چاوپێكەوتن لەگەڵ هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین

Draw Media

2018-03-26 18:22:11



 چاوپێكەوتن: كۆسالاَن عەبدولمەجید
هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت زیاتر لە 200 هەزار كەس لە عەفرین ئاوارەی هەرێمی شەهبابوون و لە دۆخێكی زۆر دژواردا دەژین و هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بە هانایانەوە نەچووە.
لە چاوپێكەوتنێكیدا كە " درەو"  بە تەلەفۆن لەگەڵیدا ئەنجامیداوە هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین دەشڵێت بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پێیاندەگات لە رۆژی یەكەمی داگیركردنەوە تاڵانكردن و وێرانكردن و دزی  لە عەفرین دەستیپێكردووە، ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە و توانای دەرچونیان نەبووە، روبەڕوی ئازارو ئەشكەنجە دەبنەوە و رۆژانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەر كەسێك لەوانەی كە نزیك بوبێت لە ئەوانەوە ئەكوژرێت و دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر كچەكانیان.
ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:


درەو: ئێستا دۆخی عەفرین چۆنە ؟
هێڤی مستەفا: من ئێستا لە دەرەوەی عەفرینم، ئەتوانم لەسەر رەوشی ئاوارەكان قسەتان بۆ بكەم، كاتێك بڕیارماندا لە عەفرین بكشێینەوە زیاتر لە 200 هەزار كەس ئاوارەبوون و ئاوارەكان هاتون بۆ نزیك عەفرین لە هەرێمی شەهبا، وەك دەزانن 58 رۆژ دوژمن بە فڕۆكە و تانك و تۆپ هێرشی كردەسەر عەفرین، هێرشیانكردە سەر خەڵكی سڤیل و شوێنە خزمەتگوزارییەكانی وەكو نەخۆشخانە و قوتابخانەكان، بۆئەوەی بەزۆر شارەكە بە خەڵك چۆڵ بكەن، بەوهۆیەوە زیاتر لە 200 هەزار كەس ئاوارە بوون و رومانكردە شوێنێك كە پێشتر شەڕی تیا بووە كە ئەویش شەهبایە و هۆكارەكانی ژیان تێیدا لاوازە، ئاوارەكان ئێستا بێ خزمەتگوزاری و بێ خۆراك و ئاون، تائێستا هیچ رێكخراو و كۆمیتەیەكی مافی مرۆڤ بەهانای لێقەوماوانەوە نەهاتووە، هیچ ناوەندێكی تەندروستی تێدا نییە، بەهۆی خراپی رەوشەكەوە رۆژانە خەڵك گیان لەدەستدەدەن.


درەو: هیچ ئامارێكی قوربانییەكان لەبەردەستدان لەدوای ئاوارەبوون ؟
هێڤی مستەفا: تائێستا ئەوەی لەبەردەستماندایە لەناو ئاوارەكاندا پێنج كەس مردون كە دوانیان منداڵن.
درەو: ئایا هۆكار شەڕە یان سیاسییە كە هیچ كۆمیتە و رێكخراوێكی بواری مافەكانی مرۆڤ و كۆچبەران بەهانای ئاوارەكانی عەفرینەوە ناچن ؟
هێڤی مستەفا: وەكو ئاماژەمان پێدا، ئەو هەرێمەی كە ئێستا ئێمەی تێداین (شەهبا)، پێشتری داعشی تێدا بووە، شەڕی تێدا بووە و روبەڕوی وێرانكارییەكی زۆر بووەتەوە، ئێمەش بۆخۆمان نازانین هۆكار چییە تائێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەهاتووە بە هانای ئاوارەكانی عەفرینەوە.


درەو: ئێستا رەوشی ناو سەنتەری عەفرین چۆنە ؟
هێڤی مستەفا: ناو شاری عەفرین بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەگەنە ئێمە لە رۆژی یەكەمی داگیركردنەوە تاڵانكردن و وێرانكردن و دزی دەستیپێكردووە، ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە و توانای دەرچونیان نەبووە، روبەڕوی ئازارو ئەشكەنجە دەبنەوە و رۆژانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەر كەسێك لەوانەی كە نزیك بوبێت لە ئێمەوە ئەكوژرێت و دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر كچەكانیان، ئەو پروپاگەندانەشی كە دەكرێت و داوادەكەن خەڵك بگەڕێتەوە بۆ عەفرین كە خۆیان وەكو لایەنێكی باش نیشان دەدەن، ئەوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە، كاتێك كە خەڵك دەگەڕێتەوە، دەرگا دادەخەن و ئەشكەنجەیان دەدەن و هەندێكیان دەكوژن و دەستدرێژی دەكەنە سەر كچەكانیان، بەم درۆیانە دەیانەوێت خەڵك بگەڕێتەوە و ئازاریان بدەن، ئەوان ئەیانەوێت دیموگرافیای ناوچەكە تێكبدەن.


درەو: ئایا كشانەوەی ئێوە كشانەوەیەكی تەكتیكی بوو یان كشانەوەیەكی یەكجارەكی بوو ؟
هێڤی مستەفا: نەخێر ئێمە بە یەكجاری چۆڵمان نەكردووە بۆیە ماوەی نۆ رۆژە لە هەرێمی شەهباین، ئێمە بێئومێد نەبوین لەوەی بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، كشانەوەی ئێمە بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل بوو، چونكە بەگشتی 360 گوندیان بۆردومانكرد، خەڵكەكەش بەرەو ناوەندی عەفرین هاتبوون، ئێمە وتمان با خەڵكی خۆمان لە كۆمەڵكوژی بپارێزین و دەرفەتێكیش بە هێزەكانی خۆمان بدەین خۆیان رێكبخەنەوە و تەكتیكی خۆیان بگۆڕن، چونكە شەڕكردن لەناو خەڵكی مەدەنیدا سەختە، لەبەرئەوە ئێمە بڕیارماندا بكشێینەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لە هێزەكانمان لەناو عەفرین ماونەتەوە و رۆژانە چالاكی دەكەن.


درەوە: كەواتە بەگشتی كانتۆنی عەفرین كەوتە ژێر دەستی سوپای توركیا ؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ هەمووی داگیركراوە، بەڵام ئێستا هەڤاڵەكانی ئێمە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دەكەن.


درەو: بەپێی هەواڵەكان دەوترێت توركیادەستیكردووە بە هەڵمەتێك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، ئایا ئەم قسانە راستن ؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ راستە، چونكە ئەردۆغان بەردەوام دەیوت ئێمە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون بۆ ئەوە دەكەین كە ئاوارە سورییەكانی ناو توركیا بگەڕێنینەوە بۆ ناو سوریا، لە هەندێك گوند ئەم هەڵمەتەی دەستپێكردووە و خێزانی چەكدارانی بەرەی نوسرە و داعش و قاعیدەی هێناوەتە ناوچەكەوە، لەلایەكی تریشەوە پروپاگەندە دەكات بۆ خەڵخەڵەتاندنی گەلی ئێمە و رایگشتی جیهان و دەڵێ بگەڕێنەوە ئێمە پێشوازیتان لێ دەكەین، بەڵام وەكو ئاماژەمان پێدا ئەمە پێچەوانەكەی راستە.
درەو:  هەندێك هەواڵی تر هەن كە باسلەوە دەكەن یەپەگە رێگەنادات بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناو عەفرین، ئەمە راستە ؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ دەبێ ئێمە رێگە نەدەین، یەپەگە دەڵێ با كەس نەگەڕێتەوە ئێمە هەمومان بەیەكەوە دەگەڕێنەوە بۆ عەفرین، چونكە چالاكییەكانی ئێمە لە عەفرین بەردەوامە و نەوەستاوە، لە هەر شوێنێك خێزانەكانی داعش و بەرەی نوسرە نیشتەجێ بوبێت ئامانجی ئێمەن، كاتێكیش كە خەڵك بگەڕێتەوە روبەڕوی مەترسی دەبێتەوە.


درەو: مەترسی ئەوە هەیە سوپای توركیا لەشكركێشییەكەی هەتاوەكو دێرك و شەنگال بەردەوام بكات ؟
هێڤی مستەفا: دەبێت، ئێستا شەڕێكی قورس لەسەر سوریا بە گشتی هەیە كە جەنگێكی جیهانییە، دەوڵەتی توركیا بە ئاشكرا وتویەتی لە كوێ ئیرادەی كورد پێشبكەوێت ئێمە هێرشی دەكەینە سەر، واتا مەترسی لەسەر ئەم هەرێمەش (شەهبا) هەیە، بۆ ئێمە لەرێگای ئێوەشەوە بانگەواز دەكەین كە پشتیوانی ئەم گەلە بكەن و پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی بۆ ئەم خەڵكە لێقەوماوە دروستبكرێت، 200 هەزار كەس جگە لە خەڵكی شەهبا خۆی ئێستا لە دۆخێكی خراپدا ژیان دەكەن و لەژێر هەڕەشەدان، ئێمە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوین، لەلایەكەوە رژێمی ئەسەد و لەلایەكی ترەوە گروپە تیرۆریستەكان هەن، لەمەبەر ئەمە داوادەكەین پاراستنێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەم گەلە دروستبكرێت.


درەو: پێشتر روسیا بارەگاكانی خۆی لە عەفرین كێشایەوە بۆئەوەی توركیا هێرش بكات، ئایا ئەمریكا بەهەمان شێوەی لە مەنبج و هەرێمی جزیرە دەكشێتەوە، گومان دەكەن ئەمریكا وەكو روسیا رێككەوتنێكی لەو جۆرە لەگەڵ توركیا بكات ؟
هێڤی مستەفا: ئێمە پشتی خۆمان بە كەس قایم ناكەین، تەنیا گەلی خۆمان نەبێت، وەك دەزانن ئەمریكاش تەنیا لە شەڕی تیرۆردا رێككەوتنی لەگەڵ ئێمەدا هەبووە، ئێمە دەزانین ئەو هێزەی لەسەر زەوی عەفرین بوو بەرپرسیارە لەو كارەساتەی بەسەر عەفریندا هات، دوور نییە ئەمریكاش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی دەستبەردار ببێت، بۆیە ئێمە هەر لە رۆژی یەكەمەوە هاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ ئەوان هاوپەیمانێتییەكی ستراتیژی نەبووە، هاوپەیمانێتییەك بووە بۆئەوەی ئێمە پێكەوە شەڕی تیرۆر بكەین، ئێمە ئیرادە و هێزی گەلی خۆمان بە بنەما وەردەگرین، 58 رۆژ لە عەفرین بەرخودانێكی بێوێنە كرا كە تەنانەت دەوڵەتیش ناتوانێت ئەوەنە رۆژ بەرگری بكات.

ئامارەكان
شەهیدەكان
: 250 كەس زۆرینەیان ژن و منداڵن
بریندارەكان: 600 كەس كە زۆربەیان سڤیلن
زیانە مادییەكان: روخانی 40 خوێندنگە و روخاندنی پرد و ئەو دەریاچانەی كە ئاوی عەفرین دابیندەكەن، هەروەها روخاندنی شوێنەوارەكانی (عەیندارە) و (مارون).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand