سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

ڕۆژێک دێت تورک دان بە تاونی جینۆسایدی ئەرمەندا بنێت؟

میللەتێک ئامادە نەبێت تەنها داوای لێبوردنێک لە گەلێکی ستەمدیدەی وەک ئەرمەن بکات، لێبوردنێک کە تەنها مانایەکی سمبۆڵی هەیەو هیچی تر نا، لێبوردنێک کە  نە خاک و نە قەرەبوو بۆ گەلی ئەرمەن دەستەبەرکات، ئیتر چۆن چاوەڕوان بم دان بە مافەکانی گەلی کورد لە تورکیادا بنرێت.

بڵاوکراوەتەوە لە : 27 نیسان 2026

ڕۆژێک دێت تورک دان بە تاونی جینۆسایدی ئەرمەندا بنێت؟

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

شێرکۆ وەهبی - سوید

هەرچەند باوکم باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی ئەکرد فرمێسک لە چاویدا قەتیس دەما. ئەو لەناوبردنی ئەرمەنیەکانی بە چاوی خۆی نەبینیبوو. بەڵام باوکی ئەو کە باپیرمە لە ساڵی ١٩١٥ دا لە میانەی ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا لە باکوری کوردستان دەبێت و بە چاوی خۆی گەورەترین تاوانی سەدەی بیستەم دەبینێت. باوکم هەمیشە لە زمانی باوکیەوە دەیگێڕایەوە "کۆمەڵکوژیەک بەسەر ئەرمەنیەکاندا هاتووە". دروست  ١٢١ ساڵ پێش ئێستا و لە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیای ئێستا سوپای عوسمانی ئەرمەنیەکانی ڕاوەدووناوە و بە کۆمەڵ کوشتونی . دەستدرێژی لە ئافرەت، منداڵ، لاو وپیرانی ئەرمەنی کراوە، سەروەت و سامەنیان داگیر کراوە و خۆشیان لەسەر نەخشە سڕڕانەوە.  

یەکێک لەو شتانەی وەک تراومایەک دڵودەروونی باپیرم دەگرێت و بۆ باوکم و هاوڕێکانی دەگێرێتەوە، پیاوکوژی و بێبەزەیەتی کۆمەڵێک ئەفسەری تورکە. کە پلەکانیان لە نێوان ئەفسەری پلە یەک و کاپتن (نەقیب)دایە. 

"دەمبینی ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئافرەتی ئەرمەنی دووگیانیان دەهێنایە گۆڕەپانێکی گەورە و بە بەرچاوی سەرباز و خەڵکەوە بە خراپترین شێوە دەیانکوشتن.... ئەفسەرە پلە بەرزەکان لەناو خۆیاندا قوماریان لەسەر قوربانیەکان دەکرد، پارەیان لەسەر ئەوە دادەنا چۆن ئەفسەرە تورکەکان بە شەن  بتوانن ڕاستەوخۆ کۆرپە لە زگی دایکە دووگیانەکان بهێننە دەرەوە، هەرچی دەیتوانی بە یەک شەنوەشاندن کۆرپەکە لە زگی دایکی بهێنێتە دەرەوە گروەکەی دەبردەوە..... ئەفسەرە تورکەکان هێندە شەنیان وەشاندبوو شارەزاییەکی چاکیان لە دەرهێنانی کۆرپە بە شەن وەشاندنێک پەیدا کردبوو... تۆ بڵێێت تاوەکوو ئەو شارەزاییان پەیدا کردبێت چەندین ئافرەتی دووگیانیان شەق و پەق کردبێت!!.... ئافرەتە دووگیانەکان بە دارێکی چەپ و ڕاستەوە بە گوریس دەبەسترانەوە.. پاشان شەنوەشێن، شەنەکەی دەگرت بە دەستەوە و  لە دوورەوە گووڕی لێدەبەستەوە، بە ڕاکردنەوە  بە هەموو هێزی نیشانەیان لە وورگی ئافرەتە دووگیانەکە دەگرتەوە، بە توندی لێی دەداو کۆرۆپەکە بە چنگاڵی شەنەکەوە دەهاتە دەرەوە ... هەرگیز ڕووخساری ئەو ئافرەتانەم بیرناچێتەوە کە بەوپەڕی ترس و تۆقینەوە چاوەڕێێ مەرگی خۆیان و کۆرپەکەیان دەکرد، خوێن لەگەل تەپ و تۆزی ڕاکردنی ئەفسەرە تورکەکان و تەقینی وورگی دووگیانەکە تێکەڵ بە یەک دەبوون، شیڕەی ژنە دوو گیانەکانە دەگەیشتە کەشکەلانی فەلەک و تێکەڵ بە هاتوهاواری سەربازەکان دەبوو... دیمەنێکە هێندە قێزەوون بوو مرۆڤ چەندین ڕۆژ نانی پێ نەدەخورا و دڵی تەنگ دەبوو "  ئەمانە قسەی باپیرمن. 

ئەم کارانە وا لە باپیرم  و چەند هاوڕێیەکی دەکات نزیکەی ٨٢ کەسی ئەرمەنی لە ژن و منداڵ و پیاوی پیر لە کۆمەڵکوژیەکە ڕزگار بکەن، بیان شارنەوە و لەگەڵ خۆیاندا بەرەو شارەکانی باشووری  کوردستان بیانهێنەوە.

بەم شێوەیە تورکی دەسەڵاتدار زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئەرمەنیان قەلاچۆکرد. ئەمە تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و لە جینۆساید بەولاوە هیچی دیکە نیە. جینۆسایدێک کە ئێستەش دەوڵەتی تورکیا ناچێتە ژێر باری و دانی پێدا نانێت .  

پاش بەسەربردنی ٤١ ساڵ لە سویددا و زیاتر لە ٢٩ ساڵ زاروەرگێڕی تێدەگەم ئەوەی کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدا تووشی چ تراومایەک دەبێت و هەرگیز ڕەوانی ئاسوودە نابێت. گرنگە مرۆڤ چارەسەرێکی دروست بۆ ئەو تراومایە بدۆزێتەوە، دەنا نەخۆشەکە بۆ هەموو  ژیانی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، یان زنجیرەیەک تاوانی دیکە ئەنجام دەدات، یانیش خۆی دەکوژێت. 

ژمارەی قوربانیەکانی گەلی ئەرمەن بە نزیکەی دوو ملیۆن مەزەندە دەکرێت. گریمان ژمارەی قوربانیەکان تەنها یەک ملیۆن بووە. داخۆ بۆ لەناوبردنی ملیۆنێک مرۆڤ چەند سەربازیان پێویست بووە؟ لەو زانیاریانەی لەبردەستدان ژمارەی دانیشتوانی تورکیا لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا نزیکەی ١٩ ملیۆن کەس بووە، زیاتر لە چوار ملێۆنیان ئیسلام نەبوون.  دەتوانین بڵێین ئەگەر تورک ژمارەی دانیشتوانی 10 ملیۆن کەس بووبێت و نزیکەی  ١٠٠ هەزار سەربازی بەشداریان کردبێت، کەواتە ژمارەیەکی زۆریان بەشداری ئەم تاوانەیان کردووە. کەوابوو لەهەر خیزانێکی تورکدا کەسێک هەیە بەشداربووی ئەم تاوانەیە و بەدەست تراومایەکەوە ناڵاندوێتی و چەند نەوەیەکی دوای خۆشی نەخۆش خستووە. 

کەمال ئەتاتورک لە باتی چارەسەری تراومای سەربازەکانی بکات، بە بیروباوەڕی فاشێتی و تورکچێتی گۆشی کردوون. "من شانازی دەکەم کە تورکم" ئەم گووتەیە لە هەموو شار، شاروچکە، شاخ و داخ و بینای تورکیادا بەدی دەکرێت، کە گووتەی خودی کەمال ئەتاتورکە و چەندین نەوەی پێ گۆش کردووە. "لە تورکیادا تەنها تورک هەیە، هیچ نەتەوەیەکی تر بوونی نیە، کورد تورکی شاخاوین"، بۆیە  نزیکەی دوو دەیە دوای کوشتاری ئەرمەن شێخ ڕەزا و ژمارەیەکی زۆری کوردانی زازاکی لە دەرسیم قەتڵوعام کران. هەمان سوپای دڕندە و نەخۆشی کەمال ئەتاتورک بەشداری ئەو تاوانانەش دەکەن. سوپا دڕندەکەی تورک وەک زنجیرە پیاوکوژێکی لێدێت کە بۆ نێچیری نوێ دەگەڕێت. کەمەنەتەوەکانیش بەدەست تورکی ڕەگەزپەرستەوە دەناڵێنن. 

چەند نموونەیەک بۆ گەلێکی تا سەر ئێسقان فاشیست:

نموونەی یەکەم: ساڵی ١٩٩١ لە ڕێگای تورکیاوە دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان سواری تەکسیەک دەبنم لە ئەستەموڵ، شۆفێرەکە لێمدەپرسێت: 

-جەنابت ئێرانیت؟ 

- نەخێر 

- باشبوو چونکە زۆر ڕقم لە ئێرانیە 

- ئەی عەرەبیت؟

- نەخێر 

-باشبوو چونکە زۆر ڕقم لە عەرەبە

-ئەی ئاسووریت؟ 

-نەخێر

-باشبوو چونکە زۆر ڕقم لە ئاسووریە، ئەی چیت؟ 

-کوردم و خەڵکی کورسدتانم...  (شۆفێرەکە چاوەڕێی ئەو وەڵامە نەبوو هەردوو چاوی پەڕیە پشتی سەری) 

-چی کورد، کوا هەیە ؟ کوردستان؟ وولاتی وا کوا بوونی هەیە؟  مەگەر کورد تورکی شاخ نین وزمانەکەی خۆیان بیرچۆتەوە

 - کاکە وەک دەردەکەوێت تۆ کەست خۆش ناوێت، پێم ناڵێیت بۆچی؟ دەرکەوت ڕقت لە فارس، عەرەب، کورد و ئاسوریە. دەی باشە کێت خۆش دەوێت؟ باشە عەرەب وفارس و کورد و ئاسوری  هیچ نەبێت دراوسێی تۆن. بۆ لەخۆتەوە ڕقت لێیانە؟ من نەفەرێکم دەمگەیەنیت و پارەت دەدەمێ، دەرکەوت ڕقت لە منیشە. باشە ڕۆژانەکەت بەچی پەیدا دەکەیت؟ دەوڵەتی تورکە پارەت ددەداتێ یان بژێوی خۆت و خێزانەکەت بەو نەفەرانە پەیدا دەکەیت کە سواری تەکسیەکەت دەبن. لە باتی ڕێزیان لێبگریت ڕقت لێیانە. من لەو نەزانی و ڕەگەزپەرسستیەی تۆ تێناگەم، باشە بۆ؟ من دەزانم لە هەموو نەتەوەیەکدا باش و خراپ هەیە. من ڕێبوارێکم و بە ووڵاتەکەتاندا تێدەپەڕم لەم ماوە کورتەدا چەندین مامەڵەی خراپم بەرامبەر کراوە، کەچی من ڕقم لە هەموو تورک نیە. تەنانەت ڕقم لە تۆش نیە. ڕقم لێت بوایە لەگەڵت سەر نەئەکەوتم. من نازانم تۆ کێیت؟ تۆ ئازادی لەوەی چۆن خۆت پێناسە دەکەیت. تۆ ئازادی دەڵییت سەر بە چ نەتەوەیەکیت، باشە ناسنامەی تورکێتی بۆ خۆت بە ڕەوا دەبینیت بۆ کورد بوون بۆ من حەرام بێت ؟

نموونەی دووهەم: ساڵی ١٩٩٩ من و ئارانی پێنج ساڵانی کوڕم بە خاکی تورکیادا دەچینەوە بۆ  باشووری کوردستان و لە گەڕانەوەدا  سەربازە تورکەکان لەسەر پردەکەی ئیبراهیم خەلیل-خابور بۆ پشکنین ڕامان دەگرن. کۆمەڵێک کتێبی کوردی لە جانتاکەم دەردەهێنن و جیای دەکەنەوە " ئەمانە چییە؟" ئەمانە کۆمەڵە کتێبکن کڕیومن، من زاروەرگێڕم و پێویستم پێیانە.. ئەفسەرێکی باڵا بەرزی تێکسمڕاوی پاکوتەمیز دیتە پێشەوە هەندێک لە کتێبەکان هەڵدەداتەوە و لە دامێنی یەکێکیاندا بە ئەلفوبای لاتینی بەدیدەکات کە نوسراوە ئەم کتێبە لە هەرێمی کوردستانی/عیڕاق چاپکرا. کابرا چاوی دەپەڕێتە پشتی سەری.. دنیا هەتاوە و گەرمە.. فەرماندەدات من و ئارانی کوڕم بچین لەبەر هەتاوەکە ڕاوەستین... پاش ئەوەی نیو کاتژمێر ڕادەوەستین و تاس دەمانباتەوە..لەپر بانگمان دەکاتەوە بۆ لای مێزەکە. دڵم خۆش دەبێت و وا دەزانم کەمێک دڵی پێمان سووتاوە.. شڕو شیتاڵی جانتاکەمیان دەرهێناوە و بە ئیشارەتێک فەرمانم پێ دەدات جانتالکەم کۆ بکەمەوە. دەمەوێت کتیبەکانیش هەڵگرمەوە کەچی ڕێم پێنادات. کتێبەکان هەڵدەداتە سەر زەویەکەو بە شەق تێیان بەردەبێت. پاشان فەرمان دەدەتە سێ سەرباز کە پانتۆڵەکانیان داکەنن و هەموویان پێکەوە میز بە کتێبەکاندا دەکەن ... ئیدی کتێبەکان دەخووسێنەوە. 

-"ئێستا دەتوانیت کتێبەکانت کۆکەیتەوە" منیش دان بەخۆمدا دەگرم و بە قینێکەوە ئەو ناوە بەجێدەهێڵم و ئارانی کوڕیشم دەگری 

- و دەڵێت بابە بۆ؟ "کوڕم نازانم؟. چونکە کوردین.."  

نموونەی سێهەم: ڕۆژی١٤ /١/٢٠١٣ خۆم و ژنەکەم و تارا چوار ساڵانی کچم  دوای گەشتێک لە سنگاپورەوە  بەرەو سوید دەگەڕێینەوە لە تورکیا ترانزێتمان هەیە ، لە هۆڵی ترنزێتدا دەمانەوێت وەک دیاری هەندێک حەڵوای تورکی بکڕین. خانمێکی شۆخی کارمەندی تورک میهرەبانانە بۆ یارمەتیدان دێتە پێشەوە و هەندێک موجامەلی کچە بچکۆلانەکەشم دەکات و دەست بە سەریدا دەهێنێ، پرسیاری لێدەکات خەڵکی کوێن، تاراش دێتە گۆ: 

-کوردستان، خانمەکە لچێک هەڵدەقورچێنێ و یەکسەر بەجێمان دەهێڵێت، کچە چوارساڵانەکەم دەڵێت بابە بۆ؟ "کچم نازانم؟. چونکە کوردین.."   

بە درێژایی ئەو ماوەیەی ئەردۆگان سەرۆک کۆمارە چەندین لێدوانی لێپرسراوانی تورکمان لەسەر کوشتاری ئەرمەن بیست . هەر هەموویان بە تەواوی نکۆڵی لە جینۆسایدی میللەتی ئەرمەن دەکەن و چەندین پاساوی ناڕاستی بۆ دەهێننەوە لە بابەتی شەڕو قاتوقڕی، برسێتی..هتد . میللەتێک ئامادە نەبێت تەنها داوای لێبوردنێک لە گەلێکی ستەمدیدەی وەک ئەرمەن بکات، لێبوردنێک کە تەنها مانایەکی سمبۆڵی هەیەو هیچی تر نا، لێبوردنێک کە  نە خاک و نە قەرەبوو بۆ گەلی ئەرمەن دەستەبەرکات، ئیتر چۆن چاوەڕوان بم دان بە مافەکانی گەلی کورد لە تورکیادا بنرێت.  

ئازادبوونی میللەتێک لە بیروباوەڕی ڕەگەزپەرستێتی ئاسان نیە،  کاتێک ئەتاتورک ساڵەهای ساڵ بەم شێوازە گۆشی کردبن. هەرچەندە لە ڕێورەسیمێکدا بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن کە لە شاری ئامەد چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرا (صەڵاحەدین دەمیرتاش) سەرۆکی پارتی هەدەپەی کوردی لە بەرامبەر بەشداریکردنی چەند سەرەک هۆزێکی کورد لە کۆمەلکوژی ئەرمەندا  بەڕەسمی داوای لێبووردنیان لەگەلی ئەرمەن کرد، کەچی هێشتا لە ناخەوە شەرم لە کوردبوونی خۆم دەکەم.    

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 2 کاتژمێر

لە دیکۆرکەوتنی دیکۆرەکان 

null
٢٥ نیسان ٢٠٢٦

ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

null
٢٤ نیسان ٢٠٢٦

هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان