د. سانا كەماب، پارێزەری ڕاوێژکار
کێ مافی کۆنترۆڵکردنی ئەندام پەرلەمانی هەیە؟
( خوێندنەوەیەکی یاسای بۆ خاوەندارێتی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان )
کێشەی پابەندنەبونی هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان بەبڕیاری حیزبەکانیان، تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی رێکخستنی ئەو حیزبە نیە، بەڵکو پرسیارێکی قوڵی یاساییە سەبارەت بە سروشتی پەیوەندیی نێوان سێ لایەن: ١- ئەو حیزبەی کاندید پێشکەش دەکات. ٢- ئەو کاندیدەی بە دەستکەوتنی زۆرینەی دەنگەکان دەبێتە خاوەنی کورسیی پەرلەمانی. ٣- ئەو دەنگدەرەی دەنگ دەدات و کاندیدەکە دەکات بە ئەندام پەرلەمان.
دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦ یەکەم دانیشتن بوو کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، تیایدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ جێگرەکەی و سکرتێرەکەی بە ٥٢ دەنگ هەڵبژێردران.
"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" و "یەکگرتوی ئیسلامی" و هەندێک لایەنی دیکە ڕایانگەیاندبوو کە بەشداریی دانیشتنەکە ناکەن، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی و نەوەی نوێ وهەندێک لایەنی تر، سەرەڕای ڕاگەیاندنی بڕیاری بایکۆت لە لایەن حزبەکانیانەوە بەشدارییان کرد.
لێرەدا ئەوەی گرنگە وەڵامەکەیمان دەست بکەوێت، خۆی لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەبینێتەوە:
چۆن دەتوانین سیستمێکی یاسایی دابمەزرێنین کە ڕێز لەو ویستە سیاسیە بگرێت کە بوەتە هۆی بردنەوەی کورسیی پەرلەمانی، بەبێ ئەوەی ئەندامی پەرلەمان بکاتە کۆیلەی حیزب؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پیویستی بە گەراندنەوەیە بۆ دوو مۆدێلی نۆینەرایەتی ئەندام پەرلەمان:
یەکەم: مۆدێلی نوێنەرایەتیی ئازاد (Free Mandate):
بەپێی ئەم مۆدێلە، ئەندامی پەرلەمان نوێنەری هەموو گەلە و پابەندی فەرمان و ڕێنماییە ناچارکەرەکانی حیزب یان دەنگدەران نیە، بەڵکو بەپێی ویژدان و بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی ئەرکی نوێنەرایەتی جێبەجێ دەکات.
دووەم: مۆدێلی نوێنەرایەتیی پابەند (Imperative Mandate):
بەپێی ئەم مۆدێلە، ئەندامی پەرلەمان پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکانی ئەو لایەنەیە کە هەڵیبژاردوە واتە حیزب، و لەوانەیە پێشێلکردنی ئەو پابەندیە ببێتە هۆی سەپاندنی سزا، تەنانەت ئەو سزایە دەڕوات تا ئاستی لەدەستدانی کورسیی پەرلەمانیش.
ئەزموونە یاساییە بەراوردکاریەکان:
یەکەم: ئەڵمانیا:
سەربەخۆیی ئەندام پەرلەمان، بەو پێیەی ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری هەموو گەلن، پابەندی هیچ فەرمان و ڕێنماییەک نابن و تەنها بەپێی ویژدانی خۆیان بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتی جێبەجێ دەکەن.
لەبەر ئەوە، حیزب ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەندامی پەرلەمان ناچار بکات بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا دەنگ بدات، هەروەها ئەندامی پەرلەمان بە تەنها بەهۆی جێهێشتنی حیزبەکەیەوە کورسییەکەی لەدەست نادات.
بەڵام ئەمە بە مانای نەبونی پابەندی حیزبی نیە، چونکە حیزبەکان لە ڕێگەی گروپە پەرلەمانیەکان چاودێریی ڕێکخستنی ناوخۆیی حیزبەکانیان دەکەن و بڕیاری دوبارە کاندید نەکردنەوەی ئەو ئەندام پەرلەمانە دەدەن کە لە یەکێک لە خولەکاندا لە فەرمانی حیزب دەرچبوو.
دووەم: هیندستان:
ئەزموونێکی جیاوازی هەیە، ئەندام پەرلەمان لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراودا کورسیەکەی لەدەست دەدات، لەوانە:
- بە خواستی خۆی ئەندامێتی حیزبەکەی جێبهێڵێت.
- بە پێچەوانەی ڕێنمایی حیزبەکەی دەنگ بدات یان دەنگ نەدات، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی پێشوەختەی حیزبەکەی هەبێت و حیزبەکەش لە ماوەی پازدە ڕۆژدا لێی خۆش نەبێت.
سێیەم: بەریتانیا:
ئەندام پەرلەمان بە تەنها بەهۆی پێچەوانەکردنەوەی بڕیاری حیزب یان جێهێشتنی حیزبەکەی کورسیەکەی لەدەست نادات، بەڵام حیزبەکان لە ڕێگەی سیستەمێک کە بە (Party Whip) ناسراوە، پابەندیی ئەندامانی خۆیان بۆ دەنگدان لەسەر بنەمای بڕیارە حیزبیەکان ڕێکدەخەن.
ئەم پابەندیە بەپێی گرنگیی بابەتەکە دەگۆڕێت، لە دەنگدانە ئاساییەکاندا بوارێکی فراوانتر بۆ بڕیاری تاکەکەسی هەیە، بەڵام لە دەنگدانە گرنگ و چارەنووس سازەکاندا پابەندیی حیزبی زیاتر دەبێت.
سزای سەرپێچی لەم حاڵەتەدا سیاسی و ڕێکخراوەییە، وەک هەڵگرتنەوەی مافی نوێنەرایەتی حیزب لە ناو گروپی پەرلەمانی (Withdrawing the Whip) یان لەدەستدانی هەندێک پۆستی حیزبی، بەبێ ئەوەی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کورسیی پەرلەمانی هەبێت.
چوارەم: مەغریب:
لەدەستدانی پێگەی پەرلەمانی بەهۆی جێهێشتنی پەیوەندیی حیزبی:
لە مەغریب، ئەندام پەرلەمان لە حاڵەتی جێهێشتنی ئەو حیزبەی کە بە ناویەوە خۆی کاندید کردووە، یان جێهێشتنی فراکسیۆنی پەرلەمانیەکەی، لە پێگەی پەرلەمانی خۆی دەکرێتە دەرەوە، بەڵام ئەم دەرکردنە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕونادات، بەڵکو بە بڕیاری دادگای دەستوری جێبەجێ دەکرێت.
لە بەرامبەردا، یاسای هەندێک وڵاتی دیکە، وەک فەرەنسا و ئیتالیا و ئیسپانیا، بە ڕونی «نوێنەرایەتیی پابەند بە بریاری حیزب» قەدەغە دەکەن.
چوارچێوەی یاسای لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پەیوەندیی نێوان حیزب و ئەندامی پەرلەمان لە نێوان دوو بنەمای ناکۆکدا گیرۆدە بووە: لە لایەکەوە، حیزبە سیاسیەکان بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی حیزبی و پشتیوانی سیاسی و دارایی، ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەڵبژاردن و گەیاندنی کاندیدەکانیان بۆ پەرلەمان دەگێڕن. لە لایەکی دیکەوە، ئەندامی پەرلەمان بە دەنگی هاوڵاتیان دەگاتە کورسیی نوێنەرایەتی و دەبێت لەبڕیار و هەڵوێستە پەرلەمانییەکانیدا بەرپرسیار بێت لە بەرامبەر دەنگدەر و ویژدانی سیاسی و ئەخلاقی خۆیدا، نەک تەنها بەرامبەر ڕێبەرایەتی حیزب.
لە عێراقدا، ئەم کێشەیە لە ڕوی دەستوریەوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، چونکە مادەی ٤٩ی دەستور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە نوێنەری هەموو گەل دادەنێت، لە کاتێکدا ماددەی ٣٩ ئازادیی دامەزراندن و ئەندامێتی حیزبی و نەبونی زۆرەملێ لە بەردەوامبون لە ئەندامێتی حیزبدا دەستەبەر دەکات.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم ململانێیە بە شێوەیەکی دیارتر و قوڵتر دەردەکەوێت، چونکە پەیوەندیی نێوان حیزب و پەرلەمان زۆرجار لە چوارچێوەی هاوسەنگیی سیاسی و ڕێکەوتنی نێوان حیزبە سەرەکیەکاندا دەجوڵێت، تا ئەو ڕادەیەی ناکۆکی حیزبی دەتوانێت کارکردنی دامەزراوەی پەرلەمانی بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی.
ڕوداوەکانی ٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦ نمونەیەکی ڕونی ئەم دۆخەن: سەرەڕای بانگەشەی بایکۆتی دانیشتنەکە لەلایەن چەند حیزب و فراکسیۆنێکەوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان بە پێچەوانەی بڕیاری حیزبەکانیان بەشداریان کرد و ژمارەی پێویستی یاسایی بۆ بەستنی دانیشتنەکە دابین بوو، هەندێک حیزبیش وەڵامی ئەم هەڵوێستەیان بە دەرکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حیزبی دایەوە. لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نیە کە کام حیزب ڕاست دەکات، بەڵکو ئەوەیە: ئایا حیزب مافی ئەوەی هەیە ئیرادەی ئەندامی پەرلەمان لە بڕیارەکانی خۆیدا کۆنترۆڵ بکات، یان ئەندامی پەرلەمان دوای هەڵبژاردن خاوەنی ئیرادەی نوێنەرایەتی خۆیەتی؟ ئەمە تەنها ناکۆکیەکی حیزبی نیە، بەڵکو کێشەیەکی یاساییە لە سنوری دەسەڵاتی حیزب. بۆیە چارەسەرەکە نە لەسەپاندنی ملکەچی ڕەهای ئەندامی پەرلەماندایە و نە لەپشتگوێخستنی هەر ڕێکخستنێکی حیزبی، بەڵکو لە دامەزراندنی هاوسەنگیەکی یاسایی و دیموکراتیکدایە کە تێیدا حیزب مافی ڕێکخستن و دیسپلینی سیاسی خۆی هەبێت، بەڵام ئەم مافە نەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی بێسنور بەسەر ئیرادەی ئەندامی پەرلەماندا.
-------------------------
ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان حیزب، نوێنەر و دەنگدەر:
کێشەکە تەنها پابەندبون یان پابەند نەبونی ئەندامی پەرلەمان بە بڕیارەکانی حیزب نیە، بەڵکو ناڕونی پەیوەندی نێوان حیزب و نوێنەر و دەنگدەرە کێشە ڕاستەقینەکەیە.
حیزب کاندید پێشکەش دەکات، دەنگدەر دەنگی پێ دەدات، بەڵام دوای گەیشتنی بە پەرلەمان، ناکۆکی لەسەر ئەوە دروست دەبێت کە کێ دەسەڵاتی دیاریکردنی هەڵوێستی سیاسیی ئەو نوێنەرەی هەیە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێشنیار دەکەین حیزبەکان پێش هەڵبژاردن بەڵگەنامەیەکی ئاشکرای بنەما و پابەندیە سیاسیەکانیان بڵاو بکەنەوە، هەروەها ساڵانە ڕاپۆرتێک لە هەڵوێستەکانی فراکسیۆنی پەرلەمانی و هۆکارەکانی ناکۆکیەکان پێشکەش بکەن، بەمەش لێپرسینەوە لە هەڵوێستی نوێنەر ی گەل «ئەندام پەرلەمان»تەنها لە دەستی ڕابەرایەتی حیزبدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەنگدەران و ڕای گشتی.
-------------------
بنەمایەکی دیکە کە دەکرێت بناسرێت بە «بنەمای هاوبەشی و دولایەنەی پابەندیی حیزبی» (Reciprocity of Party Discipline)، بەپێی ئەم بنەمایە، ئەگەر ئەندام پەرلەمان پابەندبێت بە بڕیارەکانی حیزب، حیزبیش دەبێت پابەندبێت بە دیموکراسیی، واتە پابەندی نابێت تەنها لە ئەندامەوە بۆ ڕابەرایەتی حیزب بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پابەندی دولایەنە دابمەزرێت.
بە واتایەکی تر: سەرۆکی حیزب نابێت بە تەنها بڕیاری پابەندکەر دەربکات، ئەندامانی پەرلەمان کەسەر بەو حیزبەن دەبێت لە بڕیارە گرنگەکاندا بەشدار بن، ئەندام پەرلەمان مافی ناڕەزایی و پێشکەشکردنی پاساوی هەبێت، وە نابێت دەرکردنی ئەندام پەرلەمان لە حیزب ببێتە ئامرازێک بۆ سزادانی هەر هەڵوێستێکی پەرلەمانی سەربەخۆ.
پێشنیاری چاکسازی:
وەک پێشنیارێکی یاسایی پێشنیاری دامەزراندنی سیستەمێک دەکەین بە ناوی «سیستەمی پابەندی حیزبیی پلەبەند کراو» (Graduated Party Political Obligation).
بیرۆکەی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە نابێت هەموو بڕیارە حیزبیەکان بە یەک ئاستی پابەندی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پابەندی ئەندامی پەرلەمان دەبێت بەپێی جۆر و گرنگی بڕیارەکە دیاری بکرێت.
ئەم سیستەمە لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی دامەزراوە:
ـ یەکەم: جیاکردنەوەی بڕیارە حیزبیەکان بەپێی ئاستی گرنگیان.
بڕیارە حیزبیەکان دەبێت بە سێ جۆر دابەش بکرێن:
- بڕیارە ستراتیژیەکان، وەک بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت و هاوپەیمانیە سیاسیەکان، کە پێویستیان بە پابەندیی بەرزی حیزبی هەیە.
- بڕیارە ڕێکخستنیە پەرلەمانیەکان، وەک بایکۆتکردنی دانیشتنەکان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، «هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەرچەندە لە ڕوی سروشتی یاساییەوە بڕیارێکی ڕێکخستنی پەرلەمانیە، بەڵام بەهۆی کاریگەریە دامەزراوەیی و سیاسیەکانیەوە، لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت ئەنجامی ستراتیژیی هەبێت، ئەمەش نابێت ببێتە هۆی ئەوەی پابەندی حیزبی جێگەی ئازادی دەنگدان و بڕیاری ئەندام پەرلەمان بگرێتەوە.» .
- بڕیارەکانی یاسادانان و چاودێری، کە پێویستە بوارێکی فراوان بۆ سەربەخۆیی و هەڵسەنگاندنی ئەندام پەرلەمان تێیاندا بهێڵدرێتەوە.
ـ دووەم: دانانی بنەمای پابەندیی حیزبیی:
کاندیدێک کە لەلیستی حیزبێکدا خۆی کاندید دەکات، لە ناسنامە و بەرنامە و پشتیوانی جەماوەری ئەو حیزبە سوودمەند دەبێت، بۆیە پەیوەندی نێوانیان تەنها ڕێکخراوەیی نیە، لەبەر ئەوە پێویستە یاسا حیزبەکان پابەند بکات سیستەمێکی ناوخۆیی و ئاشکرا دابنێن کە ئەمانە دیاری بکات:
١. بڕیارە پابەندکەرەکان و لایەنی دەسەڵاتداری دەرکردنیان.
٢. ڕێکاری پەسەندکردنی بڕیارەکان.
٣. مافی ناڕەزایی سەبارەت بە بریارەکان و داوای پێداچوونەوە لەلایەن ئەندام پەرلەمان.
٤. ئەو حاڵەتانەی کە ئەندام پەرلەمان دەتوانێت هەڵوێستی جیاواز بگرێتەبەر.
بەمەش هیچ بڕیارێک تەنها بەهۆی دەرچونی لە سەرۆکایەتی حیزبەوە نابێتە بڕیارێکی پابەندکەر، بەڵکو دەبێت بەپێی ڕێسا ناوخۆییەکان و لەلایەن دەزگای دەسەڵاتداری حیزبەوە دەرچوبێت.
لە کۆتایدا دەڵێن:
بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان حیزب و ئەندامی پەرلەمان، پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان سێ ئاستی پابەندی:
١- پابەندی حیزبی: پابەندبون بە پەیڕەو و بەرنامەی سیاسی حیزب، کە کاریگەریەکانی لە چوارچێوەی ڕێکخستنی حیزبیدا دیاری دەکرێن.
٢- پابەندی پەرلەمانی: پابەندبون بە ڕێکار و پەیڕەوی کارکردنی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی پەرلەماندا.
٣- پابەندیی یاسایی: جێبەجێکردنی ماف و ئەرکەکانی ئەندامی پەرلەمان بەپێی دەستور و یاسا، کە پێشێلکردنیان بەرپرسیاریەتی یاسایی لێ دەکەوێتەوە.
تێکەڵکردنی ئەم سێ ئاستە دەتوانێت حیزب لە ڕێکخراوێکی سیاسیەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی هاوتەریب کە کۆنترۆڵی کورسیی پەرلەمانی دەکات. بۆیە چارەسەر لەلابردنی ڕۆڵی حیزبدا نیە، بەڵکو لە سنوردارکردنی ئەو ڕۆڵەدایە بە ڕێسایەکی یاسایی و دیموکراتیکی، ڕێسایەک کە ناسنامە و بەرنامەی حیزب بپارێزێت، سەربەخۆیی دەستوری ئەندامی پەرلەمان مسۆگەر بکات و مافی دەنگدەر لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بپارێزێت، چونکە کورسی پەرلەمان موڵکی حیزب نیە، بەڵکو متمانەیەکی گشتیە کە دەنگدەر بە نوێنەرەکەی دەبەخشێت.