درەو:
ئامادەکردنی: د. بێستون محەمەد
نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەندێک شوێن نزیک بووەتەوە لە 400 هەزار دیناری عێراقی
بەداخەوە، حکومەتی هەرێم دەیان قەیرانی ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە؛ لە لایەک حکومەت ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاونیشتمانییان دابین بکات، لە لایەکی تریشەوە ناتوانێت کۆنترۆڵی بازاڕ بکات. بەردەوام داهێنان دەکرێت لە دروستکردنی قەیرانی نوێدا. لە بنەمادا بازاڕی ئازاد بۆ کێبڕکێی دابەزاندنی نرخ و بەرزکردنەوەی کوالیتییە، بەڵام لە ژینگەی شێواوی کوردستاندا کار بە پێچەوانەکەی دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش دووڕووییەکی ڕوونی پێوە دیارە؛ دەگوترێت بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕە تەنها پێداویستیی 250 هەزار خێزان دابین دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت نزیکەی 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان بۆ خەڵکی کوردستان پێویستە و ئەو بڕەش لەسەر بنەمای 200 لیتر بۆ هەر خێزانێک دیاریکراوە. بەڵام من پێم وایە لەو ڕێژەیە زیاتر پێویستە، کە لێرەدا بە وردەکارییەوە داتاکان دەخەمە ڕوو، شیکارییەکەی من لەسەر بنەمای 200 لیتر بۆ شارنشین و 400 لیتر بۆ گوندنشینە؛
پێداویستی سوتەمەنی ماڵان/ نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان:
- هەولێر: زۆرترین پێداویستی سووتەمەنی هەیە، بە کۆی 123,579,400 لیتر (532,670 خێزان)، کە 89,488,600 لیتری بۆ شار و 34,090,800 لیتری بۆ لادێیە.
- سلێمانی و هەڵەبجە: کۆی پێداویستی 112,812,600 لیتر (508,165 خێزان)، لەگەڵ 90,453,400 لیتر بۆ شار و 22,359,200 لیتر بۆ لادێ — بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی شار لەنێو سێ پارێزگاکەدا.
- دهۆک: کەمترین کۆی پێداویستی، 81,198,800 لیتر (338,328 خێزان)، بە 54,132,400 لیتر بۆ شار و 27,066,400 لیتر بۆ لادێ — بەڵام بەرزترین بەشی لادێیی لەنێو خێزانەکاندا.
- کۆی گشتی هەرێم: 1,379,163 خێزان پێویستیان بە 317,590,800 لیتر سووتەمەنی هەیە، کە تێکڕا نزیکەی 200 لیتر بۆ هەر خێزانێکی نیشتەجێی شار و 400 لیتر بۆ هەر خێزانێکی نیشتەجێی لادێ.



