Draw Media

شیزۆفرینیا لە پۆستەکانی فەیسبوکدا

شیزۆفرینیا لە پۆستەکانی فەیسبوکدا

2022-03-26 08:05:20


ئارام سەعید

بەوپێیەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا ئاستێکی فراوانی هەیە لەناو کۆمەڵگەی مۆدیرندا، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بایەخیکی گەورە دەدەن بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەرونییەکان لەرێگەی پۆست و نامەی فەیسبوک یان ئەو وێنانەی دادەنرین تا لەرێگەیەوە زانیاری پێشوەختە کۆبکەنەوە لەسەر ئەوانەی شیزۆفرینیا یان مەزاجی شیواویان هەیە تا بتوانن لەچارەسەر و باشترکردنی دۆخی نەخۆشەکان بکۆڵنەوە.

دەتوانریت حاڵەتی خەمۆکیی و شیزۆفرینیا بدۆزریتەوە لەریگەی فەیسبوکەوە، تەنانەت هەندێک جار دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانە لەفەیسبوک ئاسانترە وەک لە دۆزینەوەیان لەژیانی واقیعیدا، ئەمەش لەریگەی چەند لێکۆڵەرێکی هەردوو زانکۆی ستانفۆردو کامبردج باس دەکریت کە پێیان وایە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرترە لەوەی لە واقیعدا لێیان بکۆڵیتەوە... چونکە ئەوەی کەسێک پۆستی دەکات و ئەوانەی لایکی دەكه‌ن لە فەیسبوک، دەریدەخات کە خەمۆکی هەیە یان شیزۆفرینیا.. بەتایبەتی هەرزەکاران کەمتر دەتوانن هەستوسۆزیان بشارنەوە...

لەمبارەیەوە بیکی ئینکستەر کە لێکۆڵەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکەیە لە گۆڤاری لانسێت بۆ پزیشکیی دەرونیی نوسیویەتی" لەبەرئەوەی فەیسبوک زۆر بە فراوانی بەکاردێت، دەتوانێت سامانێکی گەورەی زانیاریمان بداتێ بۆئەوەی بەکاری بهێنین بۆ زانینی تەندروستیی دەرونیی وەک خەمۆکی و شیزۆفرینیا".

هەندێکجار دەگەینە هەندێک زانیاری لەرێگەی فەیسبوکەوە لەسەر ئەوانی تر کە رەنگە لەژیانی واقیعیدا دەستمان پێی نەگات، کە ئەویش لەرێگەی لایک و بڵاوکردنەوەی پۆست و وێنەکانی فەیسبوکەوە دەکرێت، کە ئەگەر فەیسبوکیان نەبێت گەیشتن بەو زانیاریانە ئەستەم ئەبێت.

دوکتۆر میشال کۆلینسکی کە یەکیکە لە لیکۆڵەرەوەکان دەڵێت" زانیاریە بڵاوکراوەکانی سەر فەیسبوک ئاسانتر شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت وەک لەو زانیاریانەی لەواقیعدا وەری دەگریت". فەیسبوک بەتەنها بۆدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بەکارنایەت بەڵکو دەکرێت بۆ چارەسەریش بەکاربێت، هەربۆیە دوکتۆر ئەنکستەر دەڵێت" رەنگە زۆر لەو کەسێتیانە ئەو پەیوەندییە هاورێیەتیەی لەسەر فەیسبوک دروستی دەکەن ببێتە هەنگاوێک بۆ باشترکردنی باری دەرونیان بەتایبەتی ئەو هەرزەکارانەی زۆر دابڕاون و هەست بە خەمۆکی دەکەن و بیری خۆکۆژیان لە مێشکدایە، لەرێگەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەوە دەتوانن پەیوەندییەکان چاک بکەنەوە کە لەژیانی واقیعیدا نیانە..".

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی تر کە لە ماڵپەری nature.com بڵاوکراوەتەوە، ناوەرۆکی پۆستەکانی فەیسبوک پێشبینی ئەوەدەکات کە کەسێک توشی شیزۆفرینیا یان تێکچونی مەزاج بوبێت (mood disorders). لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە ئەوانەی شیزۆفرینیا یان تێکچونی مەزاجیان هەیە زۆرتر جنێو لە نامەکانیاندا بەکاردەهینن وەک لە کەسی ئاسایی...ئەوانەی مەزاجیان شێواوە زۆر سەرنج دەدەنە ئەو وشانەی پەیوەندیان بە خوێن و ئازارەوە هەیە، هەروەها وشەی هەست و سۆزی نێگەتیڤ بەکاردەهینن وەک "خەمبار، بێزار" بەڵام شیزۆفرینییەکان ئەو وشانە زیاتر بەکاردەهێنن کە پەیوەندیان بە ئیدراکەوە هەیە وەک "گوێبگرە، سەیرکە، هەست بکە".

مایکل بیرنباوم کە بەرێوەبەری بەرنامەیەکی چارەسەری پێشوەختەیەو هەروەها نوسەری کتێبی" یەکەم چونەژورەوەی نەخۆشخانەی دەرونی"یە دەڵێت " نەخۆشی دەرونی پرۆسەیەکە بە قۆناغ دەچێتە پێشەوەو ساڵانی دەوێت، هەربۆیە شیکردنەوەی نامەو پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا ئەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دۆزینەوەی پێشوەختە و چارەسەرکردن" زانینی پێشوەختی ئەو نەخۆشیانە ئاڵنگاریەکی گەورەیە لەبەردەم پزیشکی دەرونیدا، هەربۆیە ئەو شیکردنەوە ئاڵۆزانەی پۆستەکان لەئایندەدا رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەدەستنیشانکردن و ئاشکراکردنی ئەوانەی بەنیازن خودکوژی بکەن، یان توندوتیژیەک بنوێنن.

بیرنباوم دەڵێت" چاوخشاندن بەنامەکانی فەیسبوکی ئەو کەسێتیانە پێمان دەڵیت کە ئەو نەخۆشە بەرەو باشتر دەڕوات یان نا، هەروەها بەکارهێنانی ئەو شیکردنەوە نوێیانە بایەخیکی گرنگی هەیە بەمەرجیک رێز لە تایبەتمەندی نەخۆشەکە بگیریت و پێشتر رەزامەندی خۆی وەربگیریت لەپێداجونەوەو سەیرکردنی ئەو نامانەی کە نوسیویەتی...

ئەگەر بەرواردێک بکرێت لەو وێنانەی کەسی ئاسایی دایدەنێت و ئەو وێنانەی دەرون شیواون ئەوا ئەوانەی شیزۆفرینیایانە یان مەزاج شێواون حەزیان لەو وێنانەیە کە بەدرێژی زیاترو پانی کەمترن واتە ئەو وێنانەی لەباری درێژین، هەروەها وێنەکانیان بەلاوە پەسەندە کە زیاتر رەنگی شینی تێدایە و کەمتر زەرد بەکاردەهێنن...

لێکۆڵینەوەکە لە ئاداری 2016 دەستی پێکردوە تا دیسەمبەری 2018 کە 41%ی بەشداربوان نێر بوون، هەروەها کۆمەڵێک رەگەزی جیاواز هەبون لە لێکۆڵینەوەکەدا لەوانە" 42،2% قەوقاز، 29،1% رەشپێست، ئاسیایی 17،5% ، ئیسپان 11،7% . هەروەها پشکنینەکان لەسەر 3،404،959 نامەکراوە لە فەیسبوک، 142،390 وێنە کە 223 بەشداربوو دایانناوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand