سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان

لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی (48) هێرش بۆتەوە و لەسەرەتای جەنگەکەشەوە، (695) هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە (123) كەس بوونە قوربانی (22) شەهید و (101) بریندار

بڵاوکراوەتەوە لە : 24 نیسان 2026

هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

راپۆرتی: تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT

(لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی ٤٨ هێرش بۆتەوە و لەسەرەتای جەنگەکەشەوە، ٦٩٥ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان).
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی سەدان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک بوویەوە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق. بە جۆرێک لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی ٨ی نیساندا، (٦٤٧) هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بەردەوامبوون لە هێرشەکانییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لە ٨ی نیسانەوە تاوەکو ٢٤ی نیسان، (٤٨) هێرشیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. بەمەش، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا (٦٩٥) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لەماوەی ئاگربەستدا، کامپ و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بوون. بەراورد بە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون.
هێرشەکان لە ٢٨ی شوباتەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی ئاگربەست (٨ی نیسان)
سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، لە ماوەی چل ڕۆژی شەڕەکەدا، لە ٢٨ی شوبات تاوەکو ٨ی نیسان، (٦٤٧) هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان. زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمدا بوون کە ژمارەیان (٢٧٧) هێرش بووە. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شوێنە مەدەنی نشینەکان، کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی نابەشدار لەو جەنگە بە پلەی دووەم دێن لە ڕێژەی بە ئامانجگرتن و (٢٢٤) جار بە ئامانجگیراون. کامپ و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە پلەی سێیەم دێن و (١٤٦) جار بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە (٣١.٨٪)ی ئەو هێرشانە و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە (٦٨.٢٪)ی هێرشەکانییان ئەنجامداوە و لە (٤٢.٨٪)ی هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بوون لە هەرێمی کوردستان.
هێرشەکان لەماوەی ئاگربەستدا (٨ بۆ ٢٤ی نیسان)
لەدوای ئەوەی کە لە ٨ی نیساندا، هەردوو لایەنی شەڕەکە ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دانوستانەکانی (ئیسلام ئاباد) دەستیان پێکرد، پێشبینی ئەوە دەکرا کە هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستانیش بوەستێندرێن و ئاگربەست هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بەردەوامبوون لە هێرشەکانییان. لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی (٤٨) هێرش بۆتەوە. لەو ژمارەیە، سوپای پاسداران بەرپرسە لە (٧٥٪)ی هێرشەکان و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق لە (٢٥٪)ی هێرشەکانیان لە کاتی ئاگربەستدا ئەنجامداوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بەراورد بە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لەماوەی ئاگربەستدا، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بوون کە (٣٧) هێرش بوون و ڕێژەی (٧٧.١٪)ی کۆی هێرشەکان پێکدەهێنێت. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنە مەدەنی نشینەکان (٧) جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش (١٤.٦٪)ی هێرشەکان پێکدەهێنێت. لەماوەی ئاگربەستدا، دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا کەمترین هێرشیان کراوەتە سەر کە تەنیا (٤) هێرش بوون و ڕێژەی (٨.٣٪)ی کۆی هێرشەکان پێکدەهێنێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سەرنجی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ئاگربەستدا، لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەرێمەوە گۆڕاوە بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگا و کامپەکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ناکات.
سەرجەمی هێرشەکان (٢٨ی شوبات بۆ ٢٤ی نیسان)
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، (٦٩٥) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لە (٣٤.٨٪)ی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق بەرپرسن لە لە (٦٥.٢٪)ی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان.
بەهۆی هەبوونی کونسوڵخانەی گشتی و بارەگای سەربازی ئەمریکا لە هەولێر و زۆرترین کامپ و بارەگای سەربازی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بە پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم دێن، لە ڕێژەی بە ئەمانجگرتنیان.
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکان:
هەولێر: ٥٤٤ هێرش - ٧٨.٣٪
سلێمانی: ١٢٣ هێرش - ١٧.٧٪
دهۆک: ٢٢ هێرش - ٣.٢٪
هەڵەبجە: ٦ هێرش - ٠.٨٪
جۆری هێرشەکان
هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هاژەک، تۆپباران و تەقەکردنەوە ئەنجامدراون. بەشێوەیەک:
(٥٥١) هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون.
(١٣١) هێرش لە ڕیگەی هاژەکەوە ئەنجامدراون.
(١٢) هێرش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە ئەنجامدراون.
(١) هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردنەوە ئەنجامدراوە.
ئامانجی هێرشەکان
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەسەر سێ گروپدا پۆلێن کردووە. گروپی یەکەم دامەزراوە دیپلۆماسی و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستان. گروپی دووەم حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەیان ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و لە کامپ و ئۆردوگای تایبەت بە خۆیان نیشتەجێکراون. گروپی سێیەم، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە مەدنی و فەرمییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون، ناوەندی بازرگانی و وزە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئەو دامەزراوانەن کە نابەشدارن لە جەنگی ئێران و ئەمریکا. ژمارەی و ڕێژەی هێرشەکان بۆسەر ئەم گروپانە، لەسەرەتای دەسپێکردنی جەنگەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا: (٢٨١) هێرش - ٤٠.٥٪
دامەزراوەی مەدەنی، شوێنی نیشتەجێبوون و لایەنە نا بەشدارەکانی جەنگ: (٢٣١) هێرش - ٣٣.٢٪
حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: (١٨٣) هێرش - ٢٦.٣٪
لە (٦٩٥) هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک، (٤٠٧) هێرش لە ڕێگەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هێرشی فڕۆکەی جەنگی یاخود تەقەی ڕاستەوخۆ پوچەڵکراونەتەوە بەر لە پێکانی ئامانجەکانییان. واتە، ڕێژەی (٥٨.٦٪)ی هێرشەکان پوچەڵکراونەتەوە.
زیانە گیانی و ماددییەکان
لە ٢٨ی شوباتەوە تاوەکو ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦،بەهۆی هێرشەکانەوە، (١٢٣) کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە (٢٢) کەس گیانیان لەدەستداوە و (١٠١) کەسی تریش برینداربوون. (٢٤) کەس لە قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی بوون.
جگە لە زیانی گیانی، هێرشەکان بوونە هۆی زەرەر و زیانی ماددی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. بە جۆرێک، زیاتر لە (٦٧) خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون و (٤٥) ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.
ڕاسپاردەکان
تیمی کوردستانی عێراقی CPT پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەکات. بەڵام لەگەڵ وەستاندنی هێرشی سەربازی لایەنەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکتری، پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان بوەستێندرێن. حکومەتی عێراق لەسەریەتی کە سەروەری خاکی عێراق بپارێزێت و گروپە هاوپەیوەندەکانی ئێران کە لە عێراقەوە هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی لێپێچینەوە و بەرپرسیارییەتی بکات. هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاربکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زەرەرمەندی ئەم جەنگە، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ و یاسای ژمارە ٥٧ی ساڵی ٢٠١٥ی هەموارکراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT
Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
١٩ نیسان ٢٠٢٦

 دۆخی دوای شەهیدکردنی غەزەڵ مەولان: چەند سەرنجێک

null
١٩ نیسان ٢٠٢٦

کار و پرۆژەکانی فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە

null
١٨ نیسان ٢٠٢٦

واشنتۆن پەیامی نوێی ناردووە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی