سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

حکومەتێک لەژێر سێبەری ململانێی واشنتۆن و تاراندا

بە‌هێزی پەیوەندی عەلی زەیدی لەگەڵ ئەمریکییەکان ساڵی 2024ەوە دەستی پێکرد کاتێک (دینیس ئێدوارد فلانری) ڕاوێژکاری دارایی باڵیۆزخانەی ئەمریکای وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی (بانکی ئەلجەنوب) دەستنیشان کرد. لەوێوە بەشداری لە پاڵپشتی دارایی کەمپینی هەڵبژاردنی ترامپدا کرد. 

بڵاوکراوەتەوە لە : 6 ئایار 2026

حکومەتێک لەژێر سێبەری ململانێی واشنتۆن و تاراندا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

 

 

🔻 دواجار کاروانی پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی "عەلی زەیدی"، پاش پێنج مانگ لە چەقبەستوویی و ململانێی توندی سیاسی، بەڕێ کەوت. 

🔹 بە‌هێزی پەیوەندی عەلی زەیدی لەگەڵ ئەمریکییەکان ساڵی 2024ەوە دەستی پێکرد کاتێک (دینیس ئێدوارد فلانری) ڕاوێژکاری دارایی باڵیۆزخانەی ئەمریکای وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی (بانکی ئەلجەنوب) دەستنیشان کرد. لەوێوە بەشداری لە پاڵپشتی دارایی کەمپینی هەڵبژاردنی ترامپدا کرد. 

🔹 سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێدراو لای ئێران قبوڵکراوە، چونکە لە ڕێگەی کۆمپانیای "الأويس"ەوە پێداویستییەکانی بەشەخۆراکی وەزارەتی بازرگانی عێراق دابین دەکات، زۆربەی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە کۆمپانیای (خاتم الأنبیاء)ی ئێرانییەوە هاوردە دەکات.

🔹 هەرچەندە، عەلی زەیدی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی هەیە، بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە.

🔹 مەرجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زەیدی واژۆی کردوون، دەبنە پێوەر بۆ پاڵپشتیکردنی، چونکە زەیدی بەڵێنی بە چوارچێوە داوە پابەندی بڕیارە ناچارییەکانیان بێت و بەڵێنیشی داوە کە دەستبەرداری بیرۆکەی پێکهێنانی حزبی سیاسی یان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێت.

 

دەستپێک

دواجار لە عێراق کاروانی پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی "عەلی زەیدی"، کاندیدی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پاش پێنج مانگ لە چەقبەستوویی و ململانێی توندی سیاسی، بەڕێ کەوت. 

ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدا شەقامی عێراقی لە نێوان هیوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ترسی شکستهێنان لە ڕێکخستنی هاوسەنگیی نێوان تاران و واشنتۆندایە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق دەبێت.

لە 27ی نیسانی 2026دا، نزار ئامێدی - سەرۆک کۆماری عێراق، عەلی زەیدیی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق، ئەمەش دوای ڕێککەوتنی لایەنەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لەسەر کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران. ئەم ڕێککەوتنەش دوای ئەوە هات کە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان "الاعمار و تنمیة"، کشانەوەی خۆیان لە کێبڕکێی کاندیدبوون ڕاگەیاند، ئەمەش ڕێگەی بۆ زەیدی خۆش کرد ببێتە کاندیدی کوتلەی زۆرینە.

دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتنی هێزە سیاسییەکانی لەسەر کاندیدکردنی زەیدی بۆ ئەم پۆستە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی وڵات ماوەی دەستووریی بۆ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران تێپەڕاندبوو، کە عێراقی خستبووە ناو بۆشاییەکی دەستوورییەوە.

 

ترامپ پیرۆزبایی لە زەیدی دەکات

دوای ڕاگەیاندنی ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازیی لەم ڕاسپاردنە کرد، کە دوای فشارەکانی ئەمریکا هات و بووە هۆی دوورخستنەوەی نوری مالیکی و ناچارکردنی بە دەستبەرداربوون لە کاندیدبوون.

لە پێشهاتێکی گرنگدا، زەیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ترامپەوە پێگەیشت و تێیدا پیرۆزبایی لێکرد و بانگهێشتنامەیەکی ڕەسمی ئاڕاستە کرد بۆ سەردانی واشنتۆن دوای پێکهێنانی حکومەت؛ ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی زەیدی.

ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە وتی: "پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکەین بۆ کاندیدکردنی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و چاوەڕوانی پەیوەندییەکی نوێی بەهێز و بەرهەمدارین لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان". هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو خواست لە پێکهێنانی حکومەتێکی دوور لە تیرۆر و خاوەن توانای بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵات.

هەرچەندە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ کاندیدکردنی زەیدی شتێکی ئاشکرایە لە سەرەتادا، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی هەر گۆڕانکارییەک دەکات کە لە چوارچێوە (الاطار) دوور بێت تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنەکەشی لە ناو چوارچێوەوە بێت، ئەوەش بەشێکە لە ستراتیژیی هاندانی گەڕان بەدوای جێگرەوەدا، واشنتۆن چاودێری کاری حکومەتی داهاتوو دەکات و مامەڵەی لە سەرەتادا ئەرێنی دەبێت، بەڵام بەردەوام چاودێری ئەدای حکومەت دەکات و لە داهاتوودا ڕێکاری پێویست بەرانبەر ئەو ئەدایە دەگرێتە بەر.

 

دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی

هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە عەلی زەیدی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی هەیە. بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکییەکان کە جموجۆڵەکانی لە ساڵی 2024ەوە دەستی پێکرد کاتێک (دینیس ئێدوارد فلانری) ڕاوێژکاری دارایی بوو لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و زەیدی لەو کاتەوە وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی (بانکی ئەلجەنوب) دەستنیشانی کرد. ئەمەش وای لێکرد بەشداری بکات لە پاڵپشتی دارایی کەمپینی هەڵبژاردنی ترامپدا ئەمەش هاوکار بوو لە ناساندنی ناوەکەی لە لای ئەمریکییەکان. 

لە لایەکی تریشەوە، لای ئێران قبوڵکراوە، چونکە لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەلئەویس (الأويس)ەوە پێداویستییەکانی بەشەخۆراکی وەزارەتی بازرگانی عێراق دابین دەکات، زۆربەی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە کۆمپانیای (خاتم الأنبیاء)ی ئێرانییەوە هاوردە دەکات و دڵخۆشییەکی زۆر هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

هاوکات زەیدی بە نزیک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو دادەنرێت، کە دەوری گەورەی هەبوو لە گەشەکردنی کۆمپانیاکان و بانکەکەی زەیدی لە ڕووی داراییەوە، چونکە ئەو سەردەمە قۆناغی زێڕینی بوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دەوڵەتی عێراق لە هاوردەکردن و مەزادی دراودا. هەروەها پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان هەبووە هەر لە خولی یەکەمەوە، ئەمەش وای لێکرد پەیوەندییە عەرەبییەکانی لە ڕێگەی هەندێک وەبەرهێنانەوە فراوان بکات.

سەرباری ئەوەش زەیدی و هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینە وەزارییە نوێیەکەی، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری دەبنەوە، لەوانە: 

1.   دانانی سنوورێک بۆ قەیرانی دارایی و ئابووری. 

2.   دۆزینەوەی دەروازەیەک بۆ ئەو کێشەیەی بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە (چونکە پشت بە تەنها دەروازەیەک دەبەستێت کە ئەویش گەرووی هورمزە و تا ئەمڕۆ داخراوە).

3.   هەروەها چۆنیەتی دەرهێنانی عێراق لە بازنەی ئەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەڵگیرساوە و کێشکردنی هەندێک لە گروپە شیعەکانی سەر بە ئێران بۆ ناو جەنگەکە لەپاڵ تاراندا. 

4.   سنورداری تواناکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی سوپا. 

5.   ئاستەنگی کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت 

6.   داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر "دەرەکی و ناوچەیی"، بەتایبەت لە سایەی دوورکەوتنەوەی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو لە عێراق بەهۆی دەستپێکردنی دەیان هێرشی موشەکی و درۆن لە خاکەکەیەوە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو.

7.   توانای چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ پێکهاتەی سوننە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان (بەتایبەت جرف ئەلسەخەر کە چۆڵکراوە).

8.   کۆتاییهێنان بە دۆسیەی دەستگیرکراوە بێتاوانەکان و کاراکردنی یاسای لێبووردنی گشتی.

9.   چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی پێکهاتەی کورد سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێم و پرسەکانی ماددەی 140 و پێشمەرگە و نەوت... هتد.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێران، گروپە چەکدارەکان؛ گەورەترین کێشەی داهاتووی کابینەکەی زەیدی دەبن، چونکە پێکهێنانی کابینەی وەزاری ملکەچی سیستەمی پشکپشکێنەیە (محاصصة). چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەتوانێت قەیرانەکانی عێراق چارەسەر بکات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان و بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەژموونی ئێران لە عێراق، چونکە ئەو بە ڕاسپاردنی ئەم هێزانە گەیشتووەتە ئەو پۆستە.

لەگەڵ ئەوانەشدا مەرجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زەیدی واژۆی کردوون، دەبنە پێوەر بۆ پاڵپشتیکردنی، چونکە زەیدی بەڵێنی بە چوارچێوە داوە پابەندی بڕیارە ناچارییەکانیان بێت و بەڵێنیشی داوە کە دەستبەرداری بیرۆکەی پێکهێنانی حزبی سیاسی یان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێت.

کەواتە سەرکەوتنی یان شکستی زەیدی لە قۆناغی داهاتوودا، بەستراوە بەوەی کە تا چەند لە توانای دایە، کە پردی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست بکات بۆ گەرەنتیی دوورخستنەوەی عێراق لە هەر سزایەکی ئابووری و دارایی، بەڵام ئەم بابەتە بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان، کە ئەمەش ناتوانرێت بە شێوەیەکی کۆتایی چارەسەر بکرێت. 

 

 

سەرچاوەکان

-       سيف العبيدي، قطار تشكيل الحكومة ينطلق بمباركة ترامب.. ما أبرز المشاكل التي تواجه الزيدي؟، شبكة الساعة، 2026-05-01؛

https://shorturl.at/3MpJ9

-       الجزیرة، ما التحديات التي تواجه الزيدي في رئاسته حكومة العراق؟، 28/4/2026؛

https://shorturl.at/uiV5z

-        بي بي سي نيوز عربي، العراق: ما أبرز التحديات التي يواجهها الزيدي بعد تعيينه رئيسا للوزراء؟، 28 أبريل/ نيسان 2026؛

https://shorturl.at/VFE0F

-       روز نیوز العربية، حكومة الزيدي.. لن تكون بمنأى عن “تدخل الإطار”، 03/05/2026؛

https://shorturl.at/zD39n

 

 

 

 

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە