سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

دۆسیەیی نەوت

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک: وەرچەرخانێک لە مێژووی وزەدا

لە 1ی ئایاری 2026ەوە بڕیاری کشانەوەی ئیمارات "وەک سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ڕێکخراوی ئۆپێک" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە کاروانێکی 59 ساڵە لە هاوکاریی چالاک دەهێنێت، چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بەو واتایەیە کە ڕێکخراوەکە 13٪ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەستدەدات، کە دەکاتە 9٪ی توانای بەرهەمهێنانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس.

بڵاوکراوەتەوە لە : 2 ئایار 2026

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک: وەرچەرخانێک لە مێژووی وزەدا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

🔹 لە 1ی ئایاری 2026ەوە بڕیاری کشانەوەی ئیمارات "وەک سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ڕێکخراوی ئۆپێک" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە کاروانێکی 59 ساڵە لە هاوکاریی چالاک دەهێنێت.

🔹 چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بەو واتایەیە کە ڕێکخراوەکە 13٪ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەستدەدات، کە دەکاتە 9٪ی توانای بەرهەمهێنانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس.

🔹 پشکی ئیمارات (3.2 ملیۆن) بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی خۆی دەگاتە (4.8 ملیۆن) بەرمیلە. ئەم جیاوازییە گەورەیە لە نێوان پشکی ڕێگەپێدراو و توانای بەرهەمهێناندا، هەمیشە سەرچاوەی گرژی بووە لە پەیوەندیی نێوان ئیمارات و ئۆپێکدا.

🔹 بڕیاری کشانەوەکە لە کورتماوەدا کار ناکاتە سەر نرخەکانی بازاڕی وزە؛ چونکە توانای ئیمارات بۆ هەناردەکردنی نەوت بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە سنووردارە.

🔹 بارودۆخەکە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز زیاتر دەگۆڕێت؛ ئیمارات تەواوی بەرهەمی خۆی دەڕژێتە بازاڕەوە، ئەمەش توانای وڵاتانی ئۆپێک (بە تایبەت سعوودیە) لاواز دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی پشکی ئەندامانی تر تا نرخەکان لەگەڵ داهاتی بودجەی وڵاتەکانیاندا بگونجێت. 

🔹 مەترسی ئەوە هەیە کشانەوەی ئیمارات وڵاتانی تریش ڕابکێشێت؛ چونکە ئەوان وا بیردەکەنەوە کە زیادکردنی بڕی فرۆش بە نرخێکی نزمتر باشترە لە فرۆشتنی بڕێکی کەم بە نرخێکی کەمێک بەرزتر.

 

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک: وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە مێژووی وزەدا

ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بازاڕەکانی نەوتی تووشی سوپرایز کرد، لە کاتێکدا ئەبوو زەبی تا سەرەتای ساڵی 2026 وەک سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ڕێکخراوەکە دەورێکی کارای هەبوو، ئەمە جگە لە بەشدارییە چالاکەکەی لە هاوپەیمانیی "ئۆپێک پڵەس" کە بڕیاریدا لەویش بکشێتەوە. چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بەو واتایەیە کە ڕێکخراوەکە 13٪ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەستدەدات، کە دەکاتە 9٪ی توانای بەرهەمهێنانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس.

مێژووی ئەندامێتیی ئیمارات لە ئۆپێک دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش دامەزراندنی یەکێتیی دەوڵەتی ئیمارات؛ چونکە میرنشینی ئەبوو زەبی لە ساڵی 1967 بە شێوەیەکی سەربەخۆ چووە ناو ڕێکخراوەکە و دواتر دوای دامەزراندنی فەرمیی دەوڵەت لە ساڵی 1971، ئەندامێتییەکە بۆ دەوڵەتی ئیمارات گواسترایەوە. لە 28ی نیسانی 2026دا بڕیارێکی مێژوویی بۆ کشانەوە لە ڕێکخراوەکە و هاوپەیمانیی "ئۆپێک پڵەس" ڕاگەیاند، کە لە 1ی ئایاری هەمان ساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە کاروانێکی 59 ساڵە لە هاوکاریی چالاک دەهێنێت، کە تێیدا ئیمارات ڕۆڵی پارێزەری سەقامگیریی بازاڕی گێڕاوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوە بۆ خواستی ئیمارات دەگەڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی نەرمی و سەربەخۆیی زیاتر لە داڕشتنی سیاسەتەکانی وزەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی وەبەرهێنانی گەورەی کردووە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی لە (3 ملیۆن) بەرمیلەوە بۆ (4.85 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئیمارات پێی وایە سنووردارکردنی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێکەوە چیتر لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ناگونجێت، بەتایبەت کە دەیەوێت پێش کەمبوونەوەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت لە داهاتوودا، زۆرترین سوود لە سەرچاوە کێبڕکێکار و کەم-کاربۆنەکانی وەربگرێت.

لە قۆناغی دوای ئۆپێک، ئەبوو زەبی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرس و جێی متمانە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕ. پلانەکەی ئیمارات لەسەر بنەمای زیادکردنی پلەبەندیی بەرهەمهێنان داڕێژراوە بۆ پەرەپێدانی گەشەی ئابووری و هەمەجۆرکردنی داهاتەکانی. هەرچەندە ئیمارات ئامانجیەتی زۆرترین بڕی نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا ساغ بکاتەوە، بەڵام ئەم ستراتیژییەتە گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە نرخەکانی نەوت لە ئاستێکدا بمێننەوە کە هاوسەنگیی بودجەی وڵاتەکە تێک نەدەن. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی گۆڕانی تێڕوانینی ئیماراتە بۆ داهاتووی وزە، کە تێیدا دەیەوێت بە خێرایی و کاریگەریی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و وەرچەرخانی جیهانی بەرەو وزە جێگرەوەکان بکات.

 

هۆکاری بڕیارەکەی ئیمارات و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان

خواستی ئیمارات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی زۆرترین بڕی گونجاو، لەگەڵ سیاسەتی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا بەریەکدەکەوێت کە پشت بە دابەشکردنی پشکی بەرهەمهێنان لەنێوان ئەندامەکاندا دەبەستێت بۆ هێشتنەوەی نرخ لە ئاستێکدا کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەناردەکاران بکات. پشکی ئیمارات (3.2 ملیۆن) بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، کە زۆر کەمتر بوو لە توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی خۆی کە دەگاتە (4.8 ملیۆن) بەرمیل. ئەم جیاوازییە گەورەیە لە نێوان پشکی ڕێگەپێدراو و توانای بەرهەمهێناندا، هەمیشە سەرچاوەی گرژی بووە لە پەیوەندیی نێوان ئیمارات و ئۆپێکدا.

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک پرسیارێکی زۆر لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا دەورووژێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕەکە لەژێر کاریگەریی گۆڕانکاریی قووڵ، گۆڕانی خێرای هاوسەنگیی خستنەڕوو و خواست، و فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان دایە کە جارێکی تر ئەولەویەت و ستراتیژیی بەرهەمهێنەران بۆ مەودای دوور دادەڕێژنەوە.

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک بە تەنیا هەواڵێکی کتوپڕ نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی ڕێڕەوێکی درێژی ناکۆکیی دووبارەبووەوە بوو، بە تایبەت سەبارەت بە پشکەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی هەژمارکردنی هێڵە بنەڕەتییەکان، کە ئەبوو زەبی پێی وابوو گوزارشت لە توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی ئەو ناکات.

ئەم هەڵسەنگاندنە هەستێکی بە "ستەم لێکردن" دروست کردووە، بە تایبەت لەگەڵ ئەو فراوانبوونە گەورەیەی کە توانای بەرهەمهێنانی ئیمارات لە ساڵانی دواییدا بەخۆییەوە بینیوە، ئەمەش وای کرد پشکە دیاریکراوەکە گوزارشت لە توانا ڕاستەقینەکانی دەوڵەتەکە نەکات.

هاوکات کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک دەرەنجامی ئەو فشارە زیادبووانەش بوو کە لەلایەن وەبەرهێنەرە بیانییەکانەوە دەخرانە سەری، چونکە ئەوان بە ئامانجی قازانجێکی ڕوون هاتوونەتە ناو بازاڕی ئیماراتەوە و قورسە بەرهەمهێنانیان سنووردار بکرێت بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر داهاتی ئەو وەبەرهێنانە هەبێت. کۆمپانیا بیانییەکان، سەرەڕای ئەوەی پێش واژۆکردنی گرێبەستەکان ئاگاداری سنووردارکردنەکانی ئۆپێک بوون، بەڵام چاوەڕێی داهاتێک دەکەن کە لەگەڵ قەبارەی وەبەرهێنانەکانیاندا بگونجێت.

ئەم هۆکارانە تەنها هی ئێستا نین، بەڵکو پێش ئەم بڕیارە، ئیمارات چەندین جار ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتی پشکەکان لە ئۆپێک دەربڕیبوو. سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات لە تەممووزی 2021دا ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕێککەوتنەی ئۆپێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی (400 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ئیمارات باش نییە. لەو کاتەدا، عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعوود، وەزیری وزەی سعوودیە داوای سازان و عەقڵانییەتی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. دواجار لایەنەکان ڕازی بوون پشکی ئیمارات لە (3.17 بۆ 3.65 ملیۆن) بەرمیل زیاد بکەن، بەڵام ئەم زیادکردنە هێشتا کەمتر بوو لە توانای بەرهەمهێنانی ئیمارات کە نزیکەی (4.85 ملیۆن) بەرمیلە.

ئیمارات بەهۆی ڕەهەندی جیۆپۆلیتیکییەوە ڕازی بوو بە سەقفی ئۆپێک پڵەس؛ چونکە پێی وابوو بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەندام لە پێشترە و دیدگای هاوبەشیان بۆ ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئۆپێک پڵەس کە پێی وابوو سیاسەتی پشکەکان ڕێگرە لە دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەکاربەرانی ئەمریکی. بەڵام جەنگی سەر ئێران و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات، درزی خستە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و زۆرێک لە وڵاتانی ئۆپێک. ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات لە کۆنفرانسی "کارتێکەران" لە 27ی نیسانی 2026دا ڕایگەیاند کە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر هێرشەکانی ئێران لاوازترین هەڵوێستی مێژوویی بووە بەراورد بە جۆری هێرشەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە سیاسەتی وڵاتانی کەنداو بۆ متمانەپێکردن بە ئێران شکستی هێناوە. لە بەرامبەردا، یوسف عەتەیبە، باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریکا لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە 25ی ئازاری 2026، سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و داوای بەردەوامیی ئەو پاڵپشتییەی کرد.

ئیمارات هاوکێشە ئەمنییەکانی خۆی گۆڕی و گەیشتە ئەو باوەڕەی کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕێگەی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی؛ چونکە لە کاتی تەنگانەدا ئەمریکای لەپاڵ خۆی بینی نەک وڵاتانی تری ئۆپێک. بۆیە چیتر سوودی لەوەدا نەدەبینی ترەمپ لە خۆی زویر بکات بەهۆی مانەوە لە ئۆپێک، بەڵکو پێی باشتر بوو بە جێهێشتنی ئۆپێک پڵەس ڕەزامەندیی ئەو بەدەستبهێنێت تا هانی بدات بۆ بەردەوامی لە پاڵپشتییە ئەمنییەکان و لە هەمان کاتدا ئامانجە سەرەکییەکەی کە هەناردەکردنی تەواوی توانای نەوتەکەیەتی، بپێکێت.

 

گرەوە ئاڵۆزەکان

ئیمارات گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە خواست لەسەر نەوت بۆ ماوەیەکی سنووردار بە بەرزی دەمێنێتەوە و دەیەوێت بە هەناردەکردنی زۆرترین بڕی نەوت، سوودی لێ ببینێت. ئەم گرەوە لە هەمان کاتدا بەندە بە بەردەوامیی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەسەر کۆنترۆڵکردنی بڕی نەوت لە بازاڕدا بۆ ئەوەی نرخەکان دانەبەزن. بەڵام ئەگەر وڵاتانی هەناردەکار بکەونە کێبڕکێ بۆ فرۆشتنی زۆرترین بڕ، بازاڕ تژی دەبێت و نرخەکان بۆ هەمووان دادەبەزن، چ بۆ وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و چ بۆ ئەوانەی تێیدا نین.

ڕەنگە وڵاتانی تریش وەک ئیمارات بیربکەنەوە و بگەنە ئەو ئەنجامەی کە دەرفەتی فرۆشتنی نەوت کەمە و جیهان خێرا ڕوو لە وزەی تر دەکات، بۆیە ئەوانیش پەلە دەکەن لە فرۆشتنی زۆرترین بڕی بەرهەمەکەیان. ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نرخەکان کە ڕەنگە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ خوار (50) دۆلار دابەزێنێت، کە ئەمە نرخی هاوسەنگییە لە بودجەی ئیماراتدا، بەڵام لەو داهاتە کەمترە کە پێویستە بۆ داپۆشینی تێچووی ئەو بڕە پارە زەبەلاحانەی وەبەرهێنانیان تێدا کراوە.

ئیمارات لەسەر ئەو بنەمایە حیسابی کردووە کە نرخەکان بە بەرزی دەمێننەوە تا تێچووی (150 ملیار) دۆلاری وەبەرهێنان لە ژێرخانی بەرهەمهێناندا دابپۆشرێت، بۆ ئەوەی تا ساڵی 2027 بەرهەمەکەی بگەیەنێتە (5 ملیۆن) بەرمیل. بەڵام ئەگەری هەرەسهێنانی نرخەکان پێش ئەو کاتە، کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو حیساباتانە؛ چونکە سوودی ئەو پارە وەبەرهێنراوە بەپێی ئەو داهاتە دەپێورێت کە چاوەڕوان دەکرێت.

 

کەڵەکەبوونی فشارەکانی سەر ئۆپێک

بڕیاری کشانەوەکە لە کورتماوەدا کار ناکاتە سەر نرخەکانی بازاڕی وزە؛ چونکە توانای ئیمارات بۆ هەناردەکردنی نەوت بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە سنووردارە. لە ئێستادا توانای هەناردەکردنی ئیمارات لە ڕێگەی ئەو بۆرییەی کە ئەبوو زەبی بە فۆجەیرەوە دەبەستێتەوە نزیکەی (1.7 ملیۆن) بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بەڵام پێشبینیی کڕیاران بۆ ئەوەی ئیمارات (4.85 ملیۆن) بەرمیل هەناردە دەکات، وا دەکات خواست لەسەر ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە بازاڕدا هەیە کەم بکەنەوە بە چاوەڕوانیی دابەزینی نرخەکان، ئەمەش فشار دەخاتە سەر نرخەکان بۆ ئەوەی دابەزن و لە ئەنجامدا فشاری سەر نرخی بەنزین لە ئەمریکا کەمدەکاتەوە و باری سەرشانی سەرۆک ترەمپیش سووک دەکات.

بارودۆخەکە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سەر ئێران و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز زیاتر دەگۆڕێت؛ ئیمارات تەواوی بەرهەمی خۆی دەڕژێتە بازاڕەوە، ئەمەش توانای وڵاتانی ئۆپێک (بە تایبەت سعوودیە) لاواز دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی پشکی ئەندامانی تر تا نرخەکان لەگەڵ داهاتی بودجەی وڵاتەکانیاندا بگونجێت. ئاستەنگییەکە لەوەدایە کە ئۆپێک پڵەس ناچار دەبێت پشکی ئەندامانی تر کەم بکاتەوە بەقەد ئەو بڕە زیادەیەی ئیمارات دەیخاتە بازاڕەوە، بەڵام ڕەنگە وڵاتانی ئەندام ئەمە بە زیان بۆ خۆیان بزانن چونکە بڕی کەمتر دەفرۆشن و داهاتی کەمتریان دەستدەکەوێت. ڕەنگە سعوودیە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی ئۆپێک پڵەس پشکی خۆی کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە داهاتی کەمدەکاتەوە لە کاتێکدا پڕۆژەی گەشەپێدانی گەورەی لەبەردەمدایە و پێویستی بە داهاتی زۆرە.

کشانەوەی ئیمارات ڕەنگە وڵاتانی تریش ڕابکێشێت؛ ئەوان وا بیردەکەنەوە کە زیادکردنی بڕی فرۆش بە نرخێکی نزمتر باشترە لە فرۆشتنی بڕێکی کەم بە نرخێکی کەمێک بەرزتر، تا ئەو کاتەی وڵاتانی تر سوود لەو نرخە بەرزە وەردەگرن بەبێ ئەوەی پابەندی کەمکردنەوەی پشکەکانیان بن. ڕەنگە ڤەنزوێلا وڵاتی داهاتوو بێت بۆ کشانەوە، چونکە سەرکردایەتیی ئێستای لەپێشینە دەدات بە ڕێککەوتن لەگەڵ ترەمپ کە ئۆپێک بە ڕێکخراوێکی قۆرخکار دەبینێت. نەیجیریاش ڕەنگە دوایان بکەوێت؛ چونکە چیتر تەنها نەوتی خاو هەناردە ناکات، بەڵکو دەستی کردووە بە پاڵاوتنی نەوتەکەی و گۆڕینی بۆ بەرهەمی تر کە بە نرخی گرانتر دەفرۆشرێن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نەیجیریا جگە لە نەوتی خۆی، نەوتی خاویش هاوردە دەکات بۆ پاڵاوتن و فرۆشتنەوەی. لەم سۆنگەیەوە، بەرژەوەندیی نەیجیریا بۆ زیادکردنی بەرهەم لەگەڵ سیاسەتی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی پشکەکان یەکناگرێتەوە، ئەمەش ڕەنگە پاڵی پێوە بنێت لە ڕێکخراوەکە بکشێتەوە.

 

وەبەرهێنان و فراوانبوون لە دەرەوەی نەوت

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک پەیوەندیی بە وەرچەرخانێکی ستراتیژیی فراوانترەوە هەیە لە سیاسەتی وزەی ئیماراتدا، کە ئێستا پشتی بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە بەستووە و تەنها نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی نابینێت، ئەمەش لە چوارچێوەی دیدگایەکی ئابووریی درێژخایەندا دێت.

ئیمارات بە شێوەیەکی بەرفراوان پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەی فراوان کردووە، لەوانە وزەی خۆر و گۆڕینی پاشماوە بۆ وزە، لەگەڵ چوونە ناو بواری وزەی ئەتۆمی لە ڕێگەی کارپێکردنی (4) کورەی ئەتۆمییەوە، کە ئەمە هەمەجۆرییەکی بێوێنە لە سەرچاوەکانی وزەدا نیشان دەدات.

گۆڕینی کۆمپانیای "ئادنۆک" لە کۆمپانیایەکی نەوتی نیشتمانییەوە بۆ کۆمپانیایەکی وزەی جیهانی، گوزارشت لەم وەرچەرخانە دەکات؛ چونکە ئێستا لە بوارە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان دەکات، بە تایبەت گازی سروشتیی شلکراو LNG))، لەگەڵ فراوانبوونی بەرچاوی وەبەرهێنانەکانی لە دەرەوەی وڵات.

کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لەگەڵ ئەم ئاراستەیەدا دەگونجێت؛ چونکە سیاسەتەکانی ڕێکخراوەکە سەرنج دەخەنە سەر بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، لە کاتێکدا ئیمارات بەرەو مۆدێلێکی فراوانتر دەڕوات کە هەموو جۆرەکانی وزە دەگرێتەوە.

 

 

کاریگەری کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک و دیدی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

1.    نرخی نەوت دوای کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک: بانکی "ئەی ئێن زێت" ANZ) ) سەبارەت بە نرخی نەوت دوای بڕیارەکە پێی وایە کاریگەرییەکە لەسەر مەودای کورت سنووردار دەبێت، چونکە هۆکاری تری بەهێزتر هەن کە ئاراستەی بازاڕ دیاری دەکەن.

بانکەکە لە یاداشتێکدا کە چوارشەممە 29ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، ڕوونی کردووەتەوە کە هێشتا نرخی نەوت لەژێر کاریگەریی هۆکارە جیۆپۆلیتیکییەکان، ئاستی کۆگاکان و ئاستەنگە لۆجیستییەکان دایە، کە کاریگەریی ئەم هۆکارانە زۆر زیاترە لە گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان کە پەیوەستن بە ئەندامێتیی ئۆپێکەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە توانای ئیمارات بۆ گۆڕینی وزەی بەرهەمهێنانەکەی بۆ هەناردەکردن، تەنانەت دوای ڕزگاربوون لە پشکەکانی ئۆپێک پڵەس، هێشتا بەند دەبێت بە ژینگەی کارکردن لە ناوچەی کەنداو، بە تایبەت لەژێر سایەی بەردەوامیی سنووردارکردنی گەرووی هورمز کە خاڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە.

2.    گەشەی دابینکردنی وزە: بانکی "بارکلێیز" Barclays) ) پێشبینی دەکات کشانەوەی ئیمارات ببێتە هۆی خێراکردنی گەشەی دابینکردنی نەوت لەسەر مەودای ناوەند، بە تایبەت دوای ئەوەی ئیمارات لە کۆت و بەندی پشکەکانی ناو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس ڕزگاری دەبێت.

بانکەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە دڵنیایی دەداتە وەبەرهێنەران، چونکە چیتر بوژانەوەی ئابووریی ئیمارات بەستراوە نابێت بەو سەقفی بەرهەمهێنانەی کە هاوپەیمانییەکە دەی سەپێنێت.

بارکلێیز ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا کاریگەریی بڕیارەکە سنووردارە بەهۆی لاوازیی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز؛ بەو پێیەی تێکڕای جووڵەی کەشتییەکان (بۆ نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکان) بە ڕێژەی 95٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و تەنها گەیشتووەتە 3 بۆ 4 کەشتی. جەختیشی کردەوە کە گەرووی هورمز پێشتر 20٪ی نەوت و گازی شلکراوەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، هێشتا بە ڕادەیەکی زۆر داخراوە بەهۆی چەقبەستنی وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.

3.    کاریگەریی دەستبەجێی سنووردار: بانکی "ئێچ ئێس بی سی" HSBC) ) هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە کاریگەریی دەستبەجێی کشانەوەی ئیمارات لە بازاڕەکانی نەوت سنووردار دەبێت، بەڵام هۆشداری دا لە لێکەوتەی قووڵتر لەسەر مەودای دوور کە پەیوەستە بە توانای هاوپەیمانییەکە بۆ بەڕێوەبردنی خستنەڕوو.

بانکەکە ڕوونی کردەوە کە هەر زیادکردنێک لە دابینکردنی نەوت لە کورتماوەدا کەم دەبێتەوە، چونکە هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە پەکیکەوتووە، کە لە کۆتایی شوباتەوە نیمچە داخراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا بەربەستێک لەبەردەم زیادکردنی بەرهەمی ئیماراتدا هەیە بەهۆی سنوورداربوونی جووڵەی گواستنەوەی دەریایی؛ چونکە هێڵی بۆریی ئەبوو زەبی بۆ بەندەری فۆجەیرە کە گەرووی هورمز دەبڕێت، تواناکەی تەنها (1.8 ملیۆن) بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و پێدەچێت ئێستا بە تەواوی توانای خۆی یان نزیک لەوە کار بکات.

ئەم بانکە پێشبینی دەکات هەر کاتێک گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز دەستی پێکردەوە، ئیمارات دەتوانێت بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرهەمەکەی زیاد بکات بۆ زیاتر لە (4.5 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشتر پشکەکەی لە ئۆپێک پڵەس (3.4 ملیۆن) بەرمیل بووە.

لەسەر مەودای دوور،HSBC) ) هۆشداری دەدات کە کشانەوەی ئەندامێکی سەرەکیی کەنداو لە ئۆپێک پڵەس دەبێتە هۆی لاوازکردنی یەکگرتوویی و متمانەی هاوپەیمانییەکە، ئەمەش بەڕێوەبردنی خستنەڕوو ئاڵۆزتر دەکات، بە تایبەت لە کاتی دابەزینی خواست یان زیادبوونی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی ئۆپێک.

 

سەرچاوەکان

-       الحواس تقية، الانسحاب الإماراتي: رهان على تعظيم المكاسب قبل فوات الأوان، مرکز الجزیرة للدراسات، 30 أبريل 2026؛

https://studies.aljazeera.net/ar/article/6518

-       الطاقة، انسحاب الإمارات من أوبك.. 3 مؤسسات ترصد تأثير القرار في أسواق النفط، 2026-04-29؛

https://shorturl.at/gtLa4

-       أحمد شوقي - أحمد عمار، ماذا وراء انسحاب الإمارات من أوبك؟.. مسيرة 59 عامًا وطموح الـ5 ملايين برميل، الطاقة، 2026-04-28؛

https://shorturl.at/8LN6i

-       یاسر نصر، انسحاب الإمارات من أوبك رسميًا.. ووزير الطاقة: لم نتشاور مع أحد بعد 59 عامًا من الوجود في المنظمة، الطاقة، 2026-04-28؛

https://shorturl.at/bNlmq

-       دينا قدري، صدمة انسحاب الإمارات من أوبك.. ماذا ينتظر أسواق النفط؟ (5 خبراء يتحدثون)، الطاقة، 2026-04-29؛

https://shorturl.at/dfTDW

-       أحمد بدر، أنس الحجي: انسحاب الإمارات من أوبك ليس مفاجئًا.. وهذا "سر التوقيت"، الطاقة، 2026-04-29؛

https://shortlink.uk/1oRQb

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
١ ئایار ٢٠٢٦

داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی (38%) كەمیكردووە

null
٣٠ نیسان ٢٠٢٦

دادگای تاوانەكان بۆ بنیامین ناتەنیاهۆ نیە

null
٢٩ نیسان ٢٠٢٦

مەزڵوم كۆبانی: نامانەوێت جارێكی تر شەڕ درووست بێتەوە