درەو:
راپۆرتی: فەرمانگەی میدیاو زانیاری
🔹وەزارەتی پەروەردە ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار قوتابی کۆتایی پێهێناوە (کە 123 هەزاریان قوتابیی پۆلی یەکەمن) بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە 20ی ئەیلوولدا.
🔹لە هەنگاوێکدا بۆ نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە 5 شێوەزار و زمان، 110 پەرتووک گۆڕانکارییان تێدا کراوە و سەرجەم کارەکانیش لەلایەن شارەزایانی ناوخۆییەوە ئەنجام دراون، بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەک بدرێتە کۆمپانیا دەرەکییەکان.
🔹کەرتی پەروەردە لە ڕێگەی ستافێکەوە کە پێکهاتووە لە 107,426 مامۆستای میلاک، 30,090 مامۆستای گرێبەست و 31,219 فەرمانبەر، سەرپەرشتی ساڵی نوێی خوێندن دەکات.
🔹تاکو ئەیلوولی 2026 لەسەرانسەری هەرێمدا 236 قوتابخانە و باخچەی نوێی ساوایان و 476 پۆلی خوێندن دروست کراون (دهۆک بە 73 قوتابخانە لە پلەی یەکەمدایە)، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی 2,650 باڵەخانەی خوێندن (سلێمانی بە 1,211 باڵەخانە لە پلەی یەکەمدایە).
🔹لە 16 زانکۆی حکومی و 18 زانکۆی تایبەتدا، زیاتر لە 145 هەزار قوتابیی حکومی و 40 هەزار قوتابیی تایبەت لە 166 کۆلێژ/پەیمانگا و 893 بەشدا بە هاوکاریی زیاتر لە 13,800 مامۆستا ڕوودەکەنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری
20ـی ئەیلوول، دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە قوتابخانە و باخچەکانی ساوایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە. بۆ ئەمساڵی خوێندن سەرجەم ئامادەکارییەکان بەباشی کراون.
ژمارەی قوتابییان و قوتابخانە

پرۆگرامەکانی خوێندن:
بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەگوێرەی گۆڕانکارییە زانستییەکان و پێداویستییە پەروەردەییەکان، گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کراوە، بەشێوەیەکی گشتی 110 پەرتووکی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان گۆڕانکاریی تێدا کراوە و گۆڕدراون، هەروەها نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێی خوێندن چاپ کراون بۆ قوتابییان، بەگوێرەی ژمارەی قوتابییان و پێویستییان، بەیەکسانی بەسەر سەرجەم قوتابخانەکان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان دابەش کراون.
لە پەرتووکەکانی خوێندن، گۆڕانکارییەکان بە 5 شێوەزار و زمان ئەنجام دراون، کوردیی سۆرانی، کوردیی بادینی، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی.
ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆگرامی خوێندنی ساڵی 2027-2026 کراون:
- کتێبی کوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی.
- کتێبی زانستەکان لە پۆلەکانی 6، 8 و 9ـی بنەڕەتی.
- کتێبی بیرکاریی پۆلەکانی 4،5 و 6ـی بنەڕەتی.
- کتێبی بیرکاریی پۆلی 11ـی ئامادەییی زانستی و وێژەیی.
- کیمیا بۆ پۆلی 11ـی ئامادەیی.
- کتێبی هێمای پیتەکانی کوردیی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
- کتێبی تەکنەلۆژیای زانیاریی پۆلەکانی 7 و 8.
سەرجەم گۆڕانکارییەکان لەلایەن شارەزایان و مامۆستایان و پەروەردەکارانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراون، بێ ئەوەی هیچ تێچوویەکی هەبێت، لەکاتێکدا پێشووتر ئەمە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرەوە بە تێچوویەکی زۆر جێبەجێ دەکران.
مامۆستایان و فەرمانبەران داتای ستافی قوتابخانەکان

نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی باڵەخانەی نوێی قوتابخانە:
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگیی زۆر بە کەرتی پەروەردە و دروستکردنی باڵەخانەکانی خوێندن دراوە، بۆ ئەو مەبەستەش، تاکوو ئەیلوولی 2026، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا، 236 قوتابخانە و باخچەی نوێی ساوایان دروست کراون، هەروەها 476 پۆلی خوێندن (ژووری خوێندن لە قوتابخانەکان) زیاد کراون و 2650 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە.
دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی ساوایان

دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان:
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستی پێ کردووەتەوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی قوتابییانیش بۆ هۆڵەکانی خوێندن پەیوەستە بە ساڵنامەی خوێندنی زانکۆکان، لە هەر 16 زانکۆی حکومی و 18 زانکۆی تایبەت، پرۆسەی خوێندن دەستی پێ کردووەتەوە، وردەکارییەکەی بەم شێوازەیە:
زانکۆ و پەیمانگاکان
