سیروێر : هێرشە چاوەڕوانكراوەكە دەگاتە ئاستی بە ئامانجگرتنی ئەسەد

Draw Media

2018-04-11 14:16:28



وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
دانیال سیروێر پسپۆر و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " رایدەگەیەنێت لەوانەیە وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشە كیمیاییەكەی حكومەتی سوریا بۆسەر شاری دوما بە رادەیەك بەهێزبێت كە هاوسەنگی هێز بگۆڕێت و لەوانەشە گورزێكی دیاریكراو بێت هاوشێوەی  ئەوەی ساڵی رابردوو، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:
DW: ئەو بژاردانە چین لەبەردەستی سەرۆكی ئەمریكادان؟ و ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان كامانەن؟
دانیار سیروێر:  گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا یان زۆر گەورە دەبێت، یان دیاریكراو دەبێت، لەوانەیە ئامانجی وێرانكردنی هێزی سەربازی رژێمی ئەسەد بێت بە تەواوەتی وەك فڕۆكەكانی و فڕۆكەخانەكانی و بنكەكانی كۆنترۆڵ و پەیوەندییەكان و كارگەكانی دروستكردنی چەكی كیمیایی، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت كە ئەو چەكە یان هەر چەكێكی تر لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل بەكارنەهێنرێت، هەروەها لەوانەشە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی كە سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد تێیاندا نیشتەجێ‌ دەبێت بە ئامانج بگیرێت، بەڵام ئامانجە بچكوكەكانی بریتین لە بە ئامانجگرتنی بنكەیەكی سەربازی یان دووان وەك ئەوەی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا و ئەو جۆرەش كاریگەرییەكی گەورەی نابێت لەسەر زەوی، هەروەها یەكێك لەو ئامانجانەی كە لەوانەیە ببنە ئامانجی گورزە سەربازییەكە بنكەكانی حزبوڵا و ئێرانە لەناو سوریا  لەگەڵ بنكە و بارەگای میلیشیا شیعەكان و هەروەها بەرگری دژە ئاسمانی روسیاش بە ئامانج دەگیرێت.
DW: ئەوە گورزە سەربازییە دەتوانێت چی بەدی بهێنێت؟ و ئایا كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێز لە سوریا؟
دانیاڵ سیروێر: كارەكە بە گوێرەی هێزی گورزەكە و سروشتی ئامانجەكان دەگۆڕێت، بۆ نمونە هێرش بۆسەر كۆشكەكانی سەرۆكایەتی رەنگە كوژرانی سەرۆكی سوریای لێبكەوێتەوە، ئەوەش ئامانجێكی سەربازی رەوایە بە رەچاوكردنی ئەوەی كە فەرماندەی باڵای سوپای سوریایە، بەڵام باوەڕم نیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان توانای رووبەڕووبوونەوەی دەرەنجامی ئەو جۆرە كارەی هەبێت، بە تایبەتی كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، دەكرێت لەوە خۆی بەدووربگرێت و پێشتر بەشار ئەسەد ئاگادار بكرێتەوە و پێش بۆردومانەكە بارەگایەك دیاریبكرێت كە هێرشی دەكرێتە سەر،  بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەش بەڵێ‌ هاوسەنگی هێز لەسەر خاكی سوریا دەگۆڕێت هەروەها رووبەڕی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی لایەنەكاندایە لەسەر خاكی سوریا، بەڵام هەموو ئەمە دەكەوێتە سەر هێزی گورزە سەربازییەكە و قەبارەكەی و ئاستی كاریگەری.
DW: كاردانەوەی روسیا لەسەر ئەوە چۆن دەبێت؟ ئایا ئەو گورزە سەربازییە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟
دانیاڵ سیروێر: هیچ گومانی تێدا نییە كە روسەكان تۆڵەدەكەنەوە ، لە حاڵەتێكدا كە ئەگەر سەربازەكانیان بكوژرێن و بەوەش ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە هەیە، ناتوانین پێشبینی سروشتی وەڵامی روسیا بكەین بە دیاریكراوی، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوە روودەدات،  لێرەدا پێویستە كە سەركردایەتی سیاسی و سەربازی ئەمریكا هەموو ئەگەرەكان بخاتە سەر مێز پێش جێبەجێكردنی گورزە سەربازییەكە، لە راستیدا ئێمە لە ساتێكی زۆر مەترسیدارداین و سەرۆكی ئەمریكا سەرقاڵە بەكاری ترەوە و راوێژكارێكی ئاسایشی نەتەوەیی وەك جۆن بۆڵتۆنیش هەیە كە هۆگر و خولیای شەڕە، لەگەڵ بوونی گوشاری كۆنگرێس بە ئاراستەی ئەوەی ئەمریكا لە وەڵامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی جوڵە بكات.
ناكرێت پێشبینی تەواوەتی سروشتی ئەو رووبەڕووبونەوەیە بكرێت كە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و روسیا روودەدات، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بوونی پلان و ستراتیژی سەربازی بەبێ‌ بوونی ستراتیژی سیاسی بۆ كۆتاییپێهێنانی جەنگەكە كارێكی بێ‌ كەڵكە، ئەمریكا سەركەوتوو بوو لە كۆتاییهێنان بە شەڕ لە كۆسۆڤۆ لەبەر بوونی ستراتیژێكی سیاسی لە پاڵ ستراتیژی سەربازیدا، هێزی سەربازی بە تەنها ناتوانێت كۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
•    دكتۆر دانیال سیروێر – مامۆستایی كۆلێژی جۆنز هۆبكنز بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییە پێشكەوتووەكان و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand