شێروانی: بایكۆت هاواری ژانێكی قوڵی 27 ساڵی حوكمڕانی ناداپەروەرە

Draw Media

2018-04-04 12:54:59



چاوپێكەوتن: نیاز عەبدوڵڵا
لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ درەو میدیا، شێروان شێروانی سەرنووسەری گۆڤاری باشوور و چالاكوانی مەدەنی دیاری دەڤەری بادینان وتی "یەكەم لەشكركێشی توركیا بۆ خاكی كوردستانی باشوور بە هەماهەنگی پارتی لە ساڵی نەوەدەكان بوو‌ بۆ كوشتنی دەنگی ناڕازی خەڵكی زاخۆ، كە تەسلیم بە ئیرادەی پارتی نەبوون و هەماهەنگییان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان‌ هەبوو".
شێروانی لە وەڵامی پرسیارە رۆژنامەوانییەكانی درەو دا ریشە و گرێی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان خەڵكی بادینان و پارتی دیموكرات ئاشكرا دەكات.

درەو: چۆن خۆپیشاندانێكی وا فراوان لە جڵەوی ھێزە ئەمنییەكانی پارتی دەردەچێت و ھەموو بادینان دەگرێتەوە؟ ئەمە چ ئیرادەیەكی جەماوەری پاڵنەرێتی؟
شێروان شێروانی: یاسایەكی فیزیایی هەیە دەڵێ " فشار تەقینەوەی لێدەكەوێتەوە"، ئەو هاوارەی ئەمجارەی بادینان لە چەشنی ئەو تەقینەوە بوو بۆ دوخی ئێستا.
هەڵبەت‌ ئەمە جاری یەكەم نییە بادینان هاواری لێ هەستێ لە ئەنجامی زورداری وگەندەلكاری تاك حزبی دەسەڵاتدار، پێشتریش ئەوە روویداوه.‌ بۆ نموونە لە زاخۆ لە ساڵانی نەوەدەكان لەبەر گەندەلی وناعەدالەتی خەڵكەكەی گومركی ئیبراهیم خەلیل-یان سووتاند. لە ئاكرێ ساڵی 2005 خەڵكەكەی چەند بەنزینخانەیەكیان سووتاند. بە پچڕ پچڕی دەیان حاڵەتی وا دروست بووە، بەڵام ئەوەی ئێستا جیادەكاتەوە بە پله ‌یەك بوونی سۆشیال میدیا و كرانەوەی كۆمەڵگاكانە بە سەریەكەوە. هەر بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان فەرمانی گرتنی هەر ئامێرێكی دەركرد كە كردەیەكی ناڕەزایی بگوازێتەوە بۆ رای گشتی لە موبایلەوە تا كەناڵە راگەیاندنەكان.
ناڕەزایەتییەكانی ئەم جارە جیاوازی لەوەدا بوو لایەنێك پێ هەڵنەستابوو، بەڵكو پێكدادانی دوو چین بوو، چینێك زوڵملێكراو بە هەموو ئینتیمایەكەوه بۆ كوردستان، چینێكیش باڵا دەست و زاڵم وچەقو بەدەست بوو بەمەش سنووری شوناسی حیزبی تێپەراندبوو. واتا‌ ناڕەزایی جەماوەری بوون، كە ماموستایان پێشەنگایەتیان دەكرد.

درەو: ئەو ھێزە ئەمنیانە كێ بوون كە پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دەدا لە شار و قەزا و ناحییەكانی بادینان؟ ئایا راستە سوپای تایبەتی بارزان لە شێلادزێ لە سەركوتكاری خۆپیشاندانەكان بەشدارییان كردووە؟
  شێروان شێروانی: ئەوەی لە سنووری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكرات هەیە هیچ هێزێكی دامەزراوەیی ئەمنی سەربەخۆنین، هەمووی گرێدراوی دیوەخانی حزبی پارتین. واتە وەزیفەیان لە پیشەیەكی دیاریكراوەوە گۆڕدراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بەرەبابی عەشیرەتێكی ناوچەی بادینان، كە خۆی لە گردبوونەوەی چەند خێلێك دەبینێتەوە نەك زیاتر.
بێ گۆمان هەر هوشیارییەك وها‌وارێك ناچێتە خزمەت ئەو دیوەخانەوە، بۆیە هەمیشە هێزە ئەمنیەكانی بادینان لە ئامادەباشی دان بۆ سەركووتكردنی هەر جوڵەیەك كە لە دەرەوەی ئیرادەی پارتی دروست ببێت، چونكە لە بنەماوە بۆ سەركوتكاری‌ دروستكراون.
هەر ئەو هێزانەش بوون بە فەرمانی سەرووی خۆیان لە خەڵكیان دەدا.
ئەوەی لە شارۆچكەی شێلادزێ-ی سە ربە قەزای ئامێدی روویدا، نموونەی زەقی ئەو حاڵەتەن، كە ئاسایشی بلێ و بارزان-ی پارتی بە دەمامكەوە پەلاماری خەڵكی ئەو دەڤەرەیان دا.
پارتی فێری ئەو تەكیتیكەیە كە لە هەرشوێنێك پەیوەندییە كومەڵایەتییەكان بەهێزبن، هێزێكی ئەمنی لە شوێنێكی تر دێنێ بۆ سەركووتكردنی خەڵكە ناڕازییەكەی.

درەو: دەڤەری بادینان كە وەك قەڵا لە لایەن پارتی دیموكراتەوە تەماشا دەكرا، لە دوای خۆپیشاندانەكان قبوڵكردنی ئەم ناڕەزایەتیانە بە كوێ دەگات؟
شێروان شێروانی: پارتی لە نەوەدەكانەوە خەریكی كپكردنی دەنگی ناڕازی وسیمبلەكانی دەرەوەی خۆیەتی، ئەمەش نیشانەی ترس و لاوازییەتی. لە ساڵانی نەوەدەكان هەر رەمزێك دروست ببوایە لە دەرەوەی ئیرادەی پارتی، بە رووداوی جوراوجۆر تیرۆر دەكرا. لە نموونەی رەئوف كامل ئاكرەیی، زەكی كەنداڵ ئامێدی، سادق عومەر سندی، ئازاد سەرووكانی، یونادم یوسق شابو، رێناس محەمەد، ئارامی كومۆنیست، ئەبو نەسیری شیوعی، رائید ئیسماعیل، حاكم تەحسین، عەلی كوخی... ئەمانە هەموویان رەمزی بەرخودان و شۆرشگێڕی بوون.
هەروەها پەلاماری چەندین بنەماڵە و بەرەباب درا وەك بنەماڵەی حەمەد ئاغای مێرگەسووری، ئەسعەد شێتنەیی، سوار ئاغای شێروانی، ئەحمەد ئاغای زێباری، شێخەكانی بریفكان، بەگەكانی بەرواری و چەندینی تر.
ئەمە هەمووی بەشێك بوو لە پرۆسەی سڕینەوەی رای بەرامبەر و كپكردنی هەر بازنەیەك كە دەرەوەی پارتی بن. بەڵام ئەگەر سەیری قەبارەی ناڕازایەتییەكان بكەین لە بادینان روژ لە دوای‌ روژ لە زیادبوونە‌ و جوڵەی تر تیایدا گەشە دەكات. ئەمە خۆی وڵامێكە بۆئەوەی ئاراستەی ئەو رەوتی‌ ناڕازیەتییە‌ بەرەو كوێ دەمانبات لە دامێنی نەمانی سەرۆكایەتی هەرێم لە دەست بنەماڵەی بارزانی و دۆڕاندنی شەنگال و دەڤەری ئێزدییەكان و دروستبوونی هێزی نوێ و رێككەوتنی پارتی لە گەڵ توركیا و دراوسێكان.

درەو: پارتی چ جۆرە ترسێكی لە خۆپیشاندانەكانی دەڤەری بادینان هەیە؟
شێروان شێروانی: پارتی ترسی لە بایكوت كردن و چینێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو ئەو دەزانێت ئەم بایكوتە ها‌واری ژانێكی قووڵە لە ئەنجامی 27 ساڵی حوكمڕانییەكی زۆردار و نادادپەروەر.
پارتی ئەوەندەی ترسی لە دەڤەری بادینان هەیە لە ناوچەكانی تر نییەتی‌، لەبەرئەوەی بە ناسروشتی دەنگی خەڵكی بادینانی كپ كردۆتەوە‌، بۆیە هەمیشە ئەو دەنگە كپە ئەگەری تەقینەوەی ناسروشتی هەیە وەك كاردانەوەیەكی گەورە.

درەو: ئایا پارتی دیموكرات ترسی ھەیە ئەم خۆپیشاندانانە پەرە بستێنێت بۆ وەدەرنانی سوپای توركیا لە ناوچەی بادینان؟
شێروان شێروانی: سەبارەت بە لەشكركێشی توركیا بۆ بادینان، رەنگە ئەو زانیارییە كەمێك نامۆ بێت بەڵام بە بەڵگە هەیە كە یەكەم لەشكركێشی توركیا بۆ خاكی كوردستانی باشوور بە هەماهەنگی پارتی لە ساڵی نەوەدان بوو‌ بۆ كوشتنی دەنگی ناڕازی خەڵكی زاخۆ - دەركار عەجەم، كە تەسلیم بە ئیرادەی پارتی نەببوون و هەماهەنگییان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان‌ هەبوو.
دوای ئەوەش بوونی دەیان بارەگای میت لە زاخۆ و دهۆك و چەندین بنكەی سەربازی ئارتەشی توركی لە كانی ماس و باتوف و بێگوڤ و سێریێ و بامەڕنێ و باشیك و شەنگال، كە چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان كردووە بە تایبەت دژی پەكەكە و یەبەشە.
هەر لە سەر خاڵكی بادینان كاری قاچاخچێتی نەوت و رادەستكردنی گەریلاكانی پەكەكە بە توركیا و لێدانی خەندەقی خیانەت لە نێوان سێمێلكا و روژئاڤا، هەمووی بێحورمەتین بە خەڵكی بادینان و كومەڵێك بەهای سەپێنراوی نامۆن بە ترادیسیۆنی بادینان.
لەو لە‌شكركێشەییەی ئەم دواییەش كە توركیا نیازی هاتنی هەبوو بۆ شەنگال و ناوچەی مێرگەسوور‌، پارتی ئەوەندەیتر دەخاتە دۆخی نامۆبوونەوه و رەنگە كار بگاتە ئەوەی لە فۆڕمێكدا خەڵكی بادینان هەڵوێستی تووندتر بنوێنن لە دژی ئەو گالتەجاڕییە سیاسیی و لەشكرییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand