دەبێ بڵێم ئافەرین پارتی؟

2022-03-24 06:02:43
كەمال چۆمانی
ئەو سیاسەتەی کە پێویست بو هەرێمی کوردستان پێشیخستبوایە لەناو عێراقدا ئەوە بوە کە زۆرێکمان داوامان کردوە و لە سەردەمی ریفراندۆمەکەی بارزانییش بەشێکمان پێی تەخوین کراین؛ کارکردن لەسەر بنەمای دەستور و بینینی بەغداد وەک پایتەختی خۆمان نەک دوژمن، عێراق دەرفەتە نەک هەڕەشە، هەرێمێکی کوردستانی دیموکراتیک لەناو عێراقێکی دیموکراتیک، کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراق و تێپەڕاندنی ئەوەی پرۆفیسۆر د عەباس وەلی پێیدەڵێ <<دیواری ئێپنیکی>> و هەدەپە بەباشی لە تورکیا مومارەسەی دەکات.
چەندان دەرفەت دروستبون کەسیان و هیچ حیزبێک جورئەتیان نەکرد ئەو هێڵە هەڵبژێرن، تەنانەت نەوشیروان مستەفاش بە جیاوازییەکانیەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی، لە بەغداد هاوڕای مەسعود بارزانی بو. هەمویان، بەڕەهایی دەڵێم هەمویان، بە د بەرهەم ساڵحیشەوە کە حیزبێکی دروستکرد، جورئەتیان نەکرد ئەو دیوارە قەومییە تێبپەڕێنن و هەر دەگەڕانەوە سەر یەکڕیزییەکەی بارزانی.
بارزانی دواجار گوێی لە رەخنەی نەیارانی گرت. باشیش دەزانین بارزانی وەکو تەکتیکێک ئەو سیاسەتەی گرتۆتەبەر و هیچ روئیایەکی نییە بۆ عێراق و تێپەڕاندنی دیواری قەومیی، خۆ ئەگەر هەیبێ، یەکەم کەس دەبم دەڵێم ئافەرین پارتی. بەڵام ناکرێ یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان گلەیی لە پارتی بکەن کە ئەو سیاسەتەی هەڵبژاردوە، ئەوە ئەوانن ساویلکە و ترسنۆک و بەرژەوەندخواز بون نەیانتوانی و نەیانوێرا ئەو سیاسەتە هەڵبژێرن کە دەبوایە هەر لە ٢٠٠٩ەوە هەڵیانبژاردبوایە کە بارزانی رۆژ بە رۆژ بە ئامانج و بە دنەدانی هێزی ئیقلیمی و مەزهەبی رەوشی نێوان هەولێر و بەغدادی شێواند.
ئێستا کە بارزانی و پارتی ئەو رێگایەیان هەڵبژاردوە، سەیرەکە لەوەدایە هێشتا هێزەکانی دی جورئەت ناکەن ئەو دیوارە قەومییە بەتەواوی بشکێنن و سیاسەتێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان پێشبخەن و هەر چاوەڕێی بارزانی و پارتین <<یەکڕیزیی کوردیی>>یان بۆ بگێڕێتەوە، کە بێگومان یەکڕیزییەکە واتا یەکڕیزیی لەپێناو پارتی و بارزانی و بەخشینی هەندێک بەرژەوەندیی مادیی و پۆست بە لایەنەکانی دی.
پارتی سیاسەت دەکات و ئەوانیدیش بەدوای دەکەون. هەرکاتێک ئەوانیدی ویستیان هەنگاوێک بنێن، پارتی تەخوینیان دەکات و ئەوانیش لەبری ئەوەی بەردەوام بن لە پێشخستنی هێڵێکی جیاوازی سیاسەت، دەگەڕێنەوە باوەشی پیرمام.
بۆیە نەک رەخنەم نییە لە بارزانی کە لەگەڵ حەلبوسی و سەدر رێککەوتوە، بەڵکو باشترین کارێکە کردبێتیان. ناشکرێ تا دوێنێ داوامان کردبێت پارتی شتێک بکا، کە کردی دژایەتی بکەین. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا هێزەکانی دی ئەوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو دیوارە قەومییە بەتەواوی بشکێنن و تەکتیکەکانی پارتی شکستپێبێنن، یان <<براگەورەیی>> هەر بۆ بارزانی جێدەهێڵن و خۆیان تەماشاکار دەبن.
عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ. نە بارزانی و نە سەدر و نە حەلبوسیش توانای رزگارکردنی عێراقیان نییە وەک بانگەشەی دەکەن، بەڵام دەکرێ دەرفەتێک بێ بۆ دروستبونی ئۆپۆزسیۆن و ململانێی سیاسیی و شکاندنی ئەو دیوارە قەومی و مەزهەبییە بێئەوەی ئەوان جارێکی تر بتوانن تەخوینی ئەوانە بکەن کە شکاندنی ئەو دیوارە بە گرنگ دەزانن.
