سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

15 رۆژ مۆڵەت و چوار ئەگەر لەبەردەم شیعەكان

سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هۆشداری دەدات لە دواخستنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری نوێ ماوەی كەمتر لە 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی كەسێك لە لایەنە شیعەكان راسپێریت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هاوشێوەی پەرتبوونی ماڵی كورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ماڵی شیعەت لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران لەبەردەم پەرتبووندایە، چوارچێوەی هەماهەنگی كە هاوپەیمانێتی زۆرینەی لایەنە شیعەكانە لەبەردەم چوار ئەگەردایە، كە یەكێكیان پەرتبوون و هەڵوەشانەوەیە ئەگەر مالیكی و سودانی جارێكی تر یەكێكیان سازش بۆ ئەوەی تریان نەكاتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

بڵاوکراوەتەوە لە : 14 نیسان 2026

15 رۆژ مۆڵەت و چوار ئەگەر لەبەردەم شیعەكان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

راپۆرت: درەو
سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هۆشداری دەدات لە دواخستنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری نوێ ماوەی كەمتر لە 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی كەسێك لە لایەنە شیعەكان راسپێریت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هاوشێوەی پەرتبوونی ماڵی كورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ماڵی شیعەت لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران لەبەردەم پەرتبووندایە، چوارچێوەی هەماهەنگی كە هاوپەیمانێتی زۆرینەی لایەنە شیعەكانە لەبەردەم چوار ئەگەردایە، كە یەكێكیان پەرتبوون و هەڵوەشانەوەیە ئەگەر مالیكی و سودانی جارێكی تر یەكێكیان سازش بۆ ئەوەی تریان نەكاتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

15 رۆژ مۆڵەت و ترسی دواكەوتنی حكومەت
"گرنگە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ" فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ لە سەردانێكدا بۆلای نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەم پەیامەی گەیاند.
ئەم هۆشداریدانەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئاماژەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەیە ناكۆكی ناو ماڵی شیعە لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوابخات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دەستور لەدوای هەڵبژاردنیەوە، تەنیا ماوەی 15 رۆژ دەرفەتی بە سەرۆك كۆماری نوێ بەخشیوە تاوەكو تێیدا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران راسپێرێت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ. 

كۆبوونەوەی شیعەكان
بەگوێرەی زانیارییەكان لە بەغدادەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگی كە هاوپەیمانی كۆكەرەوەی زۆرینەی لایەنە شیعەكانە لە ماڵی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كۆبووەتەوە. 
ئەوانەی ئاگاداری كۆبوونەوەكە بوون، قسەیان بۆ میدیاكانی عێراق كردووەو دەڵێن هەریەكە لە نوری مالیكی، هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەبوفەدەك محەمەداوی فەرماندە لە حەشدی شەعبی بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. 
لە كۆبوونەوەكەی ماڵی مالیكیدا قسەوباس كراوە لەبارەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی كە بڕیارە لە ماڵی هومام حەمودی بەڕێوەبچێت، ئەمە جگە لە قسەكردن سەبارەت بە ئەو ناوانەی كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیاز كراون. 

هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەكو بومەلەرزەیەكی سیاسی
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (نزار ئامێدی) وەكو بومەلەرزەیەك بوو كە بناغەی هاوپەیمانێتییە سیاسییە نەریتییەكانی هەژاند، بەتایبەتیش هاوپەیمانێتی لایەنە شیعەكان (چوارچێوەی هەماهەنگی) لەلایەك و؛ لەلایەكی تریش بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان. دۆخێكی هێناوەتە كایەوە كە تێیدا دەبێت سەرلەنوێ هاوسەنگییەكان رێكبخرێتەوە، بەتایبەتیش كە ئیتر لایەنە شیعەكان وەكو پێشتر كات لەبەردەمیاندا كراوە نییەو، ناتوانن پرسی دواخستنی پێكهێنانی حكومەت ببەستن بە ناكۆكی كوردەوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار.  
ئەم دۆخە نوێیە لایەنە شیعەكانی لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران خستوەتە بەردەم چەند ئەگەرێكەوە، كە ئەمانەن:
•    ئەگەری یەكەم:
بەردەوامبوون لەسەر بڕیاری پێشووی خۆیان (كۆتایی كانوونی دووەمی رابردوو) بۆ كاندیدكردنی (نوری مالیكی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە، بەوپێیەی مالیكی كاندیدێكی ئەزمونكراوەو باش نییە لەم دۆخە سیاسییە ناسەقامگیرەی ناوچەكەدا شیعەكان سەرچڵی بە ناوێكی ترەوە بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. بەڵام گرفتی ئەم بڕیارە لەوەدایە ئەمریكا پێشوەختە "ڤیتۆ" دژ بە دانانەوەی مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاندووە، سەرباری ئەمەش لایەنە سوننەكان بەگشتی لەگەڵ مالیكی كۆك نین و رۆژانی سەردەمی شەڕی تائیفییان بیردەكەوێتەوە.
•    ئەگەری دووەم: 
بەقسەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەو بومەلەرزە سیاسییەی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا روویداوە، بۆچوونی نوری مالیكی گۆڕیوەو وایكردووە بە بڕیاری خۆیدا بچێتەوە سەبارەت بە سوربوونی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەگەر ئەمە راست بێت، وا دەردەكەوێت مالیكی قایل بێت بە دانانی كەسێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەو مەرجەی كەسەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبوو نەبێت. بەوپێیەی ناكۆكییەكانی ئەم دووانە لەئاستێكدا نییە بەشێوازە كۆنەكە چارەسەر بكرێت، بەتایبەتیش لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا چیتر داروپەردووی ئەو رێككەوتنە دەركەوت كە پێشترو لەسەرەتای ئەمساڵدا كراو تێیدا سودانی لەبەر مالیكی دەستبەرداری مافی خۆكاندیدكردن بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
زیا ناسری سەركردە لە حزبەكەی نوری مالیكی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە كرد، ئەگەر هەیە مالیكی رازی بێت بە كاندیدێكی تر لەوانە (باسم بەدری) كە ئەندازیارێكی كشتوكاڵییەو ئێستا سەرۆكی دەستەی لێپرسینەو دادپەروەرییە، كە دەستەیەكی تایبەتە بە ریشەكێشكردنی بەعس لە عێراقدا. 
ئەم سەركردەی حزبی دەعوە وتی: دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەو "پەیمانە كۆمەڵایەتی"یەی شكاند كە لە ساڵی 2003وە پرۆسەی سیاسی عێراقی بەڕێوەبردووەو، لەسەر سێ بنەمای (تەوافوق و هاوسەنگی و مافی پێكهاتەكان) راوەستابوو. 
سەرباری ئەمەش، زیا ناسری پێیوایە هێشتا پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە دەستی (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی شیعەكاندایەو مالیكیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی "كەسێك كە متمانەی پێی هەبیت" لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران سازش بكات و بكشێتەوە.
بەقسەی ئەو سەرچاوانەی كە ئاگاداری كۆبوونەوەی بچوككراوەی دوێنێی لایەنەكانی چوارچیوەی هەماهەنگی بوون لە ماڵی مالیكی، لە كۆبونەوەكەدا مالیكی پێشنیاری ئەوەی كردووە ناوی (عەلی شوكری) كە سەركردەو وەزیرێكی پێشووی رەوتی سەدرە، بخرێتە ناو لیستی ناوی ئەوانەی كە كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەشداربووانی كۆبونەوەكە ئەم پێشنیازەی مالیكییان قبوڵ كردووەو بڕیاردراوە لە كۆبونەوەی ئایندەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەموو ناوەكان بە (عەلی شوكری)یەوە بخرێنە بەر باس. 

•    ئەگەری سێیەم
ئەم ئەگەرە لەوانەی پێشتر بەهێزترە، كە بریتییە لە نوێكردنەوەی خولێكی تری پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ محەمەد شیاع سودانی، بەوپییەی كاندیدێكە كە توانای هەیە بڕێك لە سەقامگیری لە قۆناغێكی زۆر هەستیاری سیاسیدا بە عێراق ببەخشێت، ئەوانەی ئەم قسەیە دەكەن بەڵگە بەو سەركەوتنە رێژەییە دەهێننەوە كە سودانی بەدەستیهێناوە لە پاراستنی عێراق لە لێكەوتەكانی ململانێی ناوچەیی (شەڕی ئەمریكاو ئێران)، ئەمە لەپاڵ تواناكانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانێكی ئابوری ئاڵۆز، بەوتەی ئەم كەسانە لەبری سەرچڵیكردن بە گۆڕی كاندیدی سەرۆك وەزیران، سودانی بمێنێتەوە باشترە. 
وەلید خالید ئەندامی هاوپەیمانێتییەكەی سودانی (ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان) قسەی بۆ رۆژنامەی (المدى) كردووەو دەڵێ: هاوپەیمانێتییەكەمان پێشتر پاڵپشتی كاندیدكردنی نوری مالیكی كرد، بەڵام شكستهێنانی ئەم بژاردەیە وایكرد جارێكی تر هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی خۆمان بكەینەوەو، بە جۆرێكی تر ناوی سودانی وەكو بژاردەی "گونجاوتر" بۆ ئەم قۆناغە دەركەوتەوە، بەجۆرێك بە مالیكیشەوە هیچ رەتكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر كاندیدكردنەوەی سودانی نییە.
سەرباری ئەوەی هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هیچ میكانیزمێك بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران رێككەوتنی نەكردووە، بەقسەی لایەنگرەكانی، سودانی لەكۆی 12 كەس لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی 9 كەسی هەیە، ئەمەش بەو واتایە دێت زۆرینەی شیعەكانی لەگەڵدایە.
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، جموجوڵەكانی سودانی زیادیان كردووەو بەتایبەتیش لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەجیا كۆدەبێتەوە، ئەمەش وا دەردەكەوێت جارێكی تر دەیەوێت خۆی وەكو كاندیدی تەوافوقی نمایش بكاتەوە. 
•    ئەگەری چوارەم
ئەمە سیناریۆ مەترسیدارەكەیە بۆ ناو ماڵی شیعە، كە ئەگەر هەیە هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە ناوماڵی كوردی پەرتكردەوە، ناو ماڵی شیعەش پەرت ببێ، چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروستكرا، لەبەر یەك هەڵوەشێتەوە. 
كرۆكی ئەم ئەگەرە ئەوەیە، ژمارەیەك لە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەكی تاكلایەنە ناوی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەشی سەرۆك كۆمار بكەن؛ جا ئیتر محەمەد شیاع سودانی بێت یاخود كەسایەتییەكی تر، بەبێ ئەوەی ناوی كاندیدەكە تەوافوقی نەریتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بێت.  
بەڵام ئەوانەی شارەزای كاروباری سیاسی ناو ماڵی شیعەن باسلەوە دەكەن، بژاردەیەكی لەم جۆرە كە تەوافوقی هەموو لایەنەكانی چوارچێوەی لەسەر نەبێت، پێویستی بەوەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شەرعیەتی بۆ بدۆزرێتەوە، جا ئیتر لەرێگەی وەرگرتنی ئۆكەی مەرجەعەیەتی باڵای ئاینی بێت لە نەجەف (سەرباری ئەوەی ئەم سیناریۆیە پێشتر شكستی هێناوە) یاخود ئەگەری پەنابردن بۆ وەرگرتنی پشتیوانی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، بەتایبەتیش ئەگەر دۆخەكە بگاتە ئاستێك پێویست بكات مۆڵەتە 15 رۆژییەكەی دەستور بۆ راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران درێژ بكرێتەوە.  
ئەگەر ئەم سیناریۆیە رووبدات، نەك بەتەنیا هەڕەشە دەبێت بۆ هاوسەنگییە سیاسییەكان، بەڵكو دەكرێت وەكو دابڕانێكیش لە كەلەپوری سیاسی وابەستە بە رابەری باڵای ئێرانەوە بخوێندرێتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوە راست بێت بەم دواییە تاران پەیامی بۆ لایەنە شیعەكان ناردبێت و پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی راگەیاندبێت. 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
١٤ نیسان ٢٠٢٦

پارێزگاری كەركوك دەدرێتە پێكهاتەی توركمان