ئەوجارە نۆرەی بافڵ تالەبانیە !

2022-03-29 06:45:07
شادمان مەلا حەسەن
بە گەڕانەوەمان بۆ مێژوو ,وێنەی زۆر رووداوی ئێستامان بۆ بەرجەستە دەبێت .بنەمالەی بارزانی لەو رۆژەی بوونە خاوەن خانەقا و تەریقەتی نەقشبەندی تایبەت بەخۆیان,هەمیشە لە ململانێی گەرمی عەشیرەتەكانی دەوروبەری خۆیان بوون .ئەنجام فیدڕاسیۆنێكیان بەهۆی خانەقا و تەریقەتەوە پێكهێنا ,كە چەند عەشیرەتێكی ناوچەكەی لە خۆی دەگرت . ئەمە هێندەی تر ململانێكانی لەگەل دەوروبەر گەرمتر كرد ,ئەمە بووە هۆكاری ناسراو بوونیان لە دەرەوەی ناوچەكەی خۆیان .ئەم وایكرد دەستەیەك لە نوخبەی سیاسی و ئەفەندی كورد حزب بۆ مەلا مستەفای بارزانی دروست بكەن ,ئیتر سروشتی ململانێكە لە عەشیرەتەوە پەڕیەوە ناوحزب .ئەوەی مل كەچمان بێت ,ئەوە كوردێكی ڕەسەن و چاكە ,ئەوەی ملكەچمان نەبێت ,ئەوە خائین و جاش و ناپاكە ,لە ئەنجامی مل كەچ نەبوون بۆیان ,چەندین رووداوی خوێناوی پاكتاوكردنی جەستەیی تاك و دەستە جەمعی هەیە لە مێژووی پارتیدا . لە دوای ئەوەی ساڵی 1975,یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دامەزرا ,لە چەند بال و ئاراستەیەك پێكهات .وەك وەلامێك بۆ شكستی شۆڕشی ئەیلول .بنەمالەی بارزانی هەرزوو پارتیان دروستكردەوە .لەو كاتەوە مامەلەی بارزانی كوڕ و پارتی لەگەل یەكێتیی هەمیشە رێژەیی بووە .لەگەل ئاراستەیەك نەرم و لەگەل ئاراستەیەك توند .لەگەل هەندێ كەسایەتی نەرم و لەگەل هەندێك توند .نموونە ئەوەی لە كۆمەلكوژیەكەی هەكاری ساڵی 1978 روویدا . بەشێك لەسەركردەكان كوژران و بەشێك نەكوژران .دواتر پاشماوەی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەكێتیی جودابوونەوە و بوونە هاوپەیمانی پارتی ,هەر لەژێر كاریگەری ئەم تێڕوانینەدا بوو .ساڵی 1994 كاتێ جەولەی یەكەمی شەڕی ناوخۆ تەواو بوو .مسعود بارزانی و پارتی سەركردە و فەرماندەكانی یەكێتیان پۆلێن كرد ,بۆ باش و خراپ و مام ناوەند, بە نسبەت خۆیان .ئەوە بوو فۆكسی قوڕسیان خستە سەر جەبار فەرمان و چەند فەرماندەیەكی سەربازی كاریگەر .مام جەلال ئەوكات لەپێناو ئاشتی چووە ژێر باری ئەم تێڕوانیننەی پارتی و بارزانی ,هەلسا بەهەناردنە دەرەوەی جەبار فەرمان و زۆربەی فەرماندە بالاكانی هێزی پێشمەرگە .كاتێ پڕۆسەكە ئەنجام درا پارتی یەكسەر هەلەكەی قۆستەوە و پەلاماری هێزەكانی یەكێتیی دایەوە و شەقلاوە و زۆر شوێنی تری كۆنتڕۆل كرد,جەولەیەكی تری شەڕی ناوخۆی هەلگیرساندەوە.ئەم جارە چەند سەركردەیەكی تر كران بە ئامانج.دوای پڕۆسەی ئاشتەوای نێوان هەردوو حزب ,زۆر لەسەركردەكانی یەكێتیی جیاواز لە پڕۆسەی ئاشت بوونەوەی گشتی ,هەریەكەی بەجۆرێك لینكی ئەستۆ پاكی خۆیی لەگەل پارتی ئەنجامدا .بۆ هێندێكیان باش شكایەوە لە پێناو بنیادنانی بەرژەوەندی شەخصی,ئەمە وایكرد زۆر لە كادیری مام ناوەندیش دەست و پەنجەی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی كەسی لەگەل پارتی نەرم بكەن. ئەم مۆدیلەی پارتی و بارزانی هەر لەبەرامبەر یەكێتیی وانیە ,بەلكو لەبەرامبەر هەموو حزبەكانی ركابەریەتی, لە هەموو پارچەكانی كوردستان .یان مل كەچی ئێمەی یان كوردێكی نەخوازراوی جاش و خائینی .بەلام كەم حزب وەك یەكێتیی ملی داوە بۆ داواكانی پارتی . سەردەمانێك عادل موراد فۆكسە قوڕسەكەی پارتی لەسەر بوو .دواتر فۆكسە قوڕسەكە هاتە سەر لاهوری شێخ جەنگی و براكانی .ئەم فۆكسە لە دوای كۆنگرەی چوارەم زۆر زیادی كرد . دواجار كوڕەكانی مام جەلال بەو پەڕی خۆشحالیەوە .وەك پێشنیاری مام بۆ برازا كەوتنە گوێڕایلی پێشنیار و داواكەی پارتی و بارزانی ,بەوەی ئەگەر لاهور نەبێ ئەوان مامەلەی هاوتایان لەگەل دەكەن .ئەوە بوو 8ی تەمموزی ساڵی 2021 كەتنەكەیان ئەنجامدا .بە هاوسۆزی سەركردە رەنگ زەردەكانی یەكێتیی .كاتێ ئەنجامدەری كەتنەكە چۆوە لای بارزانی .گوتی فەرموون ئێستا خۆم بڕیار بەدەستی ئەوەل و ئاخیرم .لەوەلامدا وتیان ئەمە باشە بەلام هێشتا ماوتە .دەبێ ئەم جارە بەرهەم صالحیش پۆست بەدەر بكەی .ئەگەر جەبار فەرمان شەڕی قوڕسی پارتی كردبێ و لاهورشێخ جەنگی لەبەر پارتی و بارزانی چەقیبێتەوە ,ئەوە بەدلنیایەوە بەرهەم صالح لە ژیانیدا بەتەنهاش بووبێ نەیگوتووە مسعود بارزانی ,بەلكو هەمیشە گوتوویەتی جەنابی كاك مسعود .بەلام بەرهەم بەدلی بارزانی نیە ,بۆیە كوردێكی نەخوازراوە .لە ئێستادا دكتۆر بەرهەم لە هێلی گەرمی شەڕەكەدایە بۆ خستنی .هێشتا ئەو تەواو نەبووە پیلانێكی تازە بەرێوەیە ,ئامادە كاری بۆ دوو كەسی تر وا دەكرێ, یەكیان كوردێكی نەخوازراو ئەویتریان كوردێكی رەسەن و قبول كراو .نەخوازراوەكە بافڵ تالەبانیە و خوازراو وپەسند كراوەكەش قوباد تالەبانیە .میدیای پاراستنی پارتی ماوەیەكە زەمینە سازی خۆی دەكات و فۆكسی ناشیرنكردنی بافڵ تالەبانی دەست پێكردووە .لەولاش قوباد تالەبانی ئامادەكاری دەكات ,بەپشتیوانی ئەوانەی لە كەتنەكەی 8ی تەمموز پشتی بافلیان گرت .دیداری یەكێتیی رێك ئامانجی ئەم كارەیە .(لەوتارێكی تر باس لە دیداری یەكێتیی دەكەم). بەلگە بۆ راستی ئەم بۆچوون و زانیاریەش ئەوەیە .بافڵ تالەبانی كە ئێستا لە بارزانی هەلگەڕاوەتەوە .دووچاری شەڕێكی قوڕس بووە .قوبادی برای هیچ هاوكاریەكی ناكات و لەهیچ شوێنێكیش دیار نیە .كەچی سەرەتای ساڵی 2021 قوباد بۆ ئەوەی دلی مسرور بارزانی لە خۆی رازی بكات ,بەردەوام لەبەغدا بوو ,لە هەموو دەرگەیەكی دەدا, تاكو بەشە بودجەی هەرێم جێگا بكاتەوە لە بودجەی گشتی عێراقدا.بێگومان لە كارەكەی سەركەوتووبوو .بەلام برا گەورە نەوتەكەی تەسلیم نەكرد .تەنها ئامانجی دووسەد ملیار دینارەكە بوو .بۆیە بەخوێندنەوەمان بۆ جولە و وێنەی رووداوەكانی رابردوو داهاتوومان دەخاتە بەرچاو .بەناوبانگترین وتەی هاوسەرۆكە تاك ڕەوەكەی یەكێتیی ئەوە بوو ( دەركراوەكان دەركراون ) چونكە بڕیاری ژمارە (311) ی فەرید ئەسەسەرد هەموو دەسەلاتێكی پێداوە .تەمەن باقی بێت دەبێ پالە وانی كەتنەكەی داهاتوو چی بە خاوەنی ئەم دەستەواژە بەناوبانگە بلێ .لە كاتێكدا باوكیان دەیگوت كەسمان لێزیاد نیە .
تێبینی: بیرۆكەی ئەم وتارەم لە سەرنجێكی هەڤال صەمەد محەمەد وەرگرتووە .
