پسپۆرێكی روسی: ‌‌هێرشکردنە سەر سوریا دەبێتە بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی

Draw Media

2018-04-10 20:42:57



لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW   ڤیكتۆر لیتۆڤكین شارەزایی روسی و چاودێری سەربازی ئاژانسی تاسی روسی هۆشداریدەدات لە مەترسییەكانی وەشاندنی گورزێكی سەربازی و رایدەگەیەنێت لێدانی سوریا دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو زلهێزەكەی جیهان ( روسیا و ئەمریكا ) و بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی و تێیدا چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنرێت و باسیش لەو ئامانجانە دەكات كە ئەگەری هەیە ئەمریكا هێرشیان بكاتەسەر.
DW:  ئاستی ئەو هێرشە چاوەڕەوانكراوەی ئەمریكا چۆن دەبێت و بنكەی حمێمیم یەكێك دەبێتە لە ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان؟
ڤیكتۆر لیتۆڤكین: بڕوام وایە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر سوریا تەنها خۆی لە موشەكی كروز " تۆماهۆك" دا دەبینێتەوە لە رێگەی كەشتی " دۆناڵد كۆك " و " پۆرتەر" كە ئێستا لە كەنارەكانی سوریا نزیكدەبنەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانم لە دەریای ناوەڕاست هیچ كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكای لێ نییە، لەبەرئەوە وایدەبینم كە هێرشەكە تەنها بە موشەكی " تۆماهۆك" ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەربارەی ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان ، ژمارەیەك ئامانجی هەمەجۆر هەن لە نێویاندا بارەگای دەستەی ئەركانی گشتی سوریا، بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سوریا، بە دووریشی نازانم كە كۆشكەكانی سەرۆكی سوریاش بگرێتەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم كە سەرباز و شارەزایانی روسیا لە هەموو بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكاندان، كە ئەركیان هاوكاریكردنی سەربازانی سوپای سوریایە لە شەڕیاندا دژی گروچە تیرۆریستییە چەكدارەكان، لەبەرئەوە ئەگەرێكی گەورە هەیە كە روسەكانیش رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، كە ئەوەش دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای روسیا ڤالێری گراسیمۆڤ هۆشداری دایە ئەمریكا لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی روسیا لە بۆردومانی ئەمریكادا، لەو حاڵەتی بۆردومانكردنیاندا وپای روسیا هەوڵی پوچەڵكردنەوە و رێگریكردن لە موشەكەكان دەدات و سەرچاوەكانیان بۆردومان دەكات، لەسەر بنەمای  ئەو هۆشدارییە وایدەبینم كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان  پێش بە  ئامانجگرتنی روسیا پێویستە زۆر بەباشی بیربكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی جیهانی.
DW:   ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا دەبێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟
ڤیكتۆر لیتۆڤكین: لەوانەیە گورزە سەربازییەكە ببێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی مەترسیداری دوو زلهێزەكە، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش لەو رووبەڕووبونەوەیدا بە دوور نازانم، بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەسەر شانی روسیا و ئەمریكایە، هەردووكیان خاوەنی چەكی ئەتۆمین و هەردوو وڵاتە خاوەنی نزیكەی 1500 كڵاوەی ئەتۆمین، جگە لەوەش ئەمریكا خاوەنی نزیكەی 200 بۆمبی ئەتۆمییە لە كیشوەری ئەوروپا، لەبەرئەوە شەڕەكە دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت لە حاڵەتی بەرپابووونیدا.
DW:  ئەی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لەسەر خاك لە سوریا؟
ڤیكتۆر لیتۆڤكین: پێشبینی ناكەم كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا ئەگەر روویدا كاربكاتە سەر هاوسەنگی هێز لە سوریا، ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكگرتوونین و لێكدابڕاون، و هیچ هێزێكیان نییە لەسەر زەوی، و لە حاڵەتی بەرپابوونی شەڕ لە نێوان روسیا و ئەمریكا، رۆڵی یاریزانە ئیقلیمییەكان تەنها خۆی لە تەماشاكردندا دەبینێتەوە ئومێد دەكرێت خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن.

•    ڤیكتۆر لیتۆڤکین: چاودێری سیاسی روسیی لە ئاژانسی تاسی روسی و عەقیدی خانەنشین

وەرگێڕانی : نامیق رەسول

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand