دیداری یەكێتی بۆ!
.gif)
2022-03-30 06:50:23
كەمال ڕەئوف
دیداری یەكێتی لەكاتێكدایە، ڕەنگە كەس بەخیلی بەحاڵی ئەم حزبە نەبات، حزبێك نیوەی دەسەڵاتی حكومەت "بەنیوەناچڵی"و نیوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی "بەرەهایەتی" لەبندەستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەدرێژایی تەمەنی سیاسی خۆی هێندەی ئێستا، بێ ڕوئیاو بێ ئامانج نەبووەو هێندەی ئێستا ناوماڵی پەرتەوازەو جەماوەرەكەی دڵشكاو نەبووە.
یەكێتی شانسی ئەوەی هەیە، تائێستا گەر نەشڵێن لەهەموو هەرێم، لەسەر ئاستی ناوچەكه نفوزی خۆی ئەڵتەرناتیڤێكی بەهێزو كاریگەری بۆ دروست نەبووە، شانسی ئەوەی هەیە، هاوتاكەی كە پارتییە، لەناوچەنفوزی یەكێتی توانای گەشەی زۆر لاوازە، هەروەها شانسی ئەوەشی هەیە بوەتە پارسەنگو هاوسەنگی هێزو لەسەر ئاستی عێراقو هەرێمایەتی حسابێكی بەرچاوی بۆ دەكرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخەی ئێستا بۆی ڕەخساوە بەم ئاڵۆزییو پەرتەوازیەییەوە، ناتوانێت تاسەر هەروا تێپەڕێنێتو هیچ زەمانەتێك نییە، كە ئەم هاوسەنگییەی تاڕادەیەك هەیە وەك خۆی بمێنێتەوە.
یەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی یەكێتی ئەوەیە، لەژیانی سیاسیو حزبایەتی تەقلیدی پارتی ئەكات، ڕەنگە بۆ حزبێكی وەك پارتی كە توانای ئیدارییو ئەزموونی زیاترە، بۆ ناوخۆی حزبەكەییو بۆ ناوچەنفوزەكەی ئەو سیاسەتە پەیڕەوبكات كە دەگونجێك لەگەڵ پەیامو ئاراستەو جیهانبینیەكەی، بەڵام مەرج نییە بۆ یەكێتی گونجاوبێت، دیارە چاولێكردن لەسیاسەتی پارتی، جگەلەوەی دەركەوتووە بۆ ناوچەنفوزو پێكهاتە یەكێتی گونجاو نییە، مەترسیداریشەو گەر بەتەواوەتی لەپەلوپۆشی نەخاتو نەیكاتە هێزێكی وابەستەی حزبێكی لۆكاڵی، بەڵام لەكۆتاییدا توشی ئەو دەردەی دەكات كە پرزەو توانای لێدەبرێت تا ببێتە خاوەن دنیابییینیەكی تایبەت بەخۆییو حزبێكی بەئیرادەو خاوەن قەزییەی خۆی، هەموو ئەمانەش كۆتاییەكەی بەوەدێت، ببێتە حزبێكی چاوو دەستبەستراوی بێ تواناو لەناو ڕووداوەكاندا ئاراستەكەی خۆی ون بكات.
یەكێتی پێویستی بەدیدار نییە، ئەوەندەی پێویستی بەوەیە، دەستڕۆیشتوەكانی ڕاستگۆیانە گوێ لەدۆستو كادرە دڵسۆزەكانی خۆیان بگرنو ڕێگەیان بۆخۆشبكەن تا بوێرانە پەنجە بخەنەسەربرینەكانو دیاریكردنی نەخۆشییەكان بخەنە پێش چارەسەر وەرگرتن.
یەكێتی پێویستی بەنۆژەنكردنەوەو پتەوكردنەوەی دامەزراوە حزبیەكانیەتی، پێویستی بەكۆتاییهاتنی دابەشكردنی پۆستو پلەی حزبییە بەمحاسەسەی بنەماڵەیی، پێویستی بەناوەندێتی بڕیارو دەزگای لێپرسینەوەو پەروەردەكردن هەیە، دیداری یەكێتی گەر دوای تەواوبوونی بەكۆمەڵێك بڕیارو پیشنیازی جدیو بوێرانە كۆتایی نەیەت، بەدڵنیاییەوە وەك دوا كۆنگرەكەی، بەپێچەوانەوە نائومێدیو بێ متمانەیەی بەسەركردایەتیەكەی زیاد دەكاتو سەرئیشەیەكی تر بەسەرئێشەكانی ئەم حزبە زیاد دەكاتو بێ متمانەیی لەناو ڕیزەكانی حزبو جەماوەرەكەشی زیاتر دەبێت.
یەكێتی پارتێكی تازە دەركەوتوونییە، ئەزموونی ئیدارەو حوكمڕانیشی كەم نییە، ڕەنگە دوكاندارێكی سەوزە فرۆش كە ڕۆژانە لەعەلوە شت دەكڕێت، تا بازرگانێكی دیار كە لەودیو سنورە كاڵا هاوردە دەكات، تا جوتیارو خوێنكارێكی ناوەندیش ئەو ڕاستیانە بزانن، كە یەكێتیەكان لەسەر ئاستی هەرێمو ناوچە نفوزەكەی خۆشیان، بەشێك نین لەچارەسەر، بەپێچەوانەوە بەشێكی زۆر لەسەركردەو كەسانی باڵادەستی بەشێكی سەرەكین لەگرفتەكانو بۆ ئەو دۆخەی كە حزبەكەیانی تێكەوتووەو ئەوان مایەی دڵشكاندنو دوركەوتنەوەی جەماوەرەكەشیانن.
چارەسەر مەتەڵێكی قورس نییە، پێویستی بەبیركردنەوەی زۆریش نییە، هەروەها پێویستی بەلۆژیكی كودەتا نییە، یەكێتی بەقۆناغگەلێكدا گەیشتۆتە ئەم دۆخەی ئێستا، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەریش بەشێوەی قۆناغ بەندی كاربێت، چارەسەر بەبەیاننامەو لەڕێگەی بانگەشەو بەڵێنی ناڕاستو دەستبەراگرتنی جومگە هەستیارەكانی حزبەكەوە ئەنجامنادرێت، ئەوەی پێویستە سەرەتا بیكات، گۆڕانكارییە لەدامەزاوەكانیداو خۆی ڕێز لەدامەزراوەكانی بگرێتو ناوەندێتی بۆ حزبەكە بگێڕێتەوەو لەمەزاجی شەخسی ڕزگاری بكات، سیاسەتو بزنس لەیەك جیاكاتەوە، گوتارە سیاسییەكەی یەكبخاتو بەئیرادەوە، لەسەر ئاستی دەوڵهتمەداری سیاسەت بكاتو بیربكاتەوە، بەرپرسیارێتی حوكمڕانی وەك خۆی لەئەستۆ بگرێت، ناكرێت سەرباری ئەو هەموو بیناو گردو تەپۆڵكەیەی لەبەردەستیایەتی، ماوەی 30 ساڵ یەكێك لەهەستیارترین لەدامەزاروەكانی لەبینایەكی داگیركراوەی پەروەردەدا بێت.
یەكێتی گەر دەتوانێت، دەستی بەرپرسەكانی لەسەر بازاڕو بازرگانی كورتبكاتەوە، هانی كۆمپانیا نیشتمانییەكان بداتو بەپێی یاسای ڕێگەپێدراو باجیان لێوەربگرێتو مەرجی كوالێتیو پیشەیان بەسەردا بسەپێنێت نەك ببێتە شەركیان، یان ڕێگریان بۆ دروستبكاتو گوشاریان بخاتەسەر، بەپێچەوانەوە ڕێگری بكاتو سزای ئەو بەرپرسانەبدات كە موڵكو زەوی زۆرو گرانبەها لەسەرخۆیانو كەسوكاریان تاپۆكردوەو قۆرخكاریان لەبازاڕكردووە، ڕێگری بكات لەوەی كۆمپانیایی حزبی كاری قاچاخچێتیو نایاسایی بكات، خۆ ئهگەر یەكێتی بتوانێت ئەوانە بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانێت لەماوەیەكی كەمدا متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێتەوەو نێوان خۆییو جەماوەرە كەمبكاتەوە، خۆگەر ناشتوانێت هیچ لەوانە بكات، وازی لێبێنن، نە دیداری پێویستەو نە تەگبیر، ئەوكاتە ڕۆژگار خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی حزبەكە دەدات، بەرپرسیارێتی مێژووییو ئەخلاقیش بەتەنها ناكەوێتەسەر شانی ئەوانەی كاری دزێو قێزەونیان ئەنجامداوە، بەڵكو دەكەوێتە سەرشانی هەموو ئەوانەش كەبەرپرسیارێتیان هەبووەو فرسەتی كارێكی باشیان هەبوەو نەیانكردوە.
