سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

هەفتەی رابردوو رابردوو دوو ئەندامی كەجەكە چوونەتە ئیمرالیی

هەفتەی رابردوو رابردوو دوو ئەندامی كەجەكە لەشاخەكانی باشورەوە چوونەتە ئیمرالیی پەكەكە نزیكەی 180 خاڵی بەرگریی و چاودێریی لەباشور چۆڵكردووە

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 ئەیلوول 2026

 هەفتەی رابردوو رابردوو دوو ئەندامی كەجەكە چوونەتە ئیمرالیی

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

  درەو:

راپۆرتی: سەرتیپ جەوهەر
پێدەچێت چارەسەری پرسی كورد لەباكوری كوردستان، گفتوگۆی نێوان سەركردایەتی كوردو دەوڵەتی تورك درێژە بكێشێت و گرێ و گاری زۆریش لەو رێگایە هەیە. بۆچوونی جیاوازو دڕدۆنگی لەلای كوردەوە هەیەو رژێمی حوكمڕانیش تائێستا هەنگاوی كردارەكیی و بەرچاوی لەبەرامبەر هەنگاوەكانی پەكەكە نەناوە.
بەپێی سەرچاوەی ناڕەسمیی، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو دوو ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە، بەهەلیكۆپتەر لەشاخەكانی باشورەوە گوێزرانەتەوە بۆ ئیمرالیی، بۆ كۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆو گۆڕینەوەو راوێژ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی گفتوگۆی نێوان كورد و دەوڵەتی تورك.
لەئیمرالیی، عەبدوڵلا ئۆجالان راستەوخۆو بەڕاوێژ لەگەڵ قەندیل و بەشێك لەكادرانی كورد لەباكور، سەرپەرشتیی گفتوگۆ نێوان كوردو دەوڵەتی تورك دەكات. بەپێی زانیاریی و ئەو راپۆرتە هەواڵانەی لەمیدیاكانی توركیاو هەندێك سەرچاوە بڵاودەبێتەوە، پێدەچێت تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان چڕ ببێتەوە لەپرسی چەكدانان و گۆڕینی دەستور یاخود هەندێك لەیاساكانی توركیا بەجۆرێك دان بەبوونی گەلی كورددا بنێت، هاوكات پرسی ئاوێتەبوونی كورد بەشێوەیەكی كاریگەر لەژیان و پرۆسەی سیاسی توركیا.
هەفتەی رابردوو (محەمەد ئوچوم) راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریكردنی عەبدوڵلا ئۆجالانی لەلیژنەی چەكدانانی پەكەكە رایگەیاند، وەك ئاماژەیەك بۆ جددیەتی پەكەكە لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، چونكە هەموو دەزانن پرسی چەكدانان زۆر ئاڵۆزەو سەرخستنی ئەم هەنگاوە بەبێ‌ ئۆجالان مومكین نییە بكرێت.
بەشێك لەسەركردایەتی پەكەكە، دڕدۆنگن و متمانەیان بەدەوڵەتی تورك نییە هەنگاو بنێت بەرەو ئاشتییەكی راستەقینە، نایشارنەوە كە دەوڵەتی تورك خۆی لەجێبەجێكردنی بەڵێنەكان دەدزێتەوەو كردارەكیی شتێكی ئەوتۆی نەكردووە. ئەوان پێیانوایە چەكدانانی پەكەكە بەبێ‌ هەنگاوی پێشوەختەو گرەنتی، ریسككردنە بەچارەنوسی گەلی كوردو پەكەكە. سەبارەت كاتی دیاریكراو بۆ چەكدانان (سەقفی زەمەنیی) جیاوازیی بۆچوونیان هەیە، بەشێك لەوانەی قەندیل، پێیانوایە دەبێ گرەنتی زیاتر وەربگیرێت لەدەوڵەتی تورك، چونكە تائێستا بەكردار شتێكی ئەوتۆ نەكراوە، ناكرێت بەتەنها كورد هەنگاو بنێت و توركیاش هیچ نەكات! ئەمە لەكاتێكدا پەكەكە بەڕەسمیی چەكدانانی راگەیاندو هاوكات لەنزیكەی 180 بنكەو بارەگاو خاڵی بەرگریی لەشاخەكانی باشوری كوردستان كشاونەتەوە یان چۆڵیان كردووە، بەتایبەتیش لەشاخەكانی گارە، مەتین، زاپ و ...تد، چالاكییەكانیشیان زیاتر لەساڵێكە بەتەواوی متكردوە.
دەوڵەتی توركیا خۆی دەدزێتەوە لەو نەخشەڕێیەی كەپێشتر لەمیدیاكان باسكراوە، نایەوێت گۆڕانكاریی لەو یاسایانەدا بكات كە پەیوەندیان بەداننان بەمافی كورد وەك گەلێكی سەربەخۆو هاوكات پرسی لێبوردنی گشتییەوە هەیە. ئەوەی هەستی پێدەكرێت، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت رێككەوتنێكی سیاسی بكات و لەچوارچێوەی رێككەوتنەكە هەندێك ئاسانكاریی بۆ گەڕانەوەی گەریلاو كادرانی پەكەكە لە ئەوروپاو دەرەوەی توركیا بكات.
بەپێی زانیاریی رەنگە عەبدوڵلا ئۆجالان نوسینگەیەكی تایبەتی راوێژكاریی و راییكردنی ئیشوكارەكانی لەنزیك خۆی دروستبكات، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەك كادرو لێهاتووی حزبەكەی لەئەوروپاو لەشاخەكانی كوردستان دەگەڕێنەوە توركیا بۆ هەماهەنگیكردن و هاوكارییكردنی ئۆجالان وەك رێبەری كورد لەتوركیا و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی و هەنگاونان بەرەو قۆناغێكی نوێ‌، بەڵام دیار نییە هەموو ئەوهەنگاو و پلانانەی باسدەكرێت چەندە سەردەگرێت چونكە دەوڵەتی توركیا جێی متمانە نییە.
سەرباری رێگریی دەستوریی، بەڵام بەپێی هەموو ئەو ئاماژانەی هەن، پێدەچێت ئەردۆغان جارێكی دیكە خۆی بۆ سەرۆكایەتی توركیا هەڵبژێرێتەوە لەڕێی دۆزینەوەو كردنەوەی دەریچەیەكی یاسایی بۆ خۆ پاڵاوتنەوە. ئەوەی جێی ترسە، ئەردغان دەستی بەدەستی بەكورد بكات و بیەوێت كورد بەكاربهێنێت بۆ سەركەوتنی خۆی لەهەڵبژاردنی داهاتوو كە دەكەوێتە نیسانی 2028.
هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لەناوخۆی توركیاو دەرەوەی هەیە لەبارەی پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، بەڵام پاشەكشەكردن و خۆدزینەوە لەچارەسەری دۆزی كورد بۆ دەوڵەتی توركیا زەحمەت بووە، چونكە پرسەكە تازە وەك هێلكەیەكی تروكاوەو گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە. هۆشەكیی و بیری نەتەوەیی لەباكوری كوردستان بەجۆرێك گەشەیكردووە، رێگریی لێكردنی زۆر ئەستەمە، ئەگەر توركیا نەیەتە ژێرباری ئاشتیی، بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت بەمشێوەیە بەردەوام بێت. ئەم ماوەیەش ململانێیەكی سەختگیری نێوان توركیاو ئیسرائیل لەسەر فراوانخوازیی و هەژموون لەناوچەكە هەیە، بۆیە پێناچێت كاربەدەستانی تورك بیانەوێ‌ گفتوگۆی نێوان رابەری كورد (ئۆجالان) و توركیا تێكبچێت، بەڵام بەپێی ئەو خاوخاوەی دەیكەن، پێیانەوە دیارە ناچارن دان بەبوونی بەشێك لەمافەكانی كورددابنێن و هەندێك گۆڕانكاریی بكەن.
لەنێو ئەو هەموو گۆڕانكارییانەی ناوچەكە، ئیسرائیل خۆشحاڵ نییە بەگفتوگۆی كورد لەگەڵ توركیاو لەگەڵ سوریا. دەیەوێت كورد وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنێت و لەبازنەیەكی بۆشدا بیهێڵێتەوە بێئەوەی هیچ ئەجێندایەكی بۆ ئایندەی كورد هەبێت یاخود پشتیوانیی لەپلانێكی درێژخایەن بكات، دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت لەدژی توركیا و لەدژی دیمەشق.
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەكۆتایی 2024، ئیسرائیل لەمیدیاكانی خۆیەوە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لەدۆزی كورد دەكردو پەیامی دژ بەتوركیاو دژ بەرژێمی نوێی سوریا رادەگەیاند، بەڵام كاتێك ئەمریكا رێگەی بەرژێمی نوێی دیمەشقدا پەلاماری كورد بدات، ئیسرئیل نەك تەنها بەرپرسانی، بەڵكو میدیاكانیشی بەهەموو شێوەیەك بێدەنگ بوون و یەك رستەیان لەبارەی كوردەوە نەگوت، ئەمەش بەڵگەی ئەو راستیەیە كە ئیسرائیل كورد وەك سوتەمەنیی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت و هیچ تێگەیشتنێكی بۆ چارەسەری پرسی كورد لەناوچەكە نییە، بەڵكو پاشكۆی تێگەیشتن و ئەجێندای ئەمریكایە لەناوچەكە.
خولاسە، چارەسەری پرسی كورد روونە، بەرپرسانی توركیا لەوە گەیشتوون ناتوانن پاشەكشە لەچارەسەركردنیدا بكەن، بەڵام رووبەرووی ئەو زیهینیەتە دەبنەوە كە زیاتر لە 100 ساڵە دەڵێن لەغەیری تورك لەتوركیا نییەو بەو بیرو هزرە ئاراستەی دەكەن، خۆیان و شەقامی (تورك)یان تەواو بارگاویی كردووە بەدەمارگیریی نەتەوەیی، ناتوانن بەخێرایی گۆڕانكاریی بكەن، بەڵام ناچارن و هەندێك هەنگاو بنێن.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 10 کاتژمێر

تەسنیم: دەبێت عێراقچی داوای لێبوردن بكات

null
٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٦

پێشمەرگە لە نێوان میراتی خەبات و ئاڵنگاری کاری دامەزراوەییدا

null
٢١ ئەیلوول ٢٠٢٦

سەرۆكی چیچان ( 99.85%) دەنگەكانی بەدەستهێنا