سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

گەرووی هورمز و ئاسایشی ئابووریی و وزەی جیهان

گەرووی هورمز ڕۆژانە 20 بۆ 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و نزیکەی 20٪ی غازی شلکراوی (LNG) جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت؛ هەر شڵەژانێک تێیدا ڕاستەوخۆ دەست دەخاتە سەر ملی ئابووریی جیهان.

بڵاوکراوەتەوە لە : 26 ئازار 2026

گەرووی هورمز و ئاسایشی ئابووریی و وزەی جیهان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

راپۆرتی: درەو 

 

🔹 گەرووی هورمز ڕۆژانە 20 بۆ 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و نزیکەی 20٪ی غازی شلکراوی (LNG) جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت؛ هەر شڵەژانێک تێیدا ڕاستەوخۆ دەست دەخاتە سەر ملی ئابووریی جیهان.

🔹 زیاتر لە 75٪ی هەناردەی گەرووی هورمز بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا (چین، هیندستان، ژاپۆن) دەچێت؛ داخستنی گەرووەکە تەنها قەیرانی وزە نییە، بەڵکو پەکخستنی پڕۆژەی "کەمەر و ڕێگا"ی چین و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گەشەی پیشەسازیی ئەو کیشوەرە.

🔹 پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تأمین)، هەر لەسەرەتاوە نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 70 دۆلارەوە بۆ سەرووی 119 دۆلار بەرزکردەوە، ئەمەش هەڵاوسانێکی جیهانیی چاوەڕواننەکراوی دروست کردووە.

🔹 داڕمانی ستراتیژیی وڵاتانی هەناردەکار، بۆ نموونە عێراق کە 92٪ی بودجەکەی سەرچاوەکەی نەوتە، هەناردەکەی لە 3.6 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنها 50 هەزار بەرمیل دابەزی، ئەمە نیشاندەری مەترسیی پشتگوێخستنی هێڵە وشکانییە جێگرەوەکانە.

🔹 ئێران گەرووی هورمزی لە ڕێڕەوێکی بازرگانییەوە گۆڕیوە بۆ ئامرازی بەرپەرچدانەوەی سیاسی، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ململانێیەکی هەرێمیی سنووردار، توانای ئەوەی هەیە تەواوی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی بخاتە لەرزە.

🔹 ئەم قەیرانە جیهان ناچار دەکات بایەخی خێرا بدات بە ڕێڕەوە وشکانییە جێگرەوەکان و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکان، چونکە چیدی ناکرێت ئاسایشی وزەی جیهانی تەنها بەستراوە بێت بە یەک گەرووی تەسکەوە.

 

پێشەکی

گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی جیهان دادەنرێت، چونکە شادەمارێکی زیندووە بۆ گواستنەوەی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی؛ ڕێژەیەکی زۆری هەناردەی نەوت و غازی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لەوێوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان تێپەڕ دەبێت. گرنگیی ئەم گەرووە لە پێگەی جوگرافییە هەستیارەکەیدایە، کە کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی دەریای عومانەوە بە ئۆقیانووسی هیندی دەبەستێتەوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە تەوەرێکی سەرەکی لە هاوکێشەی ئاسایشی جیۆپۆلیتیکی و ئابووریی جیهانیدا، جگە لەوەی خاڵی وەرچەرخانە لە کارلێک و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گەرووەکە بووەتە ئامرازێکی گوشاری کاریگەر لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان. کاتێک ئێران چەندین جار هەڕەشەی ئەگەری داخستنی گەرووەکە یان پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕەفتارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد، بابەتەکە تەنها هەڕەشە نەبوو، بەڵکو بە کردەیی هەستا بە داخستنی گەرووەکە و لێدانی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی هەوڵی تێپەڕبوونیان دەدا. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی فراوانی لای عێراق و وڵاتانی کەنداو و وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان دروست کرد کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە لێشاوی نەوت و غاز دەبەستن لەم ڕێڕەوە دەریاییە زیندووەوە.

مەترسیی ئەم داخستنە کردەییەی گەرووەکە لەو لێکەوتە ئابوورییانەدا دەردەکەوێت کە لێی کەوتەوە؛ پەککەوتنی جووڵەی گەشتیاری لەم ڕێڕەوەدا بووە هۆی تێکچوونی دابینکردنی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی توندی نرخی نەوت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان هەبوو و سەقامگیریی بازاڕە دارایی و بازرگانییەکانی خستە مەترسییەوە. هەروەها وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و عێراق، کە ئابوورییەکەیان بە پلەی یەکەم پشت بە هەناردەی نەوت و غاز دەبەستێت، لەو لایەنانە بوون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت، چونکە زۆربەی هەناردە نەوتییەکانیان بۆ تێپەڕبوون پشت بەم ڕێڕەوە ستراتیژییە دەبەستن.

لەم سۆنگەیەوە، گەرووی هورمز بووەتە چەقێکی ململانێ لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا؛ لەکاتێکدا هێزە گەورەکان هەوڵ دەدەن ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و پاراستنی لێشاوی وزە مسۆگەر بکەن، ئێران وەک کارتێکی گوشار لە چوارچێوەی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت. لێرەوە گرنگیی خوێندنەوەی گەرووی هورمز لە چوارچێوەی هاوکێشەی ململانێ نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا دەردەکەوێت.

 

یەکەم؛ گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و ئابووریی گەرووی هورمز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا

گەرووی هورمز تەوەرێکی جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژیی ئێجگار گرنگە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە زیندووەی کە لە بازرگانیی وزەی جیهانی و گواستنەوەی نەوت و غاز لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەیگێڕێت. گرنگیی ئەم گەرووە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی دەریایی و سەقامگیریی ئابووری هەیە، هەروەها وای کردووە ببێتە ئامرازێکی هەژموونی هەرێمی کە کاریگەریی قووڵی لەسەر گرژییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێی هێزە زلهێزەکان هەبێت.

لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە نزیکەی %20ی نەوتی خاوی جیهان تێپەڕ دەبێت، کە یەکسانە بە 20 بۆ 25 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، جگە لە بڕێکی یەکجار زۆر لە غازی سروشتیی شلکراو و بەرهەمە نەوتییە پاڵاوەتەکان. ئابووریی جیهانی و وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان، کە پێویستیان بە لێشاوی بەردەوامی وزە هەیە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بەم گەرووە دەبەستن؛ ئەمەش وای کردووە هەر هەڕەشەیەک بۆ داخستنی، لێکەوتەی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی بەرفراوانی هەبێت، کە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناسەقامگیریی بازاڕە داراییەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە پەککەوتنی زنجیرە تەرخانکردنە نێودەوڵەتییەکان.

سەرباری ئەمانە، گەرووەکە خاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکییە لە هاوسەنگیی ستراتیژیی ناوچەکەدا؛ چونکە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و وای کردووە هەر جووڵەیەک تێیدا ببێتە جێی بایەخ و چاودێریی وردی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش. هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕێڕەوە، هێزی گوشار دەبەخشێتە وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو، بەمەش گەرووەکە تەنها ڕێگەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو ئامرازێکی هەژموونە کە کار دەکاتە سەر ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە هەمان شێوە.

 

دووەم: ڕۆڵی گەرووەکە لە گواستنەوەی وزەی جیهانی و پشتبەستنی وڵاتانی کەنداو و وڵاتە پیشەسازییەکان 

گەرووی هورمز قووڵاییەکی تەوەرەیی لە جووڵەی وزەی جیهانیدا پێکدەهێنێت، چونکە سەرەکیترین ڕێڕەوی دەریاییە، کە بەرهەمهێنانی نەوت و غازی کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی ئۆقیانووسی هیندییەوە بە بازاڕەکان دەبەستێتەوە. ئەمەش وای کردووە سەقامگیریی هاتوچۆی دەریایی تێیدا ببێتە مەرجێک بۆ بەردەوامیی زنجیرە تەرخانکردنە نێودەوڵەتییەکانی وزە. ڕۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم گەرووەوە تێپەڕ دەبێت، کە دەیکاتە نزیکەی %20ی کۆی بەکاربردنی نەوت لە جیهان و چارەکی ئەو نەوتەی کە لە ڕێگەی دەریاوە بازرگانیی پێوە دەکرێت؛ ئەمەش قەبارەی پشتبەستنی جیهانی بەم شوێنە وەک ئەڵقەی بەیەکگەیشتنی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن نیشان دەدات.

جگە لە نەوت، هەناردەی غازی سروشتیی شلکراو (LNG) بەشێکی گرنگی جووڵەی وزە لە گەرووەکەدا پێکدەهێنێت؛ بە جۆرێک نزیکەی %20ی بازرگانیی غازی سروشتیی شلکراوی جیهان لەم ڕێڕەوەوە دەگوازرێتەوە. ئەمەش سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە بۆ بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وەک قەتەر و ئیمارات. ئاراستەی سەرەکیی ئەم بارە نەوت و غازانە بۆ بازاڕە پیشەسازییەکانی ئاسیایە (چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور)، کە بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستن بۆ بەگەڕخستنی پیشەسازی و ئابوورییەکانیان.

لە سایەی هەڵکشانی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکەدا، جووڵەی هاتوچۆی دەریایی دابەزینێکی توندی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تأمین). ئەم دۆخە بووەتە هۆی پەککەوتنی زیاتر لە 1000 کەشتی کە چاوەڕێی تێپەڕبوون لە گەرووەکە دەکەن، هەروەها لێشاوی گواستنەوەی وزە بە ڕێژەی زیاتر لە %80 کەمی کردووە. ئەم ژمارانە دەری دەخەن کە پشتبەستن بە تەنها یەک ڕێڕەوی سەرەکی بۆ وزەی جیهانی تا چەند ناسک و پڕمەترسییە. لەبەر ئەوەی جێگرەوە دەریاییە بەردەستەکان لە ڕووی تێچوو و کاتەوە بێسوودن، وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هاوردەکار خۆیان لەبەردەم شڵەژانێکی مەترسیداری نرخ و بازاڕەکانی وزەدا دەبیننەوە. ئەمەش لە ئازاری 2026دا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی بێپێشینە کە هەندێک جار 100 بۆ 119 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندووە، ئەمەش ئەنجامی دڵەڕاوکێی وەبەرهێنەرانە لە بەردەوامیی پەککەوتنی گەرووەکە.

لە لایەکی ترەوە، پشتبەستن بەم گەرووە بووەتە هۆکارێکی گوشار لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی خودی وڵاتانی کەنداو؛ چونکە ئەم وڵاتانە هەوڵ دەدەن ڕێگاکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی هێڵە بۆرییەکان و وێستگە جێگرەوەکانەوە هەمەچەشن بکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، بەڵام ئەم هۆکارانە تەنها بەشێکی بچووک لەو لێشاوە پڕ دەکەنەوە کە بە هورمزدا تێپەڕ دەبێت. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە جیهان تا ئێستاش دەستەوستانە لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی کارا بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی ناوچەکە بێ تێپەڕبوون بەم گەرووە زیندووەدا.

بە کورتی، گەرووی هورمز ڕۆڵێکی حەتمی و جێگرەوەنەبوو لە سیستەمی وزەی جیهانیدا دەگێڕێت، چونکە ئەڵقەیەکی یەکلاکەرەوەیە لە نێوان بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو و خواست لەسەر وزە لە ئابوورییە پیشەسازییەکاندا. هەر تێکچوونێک لە هاتوچۆی دەریایی ئەم گەرووەدا، دەبێتە هۆی شڵەژانی ئابووریی بەرفراوان و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وزەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر.

 

سێیەم: گەرووی هورمز لە هاوکێشەی ململانێی نێودەوڵەتیی نێوان هێزە زلهێزەکاندا

لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە لە سەرەتای ئازاری 2026دا، گەرووی هورمز کەوتە چەقی ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە؛ ئەمەش نەک تەنها وەک ئامرازێکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ئێران، بەڵکو وەک مەیدانێک کە هێزە زلهێزەکان تێیدا لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی وزە و سەقامگیریی بازرگانیی جیهانی بەگژ یەکدا دەچنەوە. لە سایەی گرژییەکانی ئێستادا، ئێران بە کردەیی داخستنی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە زیندووەی ڕاگەیاند و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان کرد، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی نیمچە تەواوی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە ئازاری ٢٠٢٦دا، ئەم پێشهاتانە لە چەند ئاستێکی جیاوازدا لە ناو هاوکێشەی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەون:

١. ئاستی سەربازی و ئەمنی: ئێران توانای خۆی بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە ڕێگەی گەرووەکەوە پیشان دا، ئەمەش لە ڕێگەی هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و بەئامانجگرتنی کەشتییەکان. لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونی دەریایی خۆی چڕکردەوە، لەوانەش ڕەوانەکردنی فڕۆکەهەڵگرەکان، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پلانی خۆی بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا ڕاگەیاند.

٢. ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی: ململانێی ناوچەی کەنداو گۆڕا بۆ فاکتەرێکی گوشار لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکاندا؛ بە جۆرێک ئێران پێگەی خۆی لە گەرووەکە وەک کارتێکی بەرپەرچدانەوە (الردع) دژی گوشارەکانی ڕۆژئاوا بەکار هێنا. لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرسی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و پاراستنی هێڵەکانی وزەی کردە پاساوێک بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و چالاککردنی پشتگیرییەکان بۆ هاوپەیمانەکانی لە کەنداو.

٣. ئاستی ئابووریی جیهانی: لێکەوتە ئابوورییەکانی شڵەژانی ناو گەرووەکە دەستبەجێ بوون؛ وەستانی هاتوچۆی دەریایی بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە نرخی نەوت و غاز، هەروەها ترسی کەمبوونەوەی دابینکردنی وزە و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تأمین) لەسەر کەشتییەکان لە کەنداو سەری هەڵدا، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگی دایەوە لەسەر بازاڕە داراییەکانی جیهان و سەقامگیرییان.

ئەم دۆخە نوێیە وای کردووە گەرووی هورمز لە تەنها ڕێڕەوێکی ئاویی بۆ بازرگانیی نەوت دەربچێت و بگۆڕێت بۆ مەیدانێک کە تێیدا هێزە زلهێزەکان ڕووبەڕووی تەماحە هەرێمییەکانی ئێران دەبنەوە، لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ پاراستنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا.

 

چوارەم: ستراتیژیی خنکاندنی ڕێڕەوە دەریاییەکان و بەکارهێنانیان لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا
لە چوارچێوەی ململانێ نێودەوڵەتییە هەڵکشاوەکانی ساڵانی 2025 – 2026 لە نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، ڕووداوەکانی دوایی دووبارە تیشکیان خستەوە سەر "ستراتیژیی خنکاندنی ڕێڕەوە دەریاییەکان" وەک ئامرازێکی کاریگەر لە ململانێ نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا. ئەم ستراتیژییە پشت بە قۆستنەوەی پێگە دەریاییە زیندووەکان دەبەستێت – بەتایبەت گەرووی هورمز – وەک کارتێکی گوشاری بەهێز کە کار دەکاتە سەر لێشاوەکانی وزەی جیهانی، نرخەکان و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان.

گەرووی هورمز بووەتە نموونەیەکی کردەیی بۆ ئەم ستراتیژییە، ئەمەش بەهۆی بایەخە گەورەکەی لە بازرگانی و وزەدا، چونکە ڕێژەیەکی زۆری نەوت و غازی جیهانی تێدا تێپەڕ دەبێت. لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێستادا، ئێران ڕایگەیاند کە دەبێت کەشتییەکان تێپەڕبوونیان لەگەڵ هێزی دەریایی ئێران هەماهەنگ بکەن؛ ئەم هەنگاوە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە بەسەر گەرووەکەدا نیشان دەدات و وەک ئامرازێکی فشار بەرامبەر بە گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا بەکاری دەهێنێت. لێرەدا ستراتیژیی خنکاندنی ڕێڕەوەکان بە ڕوونی دەردەکەوێت لەوەی چۆن ئێران ئامرازە سەربازییە ناتەقلیدییەکان بەکاردەهێنێت، وەک: مینە دەریاییەکان، بەلەمە خێراکان، مووشەکەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی سیستەمەکانی هاتوچۆی دەریایی، بە مەبەستی پەکخستنی جووڵەی کەشتییەکان و دروستکردنی مەترسیی زۆر، ئەمەش کاریگەریی هەر گرژییەک لەسەر بازاڕی جیهانیی وزە قووڵتر دەکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە چۆن زلهێزەکان ستراتیژییەکی پێچەوانە دەگرنە بەر کە بنەماکەی دابینکردنی ئازادیی هاتوچۆیە لەم ڕێڕەوە زیندووانەدا. بۆ نموونە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونی دەریایی خۆی لە ناوچەکە چڕکردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و دڵنیاکردنەوەی بازاڕەکان، لە کاتێکدا هێزی دەریایی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هەر کاتێک بارودۆخەکە ڕێگەی دا؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم خاڵە دەریاییە چەندە لە ستراتیژە سەربازی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزە.

 
پێنجەم: لێکەوتەکانی ململانێ لەسەر گەرووی هورمز
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی جیهان، چونکە ڕێژەیەکی زۆری هەناردەی نەوت و غازی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لەوێوە تێپەڕ دەبێت. لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، لێکەوتەکانی ململانێ لە گەرووەکەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر وڵاتانی کەنداو و عێراق، چونکە ئابووریی ئەم وڵاتانە پشت بە هەناردەکردنی وزە دەبەستێت لەم ڕێگەیەوە. هەروەها شوێنەوارەکانی ئەم گرژییانە دەگەنە ئاستی نێودەوڵەتیش، بەهۆی کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە و ئابووریی جیهان.

بە مانایەکی دیکە داخستنی گەرووی هورمز تەنیا بە واتای پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە ڕێڕەوێکی ئاویی تەسکدا نایەت، بەڵکو لەسەر ئاستی کردەیی بە واتای شڵەژانی یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەی ئابووریی جیهان دێت، کە ئەویش لێشاوی وزەیە، ئەم گەرووە تەنیا کەناڵێکی تێپەڕبوون نییە، بەڵکو خاڵی بەیەکگەیشتنی "بەرهەمهێنان"ە لە کەنداو و "بەکاربردن"ە لە ئاسیا و ئەورووپا. لەم بارەیەوە بڕوانە گرافیکی یەکەم .

گرافیکی یەکەم

Untitled Media

 

لەگەڵ وەستان یان پاشەکشەی بەرچاوی هاتوچۆی دەریایی، ئەو دابینکردنە نەوتییەی بەرەو بازاڕەکانی جیهان دەچێت کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەستبەجێ بۆشایی لە نێوان خستنەڕوو و داواکاریدا دروست دەکات. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، کێشەکە تەنیا لە کەمیی بڕی نەوتەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە گۆڕانی پێشبینییەکانی بازاڕ؛ چونکە بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ ئاستێکی زۆر، تەنانەت پێش ئەوەی کەمیی ڕاستەقینە لە دابینکردنی نەوتەکەدا ڕوو بدات.

١. ئاسیا لە چەقی هاوکێشەی ئاسایشی وزەدا
وڵاتە ئابوورییەکانی ئاسیا – لە سەرووی هەمووشیانەوە چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور – بە هۆی پشتبەستنی زۆریان بە هاوردەکردنی وزە لە کەنداوەوە، زۆرترین کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمزیان بەردەکەوێت، لەم بارەیەوە بڕوانە گرافیکی دووەم.

گرافیکی دووەم

Untitled Media

 

ئەم وڵاتانە تەنیا بۆ دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازی و بەکاربردنەکانیان پشت بە نەوتی کەنداو نابەستن، بەڵکو سەقامگیریی گەشەی ئابوورییان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەردەوامیی لێشاوی ئەم دابینکردنە لە ڕێگەی ڕێڕەوە دەریاییە زیندووەکانەوە.

گەرووی هورمز بۆ ئەم ئابوورییانە خاڵێکی تێپەڕبوونی ستراتیژییە کە ناتوانرێت بە ئاسانی جێگەی بگیرێتەوە، چونکە بەشێکی هەرە زۆری هاوردە نەوتییەکانیانی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک تێیدا ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئابوورییان، کە کاریگەرییەکەی لە بازاڕەکانی وزەوە درێژ دەبێتەوە بۆ زنجیرەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردن، تا دەگاتە ئاستی گەشە و سەقامگیریی دارایی.

بەڵام ڕەهەندە قووڵەکەی ئەم هاوکێشەیە بە ڕوونی لە دۆخی چیندا دەردەکەوێت. چین، وەک گەورەترین هاوردەکاری وزە لە جیهاندا، بە توندی بەستراوەتەوە بەو لێشاوە نەوتەی لە کەنداوەوە و بە ناو گەرووی هورمزدا دێت. ئەم پەیوەندییە تەنیا لە لایەنە ئابوورییەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە پڕۆژە ستراتیژییە فراوانەکەی، واتە دەسپێشخەریی "کەمەر و ڕێگا" (Belt and Road Initiative)، کە بەشێکی زۆری لەسەر بنەمای دابینکردنی ڕێگاکانی بازرگانی و وزە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا دامەزراوە. گەرووی هورمز ئەڵقەیەکی بنەڕەتییە لە بەشە دەریاییەکەی ئەم دەسپێشخەرییەدا، چونکە بەندەرەکانی کەنداو بە زەریای هیندی و پاشان ڕێڕەوە دەریاییەکانی بەرەو ئاسیا دەبەستێتەوە. کەواتە هەر پەککەوتنێکی گەرووەکە، تەنیا هەڕەشە لە لێشاوی وزە بۆ چین ناکات، بەڵکو دەست دەخاتە سەر یەکێک لە کۆڵەکە لۆجستییەکانی گەورەترین پڕۆژەی جیۆپۆلیتیکی ئەو وڵاتە.

 

٢. ڕەنگدانەوەی قەیرانی گەرووەکە لەسەر ئاسایشی ئابوری وڵاتانی کەنداو 
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی چەقی قورسایی نێو هاوکێشەی ئاسایشی وزەی جیهان پێکدەهێنن، چونکە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بەو نەوت و غازە دەبەستن کە لەم ناوچەیەوە هەناردە دەکرێت، و گەرووی هورمزیش وەک گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی بۆ گواستنەوەی ئەم سەرچاوانە دەردەکەوێت. لە ڕووی ستراتیژییەوە، زۆربەی وڵاتانی کەنداو وەک سعودیە، ئیمارات، کوێت و قەتەر پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن وەک ڕێڕەوی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا، ئەمەش وای کردووە سەقامگیریی ئەم گەرووە ببێتە ڕەگەزێکی یەکلاکەرەوە لە پاراستنی ڕۆڵی ئەم وڵاتانە لە بازاڕی وزەی جیهانیدا. لەم بارەیەوە بڕوانە گرافیکی سێیەم.

گرافیکی سێیەم

Untitled Media

 

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەش بەرهەمهێنەری سەرەکی لە کەنداو (سعودیە، عێراق، ئیمارات، ئێران و کوێت) کۆنترۆڵی نزیکەی %93ی ئەو هەناردە نەوتییە دەکەن کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش چڕبوونەوەیەکی جوگرافیی بەرز لە دابینکردنی وزەی جیهانی نیشان دەدات. لێرەوە وڵاتانی کەنداو تەنها وەک ڕێڕەوێکی ئابووری سەیری گەرووەکە ناکەن، بەڵکو وەک ئامرازێکی هەژموونی جیۆپۆلیتیکی دەیبینن کە گرژییە هەرێمییەکان لە ڕێگەیەوە دەتوانن کاریگەری بخەنە سەر ئابووری جیهان. هەرچەندە ئەگەری پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا زیاتر بێت، گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر هێزە کاراکانی ناوچەکە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی لێشاوی نەوت زیاتر دەبێت، ئەمەش بایەخی ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو لە هاوکێشە و هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزتر دەکات.

 

٣. ڕەنگدانەوەی قەیرانی گەرووەکە لەسەر ئاسایشی ئابوری عێراق
گەرووی هورمز ئەڵقەیەکی زیندووە لە سیستەمی هەناردەکردنی وزەدا، هەرچەندە عێراق لە ڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە ناو خودی گەرووەکە، بەڵام زۆربەی هەناردە نەوتییەکانی عێراق لە بەندەرەکانی باشوورەوە لە پارێزگای بەسڕە (وەک بەندەری نەوتیی بەسڕە و بەندەری خۆر عەمییە) دەست پێ دەکەن، پاشان بە ناو کەنداوی عەرەبیدا تێپەڕ دەبن تا دەگەنە گەرووی هورمز و پاشان بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت بازاڕەکانی ئاسیا. عێراق نزیکەی 3.3 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات، کە ئەمەش گەورەترین ڕێژەی کۆی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیە، بەم شێوەیە سەقامگیریی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا دەبێتە ڕەگەزێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی توانای عێراق لە هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی بودجەی ئابووریی نیشتمانییەکەی.

لە ڕووی ئابوورییەوە، نەوت بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقە، چونکە بودجەی گشتیی دەوڵەت بە ڕێژەی زیاتر لە %85 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. بۆیە هەر پەککەوتنێک لە هەناردەی نەوتدا، تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت، لێکەوتەی دارایی گەورەی بۆ سەر ئابووری عێراق دەبێت، لەوانەش کەمبوونەوەی داهاتی حکومەت، دواکەوتنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و زیادبوونی گوشارە داراییەکان لەسەر دەوڵەت.

بەڵام، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، زۆربەی هەناردە نەوتییەکانی عێراق پەکیان کەوت؛ ئەمەش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دوای هەڕەشەکانی لایەنی ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی هەر کەشتییەک کە بە ناو ئەو گەرووە زیندووەدا تێپەڕ ببێت.

بەغدا جگە لەوەی بۆ دابینکردنی بودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، لە هەمان کاتدا بۆ هەناردەکردنیشی بە تەواوی پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت؛ چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەنگاوێکی نەناوە بۆ گەڕان بەدوای هێڵی تری گواستنەوەی نەوتدا، سەرەڕای ئەوەی ئەو هەلانە بەردەست بوونە.

شارەزایانی ئابووری دۆخی ئێستای عێراق بە "خنکانێکی گەورە" دەچوێنن کە خودی عێراق هۆکارەکەی بووە؛ ئەمەش بەهۆی پشتگوێخستنی بەئەنقەست یان ژێر گوشاری ئێران بۆ دابیننەکردنی جێگرەوەکانی گەرووی هورمز بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی دەرەوە.

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری عەقەبەوە، بەڵام ئەو لایەنە دەستڕۆیشتووانەی ناو دەسەڵات کە لە ئێرانەوە نزیکن، ڕێگرییان لەو هەوڵانە کرد و پلانی حکومەتیان بۆ ئەو مەبەستە پەکخست. 

هەروەها، هێڵی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە پەککەوتوویی مایەوە، ئەمەش بەهۆی "سەرلێشێواوی" لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی عێراقدا، کە جارێک بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و جارێکی تریش لەگەڵ لایەنی تورکی.

ئێستا عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نێوەندگیرییە جیاوازەکانەوە بەشێک لە نەوتەکەی لە گەرووی هورمزەوە هەناردە بکات، بەڵام بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییە بیانیانەی کە نەوتی عێراقیان بارکردبوو لە نزیک بەندەرەکانی عێراق، ئەو هەوڵانەی پووچەڵ کردەوە. 

ئامارەکان لە عێراق ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە جەنگ بووە هۆی دابەزینی هەناردەی عێراق بۆ تەنها (50 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشتر 3.6 ملیۆن بەرمیل بووە و زۆربەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرا.

 

شەشەم: هەڵوێستی کارەکتەرە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان بەرامبەر بە قەیرانی گەرووی هورمز

کاتێک وەرچەرخانەکان گەیشتنە ئەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی شوێنەوارەکانی داخستنی گەرووی هورمز ببنەوە، دەرکەوت کە هێزە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بەپێی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکە دەکەن؛ هاوکێشەیەک کە لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانیان لە لایەک، و خۆلادان لە تێوەگلانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ململانێ هەرێمییەکان لە لایەکی ترەوە کۆدەبێتەوە. ئەم هەڵوێستانە دەیسەلمێنن کە گەرووی هورمز تەنیا ڕێڕەوێکی گواستنەوەی وزە نییە، بەڵکو بووەتە چەقی هاوسەنگیی جیۆپۆلیتیکی و کارلێکی نێودەوڵەتی. هەڵوێستی کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەم شێوەیەیە:

١. چین: وەک یەکێک لە گەورەترین بەکاربەرانی نەوتی ناوچەی کەنداو، سیاسەتی "خۆلادان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ"ی لەگەڵ ئێران گرتەبەر، سەرەڕای ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کەوتبوونە مەترسییەوە. چین لە جیاتی تێوەگلان لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکان، جەختی کردەوە سەر هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووەکە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی درێژخایەنەوە.

٢. یەکێتیی ئەورووپا: ڕێڕەوێکی جیاوازی گرتەبەر کە جەختی لەسەر "پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و سەقامگیریی بازرگانیی ئەورووپی" دەکردەوە، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ. ئەورووپا جەختی لەسەر پرۆسە دیپلۆماسییە فرەلایەنەکان کردەوە و داوای دیالۆگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی سەربازی. 

٣. ڕووسیا: هەڵوێستێکی نەرمی نواند کە تێکەڵەیەک بوو لە نێوان "سوودوەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت" و "پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی" بۆ تێک نەچوونی هەژموونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە هۆی زیادبوونی داهاتەکانی لەسەر ئاستی کورتخایەن، ڕووسیا کاری کرد بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندگیرێکی ئەگەری بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. 

 

کۆتایی

قەیرانی گەرووی هورمز ئەوە نیشان دەدات کە ئەم ڕێڕەوە دەریاییە چیتر تەنیا کەناڵێک نییە بۆ گواستنەوەی وزە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕەگەزەکانی هاوسەنگیی جیۆپۆلیتیکی لە سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا. پێگە ستراتیژییەکەی گەرووەکە و قەبارەی ئەو لێشاوە نەوت و غازەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، وایان کردووە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخانی بنەڕەتی لە هاوکێشەی ئاسایشی وزەی جیهانیدا؛ ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک تێیدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی جیهان و سەقامگیریی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەبێت.

پێشهاتەکانی دوایی کە پەیوەست بوون بە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، ناسکیی پشتبەستنی نێودەوڵەتییان بە ژمارەیەکی سنووردار لە ڕێڕەوە دەریاییە زیندووەکان دەرخست. هەروەها ئەوەشیان نیشان دا کە چۆن دەکرێت گەرووە ستراتیژییەکان وەک ئامرازێکی گوشار لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکاربهێنرێن. لەم چوارچێوەیەدا، گەرووی هورمز گۆڕاوە بۆ مەیدانی کارلێکی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کە تێیدا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هاوکێشە سەربازی و ستراتیژییەکاندا یەکدەبڕن.

سەبارەت بە عێراق، ئەم قەیرانە ئەوەی دوپات کردەوە کە ئاسایشی گەرووی هورمز پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی ئابووری و دارایی دەوڵەتەوە هەیە؛ چونکە ئابووریی عێراق بە پلەیەکی زۆر پشت بەو هەناردە نەوتییانە دەبەستێت کە بە ناو کەنداوی عەرەب و پاشان بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبن. هەر بۆیە، هەر شڵەژانێک لە هاتوچۆی دەریایی یان هەڵکشانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا، دەستبەجێ ڕەنگدەداتەوە لەسەر توانای عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی بودجەی گشتیی وڵات.

 

سەرچاوەکان

-       درەو میدیا، نەخشەی ئاڵوگۆڕی وزە لە گەرووی هورمز، 6 ئازار 2026؛

https://drawmedia.net/news/null/18397-nexshei-alwgori-wze-le-gerui-hwrmz

-       بشرى جاسم محمد/ باحثة متخصصة في السياسة الدولية و نبيل خالد مخلف/ دكتوراه علوم سياسية-الجامعة المستنصرية، حرب الممرات: مضيق هرمز وأمن الطاقة في الخليج: السيناريوهات وتداعياتها على العراق والاقتصاد العالمي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، قسم الابحاث 2026-03-19؛

https://www.bayancenter.org/2026/03/15368/

-       د. ابتسام الكتبي، مضيق هرمز: الجغرافيا في قلب معادلة أمن الاقتصاد العالمي، مركز الإمارات للسياسات،|17 مارس 2026؛

https://shorturl.at/755WG

-       سيف العبيدي - شبكة الساعة، كيف خنق العراق صادراته النفطية بالاعتماد على هرمز؟، 12-03-2026؛

https://shorturl.at/XiwWh

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 1 کاتژمێر

سێ سیناریۆ بۆ جیهانی دوای تڕەمپ

null
پێش 9 کاتژمێر

وەزارەتی نەوت: هەناردە لەرێگەی جەیهانەوە بۆ 650 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزدەكەینەوە

null
پێش 10 کاتژمێر

نەتانیاهۆ پلانێکی مۆسادی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران ڕاگرت!