🔻 قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە چارەکی سێیەمی 2026 بەراورد بە چارەکانی سێیەمی 2025؛
🔹 ئارامکۆی سعوودی لە چارەکی سێیەمی 2026دا پێشەنگی قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی گرت، بە جۆرێک کە داهاتی پوختی بەڕێژەی (32%) گەشەی کرد و گەیشتە سەروو (36 ملیار) دۆلار.
🔹 کۆمپانیای ئەمریکیی ئێکسۆن موبیل پێشەنگی قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژئاوای کرد، بە جۆرێک کە پوختەی قازانجەکەی بە ڕێژەی (104%) بەرز بووەوە و لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا گەیشتە پتر لە (15.4 ملیار) دۆلار.
🔹 قازانجی کۆمپانیای شێڵ بە ڕێژەی (127%) بەرز بووەوە و لە ماوەی ناوبراودا گەیشتە زیاتر لە (12 ملیار) دۆلار.
🔹 کۆمپانیای ئەمریکیی شیڤرۆن بە ڕێژەی (180%) بازی دا و لە چارەکی سێیەمی 2026دا گەیشتە زۆرتر لە (9.9 ملیار) دۆلار.
🔹 قازانجی کۆمپانیای بی پی بە ڕێژەی (283%) زیادی کرد و لە چارەکی سێیەمی 2026دا گەیشتە نزیک لە (8.5 ملیار) دۆلار.
🔹 قازانجی کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنرجی بە ڕێژەی (124%) زیادی کرد و لە چارەکی سێیەمی 2026دا گەیشتە سەروو (8.2 ملیار) دۆلار.
🔹 سەبارەت بە کۆمپانیای (ئینی)ی ئیتاڵی، گەورەترین زیادبوونی لە ڕووی ڕێژەی سەدییەوە لەنێو قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتدا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بەدەستهێنا کە گەیشتە (300%)، بە جۆرێک داهاتی پوختی کۆمپانیاکە بووە (3.6 ملیار) دۆلار.
🔹 کۆمپانیای (ئیکوینۆر)ی نەرویجیش لە زیانێکەوە کە لە چارەکی سێیەمی ساڵی ڕابردوودا (0.2 ملیار) دۆلار بوو، ئەمساڵ گۆڕا بۆ قازانجێکی پوختە بە بڕی (2.54 ملیار) دۆلار.
ڕاپۆرتی یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە
پێشەکی
لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2026دا، قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بە پاڵپشتیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و گاز و بەردەوامیی ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان لەسەر ئاستی جیهان، کە لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی گەرووی هورمز دێت.
سەرباری بەزبوونەوەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی (39%) و گەیشتنی بە (95.95) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە چارەکی سێیەمی 2026، ئەمەش بەراورد بە تێکڕای هەمان ماوەی ساڵی 2025 کە (69) دۆلار بوو.
قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت پاڵپشتیی لە بەرزبوونەوەی پاڵاوتنی سووتەمەنی و نرخەکانی گازی شل ( LNG) وەرگرت، ئەمەش قەرەبووی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی کردەوە کە بەهۆی بەردەوامیی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لای هەندێک کۆمپانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست ببوو، لە ئەنجامی لێکەوتەکانی شەڕی ئێران.
لەم دێڕانەی خوارەوەدا، (یەکەی توێژینەوەکانی وزە - کە بارەگاکەی لە واشنتنە) چاودێریی قازانجی پوختەی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەکات لە چارەکی سێیەمی 2026دا بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی 2025، کە تێیدا سەرجەم ئەو 8 کۆمپانیایەی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە.
ئارامکۆی سعوودی پێشەنگی گەشەی قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتە
سەرەڕای هێرشەکانی سەر ژێرخان و ئاڵۆزییەکانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، کۆمپانیای "ئارامکۆی سعوودی" لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بەرزترین قازانجی پوختی لە دوای هەمان چارەکی ساڵی 2022ـەوە بەدەستهێنا؛ ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە بەرزبوونەوەی داهات و داهاتە لاوەکییەکانی پەیوەست بە فرۆشتن، هەروەها تۆمارکردنی دەستکەوتەکانی فرۆشتنی پشکی خاوەندارێتیی ئارامکۆ لە کۆمپانیایەکی هاوبەشدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجامی کارەکانی چارەکی سێیەمی 2026، داهاتی پوختی ئارامکۆ گەیشتووەتە (36.25 ملیار) دۆلار، کە بە ڕێژەی (35%) زیادی کردووە بەراورد بە (26.94 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەروەها قازانجی هەموارکراوی ئارامکۆ لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بۆ (31.20 ملیار) دۆلار بەرزبووەتەوە، بەراورد بە (28.58 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
قازانجی ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ
قازانجی پوختی کۆمپانیای (ئێکسۆن مۆبیل)ی ئەمریکی بە نزیکەی (104%) بەرزبووەوە و گەیشتە (15.41 ملیار) دۆلار لە چارەکی سێیەمی 2026دا، بەرامبەر بە (7.55 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی 2025دا، ئەمەش بە پاڵپشتیی گەرموگوڕیی چالاکیی پاڵاوتن بۆ پڕکردنەوەی خواست، بەتایبەتی لەسەر گازوایل (دیزڵ).
سەبارەت بە قازانجی هەموارکراویش، کە بڕگە و بابەتە دووبارەنەبووەکانی لێ دەردەکرێت، بۆ (17.5 ملیار) دۆلار بەرزبووەتەوە، بە ڕێژەی زیادبوونی (117.2%) بەراورد بە (8.06 ملیار) دۆلار لە چارەکی سێیەمی ساڵی ڕابردوودا.
لە پلەی سێیەمیشدا لە ڕووی بەهای ڕەهاوە لە دوای ئارامکۆ و ئێکسۆن مۆبیل، کۆمپانیای جیهانیی (شێڵ) هات بە قازانجی پوختی (12.06 ملیار) دۆلار لە چارەکی سێیەمی 2026دا، کە بە ڕێژەی (127%) بەرزبووەتەوە بەراورد بەوەی لە هەمان ماوەی 2025دا بەدەستی هێنابوو کە (5.32 ملیار) دۆلار بوو.
لە ڕووی قازانجی هەموارکراویشەوە، کۆمپانیا جیهانییەکە بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2022ـەوە بە بڕی (10.81) ملیار دۆلار تۆمار کرد، بە سوودوەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی گاز بە شێوەیەکی تایبەت.
قازانجی شیڤرۆن و بی پی
کۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئەمریکی لە ماوەی ئەو سێ مانگەی لە ئەیلوولی 2026 کۆتایی هات، قازانجێکی پوختی بە بڕی (9.92 ملیار) دۆلار بەدەستهێنا، کە بە ڕێژەی (180%) زیادی کردووە بەراورد بە (3.54 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
هەروەها قازانجی هەموارکراو بۆ (10.36 ملیار) دۆلار بەرزبووەوە، بە زیادبوونێک کە لەسەر بنەمای ساڵانە لە (185%) تێپەڕ دەکات.
بە بەرزبوونەوەیەکی گەورەتریش کە دەگاتە (283%) قازانجی پوختەی کۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانیە لە چارەکی ڕابردوودا لە (2.21 ملیار) دۆلارەوە بۆ (8.46 ملیار) دۆلار هەڵکشا، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە پەراوێزەکانی پاڵاوتن.
هەروەها قازانجی هەموارکراو بەر لە لێدەرکردنی سوود و باج و بەهەردرچوون و بەکاربردن (EBITDA) نزیکەی (4.43 ملیار) دۆلاری تۆمار کرد، بەراورد بە (2.77 ملیار) دۆلار لە چارەکی سێیەمی 2025دا.
قازانجی تۆتاڵ ئینێرجی، ئینی و ئیکوینۆر
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجی) قازانجێکی پوختی بە بڕی (8.26 ملیار) دۆلار تۆمار کرد، بە زیادبوونی (124%) بەراورد بە (3.68 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
هەروەها داهاتی پوختەی هەموارکراوی کۆمپانیا فەرەنسییەکە (تۆتاڵ ئینێرجی) گەیشتە (9.1 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی سێیەمی 2025دا 3.98 ملیار دۆلار بوو.
سەبارەت بە کۆمپانیای (ئینی)ی ئیتاڵی، گەورەترین زیادبوونی لە ڕووی ڕێژەی سەدییەوە لەنێو قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتدا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بەدەستهێنا کە گەیشتە (300%)، بە جۆرێک داهاتی پوختی کۆمپانیاکە بووە (3.6 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی 2025دا (0.9 ملیار) دۆلار بوو.
هەروەها قازانجی پوختی هەموارکراو بە ڕێژەی (125%) لەسەر بنەمای ساڵانە بەرزبووەوە و گەیشتە (3.14 ملیار) دۆلار.
کۆمپانیای (ئیکوینۆر)ی نەرویجیش لە زیانێکەوە کە لە چارەکی سێیەمی ساڵی ڕابردوودا (0.2 ملیار) دۆلار بوو، ئەمساڵ گۆڕا بۆ قازانجێکی پوختە بە بڕی (2.54 ملیار) دۆلار.
هاوکات کۆمپانیاکە قازانجێکی هەموارکراوی بە بڕی (2.86 ملیار) دۆلار لە چارەکی سێیەمی 2026دا تۆمار کرد، کە بەرزبووەتەوە بەراورد بە (0.93 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

سەرچاوە
احمد شوقي - منصة الطاقة، وحدة أبحاث الطاقة، قفزة كبيرة في أرباح شركات النفط الكبرى خلال 3 أشهر (إنفوغرافيك(، 2026-11-03؛
https://shorturl.at/g3m51