۆن لە بەسرە جێبەجێی دەكەین بەهەمان شێوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش جێبەجێی دەكەین.
درەو: پێشتر باس لەوەدەكرا فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمسیۆن هەیە ؟
رزگار حەمە: من بڕوام بەم بابەتە نییە، چونكە ئێمە ئەنجومەنی كۆمسیاران لە (9) كەس پێكهاتوین و هەموومان عێراقین و لە هەموو پێكهاتەكانین، هیچ وڵاتێكی هەرێمایەتی و ناوچەیی فشاریان لەسەر ئێمە نییە، رەنگە هەندێك شوێن هەبن هاوكاریمان بكەن بەتایبەتی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەویش تەنیا راوێژكردن و رێنماییكردنە بۆ باشكردنی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی مەدەنی و شەفاف و پاك بێت، ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەوە هیچ وڵات و هێزێك ناتوانێت دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن بكات.
درەو: جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەكانی رابردوو سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەكان چۆنە. ئایا ئێوە كارێكتان كردووە لەم هەڵبژاردنەدا لە خێراترین كاتدا ئەنجامەكان رابگەیەندرێن ؟
رزگار حەمە: بەدڵنیاییەوە، ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجارە ئەو ئامێرە نوێیانە بەكاردەهێنین، سندوقە ئەلیكترۆنییەكە خۆی ناوی (خێراكردنی ئەنجامەكانە).
درەو: بە نزیكەیی بەماوەی چەنێك دوای تەواوبونی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامەكان رادەگەیەنن ؟
رزگار حەمە: ئەگەر تێبینی بكەن پێشتر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان دەهاتە مەڵبەندی پارێزگاكان و دواتر دەهاتە بەغداد و جارێكی تر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی بۆ دەكرا و دوو مانگی دەخایاند تاوەكو ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت، بەڵام ئێمە رەنگە دوای داخستنی سندوقەكان لە ماوەی (15 بۆ 16) كاتژمێر ئەنجامە بەراییەكان رابگەیەنین و لەماوەی (48 بۆ 50) كاتژمێر ئەنجامی دەنگەكان لە هەموو عێراق ئاشكرابكەین. 
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand