Draw Media

دیداری یەکێتی بۆچی؟

دیداری یەکێتی بۆچی؟

2022-04-02 20:23:24


سالاری بازیان
باس و خواست ديدارى يەکێتییە، کام دیدار وئەم كارە بۆ چی و لەپێناو چیدا ؟ خولانەوە لەناوبازنەدا ، سەرگەرمکردن و كات بەفیڕۆدان، یان رازی بوون وەك ئێستا مانەوە.
لە کاتێکدا دیدار دەکرێت ڕووت بوینەتەوە لە فیکر و مەعریفە و متمانەی سیاسی و فەرهەنگسازی ، ئایندەبینی و لەبەرامبەردا هەمی گیرفان و پارە و خودپەرستی و پۆست جەستە و هەناوی ئەم حیزبیەی تەنی كردوە، دادپەروەری و نیشتمانسازی، وەفاداری راستگۆیی بۆتە سەڕاب ودەستی پێناگات تەنها ئەوانە نەك هەر بۆ کۆمەڵگا، تەنانەت لەناو حزبیش دروشم دەربازی نەبووە.
هەچی پلانیش هەیە سەری هەڕەم  تیر و پڕ و خواری هەڕەم بەرگەی شنەبایەک ناگرێت، رۆحی گیانبازیش لەدە لاوە گیان دەدات، كێبەركێی حزب ململانێنی پێشكەوتن چونەتە قولەی قاف  ئیترکێ سوار چاکە و کێ ئەقڵ ، کێ سواری بێ و کێ دابەزێت، کێ خاوەن شانس بێت و کێ لەژنە دۆمەکە بێت!!؟؟ دواجار  بەڵێن بوو كە(ی.ن.ک) نە کێکی یادی لەدایکبوون بێت و قاش بكرێت، نە موڵك وتاپۆی چەند یاوەرێک!!! بریار بوو یەکێتی میراتی هەزاران شەهید، هەزاران کەم ئەندامی سەنگەری پێشمەرگایەتی و هەزاران  دێهاتی ڕووخاو و هەزاران دایکی جەرگ سوتاو و حزبی هەستانەوە ئیرادەی نەبەزین بێت نەك قبوڵكردنی شكست لەدوای شكست...
ئەوانەی بەم دۆخە رازین  با هەر لە قولە دانیشین  پرۆزیان بێت، وەلێ پەڕاوی تاقیکردنەوەی دڵسۆزەكان بەشاگردەکان صح مەکەن، دیداری یەکێتی بەچەپڵە لێدەر و خایەمال سەری بێ هزر و بێ ئەندێشە مەسپێرن، نە ئەوانەی نارازین شاربەدەریان بکەن و جەمعی هاورێی سفرە خوان مەکەنە سۆپەری پلانە شكستخواردوەكان چونكە لەناوەڕاستی زەمین و ئاسماندا کە لێتان قەوما ئەتاندەنە دەست هەوا.
 دیداری یەکێتی مەکەنە مەرحەمی حەوت نەخۆشییە كوشندەكە.. 
كاتێك ئاریشە و برینە قوڵەکانی کەبڕستی لەیەکێتی بڕیوە، ئیستا لەهەمووكات گرنگترە ساڕێژ بکرێت، بوغز وقینە بخەنە لاوە پایە و ستون و دینگەکانی یەکێتی کەلەڕوو لاواز بووە، دیدو ڕای ئازاد، باوشی فراوان بۆ دەنگە نارزایەكان و كەسایەتیە  خاوەن هەڵویست و مەردەکان، کە لەکونجی خونە لەپێناو ئابڕوو ئازاری دەروونی دانیشتوان ئاشتبکەنەوە.
 کەس لاری لەکوێ خانەوادەکەکەی تاڵەبانی نییە، باکەس بەبیانوی پاراستن و شکۆی ئەو خانەوادەوە کڕین و فرۆشتنبازی نەکات و عەیب وعارەکانی بەوان نەشارێتەوە. حەق وایە ئەوانیش چەپ و ڕاست و باڵا،  بەهی خۆیان بزانن و روو لەوانبن، نەك تەنها باوەشی ئەوان جێگەی ئەوانەی تیابێتەوە كەكاریان رایكردنی بازرگانی وفریودەرانەیە. پێویستە لەو دیدارەداراشكاوانە بوترێت ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لەم حکومەتە لەچاک و خراپی بەرپرسیارین، لەهات و نەهاتی جوتین، لەستایش لەجوێندان ، لەهەڵە وپەله ئەوەی هاتە سەر شەقام، ئەوەی لەدڵی خەڵکدایە ئەوەیە كە یەكێتی  لەگەڵ پارتی دوو ڕووی یەک سکەن، خۆ گەر وانیە و پێچەوانەکەیەتی یان حکومەت ناتوانیت خرمەتکار بێت، ئیتر مانەوە چ سودێكی هەیە بۆ نایەنە دەرەوە تاڕێگە و چارەسەرەی تر شڕۆڤە بكرێت؟ دەبێت دانان بەو تاڵییەدا بنێن کە کۆمەڵگا و خەڵک لەدۆڵێکە و حکومەت و دەسەڵات لەدۆڵێک، یەكێتیش ناتوانێت لەهەردوو دۆڵەكە بێت.
ئیستا كاتی ئەوەهاتووە كە لەنێو یەکێییدا  سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگا قسەیان هەبێت، داهاتی یەکێتی شەفاف و ڕۆشن بکرێت و ڕاپۆرتی ساڵانەی خەرج مخارجی داهات بخرێتە ڕوو، ئەمە ئەو رێگایەییە كە دەمانباتەوە لای جەماوەر، نەك بەڵێن و دروشمەكان.
ئیستا كاتی ئەوەیە ئەوەی بەناوی بەرپرسەوە بازرگانی دەکات سزا بدەرێن وسامانەكەیان  بگەرێتەوە بۆ( بیت المال)  بازاڕ و دەروازەکان ڕێکبخرێتەوە، هەركەس بازرگانی هەڵدەبژێرێت، پۆستی لێوەربگیرێتەوە..
ئیستا كاتی ئەوەیە، یەكێتی ببێتەوە بە حزبی تێكۆشەرەكان و خانەوادەچییەتی لەیەکێتی گەورەتر نیشاننەدرێت ، دەزگا و بەشە جیاوازەکانی حیزب ڕێکبخرێنەوە. سلێمانی ناوەند و شادەماری یەکێتیە خەریکە وشک دەکات چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، دڵی شکاو و پڕ لەنیگەرانیان بدەنەوە ، بەپاراستن و ئازادی  کاری ڕۆژنامەگەری بیروڕای جیاواز بنەمای حیزبایەتی کەشەق وپەق بووە لەسەر کارنامە و پڕنسیپ و فەلسەفە و دونیابینی ڕۆشن داڕێژنەوە..
ئیستا كاتی ئەوەیە، كۆتایی بە وتی وتی و جاسوسی شەڕی تایبەت بهێنرێت و ئەو كارانە ریسوا و حەرام بکرێت و دەرگای ڕووبەری ڕەخنەی جددی وڵا بکرێن، ئاکاری بەرزی گفتوگۆ بنیاتنەر زیندوو بکرێتەوەو  ئەوانەی بۆ هەر کەسێ  و بۆ هەر دۆخی تاکەمەر دەنوشتێنەوە ، بازاڕیان بێ مشتەری بکەن.
ئیستا كاتی ئەوەیە، یەكێتی بەرپرسیارانە  بۆ ئایندەی کوردستان، بۆ عێراق پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پەیامێکی ڕوون نیشتمانی هەبێت و تاکتیکی نوێ بخاتە ڕۆژڤەوە،  پێشمەرگەی دێرین ، خانەوادەی شەهیدان تێروانین و گلەییەكانیان بەهەند وەربگرێت..
لەدۆخێكی وەك ئێستادا كە  لەسەدا حەفتای کۆمەڵگا لەدەرەوەی بەشداری سیاسی هیچ وێستگەیەکی نەماوە هۆکار و دەرهاویشتە و ئۆباڵەکەی بخرێتە سەر  مێزی دیدار بۆ گفتوگۆی چر، بەرچاو روونی بدرێت گیرفانی حیزب چییه و حکومەت چییە ئاشکرا بكرێت.
ئیستا كاتی ئەوەیە، ئایندەی غاز و نەوتی كوردستان و داهات و بریارە كان لەبارەیانەوە لەتاریكدا نەهێلرێنەوە و ئاشكرا بكرێن، دواجار موچە و ئایندەی قەوارەی هەرێم هات و نەهاتی سیستمی سیاسی لامەرکەزی و سیستمی سەرۆکایەتی پەرلەمانی و  پێشبینی پێشهاتی جیاواز و دیاریکردنی ڕێگا و ڕێچکەی بەرەو ئاسۆ، رۆشنبكرێنەوە.. گەر ئەم تێروانینانە لەدیداری یەكێتی جێگەیان دەبێتەوە.. بەسوپاسەوە ئەوە تێروانینێكی كورتە كە دڵنیام رای زۆرینەیەكیشە كە شانسیان نییە لەدیدارەكە بەشداربن..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand