پارتی وه‌ك كاركته‌رێكی لاواز له رێككه‌وتنی سێ قۆڵیدا

2022-03-26 16:54:05
د. حلمی ره‌سول ره‌زا
به ته‌ماشا كردنێكی خێرای به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی سێ قۆڵی (سه‌در, حه‌لبوسی، بارزانی) كه بڕیاره له پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانیدا جێ به‌جێی بكه‌ن له چوارچێوه‌ی عێراقدا، خوێنه‌رو موتابعی رووداوه‌كانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو بەسانایی ئەو راستیە دەبیین كه سیاسه‌تكردن لای پارتی ئەوەندەی ئامانجی قۆلبادانی هێزە كوردیەكانی هاوسه‌نگه‌ری بوه، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده ململانێ نه‌بووه له‌گه‌ڵ هێزە غەیرە كوردیەكان. له‌دوای شه‌ڕی ناوخۆی ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان هه‌موو دونیا تكای له پارتی كرد تاوه‌كو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا رێكبكهوێ و كۆتای بەو شەرە نەگریسە بهێنرێت، كه‌چی دوای 200 كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ئینجا بەنیوەناچڵ ئاو به ئاگردا كرا و تا ئێستاش ئاسەواری هەرماوە، بەڵام ده‌بینین بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه كورد نین؛ رێككه‌وتن به چاوتروكانێك لەمەتبەخەكەی پارتی پێده‌گات.
ده‌ق و رسته‌و گوزارشته‌كانی نێو رێككه‌وتننامه‌كه جێگای سه‌رسوڕمانن بۆ ئه‌وانه‌ی كه كرۆك و جه‌وهه‌ری پارتی ده‌ناسن، چونكه سه‌رله‌به‌ری خاڵ و به‌نده‌كان پێچه‌وانه‌ی بونیادی بنه‌ڕه‌تی پارتیه، و ئه‌و حزبه بهرهفتارو ئاكار سه‌لماندویه‌تی كه رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌یه كه له رێككه‌وتنه‌كه‌دا وەك ئینشا هاتووه؛ جا هه‌ر له پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌و بیگره بۆ جوڵاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئازادی و شه‌فافیه‌ت و رێزگرتن له دام و ده‌زگای میری و شكۆدانان بۆ دادگا و تادوای. له‌لایه‌كی دیكه‌وه جێبهێجیكردنی ئه‌و به‌ندانه‌ی له‌وێدا هاتوون به‌مانای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی سه‌رۆك و مەزاجی دهسترۆیشتوهكانی نێو ئه‌و حزبه‌ن. بۆیه ده‌كرێ بگوترێ رێككه‌وتننامه‌كه جۆرێكه له خۆڵ كردنه چاوی خه‌ڵكی و بۆ قۆناغێكی دیاری كرا‌و كە ئامانج تەنها قۆڵبادانی یەكێتیە و دكتۆر بەرهەمە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و دژیهكیانهی له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ن و ئاماژه بۆ هه‌ندێكیان كرا، ئه‌گه‌ر بێت و له ئاینده‌دا ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتنه له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانی ئه‌م گه‌له‌وه بخوێنرێته‌وه ده‌بێ چی له باره‌ی سیاسه‌تكردن و دیبلۆماسیه‌تی كورده‌وه بڵێن بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی خه‌باتی كوردستان كه پارتی ده‌م له ریشسپێتی و سه‌ركردایه‌تیكردنی ده‌كوتێ؛ چونكه ئه‌و ده‌قانه هیچ ئاماژه‌یه‌كی رۆشنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێدا نییه، كه له مێژووه دورودرێژهكهیدا گه‌وره‌ترین و زۆرترین قوربانی داوه.
بهوورد بوونه‌وه‌ی زیاتریش له ده‌ق و به‌نده‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه، پارتی لەمێژووی خۆیدا هاوشێوەی ئێستا جارێكی تر رێككه‌وتنی ساڵی شه‌سته‌كانی كرد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌و كاته‌دا تەنها بۆ شكاندنی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی؛ كه‌چی هه‌ر زوو لێی په‌شیمان بوه‌وه و بەرهەمێكی بۆ كورد‌و بۆ پارتیش نەبوو، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم رێككەوتنەش ئایندەكەی لەوەی شەستەكان باشتر نابێت، چونكە ئاشكرایە كە رێككه‌وتنی 11ی ئازار زۆر له‌م رێككه‌وتنه ده‌سكه‌وتی زیاتری بۆ كورد و پارتی تێدا بوو.
