Draw Media

ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە

ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە

2025-05-09 10:35:26


ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەم شێوەیەیە:

"کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، لە دوو هەرێمی جیاواز بە تەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە. کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆی کرد، دیدگا و پێشنیارەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ کۆنگرەکە خوێندەوە و هەڵسەنگاند. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.

لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژوویی وەرگرت.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچوو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژوویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەموو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بە شێوەیەکی دروست خاوەنداری لە هەموو بەها دیموکراتیکی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن و  بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدانمان بکەن و بۆ هەمیشە یادیان بە زیندووی بهێڵنەوە.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەڕێز و پێزانینەوە یادی شەهید سری سوورەیا ئۆندەری کردەوە کە لە ئامادەکارییەکاندا یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە ڕەنجێکی زۆری دا. بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی ئەم مرۆڤە هێژایە کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بانگەوازی لە هەموو کەسێک کرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن.

ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردوو  هەرێمە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنرێت.

لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتی یەکەمین شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا، جارێکی تر بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو ناوچەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرز بکەنەوە.

شەهیدان نامرن!

بژی ڕێبەر ئاپۆ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand