
درەو:
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی، لە راپۆرتێكدا دەڵێت: بەغدادو ئەمریکا ڕوو لە کوردەکانی عێراق دەکەن بۆ هەناردەکردنی نەوت، لە دوای کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت عێراق بەهۆی شەڕی ئێران.
بەغدا دەیەوێت (200)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بۆرییە کوردییەوە بگوازێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بەڵام هەولێر داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر دۆلارو پێدانی سەربەخۆیی زیاتر دەکات لە بازرگانییەکەیدا.
ئەلمۆنیتۆر زانیویەتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای هاوکاریی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ هەناردەکردنی بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی بۆرییەکەوە بۆ تورکیا، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق لە ١ی ئازاردا سەرجەم فرۆشی دەرەکییەکانی راگرت بەهۆی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
ئیدارەی ترەمپ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان بە گرنگ دەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتانی کەنداو کە لەلایەن موشەکەکانی تارانەوە دەکرێنە ئامانج، بەرهەمەکانیان کەم دەکەنەوەو گەرووی هورمز بە شێوەیەکی کرداری داخراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاندووە: سەرکردە کوردەکانی عێراق ڕێگە بە ڕۆیشتنی نەوت نادەن، مەگەر عێراق رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە لەمێژینەیەى لەبارەی هەوڵەكانى بەغدادە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بازرگانی دەرەکی هەرێمی کوردستان.
زۆرێک پێیان وایە ئێستا هەرێم لە پێگەیەکی بەهێزدان و بڕیاریان داوە ئەم دۆخە بقۆزنەوە.
بەرپرسێکی باڵای حكومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، راگەیاند: ئێمە پێویستمان بە چارەسەری كرداییە لە بەغداد، دەشڵێت: واقیعێکی نوێ لە عێراق، لەگەڵ داخستنی دەروازە سنورییەکان بۆ ئێران بەهۆی شەڕەوە، ئێستا حکومەتی فیدراڵی پشت بە نیازپاکی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەبەستێت بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە.
هەمان بەرپرس وتیشی: بەرپرسانی ئەمەریکا لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەغدادو هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەو هیوایەی فشارەکان لەسەر بازاڕەکان کەم بکەنەوە.
تۆمی جۆیس، هەڵسوڕێنەری كارەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، رۆژی هەینی پەیوەندی کردووە بە تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، داوای لێکردووە خاڵەكانی گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ بەغدادى لەسەر کێشەکە بۆ رەوانە بكات.
بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت كاركردنی بۆرییەکە دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکە لە واشنتۆن کە ئاگاداری ئەو بابەتەیەو بەشدارە لە گفتوگۆکان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی تورکیاوە، رایگەیاندووە، ئەندامە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی ترەمپ لانیکەم پێنج رۆژە سەرنجیان لەسەر ئەم بابەتەیە.
رۆژی 1ی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە لە ڕێگەی بۆرییەکەوە بە بۆرییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، کە درێژدەبێتەوە بۆ بەندەرەكانی هەناردەکردن لە کەناراوەکانی باشووری تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست، حکومەتی هەرێم ئەو داواییەی رەتكردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، بەغداد کە تا دێت نائومێدتر دەبێت، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە ڕێگە بە دوو هێندە ئەو بڕە بدات کە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بە بۆریی کوردیدا بڕوات، حکومەتی هەرێم پێش ئەوەی ڕێگە بە ڕۆیشتنی نەوت بدات چەند مەرجێکی داناوە.
کورد پێداگرە لەسەر هەڵوێستی توندی خۆی
ناکۆکی ئێستا لەبارەی رەتکردنەوەی بەغدادە، لە یەکەمی كانوونی دووەمەوە، رێگە بە حکومەتی هەرێم و بازرگانانی ناوخۆیی بدات دۆلار بدەن لەبەرامبەر هاوردەکردنەکانیان، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە کە بەغداد دەستی کرد بە کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی فرۆشتنی نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێمی کوردستان كە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت، حکومەتی هەرێم زیاتر ناچار بووە پشت بە بانکی ناوەندی عێراق ببەستێت بۆ دۆلار.
بەغدا گەمارۆی دۆلاری سەپاند، بەهۆی ناڕەزایەتییە بەردەوامەكانی هەولێر لە کۆنترۆڵی تەواوەتی حکومەتی ناوەند بەسەر بەڕێوەبردنی سنورە وشکانییەکانی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر سیستمێکی نوێدا کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
ئەم سیستەمە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە و بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگی (ASYCUDA) ناسراوە، ئامانجی سەپاندنی باجی گومرگی یەكگرتوو و بەهێزكردنی چاودێری و بەڵگەنامەكردنی بازرگانیە، ئەوەش شەفافیەتێکی زیاتر فەرهەم دەكات و رێگریکری دەكات لە گەندەڵی.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە بڕەگەكانی مۆدێلە نوێیەکە هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێگەی فیدراڵی خۆیدا بگونجێت، وەک ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە.
رۆژی 6ی ئازار بارزانی بە نووسراو سودانی ئاگادار کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئاسیکودا پەسەند دەکات، بەڵام بە مەرجی خۆی، سودانی تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵوێستی ئێمە ڕوونە: سەرەتا سوككردنی كۆتوبەندەكان لەسەر دۆلار، دواتر هەناردەکردنی نەوت.
تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا واشنتۆن دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی سودانی بۆ چارەسەرکردنی كێشەی دۆلاری هەرێمی کوردستان، یان لەبری ئەوە فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێگە بە ڕۆیشتنی نەوت بدات.
عێراق تێوەگلاوە
لەم میانەدا، ئێران و میلیشیا شیعە هاوپەیمانەکانی لە عێراق لە سەرەتای شەڕەوە کوردستانی عێراق دەکەنە ئامانج، هێرشەکان توندتربوون کاتێك باس لە تێوەگلانی سی ئای ئەی و ئیسرائیل كرا بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردنی چەکدارە کوردەکانی ئێران کە بنکەکانیان لە کوردستانی عێراقە بۆ یارمەتیدانی رووخاندنی رژێمی ئێران، شکستی سودانی لە وەستاندنی هێرشەکان، ناڕەزایی هەولێری بەرامبەر بەرامبەری زیاتر کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد لە کۆتایی هەفتەدا روبەڕوی هێرشێکی مووشەکی نەناسراو بووەوە، وادەردەكەوێت واشنتۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە کاندیدکردنی سودانی بکات بۆ خولی دووەم، بە لەبەرچاوگرتنی شکستی گروپە رکابەرەکان لە رێککەوتن لەسەر سەرۆک وەزیرانی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مانگی تشرینی دووەمەوە.
سنورداركردنی ئۆتۆنۆمی كورد
لە ساڵی 2017ەوە عێراق بەشێوەیەكەی بەردەوام دەسەڵاتی ناوەندی خۆی بۆ هەرێمی کوردستاندا دەگێڕێتەوە، ئەوەش هەوڵێکە كە بەرپرسانی کورد دەڵێن ئامانجی سڕینەوەی تەواوەتی خۆبەڕێوەبەریەتیەكەیانە.
لەو ساڵەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، کە زۆرینەی کورد پەسەندی کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی گرژتر کرد.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەمێژە ئاڵۆز بووە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی داهاتەكان بەتایبەتی نەوت، بەغداد بەشێوەیەكی وەرزی بودجە وەک چەک بەکاردەهێنێت لەبەرامبەر کورددا، ئەو تەرخانکردنە داراییانەی کە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە کوردستانی عێراق بەکاردەهێنرێن.