Draw Media

خزمەتگوزاری حکومەتی ئەلیکترۆنی لە ئیمارات و کوردستان

خزمەتگوزاری حکومەتی ئەلیکترۆنی لە ئیمارات و کوردستان

2022-03-31 07:57:51


د. به‌ختیار ئه‌مین

لەکاتی دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ۳ ساڵ پێش ئێستا، نەخشەڕێگایەکم لەگەڵ تیمێکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی لە بەریتانیا ئامادەکرد لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و پێداویستییەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و پێشکەشی تیمی حکومەتمان کرد. بیرمە ۲ خاڵی کارنامەی چاکسازیەکانی ئەو کابینەیە؛

١. پاكردنه‌وه‌ و یه‌كخستن و ‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ ‌ئه‌لیكترۆنی ‌ یان هەژماری بانکیەوە.

٢. كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتینات له‌ (فه‌رمانگه‌كان) و گه‌ڕانه‌وه‌ی كاتێكی زۆر بۆ هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی. كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچوی سه‌ردانی هاووڵاتی بۆ فه‌رمانگه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی لۆد له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان.

هاوکات دوای ٣ ساڵ ( هەروەکو لە بەرواری بەرگی نەخشەڕێگاکەدا دیارە لە وێنەی١) ، نەک تەنها هیچ یەک لەم کارنامانە جێبەجێ نەکران، بەڵکو هەندێ بڕیاری نا پرۆفیشناڵانە دران  کە بونە هۆی بارگرانی زیاتر بۆسەر شانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوانە (بە ئەلیکترۆنی تێچونی وەرەقەی دادنوسەکان لە ٥ هەزارەوە بۆ ٢٥ هەزار، تۆمارکردنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بۆ ١٠٠ دۆلار، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، زیادکردنی باج و ....... هتد). لەکاتێکدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی کەمکردنەوەی کات و تێچوە بەڕێژەی لەسەدا پەنجا زیاتر نەک بەپێچەوانەکەیەوە. شەرمە لەسەدەی ٢١ دابین کە بەسەدەی شۆڕشی ئەلیکترۆنی ناودەبرێت، هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا کۆچی دوای بکات یان بۆ مامەڵەی پرۆسەیەکی حکومەت سەردانی هەولێر بکات و دوای ٣ جار لە بینی بەڕێوبەری وەزارەتێک، وە دوای ساڵ و نیوێک کارەکەی بۆ ئەنجام بدرێت (نمونەی هەردوو کەیسکە چەندین کەیسی دیکە لەبەردەستن). لە کاتێکدا لە زۆر ووڵاتی دنیا  (تەنانەت لە ئێران و تورکیا و ئیماراتیش) موچە دەچێتە سەر هەژماری بانکی هاووڵاتی لەڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا بەبێ هیچ دواکەوتنێک. بگرە فەرمانبەر نەک پێویست ناکات سەردانی بانک بکات بۆ وەرگرتنی موچەکەی، بەڵکو دەشتوانێت لەڕێگای مۆبایل ئەپڵیکەیشنی بانکەکەیەوە (ئاگاداری هاتنی موچەکەی بێت، پارەی پسوڵەی کارەبا، ئاو....هتد بدات). تەنانەت نەک پێویست ناکات کە کارتی بانکەی لەگەڵ خۆی هەڵبگریت، بگرە دەتوانێت لەڕێگای مۆبایلەکەیەوە یان کاتژمێرە زیرەکەیەوە (بەنمونە Apple watch) پارەی هەرشتێک بدات کەلە بازاڕ دەیکڕیت. بەراورد بە کوردستان ، لە کۆی ۱۹٦ ووڵات دەتوانم بڵێم تەنها لەکوردستان بەم شێوازە تەقلیدیە موچە دابەش دەکرێت. کە چەند بانکێک (من بەدوکانی ئاڵوگۆڕی دراو /حەوڵە ناویان دەبەم) هەڵدەستن بە گواستنەوەی موچە لە حکومەتەوە بۆ فەرمانگەکان. لەکاتێکدا ئەمە خراپترین و خاوترین شێوازی پرۆسەی دابەشکردنی موچەیە کە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.

نمونەیەکی دیکەی حکومەتی ئەلیکترۆنی، بیهێنە پێش چاوی خۆت من کە هاووڵاتیەکی لەدایکبوی کوردستانم، دەتوانم بە بێی سەردانکردنی هیچ فەرمانگەیەک یان ناردنی هیچ ناسنامەیەک، فۆری دەرکردنی پاسپۆرتی منداڵەکەم لەماڵەکەی خۆمەوە پێشکەش بکەم، وە منداڵەکەم بتوانێت لەماوەی تەنها 2 هەفتەدا ببێت بەخاوەنی باشترین و بەهێزترین پاسپۆرتی دنیا. ئەمانە و چەندین نمونەی دیکەی حکومەتی ئەلیکترۆنی  سەرکەوتو کە دەرفەرت نیە لەم نوسینەدا ئاماژەیان پێ بکەم.

دبینین دوای ٣ ساڵ، مەسرور بارزانی یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتنی دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتی ئیمارات واژۆ کرد (س.کوردستان ٢٤)، لە ناوەڕۆکی لەیەکتێگەیشتنەکەدا ئاماژە بە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کراوە، کە لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی ئیمارات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت و برەودان بە توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکومەت و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

لە کۆتایدا ئەوەی کە گرنکە من وەکو ئەکادیمستێک و پسپۆرێکی تەکنەلۆجیا ئاماژەی پێبکەم ئەویش ئەوەیە ئێمە وەکو کورد پێویستمان بەحکومەتی ئیمارات نیە تاوەکو هاوکاری یان ڕێنمایمان بکات بۆ جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی، لەبەرامبەردا ملیۆنان دۆلار لەسامانی نیشتیمانی هەرێمەکەمان بەهەدەربدەین و چەند کۆمپانیایەکی ئەو ووڵاتە سودمەندی سەرەکی بن لێی. لە کاتێکدا ئەوان خۆیان بە هەزاران شارەزای بواری ئایتی و تەکنەلۆجیایان لەهەریەک لە ووڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، هندستان،...هتد)  هێناوە تاوەکو هاوکاریان بکەن و حکومەتێکی ئەلیکترۆنی بەهێز دروست بکەن. لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە هیچ کارێکی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی ئەستەم نیە بە پشت بەستن بە شارەازایانی خۆمان ئەگەری نیەتی جێبەجێکردن هەبێت. هەروەها لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە نابێت زانیاری ئەلیکترۆنی هاووڵاتی و حکومەت بخرێتە ژێر دەستی حزبێكی ناوخۆ، یان ووڵاتێکی دیکەوە یان کۆمپانیایەکی دەرەکیەوە. قسەیەک هەیە لەسەر ئاسایشی ئینتەرنیێت، دەوترێت ئەوەی سیستمە ئەلیکترۆنیەکانی دنیا دروست دەکات دەشزانێت لەدەرگای پشتەوە داخڵی سیستمی ئەلیکترۆنی ووڵاتێک یان کۆمپانیایەکی دیکە بێت. بۆیە لەبیرمان نەچێت گەورەترین مەترسی ئاسایشی نیشتیمانی لە ئێستادا هەڕەشەی سایبەر سوکیوریتیە (Cyber Security)، بەنمونە ئەوانەی هاوکاری یۆکرانیا دەکەن لە جەنگی نێوان ڕوسیا و یۆکرانیا، ڕوسیا هێرشێکی زۆر مەترسی سایبەری بەرامبەریان دەست پێکردوە و کارگەشتۆتە ئەوەی کە هاککەرە ڕوسیەکان بتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر سیستیمی ئەلیکترۆنی نەوەوی چەند ووڵاتێک.

ئەمەش کورتەیەکە لە پێشەکی ئەو نەخشە ڕێگایەی کە من ٣ ساڵ پێش ئێستا پێشکەشی تیمی حکومەتی هەرێمم کرد:

 

پێشەکی

به‌پێی ڕاپۆرتی  ٢٠١٨ ی  نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، یه‌‌كێك له ‌‌ پایه‌ ‌سه‌ره‌كیه‌كانی حكومڕانی ‌ سه‌ده‌ی ٢١، دابینكردنی پێداویسته‌ خۆشگوزه‌رانیه‌كانی مرۆڤه كه‌‌ به‌‌‌ (welfare) ناسراوه‌ له‌ بواره‌كانی: ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، داهات، خزمەتگوزاریە ئەلیکترۆنیەکان ..هتد (‌سه‌رچاوه‌-١).  ئه‌مڕۆ  به‌هۆی پێشكه‌وتوه‌ خێرایه‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆجیاوه،‌ ووڵاتان له هه‌وڵی كێبڕكێی بەدەستهێنانی ناوبانگی باشترین خزمه‌تگوزه‌رانی حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنین (سەرچاوە-٢: بڕوانە online index- ڕانکی باشترین حکومەتی ئەلیکترۆنی ووڵاتان). له‌وانه‌ ووڵاتانی (دانیمارك، ئوستوڕالیا، كۆریا، به‌ریتانیا، سووید، فینلاند، سه‌نگافور...هتد كه‌ژماره‌یان پتری له‌ ١٠٠ ووڵاتن). سیستمی ته‌قلیدی و كۆن ( نمونه‌ی سیستمی به‌ڕێوبردنی كاروباری هاووڵاتیان له‌ كوردستان) له‌ زۆربه‌ی ووڵاتانی دونیادا به‌سه‌ر چوون‌ و كۆتاییان پێ هاتووه‌. بۆیه‌ ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی مێژووییه‌‌ كه‌ كاروباره‌كانی فه‌رمانگه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌لیكترۆنی و دیجیته‌ڵایز بكرێن. به‌داخه‌وه‌  ساڵانێكی زۆره‌ هاووڵاتیانی كوردستان ماندووی ده‌ستی جه‌نگ و كێشه‌ی ئابوری و سیاسین ، بۆ یه‌ ناكرێت چیرتر ئاوڕێك له‌ پێداویستیه‌  خزمه‌تگوزاریه‌كانیان نه‌درێته‌وه‌.

 گرنگی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ دیدێكی ڕه‌خنه‌ گرانه‌ كه‌لێنه‌كانیی چاره‌سه‌ركردنی كاروباری هاووڵاتیان له‌ دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان  ده‌ستنشان بكه‌ین و وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا نه‌خشه‌ ڕێگای به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ ڕوو.  لەکاتێکدا بە ئه‌لیكترۆنیكردنی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و سیستمی فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان كارێكی زۆر قورس نیه‌، به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی ووڵاتێكی وه‌كو چین یان هندستان كه‌ توانیویانه داتای پتر له‌ ١ بلیۆن هاووڵاتی خۆیان به‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بكه‌ن و ڕۆژانه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانیاندا به‌كاری بهێنن.

حکومەتی ئەلیکترۆنی (e-Government):

به‌پێێ سه‌رچاوه‌ی جیۆنگ (٢٠٠٧)، حکومەتی ئه‌لیكترۆنی بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ كردارێكی دیجیتاڵی له‌ ڕێگای به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌مه‌وه‌ ( سۆفتوێر و هاردوێر). حکومه‌تی ئه‌لیكترۆنی دەکرێت لە چەند پایەکی پەیوەندی پێکبهێندرێت لەنێوان حکومەت بۆ حکوومەت(government to government).، حکومەت بۆ کەرتی تایبت (government  to business)، حکومەت بۆ هاووڵاتی(government to citizen) ...هتد

ده‌ستكه‌وته‌كانی پرۆسه‌ی حكومه‌تی‌‌ ئه‌لیكترۆنی‌‌‌:

١.   نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ، هاوكایكردن له‌‌ پاكردنه‌وه‌ و یه‌كخستن و ‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ ‌ئه‌لیكترۆنی ‌.

٢. كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتینات له‌ (فه‌رمانگه‌كان) و گه‌ڕانه‌وه‌ی كاتێكی زۆر بۆ هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی. كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچوی سه‌ردانی هاووڵاتی بۆ فه‌رمانگه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی لۆد له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان.

٣. دروستكردنی لینكی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی نێوان هاووڵاتی به‌ فه‌رمانگه‌كان‌ یان دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كانه‌‌وه‌ له‌ ڕێگای یه‌كێك له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانی وه‌كو( وێبسایت ، ئه‌پڵیكه‌یشن و ئیمه‌ڵ-نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی، كورته‌ نامه...هتد‌).

٤. كۆكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی تۆماری نیشتیمانی هاووڵاتیان بۆ به‌كارهێنانیان له فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت (تۆماری كه‌سی بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك) له‌ ڕێگای بایۆمه‌تریك، فۆتۆی ڕوخسار face identification ...هتد  له‌ ژێر ناوی بانكی  تۆماری حكومه‌ت -krg Data.gov

٥. چاودێری كردنی پرۆسه‌ و كاره‌كانی حكومه‌ت له‌ ڕێگای دیزاینكردنی سیستمێكی به‌توانای ئه‌‌لیكترۆنی زیره‌كه‌وه‌-‌ كه‌ په‌نجه‌مۆری ئه‌لیكترۆنی هه‌موو كرداره‌كانی تێدا تۆماربكرێت (بۆ به‌رگریكردن له‌ خراپ به‌كارهێنانی سیستمه‌كه‌). وه‌ په‌ره‌پێدان و به‌هێزكردنی سیستمی چاودێری میكانیزمه‌كانی پشكنینی نێو فه‌رمانگه‌‌كان، چاودێركردنی ئه‌ركی  فه‌رمانبه‌ر، دڵنیا بوون له‌ كواڵیتی خزمه‌تگوزاریه‌كان و كاروباره‌كانی هاووڵاتی .

٦ باشتركردنی ئاستی ئابوری و بازرگانی (ئاسانكردن له‌ پێدانی پاره به‌ ڕاسته‌وخۆ‌)، ڕه‌خساندنی هه‌لی كاری له‌ وه‌زاره‌‌ته‌كان بۆنمونه‌ (كارمه‌ندی ئایتی ، كارمه‌ندی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پۆسته‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان (ئیمه‌ڵ)، كارمه‌ندی پرۆگرامه‌كان، كارمه‌ندی چاككردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان....هتد) .

٧. نه‌هێشتن و كۆنتڕۆڵكردنی دياردەی دەستێوەردان (واسیته‌) لە كاروباری هاووڵاتیاندا. دروستكردنی پۆرتاڵی هه‌لی كاری ‌یه‌كسان ( بانگه‌ی هه‌لی كار و پێشكه‌شكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ ئۆنلاین).

٨. گه‌یاندنی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكومه‌ت به‌ هاوڵاتیانی بیانی له‌ گه‌ڵ پێدانی زانیاری ئه‌لیكترۆنی به‌ گه‌شتیاران (وه‌گرتنی ڤیزا، یاساكانی كار له‌ كوردستان، پێداویستیه‌كانی نیشته‌جێبوون، شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان، ڕێنمایی سه‌فه‌ر، ته‌ندروستی..هتد).

٩. سیستیمی ئه‌لیكتریۆنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كی گرنگی هه‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستی‌  پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌كرێت (سه‌رجه‌م تۆماری تاوانباران به‌ وێنه‌كانیانه‌وه‌ له‌ داتابه‌یسێكی نیشتیمانی) كۆبكرێته‌وه‌ و  له‌كاتی پێویستدا به‌ ڕاسته‌خۆ پۆلیس و ئاسیش له‌ (‌ زاخۆ بۆ خانه‌قین ) بتوانن زانیاری تیادا تۆمار بكه‌ن یان لێ به‌ده‌ستبهێنن.

١٠. ئاسانكاری له‌ به‌ڕێوبردنی كاروباری كۆمپانیاكان و به‌ ئه‌لیكترۆنكردنی پرۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیا و پشه‌وه‌ران ، و ناوه‌نده‌ بازرگانیه‌كان .

١١.  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت ببێت به‌‌ ئه‌ندام له‌ تۆڕی حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كه‌  (OSI Online Service Index)  ناسراوه‌ ( بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌ ٣). ئه‌مه‌ش گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ ناوبانگی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌كارهێنانی خزمه‌تگوزرای ئه‌لیكترۆنی بۆ كاروباری هاووڵاتیان و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی.

سه‌رچاوه‌كان

Jeong Chun Hai (2007). Fundamental of Development Administration. Selangor: Scholar Press. ISBN 978-967-5-04508-0

 https://gov.krd/the-governments-mission/reforms/

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand