جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا „لە کوێ ئاشتی کوتایی بێت، لەوێ جەنگ دەستپێدەکات“
2022-03-23 15:18:51
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ڤلادیمێر پوتین ڕای وایە داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلیتیکی سەدەی بیستەم بوو. لەدەستدانی هەیمەنەی ڕوسیای پاش پێرۆسترۆیکا و جیابوونەوەی ١٥ دەوڵەت لە سنووری دەسەڵاتدارێتیی سۆڤیەتیی، ژانێکی جیۆپۆلیتیکیی گەورە بوو بۆ نوخبە سیاسییە نوێکەی ڕوسیا. لە دیدی پوتیندا نەگەڕانەوەی ئەم پارچە دەوڵەتانە بۆ سەر جەستەی سیاسیی ڕوسیای پۆست سۆڤیەتی وەک خۆکوژییەکی نەتەوەییی تەماشادەکرێت. قبوڵکردنی ئەم واقیعە سیاسیی و جوگرافییە نوێیە و هەرسکردنی نەک ئاسان نەبوو، بەڵکو پوتین هەموو هەوڵێکی دەدا ببێت بەو قەیسەرەی سەدەی بیستویەکەم کە ئینحیرافی مێژووی نوێی ڕوسیای دوای پێرۆسترۆیکای ڕاستدەکاتەوە.
ئەو نەفرەتەی مێژوو لە نوخبەی ئۆلیگارشیی ڕوسیی کردووە بریتییە لەوەی ڕوسیا وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئاسایی نەبینێت، بەڵکو وەک ئیمپراتۆرییەت وێنایبکات. لەم سۆنگەیەشەوە بۆئەوەی شکۆی ئیمپراتۆرییەتی ڕوسیی و یەکێتیی سۆڤیەتی دوای پێرۆسترۆیکا دووبارە بنایتبنرێتەوە دوو شت پێویستن، یەکەمیان قەیسەرێکی نوێیە و دووەمیشیان جەنگە. لە ئێستاشدا ڕوسیای سەدەی بیستویەک هەردووکیانی هەیە؛ قەیسەرێکی خوێنساردی هەیە کە وەک نماییشە کۆمیدییەکەی چارڵی چاپڵن بۆ هیتلەری دیکتاتۆر، شەق لە تۆپەکەی جیهان هەڵدەدات و هەموو پرنسیپەکانی سەروەریی دەوڵەتیی و ئاشتیی جیهانیی وێراندەکات. دووەمیشیان پوتین جەنگەکانی بۆ گەورەکردنەوەی جەستەی سیاسیی ڕوسیا، لە وردە جەنگەوە گۆڕی بۆ جەنگێکی گەورە لە ئۆکرانیا، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوشێوەی مەترسیداری نییە.
لە مێژووی ئەوروپادا چەند ڕووداوێکی گەورەی جەنگ و چەند پەیماننامەیەکی ئاشتیی گرنگی دوای جەنگ هەن کە مێژووی کۆن و نوێی ئەوروپا و جیهانیان نەخشاندووە. گرنگترین پەیماننامە لە جیهاندا بریتیی بوو لە (پەیماننامەی ڤێستفێلیش) کە لە ساڵی 1648دا لە ئەڵمانیای ئەو سەردەم لە نێوان دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتە جەنگاوەرەکانی ئەوکاتی ئەوروپادا ئیمزاکرا و تیایدا کۆتایی بە جەنگی پڕوکێنەری 30 ساڵەی مەزهەبیی هێنرا. بێگومان ئەم پەیماننامەیە تەنها کۆتایی بە جەنگی مەزهەبیی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانت و تەریقەتە ریفۆرمیستەکانی ناو ئاینی مەسیحییەت نەهێنا و دەسەڵاتی کەنیسەی سنووردارنەکرد، بەڵکو سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنی لە ئەوروپادا سازان. دووەمیان, جەنگی جیهانی یەکەم و کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی و پاشان داڕمانی ڕوسیای قیسەریی و دابەشکردنەوەی نوێی جیهان لەسەر پرنسیپەکانی پەیماننامەی ڤێستفێلیش کە بریتین لە رێزگرتن لە سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتان. سێیەمیان, جەنگی جیهانی دووەم و دووبارەرێکخستنەوەی سەروەریی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە نازیزم داگیریکردبوون. ئاکامی ئەم جەنگە گەورەیەش دابەشکردنی ئەڵمانیا بوو لە نێوان هەردوو بەرەی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ئەو سەردەم بە سەرۆکایەتیی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا و سەرەتای دروستبوونی جەنگی سارد لەنێوان بەرەی سۆسیالیزم و کاپیتالیزمی خۆرئاوایی. چوارەم ڕووداوی گەورەی جیهانییش بریتیی بوو لە داڕوخانی بەرەی سۆڤیەت و دروستبوونی 15 دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ و ئیمزاکردنی پەیماننامەی پاریس. دوای کەوتنی دیواری بەرلین و کۆتاییپێهێنان بە ململانێی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، پەیماننامەی پاریس لە 21ی نۆڤەمبەری 1990 دا لە نێوان 32 دەوڵەتی ئەوروپیی و ئەمریکا و کەنەدا، ئیمزاکرا. ئەم رێککەوتنامەیە لەدوای داڕمانی بەرەی سۆسیالیزم بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت و يەکگرتنەوەی هەردوو دەوڵەتی ئەڵمانیا لەدایکبوو کە هەم کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا و هەم سەرەتای ئومێدێکی نوێ بوو کە نەک تەنها کۆتایی بە دابەشبوونی ئەوروپا، بەڵکو جیهانیش بهێنێت. کۆڵەکەیەکی گرنگی پەیماننامەی پاریس داننانە بەوەی کە دیموکراسیی تاکە سیستەمێکی حوکمڕانیی شەرعییە دەتوانێت زەمانەتی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی بکات. بە کورتی پەیماننامەی پاریس دۆکۆمێنکردنی دوو خاڵی گرنگ بوو، یەکەمیان کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی ئەوروپا لەنێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، دووەمیشیان کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد.
سەرەڕای ئەم هەموو ئەزموونانە بۆ دابینکردنی ئاشتیی لە ئەوروپا و جیهان، جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا چیمان پێدەڵێت؟ یەکەم ئەم جەنگەی پوتین زیندەبەچاڵکردنی رێکەوتنامەی پاریس بوو کە بە بەشداری روسیا ئيمزا کرا. ئەم جەنگەی ڕوسیا هەم ماڵئاوایی کردنی کۆتاییە لە بەدیموکراسییکردنی ڕوسیا و هەم هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئەوروپایەکی نوێی و هەم خەونی پوتینە بۆ دووبارەداڕشتنەوەی نیزامێکی نوێی جیهانیی دوای جەنگی سارد. جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا وردوخاشکردنی تەواوی پرنسیپەکانی ڤێستفێلیش و ڕێککەوتنامە مێژووییەکەی پاریس بوو. لە رێککەوتنامەی پاریسدا جگە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد و ململانێی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، باس لە چەند خاڵێکی گرنگ کراوە، یەکەمیان پاراستنی سنوور و سەروەرێتیی دەوڵەتە نوێکان. دووەم، بەکارنەهێنانی توندوتیژیی سەربازیی، سێیەم ئازادیی هەڵبژاردنی تەحالوفات و هتد.
پوتین دەڵێت، بەشێکی گەورە و ماناداری ئەوەی ئێمە، واتە ڕوسەکان، لە 1000 ساڵدا بەدەستمانهێنابوو، لەدوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لەدەستمانچوو. جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا لە دیدگای پوتینەوە سەرەتای دەستپێکی ڕاستکردنەوەیەی مێژووی نوێی ڕوسیایە کە بە پیادەکردنی تیۆری (ڕوسیا - پلەس، یان روسیا - زائید) دەستیپێکرد. ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بناغەیە کاردەکات هەموو ئەو جەستە جوگرافیانەی کە لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسەردەم و ئێستای ڕووسیا جیابوونەتەوە و تیایدا ڕووسییزمان دەژین، بە جەبری هێز و داگیرکردنی ڕاستەوخۆ دەگەڕێنرێنەوە ناو جەستەی سیاسیی ڕوسیا. ئەم سیاسەتەش بە دوو شێواز جێبەجێدەکرێت، یەکەمیان بە جیاکردنەوەی بەزۆری ئەو ناوچانەیە لە دەوڵەتە دراوسێکانی ڕوسیا کە کەمایەتی ڕوسیی تیادەژی، دووەمیشیان داننانە بە سەربەخۆییان، وەک لە ساڵی 2008دا لە جیۆرجیا بینیمان کە چۆن پوتین بەزەبری چەک ئەبخازیا و ئۆسێتیای باشووری لە جەستەی جوگرافیی جیۆرجیا دابڕاند و وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەلایەن ڕوسیاوە دانیان پێدانراو و دەپارێزرێن.
بەکۆتاییهێنان بە پەیمانی ئاشتیی پاریس، پوتین دەرگای جەهەنەمی بۆ جەنگێکی مەترسییدار لە ئەوروپا و جیهان کردەوە کە کەس ناتوانێت پێشبینیی ڕەهەندە کارەساتئامێزەکانی داهاتووی بکات.
ماویەتی