سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

ڕاپۆرت

عێراق و گەرووی هورمز

لەگەڵ پەککەوتنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ نزیکەی (10 ملیۆن) بەرمیل لە نیسانی 2026 دابەزی، واتە بە ڕێژەی نزیکەی (89%) کەمی کرد. ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی (1.4 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەدەستدانی مانگانەی هەناردەکردن گەیشتە نزیکەی (83 ملیۆن) بەرمیل، ئەمەش بەواتای نەتوانینی عێراق دێت لە هەناردەکردنی نزیکەی (2.77 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 ئاب 2026

عێراق و گەرووی هورمز

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

راپۆرتی: شبكة الساعة

🔹 لەگەڵ پەککەوتنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ نزیکەی (10 ملیۆن) بەرمیل لە نیسانی 2026 دابەزی، واتە بە ڕێژەی نزیکەی (89%) کەمی کرد. ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی (1.4 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەدەستدانی مانگانەی هەناردەکردن گەیشتە نزیکەی (83 ملیۆن) بەرمیل، ئەمەش بەواتای نەتوانینی عێراق دێت لە هەناردەکردنی نزیکەی (2.77 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

🔹 لەگەڵ دابەزینی داهات و تێکچوونی توانای هەناردەکردن، عێراق پشتی بە یەدەگی دراوی بیانیی خۆی بەست کە لە ئایاری (2026) گەیشتە (93.67 ملیار) دۆلار وەک پاڵپشتێکی دارایی بۆ پاراستنی سەقامگیری، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی بۆ (103.18 تریلیۆن) دینار و فرەوانبوونی کەلێنی دابینکردنی دارایی. خەرجییە ڕاستەقینەکان تا ئایاری 2026 گەیشتە نزیکەی (46.70 تریلیۆن) دینار، کە بە نزیکەی (12.95 تریلیۆن) دینار لە داهات زیاتر بووە.

🔹 یەدەگی دراوی بیانیی فەرمی لە بانکی ناوەندی لە (111.74 ملیار) دۆلار لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە دابەزی بۆ (93.67 ملیار) دۆلار لە کۆتایی ئایاری 2026، واتە بە ڕێژەی (16.2%) دابەزیوە کە دەکاتە (18.06 ملیار) دۆلار. هاوکات قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە (70.56 تریلیۆن) دینارەوە بەرزبووەوە بۆ (103.18 تریلیۆن) دینار، بە ڕێژەی (46.2%) زیادی کردووە.

🔹 لە حاڵەتی بەردەوامبوونی هەناردەکردن لە دەوروبەری (3.43 ملیۆن) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، داهاتی مانگانەی خەمڵێندراو دەگاتە نزیکەی (8.23 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە (10.7 تریلیۆن) دینار. بەڵام ئەگەر عێراق بتوانێت ڕۆژانە (750 هەزار) بەرمیل لە ڕێگەی بەدیلە بەردەستەکانەوە هەناردە بکات، ئەوا داهاتی مانگانە دادەبەزێت بۆ نزیکەی (1.8 ملیار) دۆلار، یان (2.34 تریلیۆن دینار)، بە جیاوازیی نزیکەی (8.36 تریلیۆن) دینار.

 

 

سەرەتا

عێراق بۆ دابینکردنی بودجە و مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پشت بە زنجیرەیەک دەبەستێت کە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانەوە دەست پێدەکات و بە گۆڕینی داهاتی هەناردەکردنی بۆ دۆلاری سپێردراو لە هەژمارە حکومییەکاندا کۆتایی دێت، بەدوایدا گۆڕینی بۆ دینار بۆ دابینکردنی خەرجییە گشتییەکان. بەڵام ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی ئەم دواییە بوونە هۆی پەکخستنی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمز، کە گرنگترین دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بووەتە هۆی شێواندنی ئەم زنجیرەیە و سنووردارکردنی توانای دەوڵەت لە گۆڕینی داهاتی نەوت بۆ سەرچاوەی دارایی بەردەست بۆ خەرجکردن.

لێکۆڵینەوەیەکی داتایی کە لەلایەن بەشی ڕۆژنامەگەریی داتا لە تۆڕی ئەلساعە ئامادەکراوە دیاری کردووە کە مەترسییە سەرەکییەکە تەنیا لە دابەزینی هەناردەکردن لە ماوەیەکی سنوورداردا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ سنوورداریی توانای عێراق لە دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل کە بەردەوامیی گەیشتنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان مسۆگەر بکات. هەروەها پێشهاتەکان ناسکیی مۆدێلێکی ئابوورییان دەرخست کە بە پلەیەکی بەرز پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە، ئەمەش وا دەکات هەر پەککەوتنێک لە کەناڵەکانی هەناردەکردندا بە خێرایی ڕەنگبداتەوە سەر سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت.

 

دەروازەکانی هەناردەکردن و کاریگەرییان لەسەر تەرخانکراوە داراییەکان

عێراق بە پلەی سەرەکی پشت بە دەروازە باشوورییەکان دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، چونکە پێش قەیرانەکە نزیکەی (97.7%)ی کۆی هەناردەکردنیان پێکدەهێنا، ئەمەش وایکردووە ئابووریی عێراق بەتوندی بەسترابێت بە جووڵەی دەریاوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، کە مانگانە نزیکەی (93 ملیۆن) بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانە هەرێمییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، جووڵەی دەریاوانی لە گەرووەکە پەکیکەوت، بەمەش بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەو ڕێگەیەوە بۆ نزیکەی (10 ملیۆن) بەرمیل لە نیسانی 2026 دابەزی، واتە بە ڕێژەی نزیکەی (89%) کەمی کرد. ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی (1.4 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەنجامی پڕبوونی کۆگاکاندا، لە کاتێکدا لەدەستدانی مانگانەی هەناردەکردن گەیشتە نزیکەی (83 ملیۆن) بەرمیل، ئەمەش بەواتای نەتوانینی عێراق دێت لە هەناردەکردنی نزیکەی (2.77 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەهۆی زەحمەتی بەبازاڕکردنی نەوتەکەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، هێڵی بۆڕیی نەوتی جەیهانی تورکی وەک دەروازەیەکی بەدیل دەرکەوت، بەڵام تواناکەی بە سنوورداری مایەوە، بەجۆرێک هەناردەکردن لە ڕێگەیەوە لە مانگی ئایاری 2026 لە (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر نەبوو، هاوکات گواستنەوەی وشکانیش بۆ ئوردن بە هەمان شێوە بە سنوورداری مایەوە.

پشتبەستنی زۆر بە یەک دەروازەی هەناردەکردن، مەترسیی ئاڵۆزییەکانی دەریاوانی و بەرزبوونی تێچووی دڵنیایی (تەئمین)ی لەسەر داهاتی نەوتی عێراق زیاتر کردووە، جگە لە مەترسییەکانی هەر داخرانێکی ئەگەریی گەرووی هورمز. ئەم بارودۆخە جیاوازە لە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو کە هێڵی بۆڕیی بەدیلیان هەیە و بەسەر گەرووەکەدا تێدەپەڕن بەرەو دەریای سور ياخود کەنداوی عومان، ئەمەش نەرمیگەرییەکی گەورەتریان پێدەبەخشێت لە پاراستنی هەناردەکردنیاندا.

لەگەڵ دابەزینی داهات و تێکچوونی توانای هەناردەکردن، عێراق پشتی بە یەدەگی دراوی بیانیی خۆی بەست کە لە ئایاری (2026) گەیشتە (93.67 ملیار) دۆلار وەک پاڵپشتێکی دارایی بۆ پاراستنی سەقامگیری، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی بۆ (103.18 تریلیۆن) دینار و فرەوانبوونی کەلێنی دابینکردنی دارایی. خەرجییە ڕاستەقینەکان تا ئایاری 2026 گەیشتە نزیکەی (46.70 تریلیۆن) دینار، کە بە نزیکەی (12.95 تریلیۆن) دینار لە داهات زیاتر بوو. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (1).

Untitled Media

 

داڕمانی بەربەستەکان و بەرزبوونەوەی قەرزەکان (2023 - 2026)

یەدەگی دراوی بیانیی فەرمی لە بانکی ناوەندی لە (111.74 ملیار) دۆلار لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە دابەزی بۆ (93.67 ملیار) دۆلار لە کۆتایی ئایاری 2026، واتە بە ڕێژەی (16.2%) دابەزیوە کە دەکاتە (18.06 ملیار) دۆلار.

لە هەمان کاتدا قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە (70.56 تریلیۆن) دینارەوە بەرزبووەوە بۆ (103.18 تریلیۆن) دینار، بە ڕێژەی (46.2%) زیادی کردووە، لە بەرامبەردا داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی لە بەرژەوەندیی بانکی ناوەندی لە (43.9 تریلیۆن)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (63.2 تریلیۆن) دینار.

ئەم ئاماژانە بەو مانایە نین کە یەدەگەکان ڕاستەوخۆ بۆ مووچە خەرج کرابن، بەڵکو تەسکبوونەوەی سنووری پاراستنی دارایی و نەقدی دەردەخەن، هاوکات لەگەڵ فرەوانبوونی پشتبەستن بە دابینکردنی دارایی ناوخۆیی. بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (2).

Untitled Media

 

دەروازە بەدیلەکان دەتوانن چ بۆشاییەک داپۆشن؟

هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی لە ئاداری 2026 بە تێکڕای سەرەتایی (170 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستی پێکردەوە، بە توانایەکی سەرەتایی ڕاگەیەندراو کە دەگەیشتە (250 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە مانگی ئایاردا، وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خەزیر ئەلعەبادی ڕایگەیاند کە لێشاوی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە گەیشتووەتە نزیکەی (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ بوونی پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی بڕەکە بۆ (500 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

لە سایەی ئەو قەیرانەی ئێستادا، هەناردەکردنی (500 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا ناگاتە یەک لەسەر شەشی ئاستی ئاسایی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، لە کاتێکدا گواستنەوەی زەمینی بۆ ئوردن، لە بارودۆخی ئاساییدا، لە نزیکەی (10 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕ ناکات، ئەمەش دەیکاتە دەروازەیەکی سنووردار و ناکرێت وەک بەدیلێک بۆ جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە سەیر بکرێت. خشتەی ژمارە (3) ئەو دیمەنە ڕوونتر دەکاتەوە.

Untitled Media

 

نەخشەڕێگەی گۆڕینی نەوت بۆ دیناری عێراقی

خولگەی داهاتەکانی نەوتی عێراق لە دەرهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەکانەوە دەست پێدەکات، پاشان بە زنجیرەیەکی بەیەکەوەبەستراو لە پرۆسە تەکنیکی، بازرگانی و داراییەکاندا تێدەپەڕێت، کە بەرهەمهێنان، پێوانەکردن، گواستنەوە، کۆگاکردن، بەبازاڕکردن و فروشتن دەگرێتەوە، بەرلەوەی بە گۆڕینی بەهای هەناردەکراوەکان بە دۆلار بۆ سەرچاوەی دارایی کۆتایی بێت کە دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجەی گشتی بەکاریان دەهێنێت.

کۆمپانیا نیشتمانییەکانی دەرهێنان، بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە گرێبەستکراوەکان لە هەندێک کێڵگەدا، پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و پێوانەکردنی بڕە دەرهێنراوەکان دەگرنە ئەستۆ. دواتر نەوتە خاوەکە لە ڕێگەی تۆڕی بۆڕییەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کۆگاکانی کۆکردنەوە و عەمبارکردن، بەرلەوەی ڕەوانە بکرێت؛ یاخود بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی بەشێک لە بەکاربردنی ناوخۆیی، یانیش بۆ بەندەرەکانی هەناردەکردن و هێڵە دەرەکییەکانی بۆڕییەکان.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بەرپەرسیارێتیی بەبازاڕکردن و فروشتنی ئەو نەوتەی لە ئەستۆدایە کە بۆ هەناردەکردن تەرخانکراوە، بە دیاریکردنی بڕە پێشکەشکراوەکان، کڕیاران، نرخەکان، کاتەکانی بارکردن و مەرجەکانی ڕادەستکردنیشەوە، بەپشتبەستن بە جۆری نەوتی خاو، نرخە جیهانییەکان، جیاوازییەکانی پەیوەست بە جۆرییەت و تێچووی گواستنەوە.

دوا بەدوای بارکردنی نەوتەکە لەسەر کەشتییە دەریاییەکان یان پاڵپێوەنانی لە ڕێگەی هێڵەکانی بۆڕییەوە، بڕی کۆتایی و بەهای بارەکە جێگیر دەکرێت، پاشان کڕیار بەهای نەوتەکە بە دۆلار دەگوازێتەوە بۆ هەژمارە دەرەکییە پەسەندکراوەکانی عێراق، لەم قۆناغەدا نەوتی هەناردەکراو دەبێتە داهاتێکی دارایی ڕاستەقینە.

لەبەر ئەوەی خەرجییە حکومییەکان لە ناوەوەی عێراق، لەوانەش مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینی و خزمەتگوزارییەکان، بە دیناری عێراقی دەدرێن، وەزارەتی دارایی بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی بە دۆلار دەگوێزێتەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، لە بەرامبەردا ڕەسیدێک بە دینار بەپێی ئالیەت و نرخە فەرمییەکەی ئاڵوگۆڕ وەرگرێت.

پاشان ئەم پارانە دەچنە ناو هەژمارەکانی گەنجینەی گشتییەوە، تاوەکو بۆ دابینکردنی دارایی وەزارەتەکان، دامەزراوە حکومییەکان و بانکەکان بەکاربهێنرێن، تا دەگاتە دابینکردنی مووچەی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینی، چاودێریی کۆمەڵایەتی، خەرجییە کارگێڕییەکان و پروژەکانی وەبەرهێنان. لە بارەی ئەم سوڕەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (4).

Untitled Media

 

سیناریۆکانی دابەزینی هەناردەی نەوت و ڕەنگدانەوەی لەسەر داهاتەکان

سیناریۆ ئەگەرییەکان بۆ دابەزینی هەناردەی نەوت، قەبارەی ئەو زیانە دەردەخەن کە ڕەنگە بەر گەنجینەی عێراق بکەوێت بەراورد بە ئاستی ئاسایی هەناردەکردن. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی هەناردەکردن لە دەوروبەری (3.43 ملیۆن) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، داهاتی مانگانەی خەمڵێندراو دەگاتە نزیکەی (8.23 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە (10.7 تریلیۆن) دینار.

بەڵام ئەگەر عێراق بتوانێت ڕۆژانە (750 هەزار) بەرمیل لە ڕێگەی بەدیلە بەردەستەکانەوە هەناردە بکات، ئەوا داهاتی مانگانە دادەبەزێت بۆ نزیکەی (1.8 ملیار) دۆلار، یان (2.34 تریلیۆن دینار)، بە جیاوازیی نزیکەی (8.36 تریلیۆن) دینار لە بارودۆخی ئاسایی.

لە سناریۆی هەناردەکردنی (500 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، داهات دادەبەزێت بۆ نزیکەی (1.2 ملیار) دۆلار، کە بەراوردە بە (1.56 تریلیۆن) دینار، بەمەش زیانی مانگانە دەگاتە نزیکەی (9.14 تریلیۆن) دینار. لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەناردەکردن دابەزێت بۆ (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوا داهاتی مانگانە لە نزیکەی (480 ملیۆن) دۆلار، یاخود (624 ملیار) دینار تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لەدەستدانی مانگانە بەراورد بە ئاستی ئاسایی هەناردەکردن بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی (10.08 تریلیۆن) دینار. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (5).

Untitled Media

 

کەلێنی دارایی بەر لە لێکەوتەکانی قەیرانی داخرانی گەرووی هورمز ڕوویدابوو

بڵاوکراوەی ئاماریی بانکی ناوەندیی عێراق دەریخستووە کە داهاتە گشتییە ڕاستەقینەکان تا کۆتایی ئایاری 2026 گەیشتووەتە (33.75 تریلیۆن) دینار، لە بەرامبەر خەرجییەکاندا کە گەیشتبوونە (46.70 تریلیۆن) دینار، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی دارایی کە نزیکەی (12.95 تریلیۆن) دینارە.

پێکهاتەی خەرجکردن دەسەڵاتداریی خەرجییە بەردەوامەکان (جاری) دەردەخات، کە گەیشتوونەتە (45.07 تریلیۆن) دینار، واتە بە ڕێژەی (96.5%)ی کۆی خەرجییەکان، لە کاتێکدا خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە (1.63 تریلیۆن) دینار تێپەڕیان نەکردووە. ئەم دابەشکارییە ئاماژە بەوە دەکات کە توانای حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان زیاتر لە دواخستن یان کەمکردنەوەی پروژە وەبەرهێنانەکاندا کورت دەبێتەوە.

لە کاتێکدا خەرجییە بەردەوامەکان (جاری)، کە لە پێشەنگیاندا مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتین، وەک پابەندبوونێک دەمێننەوە کە قورسە لە مەودای کورتدا دەستکاری بكرێن، ئەمەش بەربەست بۆ نەرمی سیاسەتی دارایی لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا دروست دەکات. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (6).

Untitled Media

 

ئایا قەیرانەکە مەترسی لەسەر دابینکردنی مووچە دروست دەکات؟

وەستان یان دابەزینی هەناردەی نەوت لە ماوەی یەک مانگدا ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی وەستانی دابەشکردنی مووچە، چونکە حکومەت خاوەنی ئامرازی دابینکردنی دارایی کاتییە، لەوانەش بەکارهێنانی ڕەسید و سپێردراوەکان، دەركردنی حەواڵە و سەنەداتەکان، و قەرزکردن لە بانکە حکومییەکان، لەگەڵ ڕێگەی دواخستنی هەندێک خەرجیی وەبەرهێنان و شایستەی بەڵێندەران.

بەپێی داتاکانی ساڵی 2024، قەرەبووی فەرمانبەران بە ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی (60 تریلیۆن) دینار، واتە نزیکەی (5 تریلیۆن) دینار مانگانە. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی هەناردەکردن لە ئاستی (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەدەستدانی مانگانەی داهاتی نەوت بە نزیکەی (10.1 تریلیۆن) دینار دەخەمڵێندرێت. ئەم بڕە بەراورد بە دوو ئەوەندەی بەهای قەرەبووی مانگانەی فەرمانبەرانە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەردەوامبوونی دابەزینی هەناردەکردن پێویستی بە پەنابردن بۆ سەرچاوەی تر هەیە بۆ داپۆشینی خەرجییە بەردەوامەکان، لەوانەش مووچە. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (7).

Untitled Media

 

پەڕینەوەی قەیرانەکە بۆ نێو هاوڵاتیان

کاریگەرییەکانی قەیرانی گەرووی هورمز تەنیا لەسەر مووچە کورت نابنەوە، بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ جومگە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانە؛ چونکە بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی دەریاوانی و دڵنیایی (تەئمین) دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان، لە کاتێکدا دابەزینی لێشاوی دۆلاری نەوت، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر دابینکردنی دارایی بازرگانیی دەرەکی.

کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لە ڕێگەی زنجیرەیەکی بەیەکەوەبەستراوەوە دەپەڕێنەوە، کە لە دابەزینی هەناردەکردن و کەمیی لێشاوی دۆلارەوە دەست پێدەکات، پاشان زیاتربوونی پێویستی بۆ دابینکردنی دارایی کورتهێنان، و دابەزینی خەرجیی پروژەکان، تا دەگاتە بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و ئەو گوشارانەی لەگەڵیدا دروست دەبن لەسەر نرخەکان و نرخ لە ئاڵوگۆڕی دراو. بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (8).

Untitled Media

 

ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی قەیرانەکە

خێرایی پەڕینەوەی قەیرانی دارایی بۆ قەیرانێکی فراوانتر بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک ئاماژەوە کە ڕەنگدانەوەی توانای دەوڵەتن لەسەر بەردەوامبوون لە دابینکردنی داراییە ڕاهاتووەکانی. ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوت دیارترین ئاماژەیە؛ چونکە بەردەوامبوونی لەژێر یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ بەواتای لەدەستدانی بەشێکی گەورەی داهاتەکانی نەوت دێت.

هەروەها بەردەوامبوونی سنوورداریی هەناردەکردن لە ڕێگەی هێڵی کەرکووک-جەیهانەوە لاوازیی بەدیلە بەردەستەکان دەردەخات، لە کاتێکدا فرەوانبوونی کەلێنی نێوان داهات و خەرجییەکان، بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی، و دابەزینی یەدەگی دراوی بیانی ئاماژەی ڕاستەوخۆن لەسەر بەرزبوونەوەی گوشارە داراییەکان.

لە سەر ئاستی ئابووریش، فراوانبوونی جیاوازیی نێوان نرخە فەرمییەکەی ئاڵوگۆڕ و نرخە تەریبەکە (موازی)، و دەرکەوتنی دواکەوتن یان دابەشکردن لە دابینکردنی مووچە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی فراوانی نرخەکانی خۆراک و گواستنەوە، ئاماژەن لەسەر پەڕینەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لە دارایی گشتییەوە بۆ سەر ئابووری و هاووڵاتییان. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (9).

Untitled Media

 

ئەنجام

عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە گەیاندنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە پەککەوتنی دەریاوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ئەوەی دەرخست کە هەبوونی یەدەگ و بەرهەمهێنانێکی گەورەی نەوت بەرگرییەکی پێویست بۆ دارایی گشتی دابین ناکات، کاتێک هەناردەکردن لە یەک دەروازەدا کورت دەبێتەوە، لە سایەی سنوورداریی هێڵە بەدیلەکان کە بتوانن بەردەوامی بە هەناردەکردن ببەخشن. بەراوردکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێگە بەردەستەکان لە ڕێگەی تورکیا و ئوردنەوە ناتوانن قەرەبووی قەبارەی ئەو هەناردەیەی بپۆشن کە لە ڕێگەی بەندەرە باشوورییەکانەوە تێپەڕ دەبێت.

مەترسیی وەستانی مووچە بە خێرایی و دەستبەجێ دەرناکەوێت، چونکە دەوڵەت دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی و بە پشتبەستن بە ڕەسیدەکان، قەرزکردن و دواخستنی هەندێک پرۆژە، بەرگری لە خەرجییە سەرەکییەکان بکات. بەڵام بەردەوامبوونی هەناردەکردن لە ئاستێکی نزمدا بۆ ماوەی سێ تا شەش مانگ ڕەنگە کەلێنی دارایی بۆ دەیان تریلیۆن دینار بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا خەرجییەکان لە داهاتەکان زیاتر بوون، قەرزی ناوخۆیی ڕووی لە زیادبوون بوو، و یەدەگ و سپێردراوەکانیش ڕوویان لە دابەزین بوو. بەمەش گوشارەکان سەختتر دەبن کاتێک درێژبوونەوەی ماوەی پەککەوتنەکە لەگەڵ سنوورداریی بەدیلەکان، فرەوانبوونی کورتهێنان و زەحمەتیی دەستکەوتنی دارایی کۆدەبنەوە، نەک تەنیا بە هۆی وەستانی دەریاوانی بۆ چەند ڕۆژێک.

ناسکی و بێهێزیی ئابووریی عێراق لە بەرزبوونەوەی پشتبەستن بە هەناردەکردنی نەوتدا کۆدەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ پشتبەستنی نزیکەی تەواوەتی بە بەندەرە باشوورییەکان و نەبوونی بەدیلی هەناردەکردن کە بتوانێت قەبارە ئاساییەکان لەخۆ بگرێت. پاراستنی داهاتەکان لە مەودای درێژخایەندا پێویستی بە گۆڕینی هێڵە بۆڕییەکانی باکوور و ڕۆژئاوا هەیە لە ڕێڕەوی یەدەگەوە بۆ دەروازەی کارپێکراوی ڕاستەقینە، هاوتەریب لەگەڵ گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستنی خەرجیی گشتی بە یەک سەرچاوە و یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن.

 

تێبینی: ڕاپۆرتەکە پشتی بە داتاکانی بڵاوکراوەی ئاماریی مانگانەی هاوپێچی بانکی ناوەندیی عێراق، داتاکانی تەرازووی پێداچوونەوەکان و ئاماژە ئابوورییەکان تا ئایاری 2026 بەستووە، لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لێدوانەکانی وەزیری نەوت و ڕاپۆرتەکانی ڕویتەرز سەبارەت بە هەناردەکراوەکانی نیسانی 2026 و دەستپێکردنەوەی هێڵی کەرکووک-جەیهان. سناریۆکانی داهات لەسەر بنەمای 30 ڕۆژ، نرخی (80 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێک، و نرخ لە ئاڵوگۆڕی (1300) دینار بۆ هەر دۆلارێک ئەژمار کراون. ژمارەی سناریۆکان ڕوونکردنەوەیین و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یان گۆڕانی نرخی نەوتی خاوی عێراقی ناگرنەوە.

خشتەکان

 

 

 

 

سەرچاوە:

صحافة البيانات - شبكة الساعة، العراق ومضيق هرمز.. هل تمتد تداعيات تصدير النفط إلى المالية العامة والرواتب؟، 2026-08-09؛

https://shorturl.at/y0k6W

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 4 کاتژمێر

"رێكخستنی چەك جێگەی رادەستكردنی چەك دەگرێتەوە"

null
٢٢ ئاب ٢٠٢٦

مەزڵوم عەبدی: كاتی ئەوە هاتووە جلە سەربازییەكانم دانێم

null
٢٢ ئاب ٢٠٢٦

شه‌وكه‌ت غرزه‌دین: سوەیدا دەیەوێت لەرێگای سەربەخۆییەوە خۆی بپارێزێت