سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وهەڵبژاردنی پێش وەختە

وێناکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان خۆی لە سێ گریمانەو سیناریۆدا دەبینێتەوە بەمشێوەیە: ( بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان (جولەی سەرۆکی هەرێم): ، دەسلەکارکێشانەوەی پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان (جولەی ئەندامانی پەرلەمان)، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگاوە( جولەی دادگا)

بڵاوکراوەتەوە لە : 28 نیسان 2026

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وهەڵبژاردنی پێش وەختە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

هیوا حامید - راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان 


سەبارەت بەچوارچێوەی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەوڵدەدەین لە روانگەی کۆمەڵێک گریمانەو سیناریۆی بەرباس و پێشبینی کراو، شەن و کەوی لایەنە یاساییەکەی ئەو بابەتە بکەین، هەر یەک لەو گریمانانەی دەیانخەینەروو پشتەوانی یاسایی، خاڵە لاوازو لەمپەرە یاساییەکانیان ئاماژە پێ دەکەین، بە تێگەیشتنی ئێمە وێناکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان خۆی لە سێ گریمانەو سیناریۆدا دەبینێتەوە بەمشێوەیە:


یەکەم: بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان (جولەی سەرۆکی هەرێم):
لەم گریمانەیەدا مەبەستمان ئەو ئەرکە نییە کە بە پێی برگە (چوارەمی) ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی پێکراوە، چونکە لەو برگەیەدا سەرۆکی هەرێم بەمەرسومێک هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رادەگەیەنێت، بەو مانایەی پەرلەمان لەو بارەدا هەڵوەشاوەتەوە بەپێی خاڵەکانی برگەی چوارەمی ماددەی دەیەم و سەرۆکی هەرێم تەنها بەمەرسوم هەڵوەشاندنەوەکەی رادەگەیەنێت.
ئەوەی ئێمە لەم گریمانەیە مەبەستمانە جولەی سەرۆکی هەرێمە بەدەسپێشخەری خودی و تاکلایەنە.
پشتەوانی یاسایی ئەم جولەیە، هەردوو برگەکانی دووەم و پێنجەمی ماددەی دەیەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەپشت بەستن بەراڤەکردنێکی زۆر دوور لەمەبەست و رۆحی ئەو دوو برگەیە، سەرۆکی هەرێم برگەی پێنجەم کارا بکات و رایبگەیەنێت دەسبەکارنەبوونی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیە براوەکانی پەرلەمان لەو وادە دەستوری و یاساییانەی بۆ کاراکردنی پەرلەمان دیاریکراوە بۆشاییەکی یاسایی لەهەرێمی کوردستان دروستکردووەو پرۆسەی سیاسی لەهەرێم بە بنبەست گەیشتووە، ئەمەش مەترسی لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێم دروستکردووە، لەم سۆنگەیەوە چەند بڕیار گەلێکی یاسایی دەربکات:
1. دەرکردنی بڕیارە یاسایەک بۆ هەڵوشاندنەوەی پەرلەمان بەو پێیەی نەتوانراو لەماوە دەستووری و یاساییە دیاریکراوەکان تەنانەت لە دەرەوەی ئەو ماوەیەش کارابکرێتەوە، بەپێی برگەی پێنجەم لەماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.
2. دەرکردنی بڕیارە یاسایەک بۆ دروستکردنی کۆمسێۆنی هەڵبژاردن کە تەنها سەرپەرشتی ئەنجامدانی ئەم خولەی پەرلەمان بکات بەو پێیەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا کۆمسیۆنی نییە. بە پێی بڕگەی پێنجەم لەماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یان داوا لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
3. بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان و دیاریکردنی رۆژەکەی، بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی.
خاڵە لاوازەکانی ئەم گریمانەو سیناریۆیە ئەمانەی خوارەوەن:
1. بۆ کاراکردنی برگەی پێنجەم لەماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم پێویستی بە ( ڕاوێژو رێککەوتنە) لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان هەروەک لە دەقی برگە یاساییەکەدا هاتووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بەبێ رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناتوانێت ئەم برگەیە کارا بکات و دەقی برگە یاساییەکەش لەم بارەیەوە روونە، لە ئێستاداشدا سەرۆکی پەرلەمان بوونی نییە.
2. بەوپێیەی کاراکردنی ئەم بڕگەیە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و تەنانەت ژیان و سیستەمی سیاسیەوە هەیە لەهەرێم، لانیکەم پێویستی بەکۆدەنگی سیاسی هەیە کە لەباری ئێستادا فەراهەم نییە و لە ئەگەری دەسبردن بۆ کاراکردنی ئەو برگەیە لە دەرەوەی تەوافوقی لایەنە براوەکانی پەرلەمان ئەگەری تانەلێدان لە بڕیارە یاساکانی سەرۆکی هەرێم لەبەردەمی دادگای ئیتیحادی بەهێزەو بە ئەگەرێکی بەهێزتریشەوە دادگای ئیتیحادی هەڵیاندەوەشێنێنتەوە.


دووەم: دەسلەکارکێشانەوەی پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان (جولەی ئەندامانی پەرلەمان):
پشتەوانی ئەم گریمانەو سیناریۆیە: خاڵی یەکەمی بڕگەی چوارەمی ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کە ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر هاتوو پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان دەست لەکاربکێشنەوە ئەوا پەرلەمانی کوردستان بەهەڵوەشاوە دادەنرێت و لەو بارەدا پێویستە سەرۆکی هەرێم مەرسومی هەڵوەشاندنەوەکە واژوو بکات.
خاڵە لاوازەکانی ئەم گریمانەو سیناریۆیە: دەستەبەر نەبوونی رێژەی پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان خۆی هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی پەرلەمان و بەبنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسییە لەهەرێمی کوردستان، ئەگەر چەند لایەنێک بتوانن رێژەی پەنجا کۆییەکی ئەندامانی پەرلەمان دەستەبەر بکەن، بۆچی لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بەکاری ناهێنن، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستی بە هەمان ئەو رێژەیە هەیە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین ئەویش ئەوەیە ( لێککەوتەی سیاسی پەنابردن بۆ رێژەی پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان بە مەبەستی کارکردنەوەی پەرلەمان لەدەرەوەی رێککەوتنی هەردوو هێزی براوەی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکییەتی نیشتیمانی کوردستان - بە هۆی ئەو واقیعە سیاسی و جوگرافی و ئەمنی وسەربازییەی هەیە- کارەساتبارترو مەترسیدارترە لە پەنابردن بۆ رێژەی پەنجا کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان).


سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگاوە( جولەی دادگا):
ئەم گریمانەیە بە دوو شیواز یارای روودان و جێبەجێکردنە:
یەکەم: دادگای ئیتیحادی: لەڕێگەی تانەدان لە کۆنەبوونەوەی پەرلەمان لەماوەی (٤٥) رۆژ دوای بانگهێشتکردنی بۆ کۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن، واتە یەکەم کۆبونەوەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، لەبەردەم دادگای ئیتیحادی، بەو پاساوەی راستە پەرلەمانی کوردستان لە (2-12-2024) یەکەم کۆبونەوەی ئەنجامداوە، بەڵام بەوپێیەی کۆبونەوەی یەکەم بۆ دوو مەبەستە (سویندخواردنی پاڵیوراوانی سەرکەوتووی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان)، پەرلەمانی کوردستان لەو کۆبونەیەدا تەنها ئەرکی یەکەمی بەجێهێناوەو نەیتوانیوە ئەرکی دووەمی راپەرێنیت کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە. ئەمەش لانیکەمی پاساوە بۆ تانە لێدان لەبەردەم دادگای ئیتیحادی. بۆ پەنابردن بۆ ئەو تانەیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی پەرلەمان پەیوەندیدارو خاوەن بەرژەوەندین و بۆیان هەیە لەبەردەمی دادگای ئیتیحادی پیادەی ئەم تانەیە بکەن. لێرەدا ئاماژە بە خاڵی هێزو لاوازی ئەم گریمانەیە ناکەین چونکە لەو بارەدا دوا قسا بۆ دادگا دەبێت. ( ئەگەرچی لە ساڵی رابردوو دادگای ئیتیحادی دوو داوای رەتکردۆتەوە سەبارەت بەو بابەتە، بەڵام رەتکردنەوەکە رواڵەتی بووەو بە پاساوی تایبەتمەند نەبوونی دادگا بووە بەو داوایە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هێشتا دادگا لەرووی بابەتییەوە قسەی تیا نەکردوەو ئەگەر هەیە هەرچەندە ئەگەرەکە لاوازیش بێت، جارێکی دیکە تانەی لێبدرێتەوە قەبوڵی بکات).
٢- ئەنجوومەنی شورای هەرێم: بەو پێیەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و رێکخستنی کاری پەرلەمانی لەهەرێمی کوردستان تەنها بەیاسا ڕێکخراوە نەک بە دەقی دەستوور، ئەنجوومەنی شورای هەرێم لایەنی تایبەتمەندە بەڕاڤەکردن و شیکردنەوەی دەققە یاساییەکان لە هەرێم ، لەو سۆنگەیەوە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بەو پێیەی تایبەتماندە بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، داوای راڤەو شیکردنەوەی خاڵی دووەمی برگەی چوارەمی ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە ئەنجوومەنی شورای هەرێم بکات، داخۆ راڤەی ئەوان چییە بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولی هەڵبژاردن، ئایا تەنها دانیشتن و سوێند خواردنی پاڵێوراوانی سەرکەوتووی هەڵبژاردن کافیە بۆ ئەوەی دانیشتنی یەکەم بە گرێدراو دابنرێت، یان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیش مەرجی گرێدانی ئەو دانیشتنەیە. لەو کاتەدا ڕای ئەنجوومەنی شورا هەرچەند پابەندکار نییە، بەڵام رێنیشاندەرێک دەبێت بۆ سەرۆکی هەرێم لەوەی پەنا بەرێت یاخود نەیبات، بۆ دەرکردنی مەرسومی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە پاساوی ئەوەی نەیتوانیوە لە ماوەی (٤٥) رۆژ دوای بانگهێشتکردنی دانیشتنی یەکەمی خولی هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 2 کاتژمێر

داهات و خەرجی گشتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2026

null
٢٧ نیسان ٢٠٢٦

لە دیکۆرکەوتنی دیکۆرەکان 

null
٢٧ نیسان ٢٠٢٦

ڕۆژێک دێت تورک دان بە تاونی جینۆسایدی ئەرمەندا بنێت؟