ناڕەزاییەكانی هەولێر چۆن رویاندا و چی بەرامبەر خۆپیشاندەران كرا؟

Draw Media

2018-04-01 18:56:13



چاوپێكەوتن لەگەڵ نیاز عەبدوڵا
 نیاز عەبدوڵا یەكێكە لەو رۆژنامەنووسە چالاكانەی كە لەشاری هەولێر، بەردەوام لە خۆپیشاندان و چالاكیەكاندا وجودی هەبووە، بەتایبەتیش لە خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەی شاری هەولێر روبەروی  چەندین هەڕەشە بوەوە  وەك خۆی دەڵێت: هەوڵی دەستگیركردن، تەنانەت رفاندن ، پەنابردنە بەر دروستكردنی تۆمەتی بێبنەما، یان درووستكردنی تۆمەتی ئەخلاكی ، وە ناوزراندنی كەسایەتیمان، جگەلەوە هەڕەشەكردن بە دەستدرێژی سێكسیش بەشێكە لەو هەڕەشانەی رابردوو و ئێستایان، بەڵام من بۆم گرنگە لێرەوە ئەوە رابگەینم، وەك چۆن تێكڕای ئەو هەڕەشانە، زیاتر ئێمەی كردۆتە هەڵۆی چنگ بەگڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم، بەدڵنیاییەوە بەسەر تەواوی ئەو هەڕەشانەدا سەردەكەوین و چۆكدانادەین بۆیان و سەركەوتن بۆ ئێمەیە نەك بۆ ستەمكاران.بۆیە درەو بە پێویستی زانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا بكات


درەو: جیاوازی خۆپیشاندانەكانی 25ی ئازاری هەولێر لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی پێشتر چی بوون؟
نیاز عەبدوڵا: دەستپێكی خۆپیشادانەكان بە توڕەیی هەولێر دەستی پێكرد، كە هەندێك ناویانا ( توڕەیی هەولێر) هەندێكیش بە راپەرینی هەولێر ناویانبرد، ئەمە دوای ئەو نارەزاییەتیانە بوو كە لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردبوو پەیوەندار بە خۆپیشاندانەكەی موچەخۆران تایبەت بە موچەكانیان، بەتایبەتی تریش دوای ریكەوتنی حكومەتی هەرێم و عەبادی و چەواشەكردنی بنەما راستیەكانی پێدانی موچەو شاردنەوەی موچەو كاركردن بۆ رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ بەغداد و پشتیوانیكردن لە دووبارە وەرگرتنەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق عەبادی، واتا تێكدان و كوژاندنەوەی دوایین ئومێدی پێدانی موچە بە وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەو وەزارەتەكانی دیكە كە عەبادی بەڵێنی پێدابوون.

درەو: بۆچی ( توڕەبوونی هەولێر)  بۆچی هەولێر ئەمجار هێندە توڕەبوو كە  ناوی نرا توڕەیی هەولێر؟
نیاز عەبدوڵا: ساڵانێكی زۆربو پارتی بەدیاریكراوی راوەدوونان و ئەشكەنجە و دژایەتی ئەو كەس و لایەنانەی دەكرد كە دەیان ویست خۆپیشاندانی  ئاشتیانە و مەدەنیانە بكەن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین رێكخراو داخران و چەندین كەسایەتی دەستگیركراو رۆژنامەنووس تیرۆركراو دەزگا ئەمنیە حیزبیەكانیش خرابوونە خزمەتی ئەو ئەجێندایەوە ، بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایی هەربەردەوام بوو چالاكانی مەدەنی میدیاكاران هەربەردەوام بوو،هەرچەندە توڕەبوونی خەڵكی هەولێر بەتەنها كێشەی پارەو موچەو خزمەتگوزاری نەبوو، بەڵكو كێشەی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ  و رادەربڕین بووە، پێشتریش هەمیشە وتراوە، هەولێر خۆپیشاندان ناكات بەڵكو  رادەپەڕێت، بۆیە 25ی ئازار رۆژی ئەو راپەڕینە بوو كە وەهمی هەیمەنەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و حكومەتی هەرێمی بە پارتی و یەكێتیەوە تێكشكاند، وەك ئەوەی كە چۆن هەولێریەكان لە 11ی ئازاری 1991 بەرلە تێكشكاندنی دەبابەكانی بەعس  وەهمی هەیمەنەی بەعسیان تێكشكاند، هەزاران كەس ئەو رۆژە 25ی ئازار لەسەر شەقام بوون، دەیان هەزار بەڵتەجی پارتی دیموكراتی كوردستان بە جلی مەدەنیەوە لەسەر شەقام بەرامبەریان  وەستابوون، لە تەواوی شار بەتەنها لە شوێنی خۆپیشاندانەكان نا، ئەو دروشمانەی كە ئەو رۆژە لە هەولێر وترانەوە، بەتەنها دروشمێك نەبوون بۆ نان و موچە، بەڵكو درووشمی بەڵگەی نەمانی شەرعیەتی حكومەت بوون لە هەرێم ، درووشم و هاوار بون بۆ ئازادی بۆیە سەرباری بەرەنگاربونەوەكان خەڵك ئەوكاتە سوربوون لەپێش پاركی شانەدەرەوە بەرەو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بڕۆن، بەڵام هێزە ئەمنیەكان بەتوندی رێگریان كرد، پێنج بۆمبی دەنگیان تەقاندەوە گولەی پلاستیكیان تەقاندەوە، قەمە بەدەستەكان چەقۆیان لە چەندین كەسدا، هەڕەشە لە خەڵككرا، چەندین كەس دەستگیركران، ئەمە درێژەی هەبوو سەرباری ئەو هەموو هەڕەشەو چاوسوركردنەوەو ئەشكەنجانە، بەڵام رۆژی دواتریش 26ی ئازار بڕیار وابوو خۆپیشاندانەكان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بێت، بەڵام بەڵتەجیەكان و دەزگا ئەمنیەكان، بەهەموو هێزی خۆیان  ویستیان خۆپیشاندەران بڵاوە پێبكەن، سەركەوتن لەوەی خۆپیشاندانەكان لەچوار ناوچە حەسر بكەن، بەڵام سەرنەكەوتن لەوەی ئیرادەی خۆپیشاندەران لێكتر دابڕێنن، بۆیە سەرباری ئەو رەشبگیریەی ئەنجامیاندرا وە هەڵكوتانە سەر بەشێكی ناوخۆیی كچان لەوێ بەهۆی ئەوەی وێنەی خۆپیشاندانەكانیان لە باڵكۆنەكانیانەوە گرتبوو، هاوڵاتیان سوربوون لەسەر درێژەدان بە خۆپیشاندانەكەیان، بۆیە 27 ی ئازاریش لەوێبوون، بەڵام 27 ی ئازار پارتی پلانی جیاوازتری گرتەبەر پارتی تەواوی ئەو ناوچانەی گرتبوو كە دەچونەوە سەرپاركی شانەدەر كە ئێستا ناونراوە ( مەیدانی ئازادی) لە مەیدانی ئازادی جارێكی تر خوێن رژا لەسەر دەستی پارتی، چەندین كەس برینداركران بە قەمە، دەیان كەس دەستگیركران، ئەم جارە لەناو دەستگیركراوەكان هەموو توێژەكانی گرتەوە، ئەو رۆژە بەڵگەی تر ئاشكرابوون كە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بوون چونكە پێشتر بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر و ئاساییش  نكوڵیان دەكر كە بەڵتەجی و قەمە بەدەستەكان سەربەوان بن، بەڵام كاتێك لەناو خۆپیشاندەران بووم لەكاتی وێنەگرتنی  ڤیدیۆیی  خۆپیشاندانەكان بە مۆبایلی خۆم ، لە دیوی خۆپیشاندەرەكانەوە تیشێر زەردێكی سەربە هێزە ئەمنیەكان بە چەپلە هاتە تەنیشتمەوەو پەلاماری مۆبایلەكەمی داو راستەوخۆ  هێزە ئەمنیەكان دیوارە ئەمنیەكەیان بۆ كردەوەو بەرەو لای عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر رۆیشتوو مۆبایلەكەی خستە دەستی ئەوەوە، بۆیە منیش بەرگریم كردو هێرشی پێچەوانەم بۆسەر بەڵتەجیە مۆبایل دزەكەو بەریوەبەری پۆلیسیش برد. مۆبایلەكەم لەدەستی عەبدولخالق تەڵعەت  بەزۆر دەرهێناو بەڵام مۆبایل دزەكە جارێكی تر مۆبایلەكەی لەدەستم دەرهێنایەوەو رایكرد دوای بەرەنگاربونەوەیەكی تر بەهاوكاری خۆپیشاندەران مۆبایلەكەم  لەدەستی سەندو فڕیمدایە ناو خۆپیشاندەرانەوەو ئەوان پاراستیان.


