پسپۆرێكی ئەڵمانی: ئامانجی یەكەمی ترەمپ ئێرانە

Draw Media

2018-04-11 20:19:25



ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدووری نازانێت لەدژی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی هەنگاوی سەربازی لە بەرامبەر سوریا بنێت، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW "یۆزیف برامل پسپۆری ئەڵمانی باوەڕی وایە ئەو هەنگاوە مەبەست و ئامانجی تری لە پشتەوەیە ، ئەمەش دەقی چاوێكەوتنەكەیە:


DW: سەرۆكی ئەمریكا دەرباری وەڵامی هێرشە كیمیاییەكە شاری دوما لە غوتەی خۆرهەڵات وتی ویلایە یەكگرتووەكان هیچ شتێك بەدوورنازانێت، ئەو بژاردانە چین ؟
یۆزیف برامل: بڕوام وایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی سەربازی ئاسمانی لە سوریا دەوەشێنێت ، بەڵام جیاواز لەوەی ساڵی رابردوو هێرشێكی رەمزی نابێت، پێشووتر ترەمپ دەیوسیت دەریبخات كە بوكەڵەیەك نییە لە دەستی روسەكاندا و لە هەمان كاتیشدا نەیتوانی لەوە دوورتر بڕوات و پێش رووداوەكە روسیای ئاگاداركردەوە و ئەویش سوریای ئاگاداركردەوە، بەڵام ئەمجارە بوار نابێت بۆ ئەو زانیارییە سەرەتاییانە.
DW: ترەمپ هەروەها هەڕەشەشی لە هاوپەیمانەكانی حكومەتی روسیا كرد و وتی باجێكی گەورە دەدەن، دەكرێت روسیا و ئێران لەچی بترسن؟
یوزیف برامل: ئێران بە شێوەیەكی تایبەتی دەبێت ئامادەبێت، چونكە لەبەر چەندین هۆكاری تر لەبەر چاوی ئەمریكادایە، ئەو هێزانەشی هاوكاری دەكرێن لەلایەن ئێرانەوە لەوانەیە رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، هەتا پردی ئاسمانی نێوان ئەو یەكانە – كە بەشێكی بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕێت- لەوانەیە ئەمریكا ئەو رێگایەی لێ بگرێت.


DW: ئەی ئۆپەراسیۆن بەرامبەر روسیا چۆن دەبێت؟
یوزیف برامل: زۆر لاواز دەبێت، ترەمپ بژارەی كەمتری بەرامبەر سوریا لەبەردەستدایە، زیاتر كار لەسەر سزا ئابووریەكان دەكات بەجۆرێك لە رووی سیاسەتی ناوخۆوە رووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە، چونكە لێكۆڵەری تایبەت رۆبەرت مۆلەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام لە لێكۆڵینەوە لەدژی.


DW: بۆچی پێویستە پێچەوانەی ئەوە بە توندی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە؟
یوزیف برامل: باوەڕوام وایە كە سوریا لەلای ئەمریكاوە لە راستیدا  هیچ نیە جگە لە شوێنێكی لاوەكی بۆ ململانێ‌ لەگەڵ ئێراندا، ئەوەی چاوەڕوانی دەكەین لە داهاتوودا وازهێنانە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە مانگی ئایاردا و ئەوەش ململانێكە گەورەتر دەكات و دەستوەردانی ئێران لە سوریا بەلای ئەمریكاوە دەبێتە پاساوێكی ئەخلاقی و جیۆستراتیژی بۆ رەفتارەكانی، نابێت ئەوەشمان لە بیربچێتەوە كە ترەمپ كەسێكی وەك جۆن بۆڵتۆنی بە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دامەزراندووە كە دژی ئێرانە و ئەوەش بە هەند وەردەگرم.


DW: سەرۆكی ئەمریكا ماوەیەكی كەم لەمەوبەر ئاماژەیبەوەدا كە دەیەوێت بەخێرایی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بكشێنێتەوە، دوای ئەوەی بە تەواوەتی داعش لەناودەبات، هەڕەشەكانی ترەمپ دوای هێرشە كیمیاییەكە چۆن لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا یەكدەگرێتەوە؟
یوزیف برامل: دژیەكییەك لەمەدا نابینم، هێزە پیادەكات كە دەكرێت وەك بارمتە بگیرێن، ترەمپ وەك پێشوو لە سوریا بیانكێشێتەوە، سەبارەت بە تۆڵەكردنەوە لە هێرشكردن بە چەكی كیمیایی ئەو كارە تەنها پەیوەستە بە گورزی ئاسمانییەوە.


DW: ئێوە ستراتیژێكی دووری ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە پرسی سوریا دەبینن؟
یوزیف برامل: بەڵێ‌ لە هەموو حاڵەتێكدا و بە شێوەی گریمانییە هەروەك وتم ئەمریكا لە راستیدا ئێران بە ئامانج دەگرێت، هەركاتێك بەرەی سیاسی ناوخۆ لەسەر ترەمپ ئاڵۆزتر بێت، ئەوا من مەترسی جەنگ لەدژی ئێران لە ئاستێكی باڵادا دادەنێم، هەروەها پێویستیشە ئەوەمان لەیاد نەچێت  لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵبژاردنی كۆنگرێس دەكرێت، خراپترین سیناریۆ بەلای ترەمپەوە ئەوەیە كە هەردوو ژوورەكەی كۆنگرێس لەدەستبدات، لەم حاڵەتەدا جەنگ لەدژی دوژمنێكی دەرەكی یارمەیتی دەدات كۆدەنگییەكی حزبی گەورەتر بەدەستبهێنێت، بە رەچاوكردنی هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی دەنگدەرانی ئەمریكا دەتوانن لە چوارچێوەی بزوتنەوەیەكی بەكۆمەڵی نیشتمانی لە چواردەوری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان دەستبەرداری چاودێكردنی دەسەڵات بن لە رێگەی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسەوە، هەر ئەوەش لەسەرەمی جۆرج بوشدا روویدا دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی 11 سێپتەمبەری 2001.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 
•    یوزیف برامل- پسپۆری كاروباری ئەمریكا لە كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ سیاسەتی دەرەكی و نوسەری كتێبی " ئەمریكای ترەمپ لەسەر حسابی ئازادی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand