درەو:
وەرگێڕان: العالم الجديد -بغداد
فەرمانبەران و خانەنشینان ناڕازین و دژ ڕەتکردنەوەی هەندێک بانکی حکومین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران (ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەکان لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردوودا)دەریكردبوو، (کریم الحلو)، پسپۆڕی ئابووری، پێی وایە ئەم سستییە ڕەنگدانەوەی هەژموونی پشکپشکێنە و ئیجتیهادی تاکەکەسییە. لە بەرانبەردا، (حنين الطائي) شارەزای یاسایی، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوون لە بڕینی قیستەکان وەک «دەوڵەمەندبوون بەبێ هۆکار» و سەرپێچییەکی دەستووری هەژمار دەکرێت، پێویستيشه مۆڵەتی ئەو بانکانە بکێشرێنەوە؛ ئەم ڕایە لەلایەن (احمد العبادي) هاوکارشییەوە پشتگیری لێ کرا، کە جەختی لە پێویستی کاراکردنی لێپێچینەوەى سزایی کردەوە بۆ پاراستنی شکۆی بڕیارە حکومییەکان.
بڕیارەکانی سەر کاغەز
پسپۆڕی ئابووری، کریم الحلو لە لێدوانێکدا بۆ «العالم الجديد» ڕایگەیاند: «بابەتی بڕینی قیستەکان لە بارودۆخی سەختدا دەکرێت دوابخرێت، دەوڵەتیش ئەم بڕیارەی دا چونکە دواخستنی بڕینەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارەکان». هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە :ئەم حاڵەتە وەک ڕێکارێکی دارایی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بوونی هەیە؛ کاتێک دەوڵەتان تووشی قەیران دەبن، پەنا بۆ دواخستنی بڕینی قیستی پێشینە و قەرزەکان دەبەن تا بازاڕ و باری دارایی هاووڵاتییان، دامەزراوە و کۆمپانیاکان جێگیر دەبێت، جا قەرزەکان خانوبەرە بن یان پیشەسازی، کشتوکاڵی یان بازرگانی.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: «کێشەکە لە عێراقدا ئەوەیە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت پابەندی بڕیارەکان نابن کاتێک دەردەچن»، و پرسیار دەکات: «لەکاتێکدا دامەزراوە حکومییەکان پابەند نەکراون، چۆن چاوەڕوان دەکرێت بانکە ئەهلییەکان پابەندی بڕیارەکان بن؟». هۆشداریش دەدات لە بوونی ئیجتیهادی زۆر لەناو بانکەکاندا، تەنانەت حکومییەکانیش، کە هەندێک کەس هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی تاکەکەسی ڕەفتار بکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦) ڕێنمایی بە بانکەکاندا بۆ ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەی فەرمانبەران و خانەنشینان. لە بەڵگەنامەیەکدا کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە ئاراستەی بانکی ناوەندی کراوە، هاتووە: لەسەر ڕێنمایییەکانی سەرۆکوەزیران، پێویستە بانکە حکومی و ئەهلییەکان ئاگادار بکرێنەوە بە ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەی فەرمانبەران و خانەنشینان تەنها بۆ ئەم مانگە، بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە.
کێشەکە لە نەبوونی نەختینەدا نییە
الحلو جەخت لەوە دەکاتەوە کە «بەردەوامبوون لە بڕینی قیستەکان پەیوەندی بە کەمیی نەختینەی داراییی ناو بانکەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو پارانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی سیستەمە ئەلیکترۆنیەکانەوە بۆ دەرەوە ڕەوانە دەکرێن؛ بە جۆرێک پارەکان بە دیناری عێراقی دەدرێن لە بەرانبەر چوونە دەرەوەی دۆلار لە ڕێگەی بانکە جیهانییەکانەوە. ئەو بڕە پارانەشی کە سپێردراون (المبالغ المودعة) دەگۆڕدرێن بۆ کۆمپانیاکان بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵا. کەواتە کێشەکە لە نەختینەی دارایی و نەبوونی پارەدا نییە، بەڵکو کێشە ڕاستەقینەکە لە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکاندایە.
پشکپشکێنە لەناو بانکەکاندا
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەدات کە «بڕی ملیارەها دینار لە ڕێگەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتە ناوخۆیییەکانەوە دەچێتە ناو بانکەکان، لەوانەش باج و داهاتی خانوبەرە کە مانگانە کۆ دەکرێنەوە و زۆربەیان دەکرێن بە حەواڵە». هەروەها دەڵێت: هەندێک لە بانکە ئەهلییەکان تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی قازانج دەدەن، لە کاتێکدا هەندێک لە بانکە حکومییەکان لەژێر سایەی واقیعێکی حزبی و پشکپشکێنەداکار دەکەن کە هەژموونی بەسەر ئەم دامەزراوانەدا گرتووە و بوار بۆ ئیجتیهادی تاکەکەسی دەڕەخسێنێت.
گەندەڵی و بەرتیل
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژە بە «بوونی هەندێک ڕەفتاری نایاسایی دەکات، لەوانەش بەرتیل؛ جگە لەوەی لە هەندێک مامەڵەی باجدا داوای بڕە پارەی ناڕەسمی دەکرێت، لە کاتێکدا باج یەکێکە لە گرنگترین داهاتە ناوخۆیییەکانی دەوڵەت». هەروەها دەڵێت: ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەبنە هۆی ئەوەی داهاتی هەندێک لایەنی ناڕەسمی، بەهۆی گەندەڵی و پشکپشکێنەوە، لە داهاتی خودی دەوڵەت زیاتر بێت.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی: کێشەکە تەنها پەیوەندی بە پارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی دەوڵەتەوە هەیە. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا و لە مانگی ڕەمەزاندا، کاتێک ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشوو، بڕیاری دا موسڵمانان لەو مانگەدا بەهۆی بارودۆخیانەوە لە باج ببەخشێت (سەرەڕای ئەوەی خۆی سەر بە پارتێکی مەسیحی بوو)؛ بەڵام واقیعی عێراق ڕەنگدانەوەی ڕەفتاری جیاوازی لایەنە گەندەڵ و قەیراناوییەکانە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دەوڵەت.
الحلو هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە بە بڕیارە حکومییەکان، چونکە هاووڵاتی وای لێ هاتووە پێی وابێت زۆربەی بڕیارەکان جێبەجێ ناکرێن؛ ڕێژەیەکی زۆری بڕیارەکان لەسەر واقیعدا ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش حاڵەتی بێمتمانەیی شەقام بەرانبەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەت قووڵتر دەکاتەوە.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ژمارەیەک لە بانکە حکومییەکان، بەتایبەتی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید، پابەندی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران نەبوون بۆ ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەکان لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی فراوانی لەنێوانیاندا دروست کردووە و داوای دەستوەردانی بەپەلە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەکەن دژ بەو لایەنانەی پابەندی بڕیارەکە نەبوون.
مافە دژبەیەکەکان
لای خۆیەوە، حنين الطائي: شارەزای یاسایی، لە لێدوانێکدا بۆ «العالم الجديد» باسى لەوە کردوە: کاریگەریی دەستبەجێی بڕیارە حکومییەکان لەسەر گرێبەستە بانکییە بەردەوامەکان، کێشەیەکی یاسایی دروست دەکات لە کاتی بەیەکدادانی دوو مافی دژبەیەکدا؛ یەکەمیان مافی بەدەستهاتووی بانکەکەیە بەپێی گرێبەستی قەرزدان کە بڕینێکی جێگیر دیاری دەکات، دووەمیشیان مافی سەروەریی دەوڵەتە بۆ دەستوەردان لە ڕێگەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕینە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بارودۆخێکی نائاسایی کە پەیوەندی بە سیستەمی گشتیی ئابوورییەوە هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارە حکومییەکە لەلایەن بانکەکانەوە بە بیانووی گرێبەستی پێشوو یان سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان، پێویستی بە لێکدانەوەیەکی یاسایی هەیە بۆ دیاریکردنی لەپێشینەیی جێبەجێکردن و ئەو بەرپرسیارێتییەی لەو سەرپێچییەوە دەكەوێتەوە.
بانکی ناوەندی و دەسەڵاتی دادوەری
ئەو شارەزایە دەشڵێت: بەردەوامبوونی بانک لە بڕینی پارە دوای دەرچوونی بڕیارێکی حکومیی کارا بۆ ڕاگرتنی، بە سەرپێچییەکی یاسایی ڕاشکاو دادەنرێت؛ چونکە ئەو بڕە پارانەی لە ماوەی کاراییی بڕیارە حکومییەکەدا بڕدراون، دەبنە پارەی وەرگیراوی بێماف و دەچنە خانەی چەمکی (دەوڵەمەندبوون بەبێ هۆکار) یان (وەرگرتنی شایستە دارایییە نەسەلمێنراوەکان). ئاماژەی بەوەش کرد کە «بنەمای یاسایی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دەقی ماددەی (٢٣٣) لە یاسای شارستانیی عێراقی ژمارە (٤٠)ی ساڵی ١٩٥١، کە دەڵێت: (هەر کەسێک بە ناوی بژاردنی شایستە شتێک وەربگرێت کە شایستەی نەبێت، پێویستە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنێتەوە).
پەیوەندیی گرێبەستی
الطائي لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەو پەیوەندییە گرێبەستییەی کە گرێبەستی قەرز ڕێکی دەخات، پشت بە بنەمای (گرێبەست شەریعەتی لایەنەکانە) دەبەستێت، بەڵام بانک بۆی نییە پەنا بۆ ئەم گرێبەستە ببات بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران؛ چونکە ڕێنمایییە حکومییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتە دەستوورییەکان دەردەچن و نوێنەرایەتی "سیستەمی گشتی" دەکەن. کاتێکیش بەندەکانی گرێبەستێکی تایبەت لەگەڵ سیستەمی گشتی بەیەکدا دەدەن، کاراییی گرێبەستەکە بە هێزی یاسا بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت یان پووچەڵ دەبێتەوە». هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە «بنەمای دەستووریی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ماددەی (٨٠/ بڕگەی سێیەم) لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، کە دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی پەیڕەو و ڕێنمایی و بڕیارەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاساکان. هاوکات ماددەی (١٣٠/ بڕگەی ١) لە یاسای شارستانی دەڵێت: نابێت ناوەڕۆکی پابەندییەکان پێچەوانەی سیستەمی گشتی بن، هەروەها ماددەی (١٤٦/ بڕگەی ٢) چارەسەری بابەتی "بارودۆخی لەناکاو"ی کردووە کە ڕێگە دەدات بە هەموارکردنی پابەندییە گرێبەستییەکان لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریدا.
غەرامە و مۆڵەت لێسەندنەوە
ئەو شارەزایە یاسایییە پێی وایە: سووربوون لەسەر بڕینی پارە، پێویستی بە کاراکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوەی چاودێری و سزایی هەیە، کە ڕەنگە بگاتە سەپاندنی غەرامە، دوورخستنەوەی کارگێڕیی و تەنانەت کێشانەوەی مۆڵەتیش؛ ئەمەش بەپێی ماددەی (٥٦/ بڕگەی ١) لە یاسای بانکەکان ژمارە (٩٤)ی ساڵی ٢٠٠٤، کە دەسەڵات دەداتە بانکی ناوەندی ڕێکاری یاسایی دژ بە بانکە سەرپێچیکارەکان بگرێتە بەر، لەوانە: سەپاندنی غەرامە، سنووردارکردنی چالاکییەکان، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرەکان یان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردن». هەروەها دەڵێت: «بیانووی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان، کارگێڕیی بانکەکان لە بەرپرسیارێتی نابەخشێت، چونکە ماددەی (٣٢٩/ بڕگەی ١) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، سزای هەر فەرمانبەرێک دەدات کە ببێتە هۆی پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی لە حکومەتەوە دەردەچن.
مافی دادگاییکردن
الطائي لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: «مافی دادگاییکردن بەپێی ماددەی (١٩/ بڕگەی سێیەم) لە دەستووردا پارێزراوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن بانکەوە بە "بڕیارێکی کارگێڕی" هەژمار دەکرێت کە دەکەوێتە ژێر چاودێریی دادگای کارگێڕییەوە؛ ئەو دادگايیەش دەسەڵاتی هەیە بانکەکە پابەند بکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە "ئەسەری ڕەجعی" ، ئەمەش بەپێی ماددەی (٧/ بڕگەی چوارەم/ د) لە یاسای ئەنجومەنی دەوڵەت ژمارە (٦٥)ی ساڵی ١٩٧٩». ئاماژەی بەوەش کرد کە «دادگای باڵای ئیتیحادی لە بڕیارە تەفسیرییەکانی خۆیدا، لەوانەش بڕیاری ژمارە (٢٤/ ئیتیحادی/ ٢٠٢١)، جەختی کردووەتەوە کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە بەپێی ماددەی (٨٠/ بڕگەی سێیەم) دەردەچن، بۆ هەموو دامەزراوەکان پابەندکەرن و نابێت لە جێبەجێکردنیان سەرپێچی بکرێت.
بڕینی نایاسایی
الطائي پێی وایە: پەنابردنی بانکەکان بۆ ئەو گرێبەستانەی پێشتر واژۆ کراون وەک بیانوویەک بۆ بەردەوامبوون لە بڕینی پارە، لە شوێنی یاساییی خۆیدا نییە؛ چونکە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە پەیوەستن بە سیستەمی گشتییەوە، دەستبەجێ (بۆ ئێستا و داهاتوو) جێبەجێ دەکرێن و ئەو گرێبەستانە سنووردار دەکەن. دووپاتیشی دەکاتەوە کە ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن بانکەکانەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی مەدەنی، کارگێڕی و سزایییان دەکاتەوە و ڕەنگە بگاتە سەر مۆڵەتی کارکردنیشیان، ئەمەش وا دەخوازێت ئامرازە چاودێرییەکان بۆ پاراستنی مافی داراییی هاووڵاتییان کارا بکرێن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە «لایەنی چاودێریی بەرپرسیار لە لێپرسینەوەی بانکەکان، "بانکی ناوەندیی عێراق"ە وەک باڵاترین دەسەڵاتی نەختینەیی و چاودێری، جگە لە پسپۆڕیی دادگای کارگێڕی و سزایی لە لێپرسینەوەی ئەوانەی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان لادەدەن.
سزادانی بانکەکان
لای خۆیەوە، احمد العبادي شارەزای یاسایی، لە لێدوانێکدا بۆ «العالم الجديد» رایگەیاند: بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین، بانکی حکومین و سەر بە دەسەڵاتی ناوەندین، هەر بۆیە تەواوی ئەو بڕیار و فەرمان و ڕێنمایییانەی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچن، پێویستە لەلایەن ئەوانەوە جێبەجێ بکرێن.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: «بڕیاری ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەکان، لەسەر بنەمای وتووێژ و ڕێککەوتن و گفتوگۆی نێوان بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی و بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین دەرچووە، هەر بۆیە پابەندبوون پێوەی کارێکی پێویست و ناچارییە». ئاماژەی بەوەش کرد کە «لە حاڵەتی سەرپێچیدا، دەبێت ڕێکاری یاسایی دژ بەو لایەنە بگیرێتە بەر کە خاوەن بڕیار بووە لەناو بانکەکاندا، چونکە سەرپێچیی ڕێنمایی و فەرمانەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە».
العبادي ڕوونی دەکاتەوە کە «سزاکان دوو لایەن دەگرێتەوە؛ یەکەمیان کارگێڕییە کە پێکهاتووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لەگەڵ بەرپرسانی بانکەکان، لایەنەکەی تریشیان سزایییە (تاوانکاریی) کە لە ئەنجامی سەرپێچیی ڕێنمایییەکانەوە دێتە ئاراوە». جەختیشی کردەوە کە «ئەم ڕێکارانە بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی بڕیارە حکومییەکان و ڕێگریکردنە لە تێپەڕاندنیان».
پشێوی و ناڕەزایەتی
هاوکاتب وونی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بووە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە پشێوی لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لەناو بانکەکاندا. بەپێی سەرچاوە میدیایییەکان، هەندێک لە بانکە حکومییەکان، بەتایبەتی بانکەکانی «ڕافیدەین و ڕەشید»، دەستیان کردووە بە ڕاگرتنی بڕینی قیستی پێشینەکان لە مووچەی ژمارەیەک لە فەرمانبەران و هەندێک لە فەرمانگەکان؛ ئاماژە بەوەش کراوە ئەو بڕە پارانەی کە پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکە بڕدراون، لە ئاییندەدا بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنرێتەوە. هەروەها سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە بانکی ڕافیدەین بڕینی قیستی لەسەر کارمەندەکانى حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومییەکان ڕاگرتووە.
سەرچاوەیەکی تر، ئاشکرای کردوە هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید بەردەوام بوون لە بڕینی قیستی پێشینە لە مووچەی هەندێک لەو فەرمانبەرانەی کە لە مانگی شوباتەوە بڕینەکە گرتوویەتییەوە، سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاگرتنی.
هەمان سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو بڕە پارانەی لە مانگی شوباتدا لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراون، دەبوو لە مانگی ئاداردا بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنرایەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە بەدی نەهاتووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتی لەنێوان فەرمانبەراندا.
ئەم جیاوازییە لە هەڵوێستی هەندێک لە بانکەکاندا دەردەکەوێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕافیدەین و ڕەشید، کە بە شێوەیەکی تەواو پابەندی ڕێنمایییەکانی سەرۆکوەزیران نەبوون، ئەمەش بووەتە هۆی نایەکسانی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا لە نێوان فەرمانبەرێک بۆ فەرمانبەرێکی تر. سەرچاوەکان ئاماژە بە پشێوییەکی ڕوون دەکەن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، بەتایبەتی کە ئامانجی سەرەکیی ڕێنمایییەکەی ئەنجومەنی وەزیران سوککردنی باری دارایی فەرمانبەران بوو لە مانگی ڕەمەزاندا، بەڵام جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو، درزێکی لەنێوان سوودمەندبوواندا دروست کرد و گومانی لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و چاودێری هێنایە ئاراوە. ئەم پشێوییە لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری ٢٠٢٦یشدا بەردەوام بوو، کاتێک ژمارەیەک فەرمانبەر تووشی شۆک بوون بە بینینی بەردەوامیی بڕینی قیستەکان لە مووچەکانیان، سەرەڕای دەرچوونی ڕێنمایییە حکومییەکە.