درەو:
رۆژنامەی "العالم الجدید" لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگادارەوە ئاشكرایكردووە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەڵامی نامەكەی عەلی زەیدی داوەتەوە، كە بەفالح فەیازدا رەوانەی هەرێمی كوردستانی كردبوو، رایگەیاندووە، حكومەتی كوردستان ئامادەیە لە ڕێگەی سەردانی لیژنە هونەرییەكانەوە هاوكاری بەغداد بكات و تێبینییەكانیان لەسەر كێڵگە نەوتییەكان تۆمار بكەن، بەڵام بە هەموو شێوەیەك هاتنەناوەوەی سوپای فیدراڵی بۆ ناو هەرێم رەت دەكاتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو چوار مەرجەی لە نامەكەی زەیدیدا هاتوون بریتین لە: رادەستكردنی 440 هەزار بەرمیل نەوت و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیایەكی جیهانییەوە، كۆنترۆڵكردنی سنورەكان لەگەڵ توركیا و ئێران و سوریا لەلایەن سوپای عێراق و گەڕانەوەی هەرێم بۆ هێڵی شینی پێش ساڵی 2003.
رۆژنامە عێراقییەكە باس لەوەش دەكات، لە ناو وردەكارییەكانی مەرجە حكومەتی فیدراڵیدا هاتووە، دەبێت تەنها حەوت دەروازە لە ناو هەرێمدا هەبێت و زیاتر لە 17 دەروازەی نافەرمی كە بۆ قاچاخچێتی بەكاردەهێنرێن دابخرێن، كە حكومەتی فیدراڵی هیچ زانیارییەكی لەسەر بەڕێوەبردنیان نییە و زۆربەشیان دەكەونە ناوچە شاخاوییەكانەوە.
راشگەیاندووە، حكومەتی هەرێم وەڵامی بەغدای داوەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری نیشانداوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی كێڵگە نەوتییەكان و دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رازی نابێت بە هاتنەناوەوەی سوپای فیدراڵی و پرسی گەڕانەوە بۆ هێڵی شین، چونكە ئەوە بە واتای دابڕینی چەند ناوچەیەكی ناو هەرێم و گەڕاندنەوەیان دێت بۆ سەر حكومەتی فیدراڵی، لەوانەش ناوچەكانی سحێلا، مەحمودییە، شێخان، ئاكرێ، كفری و چەند ناوچەیەك لە ناو قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شوان و تەقتەق.
زانيارییەكانی رۆژنامەكە لەكاتێكدا، پێشتر سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تەواوی ئەو دەنگۆو زانیارییانەی سەبارەت بە ناردنی پەیامی عەلی زەیدی بە فالح فەیازدا بۆ هەرێمی كوردستان رەتكردەوەو بە هەواڵی بێبنەماو ناڕاست وەسفیكرد.