هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە "هەرێمی کوردستان"
2022-04-03 09:01:22
سەربەست مەنمی
هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەرفەت و ئەگەری گەورەی پێشکەوتندایە، هەر وەک ئەوەی لەبەردەم هەڕەشە و ئاڵنگاری گەورەشدا خۆی دەبینێتەوە، بەداخەوە زۆرجار شرۆڤەکارانێک تەنها یەک زاویە و یەک ڕەهەندی دەخەنە ڕوو.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی سی ساڵی ڕابردودا مۆدێلێکی جیاوازی حکومڕانیبووە، بەتایبەت بەراوورد بە مۆدێلە باو سواوەکانی ناوچەکە، هەربۆیەش بەردەوام وەک هەرێمێکی دژە باو خۆی لەبەردەم باوەکاندا بینیوەتەوە، ئیدارەدانی حکومڕانی کوردی بۆ "ماوەی سێ دەیە" هەربۆخۆی دەستکەوتێکی سیاسیی و مێژوویی گەورەیە، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو گرفت و پیلان و تەڵەزگەیانەی بۆی دروستکراوە.
بەردەوامیدان بە ئیدارەی خۆجێی و سیاسەتی نەرم و دروستی هەرێمی کوردستان، لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشیی ناوخۆیی و دروستنەکردنی مەترسی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەرێمی کوردستانی بەهرەمەندکردوە لە بەردەوامیدان بەمانەوە و گەشەی لەسەرخۆ، وەکراوانەوەی زیاتر بەڕووی جیهاندا.
ئێستا هەرێمی کوردستان کارکتەرێکی نادەوڵەتی بەهێز و کاریگەرەو لە هاوکێشە سیاسیی و دیپلۆماسیەکاندا دەخوێنرێتەوە، تەواوی ئەو شاند و وەفدە باڵا دیپلۆماسییانەی دێنە عێراق بێ سەردانی هەولێر و پیرمام، عیراق جێناهێڵن.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکراینا، ئیستێک و دووبارە هەڵوەستەکردنەوەیەک زلهێزەکان و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنەخشەی دیپلۆماسیەتی خۆیدا دەچێتەوە، لەم چوارچیوەیەشدا ئالیەتی جۆراوجۆری گرتۆتەبەر، سەدانی کاربەدەستانی ئەمریکا و پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نامە گۆڕینەوەکان، چاوەڕوانیش هەر ئەوەیە لە داهاتووی نزیکدا هەماهەنگی و پشتیوانی زیاتریشی بەداوادابێت.
نامەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەل و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پاتکردنەوەی دڵنیایی بەهێزیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە، لەوەی لە دۆخی تازەی جەمسەرگیریی و تەنگەژە گەورەکانی جیهان دا، هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، شوێن و پێگەی بەهێزی هەیە لە نەخشەی دیپلۆماسییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئاراستەکردنی نامەکە لەلایەن خودی جۆبایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا باڵایی و لوتکەی دیپلۆماسییەت و بایەخی ئەمریکایە بە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکی ئەمریکاوە ئاراستەکردنی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەیی بەڕەسمی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستانە وەک قەوارەیەکی دەستووری و خاوەن پێگەی دیپلۆماسیی و وەک هاوپەیمان مامەڵەکردن، نێچیرڤان بارزانیش وەک نوێنەری گەل و کارکتەری سیاسەتی نەرم و پیاوی دانوستاندن و کۆکەرەوە و یەکخستنی جیاوازییەکان.