رێككەوتنی سێ قۆڵی ناوی كورد‌و پێشمەرگەی تیانەهاتوە!

2022-03-25 19:11:21
كەماڵ رەئوف
ماوەیەكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەشێك لەهێزەكانی شیعەو سوننە تاك لایەنانە خەریكی رێككەوتنێكی سێ قۆڵییە، گوایە ئەم رێككەوتنە مێژووییەو بۆ كورد و دوخەكەش گرنگە، بەڵام لەناوەرۆك و دەقی رێككەوتنەكە، كە لە24 خاڵ و چەند برگەیەك پێكهاتوە بەوشەیەكیش باسی كورد‌و هێزی پێشمەرگە تا نەهاتوە، بەڵام لەبەرامبەردا لەچەندین شوێن باسی حەشدی شەعبی كاركردن و بەهێزكردن و پرچەككردنی هاتوە تارادەی ئەوەی ئیعترافێكی بنەرەتی بەم هێزە كە هەر پارتی خۆی بەداگیركاری كەركوك و چەند شوێنی تری كوردستانی دەزانێت..
سەیرە كە پارتی خۆی بە گەورەترین هێزی كوردی دەزانێت رێككەوتنێك واژوو بكات و بەلاشیەوە گرنگ بێت، بەڵام ناوی كوردی تیا حەرام كرابێت و باس لە قوربانی و بوونی هێزی پێشمەرگەشی تیانەكرێت. ئەم رێككەوتنە لەرێككەوتنی ژێر خێمەی سەفەوان دەچێت، كە عێراق بەشكاوی چووە بەردەم هاوپەیمانەكان بۆگفتوگۆ و ئەمریكییەكان خواستەكانی خۆیان سەپاند، بەڵام پارتی بەپێچەوانەوە لەعەوەجی قوەتی خۆیدا ئەم رێككەوتنەی كردوە، كە گەر هەر هێزێكی تری كوردی ئەوەی بكردایە، پارتی و پارتییەكان سەدو یەك تۆمەتیان دەخستنە پاڵ و مۆری خیانەیان لەرێككەوتنەكە دەدا.
پێش ئەم رێككەوتنە بەشێكی زۆر لە لایەنە عێراقییەكان دوای مام جەلال كاك مەسعودیان وەك مەرجەعی كورد سەیردەكرد، بەڵام بەرێككەوتنە كە ئامانج لێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمارییە، پارتی چەند شتی گەورەی لەدەستچوو، لەهەمووی گرنگتر ئەو گوتارە نەتەوەییەیە كە پێشتر ریفراندۆمەكەی لەسەر بیناكراو لای هەندێك وەك تاپۆی رەش بۆ ئایندەی كوردستان تەماشادەكرێت.
لەنەخشە رێگا‌و دەقی رێككەوتنە 24 خاڵییەكە، لەدوو شوێن، لەپاڵ دژایەتی تائیفەگەریدا وشەی رەگەزپەرستی بەكار هاتوە، خوێنەر گومان دەكات كە رەگەزپەرستی مەبەستەكە خواستی نەتەوەیی بێت و بەم شێوە مژاوییە دارێژرابێت، بۆ نمونە. لەخالێ دوودا هاتوە(حكومه‌تێك بتوانێت وڵات له تایه‌فه‌گه‌ری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌رباز بكات) ئاخۆ مەبەست لەرەگەزپەرستی خواستی نەتەوەی كوردە! كەبەدرێژایی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق ئەو پرسە بەهەڵپەسێردراوی هێلراوەتەوەو چارەسەرێكی ریشەی بۆنەكراوە، چونكە لەعێراق رەگەزپەرستی كێشەیەكی بنچیینەیی نەبووەو نییە، ئەوەی هەیە كێشەی نەتەوەییە بوونێكی بەهێزی هەیە، بۆیە پێدەچێت رەگەزپەرستی بەمەبەستی فكری نەتەوەیی لەبەرامبەر تائیفەگەریەكەدا هاتبێت، دیقەت بكەن بەهەمانشێوە لە خاڵی چوارده‌یه‌م بەم شێوەیە لەتەنیشت تائیفەگەری رەگەزپەرستی دیسان هاتوە و دەڵێت:(قه‌ده‌غه‌كردنی وتار و كرده‌وه‌ی تایه‌فی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌موو ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ها نیشتمانی و مرۆییه‌كاندا یه‌كناگرنه‌وه).
لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە كاك مەسعود خۆی بەردەوام وەك بەرگیركار لە پێشمەرگە خۆی ناساندوە چۆن رازی بووە بەرێككەوتنێك كە نەك بەهای بۆ هێزی پێشمەرگە دانەناوەو ناوی لەرێككەوتنەكەدا نەهاتوە بەڵام ئاماژەیەكیش هەیە كە هێزی پێشمەرگە بخرێنە سەر حەشدی شەعبی ئەوەتا لەخاڵی دەیەمدا دەلێت: (ئاماده‌كردن و ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانستی به‌رگریكردنیان له سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی وڵات، پشتیوانیكردن له هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ئه‌و هێزانه به گوێره‌ی میكانیزمه ده‌ستورییه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تن و دواتریش تێكه‌ڵ به حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها پێویسته هێزی حه‌شدی شه‌عبی ڕێكبخرێته‌وه و له وانه‌ش پاكبكرێته‌وه كه مل بۆ یاساكانی ده‌وڵه‌ت ناده‌ن و پێویسته چه‌ك ته‌نها و ته‌نها به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بێت).
دیارە كۆمەڵێك شتی تریش لەناو دەقی رێككەوتنەكەدا هەیە كە هەموویان جێگەی سەرنج و گومانن، بۆیە گەر سەركردایەتی پارتی ئامادەیی تیا‌بوو ئەوەنە نەرمی بنوێنێت بۆ لایەنە غەیرە كوردیەكان گەر نیو ئەوەندە نەرمیان بنواندایە بۆ لایەنە كوردیەكان، بەدڵنیاییەوە پارتی زۆر لەوە زیاتری دەستدەكەوت كە لەم رێككەوتنە، ئەگەری هەیە بەدەستیبهێنن و پێگەی كاك مەسعود و پارتیش زۆر لەئێستا پارێزراوتر دەبوو لەناو كورد‌و لەعێراقیشدا.
