Draw Media

نەوەی نوێ چی بكردایە؟

نەوەی نوێ چی بكردایە؟

2022-03-27 10:32:12


عەدنان عەلی تاڵەبانی

بەشدایكردنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوەو رووبەڕووی رەخنەی زۆری كردوەتەوە، لەبەرامبەریشدا رایەكی تر هەیە پێیوایە هەنگاوێكی دروستەو ئەگەر بەشدارینەكردایە بە دیوێكی تردا رەخنەی لێدەگیرا.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئایا نەوەی نوێ دەیتوانی لە نێوان بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق رێگای سێیەم هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی لە ژوورەوە لەسەر پارتی حیساب نەكرێت و لەدەرەوەش لەسەر یەكێتی؟ 
بێگومان ئەو نەخشە سیاسیەی لە هەڵبژاردنی ۱٠ی ئۆكتۆبەر هاتوەتەئاراوە، و بەهۆی دابەشبوونی نێو ماڵی هەرسێ پێكهاتەكەی عێراق، دەرفەتی بۆ هێزە بچوكەكان رەخساندوە بە ژمارەی كەمەوە دانوستانی گەورە بكەن، بەڵام بە مەرجێك دووربن لە سەفەقات و رێككەوتنی نهێنی، ئەمە دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ نەوەی نوێ بە دەستكەوتی سیاسیەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ، نەك وەك ئێستا رووبەڕووی رەخنەی خەڵك ببێتەوەو گورزی كەمەر شكێنی بەربكەوێت. 
ئەو وەرقەیەش كە نەوەی نوێ بڵاویكردوەتەوە گوایە لەسەر بەڵێنی جێبەجێكردنی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانیان كردوە، هیچ بایەخێكی نەبوو، چونكە ئاشكرایە بە ئیمزای پەرلەمانتارێك ئەو خاڵانە جێبەجێ ناكرێت.  
دیسان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئەی نەوەی نوێ چی بكات؟ لەچەند رۆژی رابردوودا نەوەی نوێ چونە لای یەكگرتوی ئسلامی و كۆمەڵی دادگەری، ئەم سێ هێزە لەسەروی هەموویانەوە نەوەی نوێ چونكە كورسیەكانی زۆرترە، ئەگەر خۆیان بەجیاوازتر لە دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە دەزانن، لانیكەم بۆ ئەم قۆناغە دەكرا فراكسیۆنەكانیان یەكخەن و بەتایبەتی لەم سەروبەندەدا كە نیساب بوەتە ئاڵنگاری بۆ هەردوو بەرە ركابەرەكەی عێراق، یاریكارێكی دیار بن و وەك بەدیلی دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان سەیر بكرێن و خواستەكانی خەڵكیشیان بكردایەتە مەرج بۆ بەشداریكردن و بەشدارینەكردن. 
وك دەوترێت باشتروایە لەسەر نیەت هەڵسەنگاندن بۆ كەس نەكرێت بەڵكو لەسەر كردەوەو رەفتارەكانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەمە بۆ هێزی سیاسیش هەر راستە، هەر هێزێك چەند هاوار بكات و بڵێت من نیەتم باشە بەڵام دواجار خەڵك هەر لەسەر كردەوەكانی هەڵسەنگانی بۆ دەكات.
نەوەی نوێ هەر لەسەرەتاوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار راگەیاند واخوێندرایەوە بۆ ئەوەیە لەكۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەشداریبكەن و كێشەی نیساب چارەسەر بكەن كە ئەمەش خواستی ئەو بەریەیە كە پارتی تێدایە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش خۆی دانیپێدانا و رایگەیاند "ئەوان دڵنیان كاندیەكەیان بۆ سەرۆك كۆمار سەركەوتوو نابێت بەڵام هەر كاندیدیان داناوە"! ئەم دانپێدانانە ئاشكرایە ئەو بڕوایەی زیاتر تۆخكردەوە 
كە دیاریكردنی كاندی لەلایەن ئەم هێزەوە بڕیارێكی عەشوایی و نەزانانە نیەو بۆ ئەوەش نیە خۆیان وەك بەدیلی دەسەڵات پیشان بدەن، بەڵكو جگە لە رێككەوتنی نهێنی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی شەخسی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand