Draw Media

ئەخلاق و نیفاق و سیاسەت

ئەخلاق و نیفاق و سیاسەت

2022-03-27 18:15:21


رابون مەعروف

من کە دەڵێم، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکانی کوردستان، لە حیزبەکانی دەسەڵات بێئەخلاقترن! بێگومان بۆ تەشھیر و ناوزڕاندن وا ناڵێم.

کە دەڵێم، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکانی کوردستان، مونافیق و ترسناكن، لە ھەوەنتە وا ناڵێم.

بزانن، من ھەرگیز لە گۆترە، وشە و تێرم بەکار ناھێنم!

ئەو حیزبانە، نەك ھەر بێئەخلاقن، تەنانەت ھیچ دیدێکی تۆکمەیان بۆ ئەخلاق نییە. وەك ھەر کەسێکی رەشۆکی و گەجەر و گوجەر، تێرمی ئەخلاق بەکار دەھێنن. بە شانس و رێکەوت نییە دو گروپی میلیشیا (پارتی و یەکێتی) زیاتر لە سی ساڵە ھەژمونی رەشی خۆیان بەسەر نەتەوەدا سەپاندوە و تا ئێستا بەردەوامن. بێگومان ئەم حیزب و گروپانەی ئێستا نەك ناتوانن ببنە ئامرازی گۆڕانکاری لە دەسەڵات و بیناکردنی نەتەوە و حوکمڕانی مۆدێرن، بەڵکو رێگر و لەمپەری بەردەم ئەو پرۆسەیەن.

ئەو حیزبانە مونافیقن، چونکە ھەمیشە و بەردەوام بانگەشەی شتێك دەکەن، بەڵام لە راستیدا خەریکی شتێکیترن. واتە، وێنەیەکی موزەیەف و ساختە پێشکەشی رایگشتی دەکەن و وێنەی راستەقینەی خۆیان دەشارنەوە.

ئەو حیزبانە ترسناکن، چونکە بەشێکیان، نەك ھەر دیدەگایان بۆ دامەزراندنی حوکمڕانی مۆدێرن نییە، بەڵکو دەگەڕێن لە رابردودا نمونەی حوکمڕانی خۆیان بدۆزنەوە. بەشێکیتریان، سیاسەت و ململانێی سیاسی، وەك بزنز و فێڵ و تەڵەکەبازی دەبینن. ھەمو فیکری سیاسی باڵی تەڵەکەباز و کلاوچی ناو ئەو حیزبانە، ھونەری چەواشەکاری و درۆ و فڕ و فێڵە. حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانیەکان، نەك ھەر دیموکرات نین، بەڵکو کەڵت و حیزبی یەك کەس و بازنەی داخراون. رێك وەك کۆیلە و شاگرد و بەردەست، ھەڵسوکەوت لەگەڵ کادیر و ئەندامەکانیان دەکەن.

سەرنجەکان:

یەکەم: ھەمو ئومێدێك بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکان، ئومێدی موزەیەفە. بێئومێدی باشترە لە ئومێدی موزەیەف. چونکە ئومێدی موزەیەف نەتەوە بە رێگەی نەھاتا دەبات، بەڵام بێئومێدی بەو حیزبانە، بە ناچار، نەتەوە دەخاتە سەر رێگەی بیرکردنەوەی جدی لە ئایندە.

دوەم: من سێ ساڵ پێش گەڕو گول بونی بزوتنەوەی گۆڕان، نەتەوەم لە کەوتن و بەلاڕێدا رۆییشتنی گۆڕان ئاگادار کردەوە. بەشێکی زۆر لە فیگەرە ناڕازییەکانی ئێستای گۆڕان، ئەوسا، بۆ دیفاع لەم گۆڕانەی ئێستا، مەکۆ بە مەکۆ و شار بە شار دەگەڕان درۆ و بوختانیان لە دژی من دەکرد. ئەگەر ئەوسا پشتیوانی من بونایە، رەنگە بمانتوانیبا گۆڕان بخەینە سەر رێگە راست و دروستەکە.

سێھەم: دڵنیا و بێگومان بن، دەروازەی ئومێد و ئایندەی گەشی نەتەوە، دوای کۆتایی ھەژمونی دو حیزبە میلیشیاکە (پارتی و یەکێتی) بە تێپەڕاندنی حیزبە فەرمیە پەڕلەمانیەکاندا تێدەپەڕێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand