شیكاری: یادگار سدیق گەڵاڵی
پێشەکی
گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێرڵ پەترۆلیۆم (دانا گاز و هیلال پترۆلیۆم) لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٧، بە یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم گرێبەستە بناغەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵی دانا و سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بوو.
بەڵام ئەم پەیوەندییە زۆری نەخایاند. لە تەموزی ٢٠٠٩ ناکۆکییە یاسایی و دارایییەکان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ دەستیان پێکرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا کێشەکە گەیشتە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە لەندەن.
دوای چەندین ساڵ ناوبژیوانی و ململانێ، هەردوو لایەن لە ئابی ٢٠١٧ لە دەرەوەی دادگا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گەورە کە نەک تەنها هەموو داواکارییە یاساییەکان کۆتایی پێهات، بەڵکو گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندی یاسایی و بازرگانی نێوان حکومەتی هەرێم و پێرڵ پەترۆلیۆم هێنا. ئەم گۆڕانکارییانە لە قەرەبووی دارایی، درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەست، فراوانکردنی سنووری گرێبەست و ڕێکخستنی مافی بەبازاڕکردنی گازی زیادەدا خۆیان دەبینن.
پرسیاری سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ئایا ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ پێرڵ پەترۆلیۆم بەکاری دەهێنێت بۆ گرێبەستکردن و فرۆشتنی گاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق، ریشەی لە گرێبەستی ساڵی ٢٠٠٧ هەیە، یان لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٧ دروست بووە؟
یەکەم: ئەنجامی ناوبژیوانی لەندەن و شێوازی چارەسەرکردنی
بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی لەندەن بە ئاراستەی ئەوەدا دەچوون کە حکومەتی هەرێم قەرەبوویەکی گەورە بدات. هەر بۆیە هەردوو لایەن لە ئابی ٢٠١٧ لە دەرەوەی دادگا گەیشتنە ڕێککەوتن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە:
حکومەتی هەرێم ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بە پێرڵ دەدات.
٤٠٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ وەبەرهێنانی نوێ و فراوانکردنی بەرهەمهێنان تەرخان دەکرێت.
١.٢٣٩ ملیار دۆلاری دیکە وەک قەرز لە ئەستۆی حکومەت نامێنێت، بەڵکو وەک تێچووی وەبەرهێنان تۆمار دەکرێت و لە داهاتی داهاتووی ناوچەکانی گرێبەستی ساڵی ٢٠٠٧ وەردەگیرێتەوە.
ئەم بەشە تەنها پەیوەندی بە داواکارییەکانی پێرڵ لە ناوبژیوانی لەندەنەوە هەبوو.
دووەم: بەشە نادیارەکەی ڕێککەوتن؛ چارەسەری داواکاری واشنتۆن
لە ١ی ئایاری ٢٠١٧، پێرڵ پەترۆلیۆم لە دادگای واشنتۆن داوای ٢٦.٥ ملیار دۆلاری دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردبوو. بەڵام لە دەقی ڕێککەوتنی ئابی ٢٠١٧دا هاتووە:
"کۆتایی هێنان بە هەموو داوا هەڵپەسێراوەکان، لەوانەش داوای قەرەبووی زیانەکان."
ئەم دەقە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ڕێککەوتنەکە تەنها چارەسەری ناوبژیوانی لەندەن نەبوو، بەڵکو چارەسەری هەموو داواکارییە یاساییەکانی پێرڵ، لەوانەش داواکاری ٢٦.٥ ملیار دۆلاری واشنتۆنیش بوو.
حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر وازهێنانی پێرڵ چی پێشکەش کرد؟
بەرامبەر وازهێنانی پێرڵ لە هەموو داواکارییە یاساییەکان، حکومەتی هەرێم چەند پابەندییەکی نوێی قبوڵ کرد:
١- درێژکردنەوەی گرێبەست
ماوەی گرێبەستی ساڵی ٢٠٠٧ تا ساڵی ٢٠٤٩ درێژ کرایەوە، واتە نزیکەی ١٧ ساڵ زیاد کرایە سەر ماوەی گرێبەستەکە.
٢- فراوانکردنی ناوچەی گرێبەست
هەردوو بلۆکی ١٩ و ٢٠ زیاد کران بۆ ناوچەکانی گرێبەست، لەگەڵ پابەندیی پێرێڵ بە وەبەرهێنان .
٣- مافی بەبازاڕکردنی گازی زیادە
خاڵێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە ئەوەی حکومەتی هەرێم هەڵدەستێت بە کڕینەوەی ٥٠٪ی گازی زیادە، بەڵام ٥٠٪ی تر بۆ پێرڵ دەمێنێتەوە تا بە سەربەخۆیی لە بازاڕی ناوخۆی عێراق یان هەناردەکردن بەبازاڕی بکات.
ئەگەر ئەم خاڵە بەو شێوەیە لێک بدرێتەوە کە مافی فرۆشتنی ئەو ٥٠٪ە بە تەواوی بە کۆنسۆرتیۆمەکە درابێت، ئەوا ئەو دەسەڵاتە یاساییەی ئەمڕۆ دانا گاز و کرێسنت پترۆلیۆم پشتی پێ دەبەستن بۆ گرێبەستکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق، دەتوانێت بەرهەمی ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٧ بێت، نەک گرێبەستی بنەڕەتیی ساڵی ٢٠٠٧.
هەروەها ئەوەی لەم خاڵەدا جێی سەرنجە نرخی فرۆشتنی ئەو گازە بۆ حکومەتی هەرێم دیاری نەکراوە. لە زۆربەی گرێبەستە باشەکانی هاوبەشی بەرهەم، کۆمپانیا پابەند دەکرێت بە دابینکردنی بازاڕی ناوخۆ بە نرخی داشکاو. بۆیە دیاری نەکردنی نرخ دەکرێت لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، لەکاتێکدا باشتر بوو نرخی داشکاو بە ڕوونی بنووسرایە، بە تایبەتی کاتێک گرێبەستەکە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ نوێ کراوەتەوە.
٤- دیاریکردنی ڕێژەی قازانج
ڕێککەوتنەکە دوای گەڕاندنەوەی تێچووەکان، ڕێژەی ٧٨٪ بۆ حکومەتی هەرێم و ٢٢٪ بۆ پێرڵ دیاری کرد.
سێیەم: ئامادەکردنی ژێرخانی گواستنەوە (٢٠٢٣)
لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوبوونی هێڵی بۆری گازی کۆرمۆر ـ کەرکووکی ڕاگەیاند، کە دەتوانێت رۆژانە ١٠٠ مەقمەق گاز بۆ وێستگەی کارەبای تازەی کەرکووک بگوازێتەوە.
بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا جەختی کردەوە کە:
هێشتا پێداویستیی وێستگەکانی هەرێمی کوردستان تەواو دابین نەکراوە.
بەپێی گرێبەست، دانا گاز بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم گاز بگوازێتەوە.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا بە فەرمی ئاگاداری کۆمپانیاکە کراوەتەوە کە نابێت گاز بۆ دەرەوەی هەرێم بگوازێتەوە.
چوارەم: فراوانکردنی کۆرمۆر ٢٥٠ (٢٠٢٥)
لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دانا گاز و هیلال تەواوبوونی پڕۆژەی کۆرمۆر ٢٥٠یان ڕاگەیاند.
ئەم پڕۆژەیە توانای بەرهەمهێنانی گاز بە ٥٠٪ زیاد کرد و گەیاندییە ٧٥٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا، کە بە پێشنیاری کۆمپانیاکان بناغەی فراوانکردنی بازاڕەکانیان بوو.
پێنجەم: دەستپێکردنی دابینکردنی گاز بۆ کەرکووک (٢٠٢٦)
لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦، دانا گاز ڕاگەیاند دەستی کردووە بە دابینکردنی ڕۆژانە ١٠٠ مەقمەق گاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک.
کۆمپانیاکە ئاشکرا کرد کە ئەم گرێبەستە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆ کراوە؛ واتە نزیکەی هەشت مانگ پێش ڕاگەیاندنی فەرمی. هەروەها بە فەرمی سوپاسی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتە خۆجێییەکانی سلێمانی و بەغدایان کرد.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاوە ئاگادار بووە و هیچ ڕەزامەندییەکی پێشوەختەی نەداوە. هەروەها ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی گرێبەست و بڕیارێکی تاکلایەنە ناوزەد کرد و ئەو بانگەشەی کۆمپانیاکەی بە چەواشەکاری وەسف کرد کە کە سوپاسی حکومەتی هەرێمیان کردبوو.
ئەنجامگیری
کرۆنۆلۆژیی ئەم ڕووداوانە نیشان دەدات کە دابینکردنی ١٠٠ مەقمەق گاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک لە ئابی ٢٠٢٦ ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو کۆتایی زنجیرەیەک لە گۆڕانکارییە یاسایی و گرێبەستییەکان بوو کە بە ڕێککەوتنی ئابی ٢٠١٧ دەستیان پێکرد.
لەو ڕێککەوتنەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها قەرەبووی دارایی نەدا و ماوە و سنووری گرێبەستەکەی درێژ نەکردەوە، بەڵکو بەشێک لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بە بەبازاڕکردنی گازی زیادەش بە کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ پەترۆلیۆم سپارد. ئەگەر لێکدانەوەی خاڵی سێیەمی ڕێککەوتن دروست بێت، ئەوا گرێبەستی ڕاستەوخۆی ساڵی ٢٠٢٥ لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق و دەستپێکردنی دابینکردنی گاز لە ئابی ٢٠٢٦، دەتوانرێت وەک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سازش و گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٧ سەیر بکرێت.
بەڵام هێشتا چەند پرسیاری بنەڕەتی بێ وەڵام ماون. گرنگترینیان ئەوەیە کە ئایا خاڵی سێیەمی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٧ بە ڕاستی مافی فرۆشتنی سەربەخۆی گازی زیادەی بە پێرڵ پەترۆلیۆم داوە، یان ئەم فرۆشتنە هەر پێویستی بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟
بۆیە، تا دەقی تەواوی ڕێککەوتنی ئابی ٢٠١٧ بڵاونەکرێتەوە، ناتوانرێت بە دڵنیایی حوکم بدرێت. بەڵام ئەو کرۆنۆلۆژییە نیشان دەدات کە زۆرێک لە ماف و دەسەڵاتەکانی کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ لە ئەنجامی ئەو سازشە گرێبەستییانەدا فراوانتر بوون، و ئەمەش پێویستی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی و بڵاوکردنەوەی بەڵگەو گرێبەستییەکان هەیە.

سەرنج
ئەم کرۆنۆلۆژییە پیشانی دەدات کە کێشەکە لە گرێبەستی ٢٠٠٧ دەست پێدەکات، بە کێشە و ناوبژیوانی دەگاتە لوتکە، دواتر بە ڕێککەوتنی یەکلاکەرەوە کۆتایی پێدێت، بەڵام پێ دەچیت وەکو دەرەنجامی ئەورێکەوتنە لە ئابی ٢٠٢٦ دووبارە لەسەر بابەتی دابینکردنی گاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق کێشەیەکی نوێ دروست دەبێت، کە جەوهەری ململانێکە لەسەر سنووری ماف و دەسەڵاتەکانی پێرێڵ پەتۆلیۆمە لە چوارچێوەی گرێبەستە هەموارکراوەکەی ٢٠١٧ دا.