درەو:
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی نوێی سەربازی دژ بە ئێران کردووە بە ناوی "کەشتی لە بەرامبەر کەشتی"، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوو کەشتی نەوتهەڵگری حکومیی ئێرانی کردە ئامانج، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کەشتیە بازرگانیەكان لە گەرووی هورمز.
ئاكسیۆس دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشەكانی شەوی رابردوودا دوو کەشتی ئێرانیان کردووەتە ئامانج لەچوارچێوەی ئەو 100 ئامانجی سەربازیی ئێران كە بۆردومانیان كردووە، ئەم هەنگاوەش وەرچەرخانێکە لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەمركا كە پێشتر تەنها ڕێگری لە کەشتییە ئێرانییەکان دەكرا گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا ببەزێنن.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسەندی سیاسەتە نوێیەکەی کردووە بە ناوی "کەشتی لە بەرامبەر کەشتی" کە ئامانج لێی راگرتنی ئێرانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی دیکە کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبن.
بەرپرسان روونیان کردووەتەوە، کە دوو کەشتییە نەوتهەڵگرە حکومییەکە بەرامبەر کەناراوەکانی ئێران لە باکوری هێڵی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەنگەریان گرتبوو، پێش ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا مووشەک ئاڕاستەی ژووری بزوێنەرەکانیان بکەن و بپێکڕێن.
جگە لەوەش، هێرشەکان پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی سوپای پاسداران، تواناکانی مینڕێژکردن، پێگەکانی پەیوەندیکردن و سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی کروزی دژەکەشتی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەریان گرتووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئێران بە هەڵدانی نزیکەی 25 مووشەکی بالیستی وەڵامی داوەتەوە، بەڵام تەنها نزیکەی نیوەیان گەیشتوونەتە ئاسمانی ئوردن، کە لەوێ 10یان تێکشکێنراون و سێیان کەوتوونەتە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە. هەروەها تاران نزیکەی 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن کردووە، جیا لە ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێران دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی ئاڕاستەی بنکەیەکی ئەمریکی لە هەولێری هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام تێکشکێنراون.
لە هەمان کاتدا، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا، بەجۆرێک ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 40 کەشتی کە ملیۆنان بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو تێپەڕیوون، واشنتن رایگەیاندووە، رێگرییان لە چەندین موشەکی کروزی دژەکەشتی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاڕاستەی کەشتییەکان کرابوون، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بگەینن.
ئاكسیۆس لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، هێرشەکانی ئەم دواییە توانای هێرشی ئێرانیان لە گەرووەکەدا کەمكردووەتەوەو لانیکەم "مانگێک" ئاستی مەترسییەکانیان لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵدەدات رێگری لە تاران بکات لە دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمەکانی رادار و مووشەکی کە بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانی لە هورمز پێویستن.