درەو:
رۆژنامەی "العربی الجدید" دەڵێت، لە ماوەی دە مانگی رابردوودا، پەرلەمانی عێراق لە کۆی دەیان یاسای هەڵپەسێردراو، لە ئێستادا تەنیا سێ یاسای پەسەندكردووە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین دانیشتن، ئەوە لەكاتێكدایە، پرسەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە بەرنامەی کاردا ونبوون.
رۆژنامەكە ئاماژە بەوەدەكات، چەندین یاسای بنەڕەتی ساڵانێکە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەدان، كە كاریگەرییان درێژبووەتەوە بۆ رۆڵی چاودێریکردنی پەرلەمان و توانای لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن .
داتاکانی روانگەی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، تەنیا سێ یاسا پەسەندكراوە، لە کۆی 69 یاسا کە ئێستا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندایە، لەكاتێكدایە فراكسیۆنە سیاسییەکان بەردەوامن لە دانوستان لەسەر پڕۆژە یاسا مشتومڕاوییەکان، کە خولەکانی پێشوی پەرلەمان نەیانتوانیوە یەکلایی بکەنەوە.
ئەم بەرهەمە یاساییە سنوردارە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی خەرجییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 544 ملیار دینار و لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 582 ملیار دینارو لە ماوەی دە مانگی یەکەمی ساڵی 2024یشدا، خەرجییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 495 ملیار دینار، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان و بە پشتبەستن بە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەوەش کۆی خەرجییەکان لە ماوەی 34 مانگ (خولی پێشوو) نزیکەی یەک ترلیۆن و 621 ترلیۆن دینار بووە، لەم ماوەیەدا پەرلەمان 132 دانیشتنی ئەنجامدا و 58 یاسای دەرکردووە، كە بە تێکڕا نزیکەی 12 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ هەر دانیشتنێک و 28 ملیار دینار بۆ هەر یاسایەک دەكات، جەختیشدەكات لەوەی، ئەمە تەنیا وەك بەراوردێکی حسابی، كە مووچەی کارمەندان و پاسەوانی پەرلەمانتاران و خەرجییە کارگێڕی و بەكاربردنەكانیش لەخۆدەگرێت و تێچووی راستەوخۆی ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان یان یاساكان نییە.
سەبارەت بە تێچووی هەر ئەندام پەرلەمانێكیش، ئابوریناس مستەفا حەنتوش رایگەیاندووە، مانگانە لە نێوان 25 بۆ 30 ملیۆن دیناردایە، ئەم ژمارەیە خەرجییەکانی پاسەوانەكانیشی لەخۆدەگرێت کە لە 10 بۆ 14 پاسەوان پێکهاتوون و ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2006وە دیاریكراوە، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ئەو کاتە، سەرەڕای باشتربوونی دۆخی ئەمنی، تائێستا پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە.
رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات، لەسەر بنەمای ئەم خەمڵاندنە، تێچووی ساڵانەی یەک ئەندام پەرلەمانی عێراق لە نێوان 300 بۆ 360 ملیۆن دیناردایە، کە کۆی گشتی لە نێوان 1 ملیارو 200 ملیۆن بۆ 1 ملیارو 440 ملیۆن دینارە لە ماوەی چوار ساڵی پەرلەماندا.