درەو: بۆچی بەو شێوەیە تەركیزیان لەسەر تۆ بوو، وە كەسیان بۆ دیاریكردبووی؟
نیاز عەبدوڵا: بەشێكی ئەمە پەیوەندی بەو هەڕەشانەی ساڵانی رابردوەوە هەیە كە بەبەردەوامی لەسەرمان بووە، خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئێمە بەبەردەوامی لەسەر شەقامین و بە رەمزی نارەزایی و تورەیی خەڵك ناسراوین، ئەوان بەردەوام لە چالاكی و جموجوڵەكانمان ترساون، من زانیاری ئەوەم هەبوو كە ئەوان لەیەكەم رۆژەوە لەناو خۆپیشاندەران بەشوێن من گەڕابوون بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێك بمبینن دەستدرێژیم بكەنە سەر، ئەوان ئەیانویست رەمزەكان و كەسە دیارەكانی خۆپیشاندەران تێكبشكێنن و سوكایەتیان پێبكەن، بۆیە ئەیانویست ئێمە ئەو ئامرازە بین بەدەستدرێژیكردنە سەرمان خەڵكی تری پێبدرسێنن، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی ئەوە نەبوون كە ئەو ساتە لەبری خۆپیشاندانێكی ئاسایی ئەبێتە راپەڕین لە دژیان، لەدوای ئەو توندوتیژیەی بەڵتەجیەكانی حیزب بەرامبەرمان، ئاراستەی درووشمی خۆپیشاندەران گۆڕان بۆ روخاندنی ئەوان و پشتیوانی لە ئێمە، ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنیەكان نەك هەر خۆپیشاندەرانی نەترساند بەڵكو سورتر و توڕەتری كردن و وای كرد كە خۆپیشاندان بەردەوام بێت لەبری كپكردنی.


درەو: هەڕەشەكان تا چی ئاستێك بوون بەرامبەر بە ئێوەو هاوڕیكانت؟
نیاز عەبدوڵا: ئەو رۆژە ئەوان هەوڵی دەستگیركردنیان داین لەناو خۆپیشاندەرانەوەو لەرێگەی بەڵتەجیەكانەوە دەستیان پێكرد كە قەمەو دەمانچەیان پێبوو، بەڵام بەبەرگری خۆم و خۆپیشاندەران پارێزرام، دواتر ئەوان دەیان ویست لەشەودا هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم و دەستگیرم بكەن دووای سوكایەتی و هەڕەشەو تەحەروش و سوكایەتی ناچارم بكەن بەخواستی ئەوان لە شاشەوە دەركەوم و قسە بكەم، بەڵام دوای ئەوەی كە هاورێ رۆژنامەنووس و چالاكوانەكانم فشارو راگەیاندنی پەلەیان گشتگیركرد بۆ رای گشتی و كونسوڵخانەكان و لایەنەكان ئەوان لەو هەنگاوەیان وەستان، بەڵام پلانیان گۆڕی، بۆیە رۆژی دواتر لە رێگەی بەڵتەجیەكانەوە فەرمانیان كردبوو كە لە هەرشوێنێكی شار من ببینن دەستدرێژیم بكەنە سەرو وێنەم بگرن و رادەستی دەزگا ئەمنیەكانم بكەن، بۆیە بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دواتر گەیشتن ئەوان چوبونە ناوخۆپیشاندەران و بە تیمی پێنج كەسی بەدوامدا گەڕابوون چونكە زانیبویان من بەرگری لەخۆم دەكەم و وەڵامی هێرشەكانیان دەدەمەوە.
بەهۆی ئەوەی ئامارازەكانی ئەشكەنجەو تاوان و دەستدرێژی لەلای سیستمە حومڕانیە پاشخان تەندراوەكان، بە نەریتی دواكەوتنی كۆمەڵگە رۆڵ دەبینێت، بۆیە ئەوان وەك ئاشكرایە تا هەوڵی دەستگیركردن، تەنانەت رفاندن ، پەنابردنە بەر دروستكردنی تۆمەتی بێبنەما، یان درووستكردنی تۆمەتی ئەخلاكی ، وە ناوزراندنی كەسایەتیمان، جگەلەوە هەڕەشەكردن بە دەستدرێژی سێكسیش بەشێكە لەو هەڕەشانەی رابردوو و ئێستایان، بەڵام من بۆم گرنگە لێرەوە ئەوە رابگەینم، وەك چۆن تێكڕای ئەو هەڕەشانە، زیاتر ئێمەی كردۆتە هەڵۆی چنگ بەگڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم، بەدڵنیاییەوە بەسەر تەواوی ئەو هەڕەشانەدا سەردەكەوین و چۆكدانادەین بۆیان و سەركەوتن بۆ ئێمەیە نەك بۆ ستەمكاران.


