Draw Media

دیسانەوە کوشتنی ماریا

دیسانەوە کوشتنی ماریا

2022-03-20 17:09:59


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقییەی لە ھەرێمدا سەروەرکراوە، ئیستیقالەکردنە لە ڕەخنەگرتن لە خود خۆی، سەیرنەکردنی ڕەخنەگرانەی خود خۆی و  تاوانبارکردنی ئەوانیترە بەوەی ھەیە و لەئارادایە. ھەڵواسینی ھۆکاری کێشە و قەیران و ناشیرینییەکانی ناو ھەرێم بە کەسانیتردا، ئەو تەکنیکە ئاسانەیە کە لە زیاد لە ئاستێکدا ئامادەیە و لەناو زیاد لە بوارێکدا کاردەکات. ئەم دۆخەش دروستکردنی ڕستێکی درێژ لە ناحەز و دوژمنی دەرەکیی و ناوەکیی لێدەکەوێتەوە کە ھەرجارەو ناوێکیان لێدەنرێت. لە پشتی ھەموو ئەمانەشەوە پاکژ و بێگەرد ڕاگرتنی وێنەی خود خۆی ئامادەیە، کە گوایە ئەو ناحەزە دەرەکیی و ناوەکییانە کاریان تێکدانی ئەو ”پاکژیی“ و ”بێگەرد“بوونە ئەبەدییەیە.
ڕەوتی مێژوویی تۆمەتبارکردنی ”ئەوانیتر“ زۆر فروانترە لەوەی تەنھا لەناو ھەرێمدا نیشتەجێبکەین، زیاد لە سەدەیەکە لەم ناوچەیەدا ئەم دۆخە باڵادەستە. ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی ئەم ناوچەیە ڕۆێکی گەورەیان لەم گەمەی داتاشینی ناحەز و دوژمنە ناوەکیی و دەرەکییەدا، بینیوە. تاوانبارکردنی ئەوانیتر و نیشاندانیان وەک پیلانگێڕ و شێوێنەر ھەم ڕەگەزێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمە، ناسیۆنالیزم لە ھەموو شێوەکانیدا، لە شێوە چەپگەر و ڕادیکاڵەکانییەوە بۆ شێوە ڕاستڕەوەکانی، ھەم کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئایدیلۆژیای ئیسلامیزم، یان ئیسلامی سیاسییە، بە ھەموو باڵەکانییەوە. بەشێکی گەورەی ناسیۆنالیستەکان و ژمارەیەکی گەورەی ئیسلامییەکان لەم ستراتیژیەتی تاوانبارکردنی ئەوانیترەوە، ئاڵاون. لەباتی ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەییەوە سەیری ئەو سیستمی بەھا و نۆرم و ئەخلاقیاتە بکەن کە لە پشتی وێناکردنی ئەوانەوە بۆ دونیا ھەیە و ئامادەیە، ھەمیشە سەیری شتێکی دەرەکیی دەکەن و ھێرشدەبەنە سەر ئەو ھێزە دەرەکییە.
جارێک خۆرئاوا، جارێک کاپیتالیزم، جارێک عەلمانیەت، جارێک کولتورە نامۆکان، جارێک کۆلۆنیالیزم، جارێک کۆلۆنیالیزمی نوێ، جارێک ئیسرائیل و جارێک ئەمریکا، ھتد...تاوانباردەکەن، کاتێکیش دادەبەزن بۆ ئاستی ناوخۆ، جارێک ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر و ڕێبازی فیکریی، جارێکیتر ئەم یان ئەو پارتی سیاسیی، جارێکیتر ئەم یان پیلانی دوژمنکارانەی کەسانێک کە لە دەرەوە ئاراستەدەکردێن، تاوانباردەکرێن. لە دواھەمین ڕووداوی کارەستائامێزی دونیای ئێمەشدا، ڕووداوی کوشتنی ماریا لە ھەولێر، ڕێکخراوەکانی ژنانیان تاوانبارکران. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا لەباتی ڕاوەستانێکی ڕەخنەگرانە و پشکنینێکی ڕاستەقینەی دونیای خۆمان وەک دونیایەکی پڕ لە ناشیرینیی، لە سیاسیی ناشیرنەوە بیگرە بۆ ڕۆشنبیر و مەلای دینی و واعیزیی ئەخلاقیی ناشیرین، لەباتی ھەڵکۆڵینی بنەما جیاوازەکانی ئەو ھەموو توندوتیژییە مادیی و ڕەمزییەی لەو کۆمەڵگایەدا ھەیە و ئامادەیە، پەنا بۆ چارەسەرە ھەرە سادە و ھەرە ھەڵەکە دەبرێت: تاوانبارکردنی ئەوانیتر. 


ھەر لە پەیوەندیدا بە کوشتنی ماریاوە لەمڕۆدا و کوشتنی ماریاکان لە ڕابوردودا و کوشتنی ئەو ماریایانەی تریشەوە کە لە ئایندەدا دەکوژرێن، ئەو پرسیارەی پێوسیتە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا چ شتێکە وادەکات ئەو ھەموو ژنە لە دونیای ئێمەدا بکوژرێت؟ چی وادەکات ژن وەک بوونەوەرێکی کەمنرخی پلە دوو و پلە سێ سەیربکرێت؟ چ شتێک ئەو مافە بە پیاو دەدات بەو ئاسانییە کۆتایی بە ژیانی خوشک و دایک و ھاوسەرەکانیان بھێنن؟ لە کوێی دین و ئەخلاق و سیاسەت و فەرھەنگدا ئەو  باروتە شاراوەیە بگەڕێین کە بەو ئاسانییە بەڕووی ئافرەتاندا دەتەقێنرێتەوە؟ چ جۆرە عەقڵیەت و خەیاڵ و وێناکردنێکی کۆمەڵایەتیی ژێرخانی ئەو ھەموو کوشتنە دادەڕێژێت؟ کام ڕوانین بۆ پیاوبوون و ژنبوون، کام دید بۆ ژیانی شەخسیی و ئازادیی، کام ڕوانین بۆ تاکەکەسبوون و سەربەخۆیی، کام تێگەیشتن بۆ جەستە، کام مانا بۆ ئەخلاق بەرپرسە لەم کوشتارە؟ بە ڕادەی ئەمانەش گرنگ ئەوەیە لەو دونیا تازەیە تێبگەین کە دروستبووە و ئینسنای ئێمە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان، کەوتونەتە ناوییەوە. تەحەدا و ئەگەرەکانی ئەو دونیا تازەیە کامانەن و مرۆڤی ئێمە چۆن دەتوانێت لەناویدا وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت بژیی؟ 
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ڕووئەدات پشتگوێخستنی ئەو کارە سەرەکییانە و ئەنجامدانی پێچەوانەکانیانە، لەباتی پشکنینی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسکران و دۆزینەوەی ئەو دید و ڕوانین و نرخاندنە ترسناکانە بۆ کولتور و دین و ئەخلاق و مرۆڤ، کە شەڕانیی و نائینسانیی و وێرانکەرن، کە مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر، ژن لە پیاو، گەورە لە بچووک، ھەژار لە دەوڵەمەند، بە کەمتر یان بەرزتر دادەنێن، لەباتی ئەوەی لەوە تێبگەین کە ڕۆژگار و سەردەمە نوێیەکان پێویستیان بە پەیوەندیی و ئەخلاقیات و تێگەیشتنی نوێ بۆ مرڤبوون و بۆ دین ھەیە، لە جێگای ئەوەی سەربنێین بەسەری یەکەوە و ھەوڵبدەین ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو ھەموو قەیرانە گەورانە بدزۆینەوە، کە ئەو ھەموو کوشتن و سوکایەتیپێکردن و کەرامەتشکاندنەی لێدەکەوێتەوە. دەڵێم لەباتی ئەنجامدانی ئەم کارانە پەنا بۆ چارەسەر ھەرە ئاسان و ھەرە ھەڵەکە دەبەین و ”ئەوانیتر“ بە ھۆکاری دروستبوونی کێشەکان تۆمەتباردەکەین، بەمەش ھەم ئەستۆپاکی خۆمان دەسەلمێنین، ھەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە، بەڵام زەحمەتی، کێشەکان ڕادەکەین. 
 لەناو کردەی ئەم ڕاکردن و ئەستۆپاکڕاگرتنەدا بوونەوەرێک ئامادەیە خۆی بە پاکژ و دونیای دەرەوەی خۆی بە پیس، خۆی بە ئیماندار و ئەوانیتر بە بێئمان، خۆی بە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و ئەوانیتر بەبێئەخلاق دەزانێت. کەسێک ئامادەیە بوێری ئەوەی نییە سەیری ئەو جیھانەبکات کە بەدەوری خۆیدا دروستیکردوە، سەریری خۆی بکات چی لەناوخۆیدا دروستکردوە و بووە بە چ کەسایەتییەکی شێواو. لەباتی ئەمانە گەشە بە ڕوانینێکی ھەڵە ئەدات کە پێیوایە ئەم کۆمەڵگایە ھیچ کێشەیەکی نییە جگە لە دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان. ئەو باوەڕەی کە پێیوایە جاران کۆمەڵگایەکی پاکژ و بێکێشەمان ھەبووە و ژنی تێدا ئیھانەنەکراوە، چ جای کوشتنی، باوەڕێکی تەواو خورافییە. شێوازیی مامەڵەکردنی توندوتیژانەی ژنان و کردەی بەکەمتر تەماشاکردن و لەوێوە ئیھانەکردنی ھەمەجۆر و ھەمەلایەنیان، مێژوویەکی درێژیان ھەیە و ھەم نۆرم و بەھا و ئەخلاقیاتی باڵادەست و ھەم دین و ھەم ئەدەبیاتی کۆن و تازەی ئێمە، بەشدارە لە دروستبوونیدا. ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات لەزیاد لە ئاستێکیدا ڕاکێشانی سەردەمە کۆنەکانە، بۆناو ئێستا. 


کە ئەمە دەڵێم دەبێت ئاگاداری ئەوەبین نەکەوینە ناو ”گوتاری خودنەفرەتی“یەوە. ئێمە پێوستمان بە ڕەخنەکردنێکی ھەمەلایەن و بەرفراوانی فۆرمە باڵادەستەکانی خود ھەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، خودی تاکەکەسیی و خودی دەستەجەمعیی، خودی سیاسیی، خودی ئەخلاقیی، خودی دینیی و خودی ڕەمزیی. بەڵام بەبێ کەوتنە ناو زەلکاوی خودنەفرەتییەوە. ئەمە تاقە دەرچەیەکی مێژوویی و ئەخلاقیی و ئینسانییە لەبەردەمماندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand