دەربارەی ئومێد و نائومێدبوون لە ھەرێمی کوردستاندا
2022-03-17 15:20:30
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ماوەی چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەندێک لە ڕۆشنبیرە بەیعەچییەکانی، لەناویاندا ھەندێک لە کوردانی ڕۆژھەڵات. گوتارێک لەسەر ئومێد و نائومێدیی بڵاودەکەنەوە کە بەشێکە لە سیاسەتی مێشکشۆرینەوەی کۆمەڵگا و سەرشێوان لە ھاوڵاتیان. گوتارەکە گوتارێکی ھێجگار سادە و ھێجگار ساختەیە و دەڵێت: دۆخی ھەرێم دۆخێکی پڕ ئومێد و گەشبینییە و ئەوانەی بەدبینیی و نائومێدیی بڵاودەکەنەوە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و خوێندەواری سەرلێشێواون. بەرپرسیارێتی ئەو نائومێدییە گەورەیەش لە ھەرێمدا دروستبووە، بە تایبەتی لای نەوە گەنجەکان، دەخەنە ئەستۆی ئەو ڕۆشنبیرە سەرلێشێواوانەوە. بەم کارەشیان دەسەڵاتدارانی ھەرێم و بنەماڵە حوکمڕانەکان لە ھەر بەرپرسیاریەتێک دادەماڵن و ئافەرین و دەسخۆشیشیان لێدەکەن بۆ ئەو ”ژینگە پێشکەوتو“ەی دروستیانکردوە. لەم گوتارەدا ھەندێک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرە بەیعەچیانە تا ئەو شوێنە دەڕۆن، سەرھەڵگرتن و ھەڵھاتانی ھەزاران ھەزار گەنج لە ھەرێم، مردنیان لە سەر سنوورەکان و نووقمبوونیان لە ئاوی دەریاکاندا، بخەنە ئەستۆی ئەو ڕۆشنبیرانەی ڕەخنەگرن و ئەوان بە ھۆکاری ھەڵھاتنی دەستەجەمعی خەڵک تاوانباردەکەن.
کەسێک یەکچاوی بۆ بینین و یەک گوێی بۆ بیستن و یەک ھەستی بۆ ھەستکردن و یەک تۆز هەوڵی بۆ بیکردنەوە ھەبێت، دەزانێت ئەم گوتارە سیاسییە بەیعەچییە، چ درۆیەکی گەورە و چ تەکنیکێکی بەدیی بەھەڵەدابردنی ھەمەلایەنەی کۆمەڵگایە. ھەمووان دەزانن خەڵک لەبەر نووسینی ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر، قسەی ئەم یان ئەو نووسەر، ڕای ئەم یان ئەو ڕۆژنامەنووس، ڕاناکەن، خەڵک لەبەر خوێندنەوەی ئەم یان ئەو ڕۆمان و ئەم یان ئەو شیعر و ئەم یان ئەو وتاری فیکرییش سەرھەڵناگرن. ئەگەر ڕاستیشبێت نووسەران ھۆکاری ھەڵاتنی خەڵکبن، ئەوا بڕ و ڕادەی خوێندنەوەی فیکر و ئەدەبیات لە دونیای ئێمەدا لەو ئاستەدا نییە ھەڵاتنی بەردەوامی دەیان ھەزار کەسی لێبکەوێتەوە و خواستی ھەڵاتنیش لەناو سەدان ھەزار کەسانیتردا دروستبکات. ئەوەی خەڵک لێیھەڵدێت ئەو ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و دینییە کە لە سی ساڵی حوکمڕانیکردنی پڕ گەندەڵیی و جەردەیی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییدا لە ھەرێمدا دروستبووە. خەڵک لە دەسەڵات و عەقڵیەت و فۆرمی حوکمڕانییکردن و ئیدارەدانی ئەو بنەماڵانە و نەوەکانیان ھەڵدێن. خەڵک لەدەست نەوەی یەکەم و دووھەم و سێھەمی ئەو بنەماڵە حوکمڕانانە ڕادەکەن. لە سەرجەمی ئەو قەیران و کێشە و ناشیرینیانە ھەڵدێن کە ئەو حوکمڕانانە دروستیانکردوە و دروستیدەکەن. خەڵک لە بێدادیی و بێڕێزیی و بێمافیی و بێکاریی و بێدەسەڵاتیی و بێکەرامەتیی و بێئایندەیی، ھەڵدێن، خەڵک لە ھەڵاوسانی دەسەڵاتی چەند خێزانێک و ھەڵاوسانی پارەی چەند گروپێک و ھەڵاوسانی نابەپرسیارێتیی کۆمەڵێک سیاسیی حوکمڕان ھەڵدێن. ئەوەی ئەم ماشێنە گەورەیەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و ئابوریی و دین و سێکس و ئەمن و ئاسایش و سوپا و پەیوەندییەکان نابینێت و نووسینی ئەم یان ئەو نووسەر بەسەرچاوەی ئەو بێزارییە گەورەیەی ھەرێم دەزانێت، کەسێکە ھەم ئیستیقالەی لە بیرکردنەوە و لە ئەخلاقیات کردوە، ھەم ڕۆحی خۆیشی بەو بنەمالە حوکمڕانانە فرۆشتوە.
لە پەیوەندیدا بە ئومێدەوە مرۆڤ تا ئەو شوێنە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرپرسیار باس لە ئومێد بکات، کە ئەو باسکردنە نەبێتە ھۆکاری ونکردن و نەبینینی مەترسییە گەورەکانی ناو واقیع و ھەڕەشە بینراو و نەبینراوەکانی ناو ئەو واقیعە نەشارێتەوە. کەی ئومێد وایکرد جیھان لە ھەقیقەتی خۆیدا نەبینین، مەترسی و کێشەکانی ناو ئەو جیھانە نەبینین، بکەرەکانیان نەناسین، ئیتر ئومێد دەگۆڕێت بۆ ئامرازی نەبینین و دروستکردنی ھۆشیارییەکی ساختە، وەکچۆن دەبێتە ژێرخانی داوەشینێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییش.
ڕاستییەکەی حاشا ھەڵنەگرە لەگەڵ لەدایکبوونی دونیای مۆدێرندا جۆر و شێوازی جیاواز لە ئومێد لەدایکدەبێت. ئومێد یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆژەی تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، یەکێکە لە شوناسە سەرەکییەکانی مۆدێرنەش. ئومێد بە زانست، ئومێد بە پێشکەوتن، ئومێد بە گەشەکردنی مرۆڤایەتی، ئومێد بە ئایندە، ئومێد بە ئیرادە، ئومێد بە ھۆشیاریی. خودی پرۆژەی ڕۆشنگەریی خۆیشی سەرچاوەی ئومێدێکی گەورەبوو بە مرۆڤایەتی، بە لەدایکبوونی مرۆڤێکی عەقڵانیی و ڕەخنەیی و سەربەخۆ کە توانای دروستکردنی ژیانی شەخسیی خۆی و ژیانی پێکەوەیی کۆمەڵگای ھەبێت. بە کورتییەکەی، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆدێرنە، ئومێدە. تەنانەت ئەو نائومێدبوونەی لەناو نووسینی نووسەر و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفە ڕەخنەییەکانی مۆدێرنەدا دروستدەبێت، پەیوەندیی بەو ئومێد و مژدە و چاوەڕوانییە پۆزەتیڤانەوە ھەیە کە مۆدێرنە لەگەڵخۆیدا دەیانھێنێت. ڕەخنەی مارکس و نیتشە و فرۆید و ماکس ڤێبەر و قوتابخانەی فرانکفۆرت و ئەوانیتریش ھەموویان ڕەخنەن لە مژدە و ئومێدە گەورەکانی دونیای مۆدێرن. ھەم ئومێدەکانی مۆدێرنە ئموێدیی بێبنەمانەبوون، ھەم نائومێدییەکانیشی نائومێدیی بێبنەما نین. بەڵام وەک ئەلبێر کامۆ دەڵێت نابێت ئومێد ببێتە ئامرازیی ئیستیقالەکردن و ھیچنەکردن، پێمانوابێت شتەکان خۆیان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی و خۆبەخۆ بەرەو باشی دەڕۆن و جیھانێکی باشتر و جوانتر دروستدەکەن. ئەمجۆرە لە ئومێد ئومێدێکی نەک تەنھا ئومێدێکی کوشندەیە، بەڵکو ڕەچەتەی تەسلیمبوون و ھیچنەکردنیشە. ئەو جۆرە لە ئومێد کە بەیعەچییەکانی دەسەڵات بە کۆمەڵگای دەبەخشن و ئەو جۆرەش لە تاوانبار و ھۆکار بۆ نائومێدبوون پێشنیاردەکەن، سەر بەم کەلەپوریی ڕێگرتن لە گۆڕان و ڕێگرتن لە دەسکاریکردنی جیھانە، وەکچۆن سەر بە بەھێزکردنی ستراتیژیەتی ئیستیقالەپێکردن و ھیچنەکردنی کۆمەڵگاشە. نائومدێیی لە دونیای ئێمەدا لەناو کایەی سیاسییەوە دروستدەبێت و بۆناو سەرجەمی کایەکانی دیکە دەپەڕێتەوە. لە پیاوە سیاسییەکان و لە خوێندەوارە بەیعەچییەکانی دەوروبەریانەوە دێت، دەگۆڕێت بۆ ژێرخانی سەرجەمی جۆرەکانی تری نائومێدیی لەو دونیایەدا. سەرەتا نائومێدبوون لە نائومێدیی لە بنەماڵە سیاسییەکان و دەموچاوە سەرەکیی و مەرجەعییەکانی ئەوانەوە دەستپێدەکات، ئینجا بۆناو سەرجەمی جستەی کۆمەڵایەتیی بڵاودەبێتەوە.
ئومێد ئاکارێک لە ئاکارەکانی ئینسانەکان نییە، شتێک نییە گرێیبدەین بە ”جەوھەری“ گریمانکراوی مرۆڤەوە، بەشێک نییە لە پێکھاتی بایۆلۆژیی ئینسان، بە مرۆڤبوونەوە گرێنەدراوە، ئومێد دیاردەیەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویە، پەیوەندیی بەو ژینگە و ڕەوت و واقیعە مێژووییەوە ھەیە، کە دروستکراوە. لە ھەندێک ژینگەدا مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی خاوەن ئومێد و لە ھەندێک ژینگەی تردا دەگۆڕێت بۆ کەسێکی نائومێد. ئومێد بەرھەمی باوەڕبوون بە ئومێد نییە، ئومێد ئیمان نییە، شتێکیش بوونی نییە ناوی ”ئیرادەی ئومێدکردن“ بێت، ئەوەی ھەیە واقیع و ژینگە و مێژووی جیاوازە. لە ھەندێکیاندا ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤ دروستدەبن، ھەندێکی تریشان بەتاڵدەکرێنەوە لە ھەر ئومێد و چاوەڕوانییەی پۆزەتیڤ. ئەو واقیعەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و خوێندەوارە بەیعەچییەکانیان لە سێ دەیەدا دروستیانکردوە، دونیایەکە خاڵی لە ئومێد.