درەو : خۆپیشاندانەكەی هەولێر جیاواز بوو لە هەمو شارەكانی دیكە، دەوترێت گۆڕانكاری گەورە لە هەولێرەوە دەكرێت ئێوە دەڵێن چی؟
نیاز عەبدوڵا: بەبێ هەولێر و شەقامی هەولێر هیچ گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی لە سیستمی ئابوری ، سیاسی، پەروەردەی، كۆمەڵایەتی درووستنابێت، هەولێر بەم خۆپیشاندانەی كۆتایی هەموو ئەمانەی گۆڕی.
یەكەم/ وەهمی هەیمەنەی پارتی تێكشاند
دووەم/ موڵكایەتی دەستبەسەراگرتنی پارتی لە هەولێر تێكشكاند
سێیەم/ دەوترا هەولێر لەرووی كۆمەڵایەتیەوە داخراوەو ژن بوونی لاوازە لەو شارە، بەڵام ئەم خۆپیشاندانە ژن رابەرایەتی دەكرد، ژن دەنگی دلێربوو، لەهەمو چین و توێژە جیاوازەكان ژن ئامادەیی هەبوو، ژنان پڕ بە گەرویان بانگەوازی ئازادیان دەكرد، ژنان بونە سیمبولی خۆپیشاندانەكانی هەولێر.
چوارەم/ مامۆستایانی هەولێر لەگەڵ فەرمانبەرانی تەندروستی دیمەنێكی تریان پیشانی حوكمرانی  هەولێر و هاوڵاتیاندا ئەویش ئەوەیە، ئەم چینە تەنیا گوزارشت لەداواكاریە تایبەتیەكانی خۆیان ناكەن لە موچە، بەڵكو هەریەكێكیان بونەتە دەنگێك و داكۆكی لە بناغەی پەروەردەو زانست دەكەن لە هەرێمی كوردستان.


درەو: پێتان وایە خۆپشاندانەكانی هەولێر ئەنجامی خۆیان پێكاوە ؟ 
نیاز عەبدوڵا: ئەگەر خۆپیشاندان لە ناوچەرگەی هەولێر نەبوایە نێچیرڤان بارزانی ناچار نەدەبوو لەگەڵ حكومەتەكەی بڕیار بدات، ئەوەی موچەی لەخوار 400 هەزار دینارەوەیە موچەكەی هیچی لێپاشەكەوت نەكرێت و ئەوانی دیكەش موچەكەیان دوو هێندە زیادكرا، سەرەرای موچە ناچاركران سەرجەم دەستگیركراوان ئازادبكرێن ، لەهەموشی گرنگتر  هاوڵاتیان خۆیان و بە ئازایەتی و قوربانیدان دەروازەیان كردەوە كە هەرساتێك بیانەوێت بڕژێنە سەرشەقام و بەبێ ترس خۆپیشاندان بكەن و نارەزایی دەرببڕن.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand