سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

ژینگە

جەنگی ئەمەریکا - ئێران كاریگەرییە ژینگەییەكانی

جەنگ و ململانێ تەنیا کارەساتی مرۆیی وەک مردن و وێرانکاری لێناکەوێتەوە، بەڵکو گۆڕانکاری قووڵ و درێژخایەن بە سەر سروشت و ژینگەدا دێنێت. لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر شارەکان، تەنها دامەزرا و ژێرخانی کۆمەڵایەتی وێران نابن، یان تەنها باڵەخانەکان و دامەزراوەکانی وزە ئاگریان تێبەر نابێت، بەڵکو لە ئاکامی ئەو شوێنانەی بە ئامانج دەگیرێن چەندین گازی کوشندەی خراپ و ماددەی ژەهراویان لێ پەیدا دەبێت، کە ڕەنگە پاش وەستانی جەنگ زیان بە هەردوو ئیکۆسیستەم و تەندروستی مرۆڤ بگەیەنن. بە گشتی ئەمە ئەوە دەردەخات کە شەڕ تەنها کارەساتی مرۆیی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە "توندوتیژی خاو" دژی ژینگە - کە لەوانەیە لێکەوتەکانی بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت و کاریگەری لەسەر هەردوو سروشت و کۆمەڵگا هەبێت.

بڵاوکراوەتەوە لە : 28 ئازار 2026

جەنگی ئەمەریکا - ئێران كاریگەرییە ژینگەییەكانی

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

شێركۆ وەهبی - ماستەر لە بواری ژینگە - سوید 

لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە ملیۆنان تۆن بۆمب، مووشەک، درۆن تەقەمەنی وەک باران  بەسەر ئێراندا دەبارێت. لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانیان کردوەتە سەر سەدان ئامانج ، ڕۆژ بە ڕۆژ ململانێکان زیاتر پەرە دەستێنێنن و جەنگەکەش بووەتە یەکێک لە توندترین هەڵمەتی سەربازی سەردەم. شایانی باسە کە لە دەری ئامانجە سەربازییەکان کارەساتێکی دیکەی پڕمەترسی چاوەڕوانمان دەکات کە لە ئێستادا کەمتر هەستیان پێدەکرێت، ئەویش بریتییە لەو قەیرانە ئیکۆلۆژییەی کە ڕەنگە بۆ دەیان ساڵ لێکەوتەی خراپی لەسەر ناوچەکە هەبێت.

بۆردومانێکی بێ وێنە

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەدان شوێن لە ئێراندا بە ئامانج گیراون. هاوکات ئێران سەدان مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە. ململانێکان خۆیان لەم خاڵانەدا دەبیننەوە:                    

  - بۆردومانی بنکە سەربازیی، بنکەکانی هەڵدانی موشەک  لە گشت ئێراندا.

- هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی وزە. 

- هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتەکە.                                                                                                                                                                    

- شەڕی ئەلیکترۆنی و تێکدانی بنکە هەواڵگیرییەکان                                                                                                  

- هێرشی مەترسیدار لە نزیک دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە. 

دەکرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین ئەنجامی ئەم جەنگە تەنها قوربانی، زیانی گیانی و جەستەیی لێناکەوێتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورە لە سروشت و ژینگەی ناوچەکە دەکات. 

 

هەوا، ئاو و خاک ژەهراوی دەکرێن

کاریگەرییە هەنوکەییەکان لەسەر ئێران بریتیین لە بڵاوبوونەوەی هەوای ژاراوی و “بارانی ڕەش” کە لە ئەنجامی بۆردومانکردن و ئاگر کەوتنەوە لە دامەزراوە نەوتی و گازەیەکانەوە پەیدادەبن. دوکەڵی ڕەشی ئەستوور بە گشت لایەکدا بڵاودەبنەوە کە ڕێژەیەکی یەجگار زۆرگەردیلەی ڕەش لەخۆدەگرن، جگە لەوەش کۆمەڵێکی زۆر کانزای قورس و ماددە کیمیاییە شێرپەنجەییەکان بە گشت لایەکدا بڵاودەکەنەوە. دیاردەی"بارانبارینی ڕەش" لە زۆر شوێن تێبینی کراوە کە لە ئاکامی هەر بارانبارینێکدا  پیساییەکی زۆر بەسەر شار، گوند و دەشتەکاندا دەڕژێن. ئەمانەش دەبنە هۆی پەیدابوونی چەندین جۆر نەخۆشی وەک: کاریگەری لەسەر سییەکان، ڕەبو، کێشەی دڵ و بۆرییەکانی خوێن هەروەها دروستبوونی چەندین نەخۆشی قورس لە ئۆرگانەکانی لەشدا و تەنانەت شێرپەنجەی درێژخایەنیشی لێدەکەوێتەوە. 

 

پیسبوونی ئاوی خواردنەوە  و تێکچووننی ژێرخانی ئابوری

ئێران خۆی لە خۆیدا دەمێکە گیروگرفتی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەم جەنگەوە دابینکردنی ئاو مەترسی گەورەی لێدەکرێت و دۆخێکی نالەبار دێنێتە ئاراوە. هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو و تۆڕەکانی ئاوەڕۆ هەرلە ئێستاوە کاریگەرییان لەسەر هەزاران کەس داناوە. سەرباری ئەوەش پیسبوون ئاو بە هۆی ڕژانی نەوت، سوتەمەنی بەردین، تێکەڵبوون بە ماددە کیمیاییەکان سەرچاوەکانی ئاویان ژاراوی کردووە. هەروەها کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی بۆمب بۆ ناو هەردوو ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی، مەترسی ڕاستەقینە  بۆ ماوەیەکی دور و درێژ دێننە ئاراوە. 

 

داڕمانی ئیکۆسیستەمەکان 

لەو شتانەی کە لە  کەنداوی عەرب/ فارسدا لە ژێر هەڕەشەدان بریتین لە کۆگاکانی ماسی، مەرجانەکان وشێواندنی ژینگەی ئاژەڵە کەنارئاویەکان. هەروەها تێکچوونی ئێکۆسیستەمە دەریاییەکان کە بەهۆی نوقمبوونی کەشتییە جەنگیەکان و سووتانیان بە نەوت، گاز و باروتەوە پەیدا دەبن و پاشماوەکانیان دزە دەکەنە ناو زەریاکان و ئێکۆسستمەکانیان تێکدەدەن.

 

کاریگەری هەرێمیی، سەرهەڵدانی ناسەقامگیری  و ژاراویبوونی سەرتاسەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 

کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕەکە هەر بە ژینگەی ئێران و سنوورەکانیەوە ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوای تەواوی ناوچەکە.  هەڵکردنی باو دروستبوونی ڕەشەبا گەردیلەی ژەهراوی بە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاودەکەنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ کوردستان، عێراق، دەوڵەتانی کەنداو هەروەها بەشێک لە ئاسیای ناوەڕاست، کە بە هۆیەوە دوچاری قەیرانی خراپتربوونی ئاو دەبن. جەنگەکە زیانی گەورە بە کۆگاکانی جیاکردنەوەی خۆی لە ئاوی دەریا دەگەیەنن هەروەها  کۆگاکانی ماسی زیانی گەورەیان پێدەگات، کە ئەوەش مەترسی پەیدابوونی قەیرانی مرۆیی درێژخایەن لەگەڵ خۆیدا دێنێتە ئاراوە. 

سەرباری ئەوانەش ململانێکانی دەوروبەری گەرووی هورمز دابینکردنی وزە لە جیهاندا پەکدەخات و نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکەنەوە. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوز/ سووتەمەنی بەردین کە ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی و دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا زیاتر دەکەن و کەشوهەوای ناوچەکە گەرمتر دەکەن.

 

قوربانییە نەبینراوەکانی جەنگ

شەڕ تەنیا پەیوەندی بە خاک و سیاسەتەوە نییە،  بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتەوە هەیە.

ئێران لە ئێستادا کارەساتێکی توندی ژینگەیی بەخۆیەوە دەبینێت کە قەیرانێکی تەندروستی درێژخایەن دێنێتە گۆڕێ و چیدی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی کەشوهەوا ئاشکراتر هەستیان پێدەکرێت. بۆردومان و بەکارهێنانی TNT تەنها بیناکان لەناو نابەن، بەڵکو تەواوی ئیکۆسیستەمەکانی ناوچەکە دەگۆڕن، کە ئەوەش گیروگرفتی گەورە  بۆ نەوەکانی داهاتوو وەپێش دێنن.

ڕەنگە ڕۆژێک چەکەکان بێدەنگ بن، بەڵام پیسبوون، دەردانی گازی ژەهراوی و زیانگەیاندن بە سروشت بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبن. لەو ئەزموونانەی مرۆڤ لە جەنگەکانی ڕابردووەوە بەدەستی هێناون، تێبینی کراوە کە لە جەنگەڵەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە  تا دەگاتە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین جار کارەساتی ئیکۆلۆژیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە. 

جەنگەکانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ ململانیە مێژووییەکاندا زۆر سەختترن، جا لەوانەیە ملیۆنان هێکتار دارستان لەناوبچن، ڕەنگە چیدی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ کشتوکاڵ دەستنەدەن و چەندین نەوە بە کەموکوڕی جەستەییەوە لەدایک بن و تا ٥٠ ساڵی تریش مەترسی مانەوەی پاشماوەی ژەهراوی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە خاک و ئاودا پەیدا بێت. جگە لەوەش بە هۆی بەکارهێنانی چەندین جۆر تەقەمەنی  چەندین دەڤەری گەورەو  بەرفراوان زیانی جدیان پێبگات چونکی هێرشەکانی ئەم سەردەمە لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە وردترن، بۆیە ئاکامەکانی ئەم جەنگە لە ئایندەدا  کاریگەرتر دەبن. 

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە