Draw Media

هەشت تێز سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا

هەشت تێز سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا

2022-03-31 08:28:57


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

من لێرەدا قسەم لەسەر ئەوە نییە ئەم جەنگە چ ڕەهەندێکی جیهانیی فراوانی هەیە و  چ کاریگەرییەکی ئابووریی و ئینسانیی گەورەی بەسەر ژیانماندا دروستکردووە و وەک هەموو جەنگەکانی تر نرخی شمەکەکان گران و نرخی ژیان هەرزان دەکات، بەڵکو دەمەوێت هەندێک لە ڕەهەندە مەترسییدارەکانی تری ئەم جەنگە دەستنیشانبکەم، کە پەیوەندی نەک تەنها بە ژیانی ئۆکرانییەکانەوە هەیە، بەڵکو دەشێت پەیوەندی بە ژیانی کۆی مرۆڤایەتییەوە هەبێت لەسەر گۆی زەوی. 
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین لە تێزی یەکەمەوە دەستپێبکەین و بڵێین، لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمەوە، ئەم جەنگەی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەشێوەیەکی قووڵتر سەلماندی کە لە دونیای ئێستاماندا جەنگی دوور و جەنگی نزیک بوونی نەماوە. کاریگەریی ململانێی توندوتیژی هێزە ئەتۆمییەکان دەتوانێت بگات بە هەموو کیشوەر و دەوڵەت و ناوچە و شار و گەڕەک و ماڵێک. جەنگی هێزە ئەتۆمییەکان جەنگێکی نائاساییە، جەنگێکە نە دوورە و نە نزیک، بەڵکو هەمیشەئامادەگیی هەیە و لەناو ئێستای ئێمەدا دەژیی و داهاتووی مرۆڤایەتیی و ژیان و ژینگە لەسەر گۆی زەوی دیاریدەکات. 
تێزی دووەم، ئەم جەنگە نە بە جیهانبینیی ئایدیۆلۆژییانەی بەرەی ئەنتی ئەمریکانیزم و ئەنتی کەپیتالیزم تەفسیردەکرێت و بیرمان بخاتەوە کە کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیی و ئیمپریالیزمی ئەمریکیی چەند جەنگی ناڕەوای دژ بە گەلانی دونیا بەرپاکردووە، وە نە بەبێدەنگبوون لە دیکتاتۆرییەتی پوتین و خواستە تۆتالیتارییەکەی و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاشتیی جیهانییش ڕاڤەدەکرێت. ئەم جەنگە تەعبیرە لە قەیرانێکی قووڵتر، ئەویش قەیرانی کۆی سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی سارد و ئەو رێکخستنە نێونەتەوەییەیە کە ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ سەرکرایەتیی دەکات. 

تێزی سێیەم، یەکێک لە بناغەکانی سیستەمی نوێی دوای ململانێی سۆسیالیزم و کەپیتالیزم، بریتیی بوو لە ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی ئاشتیی لە ئەوروپا و بەکارنەهێنانی توندتوتیژیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەروەریی دەوڵەتیی و ئازادیی لە دروستکردنی هاوپەیمانێتییدا. کارەساتەکە بۆ گەلی ئۆکرانیا ئەوەیە کە نە سەر بە هاوپەیمانێتیی ناتۆیە و نە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە بۆئەوەی ئەمریکا و ئەوروپا بەرگریی لێبکەن، بەڵکو تەنها خواستی ئەوەی هەبوو لە ئاییندەدا ببێت بە ئەندامێک لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانێتیی ناتۆ. ئەم خواستەی ئۆکرانییەکان بوو بە تەڵەیەک بۆ گەلی ئۆکرانیا و هۆکارێک بۆئەوەی ئەو باجە گەورەیە بدات کە ئێستا لەدووتوێی جەنگە داگیرکاریی و خوێناویییەکەی پوتین و ناردنی چەکی ئەمریکیی و ئەوروپیی بۆ بەرگریی لەخۆیان، بەردەوامیی هەیە.

تێزی چوارەم، جەنگی ئۆکرانیا نە بەتەنها بە کاڵفامیی سەرانی ئۆکرانیا ڕاڤەدەکرێت کە نەیانتوانی مۆدێلی فینلاند لە ئۆکرانیا دووبارەبکەنەوە و نەبن بە بەشێک لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانی هەم خۆرئاوا و هەم خۆڕهەڵات و بەو چەشنەش وڵاتەکەیان لەم جەنگە کارەساتبارە رزگاربکردبایە؛ وە نە بەتەنهاش بە خواستی ئیمپریالییانەی ئەمریکا و ئەوروپا لە گەورەکردنەوەی سنوورەکانی یەکێپی ئەوروپا و ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات تەفسیردەکرێت. هاوکات ئەم جەنگە بەشێکی دانەبڕاوی خواستی ئیمپریالییانەی ڕوسیای دوای سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و خەونە نیو قەیسەرەییەکانی شەخسی پوتینە. بۆ ئەم مەبەستەش پوتین پێویستی بە سێ گوتار هەبوو، یەکەمیان گوتاری ناسیۆنالیستییە کە گوایە ئەم جەنگە پاراستنی مافی روسەکانی هەردوو هەرێمی دۆنێسک و لوهانسکە، دووهەمیان ئەو پرۆسەیەی پوتین بە پاککردنەوەی ئۆکرانیا لە نازییە نوێیەکان ناودێریدەکات و سێیەمیش ڕاستکردنەوەی مێژووی ڕووسیای نوێیە کە ئۆکرانیا یەکێکە لە قوربانییەکانی. 

تێزی پێنجەم، ئوکرانیا چەندین سەدە بەشێکی دانەبڕاوی جوگرافیای ڕوسیای قەیسەری و ڕوسیای سۆڤێتی بوو، دواجار لە ساڵی1991دا بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەم مێژووە درێژەی ناو کیانی سیاسیی ڕوسیی و مێژووە کورتەی سەربەخۆیی ئەم دەوڵەتە نوێیە، پێماندەڵێت بۆچی پوتین وەک ناسیۆنالیستێک کە خەون بە ئیمپراتۆرییەتێکی نوێی ڕوسیییەوە دەبینێت، خولیای غەربزەدەییی ئۆکرانییەکانی پێ هەرسناکرێت. پوتین نەک تەنها ئەم خواستەی ئۆکرانییەکانی پێقووت ناچێت، بەڵکو ڕەخنەی توند لە سیاسەتی (ڤلادیمێر لێنین)یش دەگرێت کە چۆن شەخسی ئەو بەرپرسیارە لە دروستکردنی شوناسی ناڕوسییبوون بۆ ئۆکراینییەکان. لەم ڕوانگەیەوە جەنگی ئۆکرانیا بۆ پۆتین ڕاستکردنەوەی مێژوویەکی تەحریفکراوی ڕوسیایە کە بەتەنها بە داگیرکردن و جیاکردنەوەی نیمچەدورگەی قرم و هەردوو هەرێمی دۆنێسک و لوهانسک کۆتایی نایەت، بەڵکو بە ڕوخاندنی حکومەتی ئۆکرانیی و دانانی ڕژێمێکی هاوشێوەی بێلاڕوسا ئامانجێتی. 

تێزی شەشەم، سەرکەوتنی ئەم مۆدێلەی جەنگی پوتین لە ئۆکرانیا مانای کردنێتی بە مۆدێلێک کە لە زۆر شوێنی تری جیهان لاساییبکرێتەوە. سەرکەوتنی سیاسەتی جەنگاوەرانەی پوتین لە ئۆکرانیا مانای ئەگەری داگیرکردنی سەربازیی تایوان لەلایەن دەوڵەتی چین و داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت. هەردوکیشیان هەمان ئەو پاساو و گوتارانەیان هەیە کە پوتین جەنگەکەی پێهەڵستاند. چین دەوڵەت و گەلی تایوان بە بەشێک لە مێژوو و خاکی خۆی دەزانێت، با تایوانییەکان بەو مافەش ڕازیی نەبن. بەهەمان شێوە تورکیا چەندین پاساوی هەیە بۆئەوەی مودێلی قرم و ئۆکرانیا لە هەرێمی کوردستاندا دووبارەبکاتەوە، هەم بەناوی لەناوبردنی تیرۆری پەکەکە و هەم بە پاساوی پاراستنی تورکمانەکان لە هەرێم و هەم بە تەفسیری پان تورکیی بۆ ویلایەتی موسڵ کە بە بەشێک لە خاک و نیشتیمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دەزانێت.


تێزی حەوتەم، لەناو جەنگدا ئامادەگیی بۆ پرۆسەی ئاشتیی دەکرێت، چونکە لە کۆتاییدا هەموو جەنگێک بە ڕێککەوتنامە کۆتایی دێت. بەدەر لەو هەموو کارەساتە مرۆییانەی جەنگەکە بەرهەمی هێناوە، ئەم جەنگەی ڕوسیا و ئۆکرانیاش بە ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیی کۆتایی دێت. ئیملاکردنی ئەم ئاشتییە مەرج نییە لە خزمەتی ئۆکرانییەکاندا بێت. هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم دۆزینەوەی لێکتێگەیشتن و دامەزراندنی ئاشتیی یان دوورکەوتنەوە لەیەکتر و گەورەکردنەوەی جەنگەکە کراوەیە. ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکیی پوتین داگیرکردنی ئۆکرانیا و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەزەبری هێز. گەر لەشکری ئۆکرانیی توانی بەرگریی لەم پێکهاتە بکات، ئەوا دانوستاندن لەنێوان دوو هێزدا دەکرێت کە هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە و لە دوادەرئەنجامدا رێکدەکەون. ئۆکرانیا ئامادەگیی خۆی نیشانداوە کە بیر لەوە بکاتەوە وەک دەوڵەت بێلایەن بێت و نەبێت بە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییانەی کە دەبن بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی ڕوسیی. بەدیوی ئەودیویشدا شکستی سەربازیی ئۆکرانیا دەرئەنجامی کارەستباری بۆ دەوڵەتی ئۆکرانیی دەبێت و مانای کۆتایی بە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نیشتیمانییە. ئەو کاتەش رێککەوتنامەی ئاشتیی مانای ئیملاکردنی بەرەی براوەیە بۆ پرسی داهاتووی ئاشتیی لەو وڵاتەدا.

تێزی هەشتەم، بەدەر لەم سیناریۆیانە، چ ئەمریکا و چ خۆرائاوا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مرۆڤایەتییدان. هەموو هەڵەیەکی ستراتیژیی لەگەڵ پوتین بەتەنها مانای لەناوچوونی سەروەرێتیی ئۆکرانیا نییە وەک دەوڵەت، بەڵکو مانای لەناوچوونی هەموو بەشەرییەتە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، گەر دۆخەکە بگاتە پێدادانی سەربازیی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیا. عەقلانییەت پێماندەڵێت گەر لەسەر پشتی ئازار و کارەساتیی نیشتیمانیی بۆ ئۆکرانییەکانیش بێت، ڕێگاچارەیەک بۆ پاراستنی ئاشتیی جیهانیی دەدۆزرێتەوە. وەکی دی نەک تەنها ئەوروپا لەبەردەم هەڕەشەی جەنگێکی بێئاماندایە، بەڵکو کۆی مرۆڤایەتیی لەبەردەم هەڕەشەی وێرانبوون و لەناوچووندایە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand